مەسیحییەت: جیاوازیی نێوان پێداچوونەوەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ناوەڕۆکی سڕاو ناوەڕۆکی زیادکراو
بNo edit summary
ب r2.7.3) (ڕۆبۆت: گۆڕانی kk:Мәсіхшілік بۆ kk:Христиандық
ھێڵی ٢١٠: ھێڵی ٢١٠:
[[kab:Tamasiḥit]]
[[kab:Tamasiḥit]]
[[kg:Kiyesu]]
[[kg:Kiyesu]]
[[kk:Мәсіхшілік]]
[[kk:Христиандық]]
[[kn:ಕ್ರೈಸ್ತ ಧರ್ಮ]]
[[kn:ಕ್ರೈಸ್ತ ಧರ್ಮ]]
[[ko:기독교]]
[[ko:기독교]]

وەک پێداچوونەوەی ‏٢١:١٦، ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣

مەسیحییەت
یەسوعی مەسیح: کەسایەتی سەرەکی لە ئایینی مەسیحییەتدا.
ئایین مەسیحییەت
سەرکردە بابا بینیدکتۆسی شانزدەهەمی کڵێسای کاتۆلیکی
بەتڕیرک بابا شنۆدەتی سێیەمی کڵێسای قوبتی ئۆرسۆدۆکسی
بەتڕیرک بریتلماوسی یەکەمی بەتریریکییەتی قوستەنتینیەی رۆم ئۆرسۆدۆکسی
شاژن ئێلیزابێسی دووەم سەرگەورەی کڵێسای ئەنجلیکانییەت
و هتد...
شوێنی دەرکەوتن قودس/ئۆرشەلیم، ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی
درێژبوونەوە ئەمەریکای باکوور، ئەمەریکای باشوور، ئەوروپا، ئۆقیانووسا، ئەفەریقای ناوەڕاست و ئەفەریقای باشوور، هەروەها لە ئاسیادا کەمینە پێک دێنن.
ژمارەی بڕوادارانی ٢.٢ ملیار
دامەزرێنەر یەسوعی مەسیح
شوێنە پیرۆزەکان کڵێسای قیامەت، قودسی رۆژهەڵات، فەڵەستین
بیروبڕوا ئایینییە نزیکەکان یەهودییەت، ئیسلام، مەندائییەت، بەهائییەت، سیخییەت، یەزیدییەت.
بڕواگەلی ئایینی ئایینە ئیبراهیمییەکان

ئایینی مەسیحییەت (لە وشەی عەرەبی مەسیح، بەواتای شۆراو بە رۆنێکی پیرۆز[١]، بە ئینگلیزیی: Christianity، لەوشەی یۆنانی: Xριστός، Khristos، یاخود "Christ"، وێژەییانە: "کەسێکی پاکبووەوە لەگووناهـ") یەکێکە لە ئایینە ئاسمانییەکان، ئایینە ئیبراهیمییەکان و ئایینە یەکتاپەرستییەکان، رەگی وشەی مەسیحییەت لە مەسیحەوە هاتووە، بەواتای کەسی هەڵبژێردراو یاخود بە ئاو شۆراوە و پاکبوەوە، ئەم ناونانەش ئەگەڕێتەوە بۆ مەسیح یاخود یەسوع کە بەپێی بڕوای مەسیحییەت بێ، یەسوع کوڕی خوایە، خودای جەستەگەرە، خودای بەوەفایە و هتد... لەو جۆرە ناونانانە؛ مەسیحییەت بە گەورەترین ئایین دادەنرێت کە لەسەر زەوی بڵاوە و ژمارەی شوێنکەوتووانی زۆرترە لە ٢.٢ ملیار کەس، واتە سێیەکی دانیشتوانی زەوی، هەروەها مەسحییەت ئایینی زۆرترین دانیشتوانە لەنێو ١٢٠ وڵات لە ئەسڵی ١٩٠ وڵاتی سەربەخۆ.
مێژووی درووستبوونی مەسیحییەت ئەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی ٢٧ ی زایین لەڕەگێکی هاوبەش لەگەڵ ئایینی جودایزم، کە تا ئێستا شوێندەستی ئەو ئەسڵییەتە هاوبەشییە وەک خۆی ماوەتەوە لەڕێگەی بەپیرۆزڕاگرتنی تەورات و تەناخ لەلایەن مەسیحیەوە کە ناوی دەبەن بە پەیمانی کۆن کە بەشی یەکەمی کتێبی پیرۆز پێک دێنێ لەلای مەسیحییەکان لەکاتێکدا کە پەیمانی نوێ، بەشی دووەم پێک دێنێ. مەسیحییەکان پێیان وایە کە پێشگوێیەکانی کە پێغەمبەرانی پەیمانی کۆن کردوویانە، لە یەسوعدا رووی داوە، ئەمەشە هۆی رێزگرتنییان لە تەورات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەیمانی نوێ باس لە خوێندنەکان و ئامۆژگارییەکان و ژیانی مەسیح دەکات، کە کۆی بڕواکانی مەسیحییەت پێک دێنێ.
زۆرترین شوێنکