سلێمانی: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
لابردنی لینکی تێکشکاو، لابردنی بابەتی تایبەت بە وتاری پارێزگای سلێمانی
ھێڵی ٧٣: ھێڵی ٧٣:
{{Weather box
{{Weather box
|location = سلێمانی (١٩٥٠-٢٠٠٠)
|location = سلێمانی (١٩٥٠-٢٠٠٠)
|metric first = Y
|metric first = Yes
|single line = Y
|single line = No
|Jan high C = 7.9
|Jan high C = 7.9
|Feb high C = 10.3
|Feb high C = 10.3

وەک پێداچوونەوەی ‏١١:٣٦، ٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥

سلێمانی
دامەزرێنەرئیبراھیم پاشای بابان

سلێمانی ( بە عەرەبی: السلیمانیة) شارێکی باشووری کوردستانە کە ناوەندی پارێزگای سلێمانییە. لە کوردیدا، سولەیمانی و سولەیمانیەشی پێ وتراوە و لە ئینگلیزیدا بە Sulaymaniyah و Slemani[٤] دەنووسرێت. ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٤دا شاری سلێمانیی دامەزراندووە و پایتەختی میرنشینەکەی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە بۆ سلێمانی.

شاری سلێمانی لەپاش ڕاپەرینی ئازاری ١٩٩١ەوە فراوانبوون و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و ئێستا وەک یەکێک لە شارە ھێمن و خاوێنەکان لە عێراقی ئێستادا بەناوبانگە. بەو ھۆیەوە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی ئێراقەوە خەڵکێی زۆر ڕوویان تێکردووە و بووە بە پەناگەی ئەو ھاوڵاتیانەی کە لە خوارووی عێراق و ناوچەکانی ناوەڕاستەوە ڕوو دەکەنە ئەو شارە.

سلێمانی زانکۆیەکی گەورەی ھەیە کە بە زانکۆی سلێمانی ناسراوە.[٥] بە دووریی ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە، بەنداوی دووکان ھەیە کە یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی عێراق. سلێمانی بە ھاوینەھەوارەکانی وەکوو ھاوینەھەواری ئەحمەدئاوا، سەرچنار، بەنداوی دووکان، سەرتەکی بەمۆ، کونەماسی، ئەزمڕ و قەرەداغ و چەندین ھاوینەھەواری دڵڕفێی دیکەش بەناونانگە.


ئەم شارە لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. لەوانە (نالی، مەحوی، پیرەمێرد، گۆران، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، سالم، کوردی، ئەمین زەکی بەگ، فایەق بێکەس، زێوەر، تۆفیق وەھبی، وەلی دێوانە، کاک ئەحمەدی شێخ.. ھتد) و سەدان نووسەر و شاعیری تریش.[٦]

مێژوو

وێنەی چەند مامۆستایەکی یەکەمین خوێندنگەی سەرەتایی لە سلێمانی لە ساڵی ١٩٢٤

شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە.[٧] زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین بە جۆرێک کە زاراوەی سۆرانی لە ناوچەکەدا بەرەو کەمبوون و نەمان دەچێت. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی ١٨٥١ وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری ئێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا. بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.

بابانییەکان و سلێمانی

بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە ، ئیمارەتەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو ، لەگەڵ بەرفراوان بوونی ئیمارەتەکە ، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد ، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو ، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە ، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحمودی یەکەم) لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا رابکێشن ، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو ، ئەمەش وایکرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زاینی بیری لەوەکردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر ، بۆیە سەرای حکومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروستکرد ، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات ، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.[٨]

لە ساڵنامەی (١٩٥٥)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە ، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری دەست بەسەری بکات ، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە.[٩]

بەردەرکی سەرا

میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جیگەیەکیان تەرخانکردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦- ١٩٢٨ لە ناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستکراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازی تیادا کراوە بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێ بوون و بەڕێوبەرایەتی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخانکراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازی ڕەسەنەکەی نۆژەنکراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازیەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.[١٠]

جوگرافیا

شاری سلێمانی دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی کەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە ، واتە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی باشوورەوە.[١١] سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە ، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەکات کە درێژییەکەی ٤٥کم و پانییەکەی ١٥کم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواکەی بە دەریای ناوەڕاستەوە کاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشک و گەرم و بێبارانە ، جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان پلەکانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵیدا بەدی دەکرێت.[١٢]

ئاو و ھەوا

سلێمانی لە کەشێکی بەفراویدا

ئاو و ھەوای ناوچەی سلێمانی بە زۆری لە ئاو و ھەوای ناوچەی دەریای ناوەڕاست ئەچێت تەنیا ناوچەکانی چەمچەماڵ و دەشتی کەلاریان لێدەرچێت. پلەی گەرمای ھاوین ئەگاتە (٣٩) پلەی سەدی و ئەگەر بەرەو خۆرئاوا ببیتەوە تا (٢٤)نزم ئەبێتەوە. ئەمە بە شێوەیەکی گشتییە بەڵام ھەندێک ساڵ بەرزترین پلەی گەرما لە ھاوین دا سنووری (٤٥) پلەی سەدیش ئەبەزێنێت. بای لە ھەر چوارلاوە بۆ دێت. جاران لە دوانزە مانگی ساڵدا ھەشت مانگ بارانی تیا دەباری بەڵام ئێستا وەک بەشێک لە دیاردەی گەرم بوونی زەوی ماوە و ڕێژەی باران بارینی تیا کەم بۆتەوە. تێکڕای گشتی باران بارین لە ساڵێکدا لە نێوان (٤٠٠-ـ٦٠٠ملم). بێگومان لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای سلێمانیدا ئەگاتە ١٠٠٠ ملم و ھەندێکجار زیاتریش.

شاری سلێمانی ٨٥٣م لە دەریاوە بەرزە. ھەر لە ناو شاری سلێمانی دا بەرزی و نزمی و گردۆڵکەی زۆر ھەن (ھەوارە بەرزە ، گردی عەلی ناجی گردی گەڕەکی ئەندازیاران ، گردی سەرچنار وە گردەکانی تر) ئەمانە بە شوێنی بەرز دائەنرێن بەڵام سلێمانی کۆن وەک دەگەرزێن و چوارباخ و کانێسکان و سەرچنار و سەرشەقام تا بەرەو خوارە بێتەوە ھەر دوو چەمی تانجەرۆ و قلیاسان نموونەی ناوچە نزمەکانی سلێمانین. جیاوازی نێوان لوتکەی گۆیژە و دەوروبەری چەمی قلیاسان ٨٧٨م ئەبێت. واتە گۆیژە نزیکەی ١کم لە باشووری سلێمانییەوە بەرزترە کە ئەمە جیاوازییەکی زۆرە و گەلێک کار ئەکاتە سەر ئاو و ھەوا و پەیدابوونی ڕەشەبا. ئاو و ھەوای شاری سلێمانی پلەی گەرما لە ھاوینی ١٨٢٠دا وەک گەشتیاری بەناوبانگ (میستەر ریچ) لە دوای نیوەڕۆدا گرتویەتی لە ڕۆژی ١٧ی‌ تەموزدا (٣٥) پلەی سەدی بووە ، بێگومان ئێستا ئاو و ھەواکەی گەرمترە و خۆی ئەدا لە ٤٥ پلەی سەدی. لە زستاندا لە بەکرەجۆی نزیک سلێمانی تێکڕا (٣،٥) پلەی سەدییە. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بە تایبەت دوای بەفربارین و لە چلەی زستان دا چەند پلەیەک دێتە ژێر سفرەوە.

تەوژمی پاڵەپەستۆی ھەوا و پلەی گەرما پێچەوانەی یەکترن. واتە ھەتا پلەی گەرمی بەرزتر بێتەوە (با) یاخود (ھەوا) ئەکشێ و بۆشایی تیا پەیدا ئەبێت و قورسای کەم ئەبێتەوە ، بەوە تەوژمەکە کەم ئەبێتەوە بۆیە گەرما کاریگەرترین شتە لەسەر پاڵە پەستۆی ھەوا ھەر ئەمەشە وای کردوە سلێمانی بە شاری ڕەشەبا بناسرێت. ھەوای سلێمانی (شێدار)نییە چونکە دوورە لەدەریاوە .

زانیاریی کەشوھەوا بۆ «سلێمانی (١٩٥٠-٢٠٠٠)»
مانگی زایینی ١ ٢ ٣ ٤ ٥ ٦ ٧ ٨ ٩ ١٠ ١١ ١٢ ساڵ
نێونجی بەرزترین پلە ٧٫٩ ١٠٫٣ ١٥٫٤ ٢٠٫٨ ٢٨٫٣ ٣٥٫١ ٣٨٫٧ ٣٨٫٩ ٣٤٫٧ ٢٨٫١ ١٨٫٧ ١١٫١ ٢٤
نێونجی ڕۆژانە ٣٫٩ ٥٫٧ ١٠٫٣ ١٥٫٣ ٢١٫٤ ٢٧٫٧ ٣١٫٣ ٣١٫٥ ٢٧٫٢ ٢١٫١ ١٣٫٢ ٦٫٧ ١٧٫٩
نێونجی کەمترین پلە −٠٫٢ ١٫١ ٥٫١ ٩٫٧ ١٤٫٥ ٢٠٫٣ ٢٣٫٨ ٢٤٫١ ١٩٫١ ١٤ ٧٫٦ ٢٫٣ ١١٫٧٨
نێونجی بارین میلیمەتر ١٢٩ ١٤٦ ١٣٢ ١٠٠ ٤١ ٠ ٠ ٠ ٠ ١٣ ٧٥ ١١١ ٧٤٧
سەرچاوە: WorldClim Global Climate Data[١٣][the data is inaccessible]

بازاڕ و قەیسەرییەکانی شار

ھەندێ کار و پیشە وەک ئاسنگەری، جۆڵایی، موتابچیەتی، چەرخی موو ڕستن، خەڕەک، کارگەچێتی، وەتراقچی، چەخماخسازی، شیرگەری، مسگەری، خومچێتی، زین و کۆپان ھەیە کە ھەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا کراوە و گرنگییان پێ دراوە.

لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەرکی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوکان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتۆتەوە مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب ئەکات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەک خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەکانی تر نەماون و شوێنەکانیان ئێستا دوکان و بازاڕە، لە دوای ئەمانەوە کە سلێمانی فراوان بووە و شەقامی تیا دروستکراوە لە سەر شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا بە سەدەھا دوکان و بازاڕی تیادا دروستکراوە. خان و قەیسەرییەکانی سلێمانی لە سەرەتای سەدەی رابردوودا ئەمانە بوون:


ناوی شوێن زانیاری
قەیسەری وەسمان پاشا وەسمان پاشای کوڕی حەمە پاشای جاف دروستی کردووە و لە ساڵی 1974 دا سووتاوە و ئێستا جێگاکەی بازاڕێکی گەورەی لێ دروستکراوە.
قەیسەری نەقیب شێخ مستەفای نەقیب کوڕەزای کاک ئەحمەدی شێخ دروستی کردووە و تا ئێستاش ماوە.
قەیسەری شێخ مەحمود لە ساڵی ١٩١٦6 دروستکراوە لە شوێنی مەیدانی برنجەکە بەرامبەر حەمامی سوورەت، ئێستا شوێنەواری نەماوە.
قەیسەری غەفوور ئاغا لای مەزادخانەکەوە بووە، ڕووخاوە و ئێستا شوێنەکەی دوکان و بازاڕە.
خانی غەفوورئاغا شوێنەکەی ئێستا کراوەتە بازاڕی مەحوی بەرامبەر خانەقای مەحوی.
خانی عەجەم لە نزیک مەزادخانەکەوە بووە لە ناوبازاڕ و ئێستا شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕە.
خانی عەبدولڵا درێژ عەبدولڵا درێژ
خانی حاجی سەعید ئاغا خۆی دروستی کردووە و موڵکی خۆی و دوو برایەتی.
خانە سووتاو قادری کەریم دایەن دروستی کردووە و ئێستا بازاڕێکی گەورەی لە شوێندا کراوە بە ناوی بازاڕی خانەقا (بازاڕی جگەرە)وە.
خانی رسوومات موڵکی حەمەئاغای برای حاجی سەعید ئاغا بووە.

شوێنە گشتی و مێژوییەکان

چایخانەی شەعب

چایخانەی شەعب ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا : لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی شەعب سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی : لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی شەعب بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.

سیتی سینەما

سیتی سینەما لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی درووستکرا کە تاکە سینەمای مۆدێرنە لە عێراقدا. لەم سینەمایە نوێترین فیلمەکانی جیھان پەخش دەکرێن کە ئەوانیش فیلمەکانی (بۆکس ئۆفیس)ن کە پێکدێن لە نوێترین ١٠ فیلمی ھۆڵیوود.

مۆزەخانەی سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی

مۆزەخانەی سلێمانی لە (١٤ی تەمموزی ١٩٦١) دامەزراوە سەرەتا لە خانوویەکی بچووکی گەڕەکی شۆڕشدا بوو، لە ساڵی ١٩٨٠ گواسترایەوە بۆ ئەم بینایەی ئێستای. یەکەم بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی خوالێخۆشبوو (ڕەفیق فەتحوڵا) بوو. مۆزەخانەی سلێمانی پارچە ئاسەواری سەردەمە جیاوازەکانی کوردستان و میسۆپۆتامیا لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئاستی عێراقدا بە دووەم مۆزەخانە دادەنرێت.[١٤]

ڕامادا سلێمانی

ڕامادا سلێمانی ٨٤٠ ھەمین ھۆتێلی ئەو گروپەیە - کە چەندین بواری گەشتیاری لە خۆ دەگرێت - ٧١ ژووری تێدایە کە ١٢ یان سویتن و یەکێکیشیان بۆ ((VIP)) یە ھەروەھا مەلەوانگە و فیتنێس و ساونا و حەمام تورکی و ژووری ھەڵم و ژووری سەھۆڵ و شێلان و کافێ و مینی باڕ و ڕیستۆرانت و پارکی ئۆتۆمیل لە خۆ دەگرێت.

دارە سووتاوەکە[١٥]

دارەسووتاوەکە بەو گۆڕەپانە دەوترێت کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی ‌و لە سەرو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا شەقامی قەنات، جگە لەوەی شوێنی وەستانی پاسی چەند ھێڵێکە لە شارەکەدا و چەندین پیشەوەری ئیشی دەست ‌و کۆنەفرۆشی تێدا کۆبوەتەوە.ھەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەک (دار) لەو مەیدانەدا نافرۆشرێت، بەڵام ھەر بە ناوە کۆنەکەیەوە بەناوبانگە و ناسراوە، تەنانەت لە پێشی پاسەکان نوسراوە (دارە سووتاوەکە).

مێژووی شوێنەکە

ھاوڵاتیانی دێرینی شاری سلێمانی لە گێڕانەوەی مێژووی ئەو مەیدانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەو شوێنە دەشتایی بووە و لە ناوجەرگەی شارەوە دوور بووە و دواتر کراوەتە باخ ‌و دوای ئەوە بوە بە مەیدانی فرۆشتنی دار. ئازاد محەمەد (٥٤ ساڵ)، دوکاندارێکی ناو دارە سووتاوەکەیە، باس لەوە دەکات کە تا سەرەتای ساڵی شەستەکان دارەسوتاوەکە (دەشت) بوە و ھیچی تێدا نەبووە، دواتر پیاوێک ئەو شوێنەی کردوە بە باخ ‌و لە کارێزی مەجیدبەگەوە ئاوی بۆ دەھێنا تا کۆتایی ساڵی شەستەکان کە باخەکە نەما و کۆمەڵیک دار فرۆش ھاتنە جێگاکە. ئازاد وەک خۆی دەڵێت ماڵیان لەو ناوچەیە بوە و وتی: "دارەکان لە شارباژێرەوە بەسەرپشتی ئاژەڵەوە دەھێنران ‌و لە مەیدانەکە بەشێوەی مەزاد دەفرۆشران ‌و ھەر دارێکی بە ١٠ فلس مەزاد دەکرا".

شاری ڕۆشنبیری

شاری سلێمانی بە ڕای ھەندێک لە خەڵکی کوردستان بە شاری ڕۆشنبیری دەناسرێت. ئەوان وا دەزانن کە ئەو بەرفراوانییەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون و ڕۆڵی مزگەوت و حوجرەش کەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ کوچکەی بابان، نالی و سالم و کوردی قوتابحانەی شیعری بابان درووستدەکەن و ئەگەر ئەو قوتابخانەیە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە گەلێک دیمەنی لە ئەدەبیاتی ئەمڕۆی کوردیدا نەمابێت، ئەوا فۆرمی ئەدەبیاتی کوردی ئەمڕۆ ئەوا ھەر بەرپێشچوونی فۆرمی ئەو ئەدەبەیە، ئەو زارەی پێی دەنووسرێت ھەر ئەو زارەیە، زۆربەی گەورەنووسەرانی ئەو سەردەمە وەک: نالی، سالم، کوردی، مەولانا خالید، مەلا عەبدوڵلای بێتوشی، شێخ مارفی نۆدێی، سەید ئەحمەدی نەقیب، شێخ حسێنی قازی، حاجی مەلا ئەحمەدی دێلێژە، محەمەد فەیزی زەھاوی، جەمیل سدقی زەھاوی، مەلا ساڵحی حەریق، ساڵح ئەفەندی ئاھی، تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، عەلی بەردەشانی، زێوەر مەلا عەبدوڵلا، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و چەندین نووسەر و شاعیری دوای ساڵی پەنجاکان بوون بە بەشێکی گرینگ لە ئەدەبی کوردی ھاوچەرخ لە کوردستاندا. ھەرچەند ھەندێک لەمانە لە نێویەکدا بەھۆی تەسەوفەوە ناکۆکیان لە نێواندا ھەبووە کە دیارترینیان شێخ مارفی نۆدێ کە بووە دوژمنی سەرسەختی مەولانا خالید. لەدوای راپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ چەند ھونەرمەندی بەناوبانگی تر لە سلێمانی ھەڵکەوتن کە رۆڵیان بوە لە شەپۆلی نوێی ئەدەبی کوردیدا، لەوانە: مەریوان وریا قانع، بەختیار عەلی، بەرزان ھەستیار، گۆران بابە عەلی، زمناکۆ بورھان قانع، محەمەد موکری، قوبادی جەلی زادە و چەند ناوێکی تر. ئەم بوارە بەرفراوانە ئێستاشی لەگەڵدا بێت سلێمانی تێیدا پێشەنگە و ھەمیشە ئەو نووسەر و شاعیرانە رۆڵی بەرچاویان لە بزوتنەوەی کوردایەتیشدا ھەبووە و بوونەتە داینەمۆی شۆڕشەکان، یەکێکی تر لە ئەو شتانەی کە سلێمانی بە شاری ڕۆشنبیری ناساندوە ئەوەیە کە یەکەم چاپخانە کە لە کوردستان کەوتبێتەکار لە سلێمانی بوە، یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستان دەرچووبێت ھەر لەسلێمانی بووە.[١٦]

میدیا و ڕۆژنامەگەری

لە سلێمانیدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی تێدایە و چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەکی زۆریش ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەکرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگارکێش و ھونەرمەندی شێوەکار ھەیە و جگە لە زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سلێمانی چەند زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی بیانی تێدایە. ئەم شارە پڕە لە ھۆڵی چالاکی و بەردەوام بەرنامەی ھەمەجۆری ھونەری و ڕۆشنبیری تێدایە.[١٧] چەندین گەڕیدەی بەریتانی و بیانی لە کتێب و بیرەوەریەکانیاندا ئاماژەیان بە زیندوێتی ئەم شارەداوە و بە شاری جوانی و خۆشەویستی ناسراوە. لەم شارەدا ژنان ڕۆڵی دیار و بەرچاویان ھەیە لە دام ودەزگا و دامەزراوەکاندا بە تایبەتی لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا. ئازادی ڕادەربڕین و زیندوێتی کاروجولە لەم شارەدا سیما و خەسڵەت و پێناسەی سلێمانیە. سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق بەھۆی شوێنی جوگرافیەوە، بەپاک و خاوێنترین شار ناسراوە.[١٨]


کەرتی خوێندن

زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لەساڵی ١٩٦٨ دامەزرا، کامپبی سەرەکی زانکۆ ئەکەوێتە شاری سلێمانی یەوە لە ھەرێمی کوردستان. لە سەرەتادا تەنھا سێ کۆلێژ ھەبوون، بەڵام ساڵانی دوواتر ژمارەی کۆلێژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد لە ئەنجامی داواکاریییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.

لەساڵی ١٩٨١ ڕژێمی فاشیستی عێراق ئەم دامەزراوە ئەکادیمییەی ڕاگواست بۆ شاری ھەولێر وە ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ "زانکۆی سەڵاحەدین". لەساڵی ١٩٩٢ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و کۆششی زۆری ڕۆشنبیران و زانستخوازانی کورد و خەڵکی دڵسۆزی شاری سلێمانی و زانکۆ جارێکی تر کرایەوە لە ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢.

ئەمڕۆ زانکۆی سلێمانی ٢٥ کۆلێژی ھەیە کە تیایدا خوێندکاران بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست ئەھێنن لە چەندین بواری جیاجیادا.

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق - سلێمانی

پەڕگە:AUIS Campus.JPG
کامپی نوێی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی

زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی (بە ئینگلیزی: The American University of Iraq – Sulaimani) زانکۆیەکی ئەھلیی قازانج نەویستە کە خوێندنێکی فراوانی ھونەرە لیبراڵیەکان لەسەر شێوازی ئەمریکی پێشکەش دەکات بۆ ھەموو خوێندکارە شایستەکان بێ گوێدانە ئینتیما و بنەچەیان. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی کە دەکەوێتە سلێمانیەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ئەنجومەنی ئەمیندارانەکەیەوە دەستی پێکرد و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ دا دەرگاکانی واڵا کرد. زانکۆی ئەمریکی عێراق، سلێمانی چوار بواری پسپۆڕی زانکۆیی و یەک پرۆگرامی ماستەری بەڕێوەبردنی کار و کۆرسە ئیبگلیزیەکان و پیشەییەکان لە ڕێی پەیمانگای گەشەپێدانی پیشەییەوە پێشکەش دەکات. ھەروەھا زانکۆکە پرۆگرامێکی زمانی ئینگلیزی بەردەوامی ھەیە بۆ خوێندکارە وەرگیراوەکان کە پێویستیان بە ڕاھێنانی زیاتر ھەیە لە ئینگلیزی دا پێش دەستپێکردنی کۆرسە ئەکادیمیەکان. ‌

ئاماری دانیشتووان

میستەر ریچ کە ساڵی‌ ١٨٢٠ ھاتۆتە سلێمانی واتا (٢٦) ساڵ پاش دروستکردنی‌ شارەکە , ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ بە دە ھەزار کەس خەمڵاندوە دوای‌ ئەوە ئەڵێت: سلێمانی (٢٠٠٠) ماڵی‌ ئیسلام. (١٣٠) ماڵە جولەکە (٩) ماڵی‌ دیانی‌ کلدانی‌، ٥ ماڵی‌ ئەرمەنی‌ تیا بووە , کۆی‌ ماڵەکان ئەکاتە (٢١٤٤). ئەگەر ھەرماڵێک بە پێنج کەس دابنێین ئەکاتە (١٠٧٢٠) کەس.

  • بە گوێرەی‌ ساڵنامەی‌ عوسمانی‌ ساڵی‌ ١٩٠٧ ژمارەی‌ دانیشتوان (٨٠٢٧) موسڵمان و (٣٦٠) نا موسڵمان کە ئەکاتە (٨٩٦٣) کەس.
  • سەرچاوەکانی‌ تر لە ساڵی‌ ١٩١٣ دا ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ ھەموو ناوچەی‌ سلێمانییان بە (٥١٦٠٠) کەس داناوە کە (٤٨٦٠٠) یان موسڵمان و (٩٠٠) یان دیان و (٢١٠٠)یان جوولەکەن. ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ شاری سلێمانیان بە (٢٦٠٠٠) کەس داناوە ، لە وانە (٢٤٨٢٥) کەس موسڵمان و (١٠٠٠) کەس جوولەکە و (١٧٥)دیان.
  • لە سەردەمی‌ ئینگلیزدا بە گوێرەی‌ ڕۆژنامە پێشکەوتن ساڵی‌ ١٩٢٠ ژمارەی‌ ناوچەکە بە (٦٢٧٢٢)کەس دائەنێ‌. دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی بە دە ھەزار کەس داناوە.
  • ساڵی‌ ١٩٢٥-١٩٢٦ سلێمانی‌ خۆی‌ بریتی‌ بووە لە ١٣-١٤ ھەزار کەس. دوای‌ ئەوە لە کاتی‌ حوکمەتی‌ عێراقدا و لە ساڵی‌ ١٩٢٧ وە سەرژمێری‌ دەستی‌ پێکرد: ١٩٢٧- ١٩٣٧- ١٩٤٧- ١٩٥٧- ١٩٦٥ - ١٩٧٦-١٩٨٨
  • ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ لە ساڵی‌ ١٩٤٧ دا بە گوێرەی‌ تۆماری‌ ڕەسمی‌ (٢٣٤٧٥) کەس بووە.
  • ساڵی‌ ١٩٥٧ بریتی‌ بووە لە (٤٨٨١٢) کەس.

دانیشتوان لە ساڵی ١٩٩٨

ساڵی‌ ١٩٩٨ شاری‌ سلێمانی‌ بەگوێرەی‌ ساڵنامەی‌ ئەو ساڵە بەم جۆرە بووە :

  • ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ خۆی‌ : (٥٤٨،٧٤٧) کەس .
  • ژمارەی‌ دانیشتوانی‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ : (١،١٢٧،٢٢٦) کەس .
  • ژمارەی‌ خێزان لە ناو شاردا : (١١٠،٣٦٠) .
  • ژمارەی‌ خێزان لە سنووری‌ پارێزگای سلێمانی : (٢١٧،٢٢٠) خێزان .
  • ژمارەی‌ گەڕەکەکانی‌ شاری سلێمانی : (٥٨) .
  • لە دوایین ئاماردا ژمارەی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە بە (١،٩١٧،٩٣٦) کەس مەزەندە کراوە.

شوێنە گەشتیاریەکان

سەیرانگای سەرچنار

سەرچنار یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی ، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شار . جاران بەھۆی لاوازی کەرەسەی ھاتوچۆوە و کەمی دانیشتوانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی ، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەھیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..ھتد . وە ھەروەھا سەرچنار بەیەکێک لە ھاوینەھەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەھۆی بوونی ئاوی ھەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم ڕەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی ھەفتان خەڵکانێکی زۆر ڕووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.

ھاوینە ھەواری دوکان

بەنداوی دوکان لە خۆر ئاوای شاری سلێمانی بە دووری [ ٧٠ ] کم و لەسەر زێی بچووک دروست کراوە ، کە بریتی یە لە دەریاچەیەکی مەزن و بڕی [ ٦.٨ ملیار م٣ ] ئاو گل دەداتەوە ، ئەم دەریاچەیە بۆتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنج راکێش و گەشتیاران لە زۆر ناوچەوە ڕووی تێ دەکەن ، ئۆتێلێکی گەورەی بە ناوی [ میراڵ ] و کۆمەڵێک کابینەی جۆراو جۆری لێ بنیاد نراوە ، گەشتیاران لە ھەر چوار وەرزی ساڵ گەشتی بۆ دەکەن .

باخ و پارکەکانی شار

بینای ئوتێلی سلێمانی پاڵاس

باخی گشتی

باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی سلێمانی بووە چوار باخی دروستکرد ، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە ، ئەمانە ھەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ دروستکردن.


  • ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە ھەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دواییەدا دروستکران :


  • تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی ، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی ھەبوو لە بەھارا پر ئەبوو لە ئاو ، لەوەو پێش دار و درەختی لە بەرابوو ، خەڵک لە بەھارا ئەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لە کاتێکدا دروستکرا کە شێخ مەحمود حوکمدار بوو ، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
  • باخی شێخ لەتیف(شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیانا لە گەڕەکی دەرگەزێن ، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیا ئێستاش ھەندێ شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و ھەڵوژە و ھەرمێ و ھەنار و قۆخ و گێلاس و بەھێ و ھەنجیری تیا بوو.
  • باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک ھی (عەزمی بەگی بابان) بوو ، لە ھاوینا تەنیا ئەو باخە ھەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو ، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی ئەھاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
  • باخی مەجید بەگ: لە باکوری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتی‌یە.
  • باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
  • باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش ھەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانیەوە.
  • باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا ھەر ئەم شوێنە بوو کە بە تەواوی پێی بوترێ (باخچە). ئەکەوێتە ڕۆژ ئاوای سلێمانی نزیک (سەنتەری پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (١٩٣٧-١٩٣٩) موتەسەریفی سلێمانی بوو دروستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو ، واتا ھیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە ئەھاتن بەداخەوە بەھۆی نالەباری ئاسایشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی ئەبڕران ، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.

شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی‌ باخچەکانی بەتایبەت پێک ھێنا بۆ دروستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی دروست کردوە سەرپەرشتیان ئەکات لە ژوور ھەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەو پێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. ئەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک ھەن لە ناو شارەکە کە ھەموو ڕازاوە و جوان و ڕێک و پێکن ھەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەھید کرا و باخچەی جەواھری کە بە ناوی شاعیری‌ گەورەی عەرەب محەمەد مەھدی ئەلجەواھیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون علی ئەمین و گەلێکی تر.

وەرزش

لۆگۆی یانەی وەرزشی سلێمانی

لە پێش دامەزراندنی یانەی وەرزشی سلێمانی لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٦ لە زۆربەی گەڕەکەکاندا تیپی ئەھلی (میللی) ھەبووە. یاریگایەکی تۆپی پێ کە بە چیمەنی سەوز و پتر لە (٢٠،٠٠٠) بیست ھەزار کەس دەگرێت، لەسەر تازەترین شێوە نوێ کراوەتەوە لەسەر بوودجەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وە ئێستا بە کۆبوونەوەی ھەموو یاریگاکان لە چوارچێوەی (مەلعەبەکە)دا ناونراوە "کۆمەڵگای یانەی وەرزشی سلێمانی" لە گەڕەکی چوار باخ.

یانەی وەرزشی سلێمانی یانەیەکی تۆپی پێی پیشەگەری عێراقیە. لە ساڵی ١٩٥٦دا دامەزراوە، یانەکە لە خولی بژاردەی عێراق یاری دەکات.

کەسایتییەکانی شاری سلێمانی

شێخ مەحموودی حەفید
حەپسەخانی نەقیب

شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە کۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا کۆمەڵێکی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. بۆ سەردەمی بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەکیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی ھەموو مەلا و زاناکان شاعیر و نووسەر بوون یان ھەموو شاعیر و نووسەرەکان مەلا و زانا بوون. بۆ پاش ئەو سەردەمەش مزگەوت لە بەخشینی شاعیر و نووسەر نەکەوت و قوتابخانەی تازەش گەلێک بلیمەتی بەخشی و مەڵبەندێکی وەکو زانستی وایکرد کە زۆر لە نەخوێندەواران بچنە ڕیزی شاعیران.[١٩]

گەڕەکەکانی شاری سلێمانی

  • شۆڕش
  • سەلیم بەگ
  • دەباشان
  • سورێن
  • کارھێزە وشک
  • عەلی ناجی
  • ئاشتی
  • ھەواری شار
  • تاڤگە
  • عەواڵ
  • ڕۆژ سیتی
  • دیلان سیتی
  • بەرانان
  • قولە رەیسی
  • مەلا داود
  • بادینان
  • باخان
  • بێسەرانی
  • ئەندازیاران
  • بەرانان
  • زەرگەتە
  • کانی سپیکە
  • سەرچنار
  • چوارچرا
  • کەنەسوورە
  • کانی گۆمە
  • بەختیاری
  • ھەندرێن
  • شێروانە
  • ھەکاری
  • بەختیاری نوێ
  • ھەراواز (گردی سەرچنار)
  • قلیاسان
  • زەرگەتەی کۆن
  • مامە یارە، ڕۆژھەڵات
  • ساوان، ڕۆژھەڵات
  • سابونکەران، دارگازێن
  • بازرگانی
  • تانجەرۆ، زمناکۆ
  • موشیرئاوا
  • ئابڵاغ
  • ڕزگاری
  • کارگەکەن
  • لالا زار
  • زەرداو
  • وڵووبە
  • گوندی ئەڵمانی یەک
  • گوندی ئەڵمانی دوو
  • کورد سیتی
  • کوردسات
  • شاری گۆیژە
  • قڕگە
  • ڕاپەڕین
  • کەلەوانان
  • حاجیئاوا
  • کەندەکەوە


سەرچاوەکان

پەراوێزەکان

  1. ^ Kurdistan Regional Government. KRG. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  2. ^ ماڵپەڕی فەرمی پارێزگاری سلێمانی
  3. ^ http://www.iauiraq.org/gp/sulaymaniyah/default.asp
  4. ^ Twitter / botanosman: Finally a standard spelling. Twitter.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  5. ^ http://www.univsul.org/K_UOS.aspx
  6. ^ کتێبی: شاری سلێمانی ٢٠٠ ساڵ - نووسین و کۆکردنەوەی - ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە / لاپەڕە / ٥٠٣
  7. ^ The Leading Suly Government Site on the Net. sulygov.com. سەردان لە ڕێکەوتی 2012-08-09.
  8. ^ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  9. ^ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  10. ^ گەشت و گوزاری سلێمانی
  11. ^ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  12. ^ http://www.suligov.com/Slemani.aspx?babet=10
  13. ^ "WorldClim Global Climate Data Grids". WorldClim. Retrieved 14 September 2011. [data is inaccessible]
  14. ^ http://kurdish-guide.com/museum/
  15. ^ http://i4kurd.blogspot.com/search/label/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88
  16. ^ http://www.kurdsat.tv/hewal.php?id=1489&cor=kurdistani
  17. ^ http://www.dokan-air.com/ku/header/fluege-nach-sulaymaniyah-im-nordirak.html
  18. ^ http://www.dokan-air.com/ku/header/fluege-nach-sulaymaniyah-im-nordirak.html
  19. ^ کتێبی: سلێمانی ٢٠٠ ساڵ - نووسین و کۆکردنەوەی - ئەکرەمی ساڵحی ڕەشە - لاپەڕە / ٥٠٣
  20. ^ Wusha Corporation بڵاوکەرەوە=Wusha.net. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠١٢-٠٨-٠٩.
  21. ^ Institut für Iranistik: Feryad Fazil Omar. Geschkult.fu-berlin.de. سەردان لە ڕێکەوتی ٢٠١٢-٠٨-٠٩.

پێشانگا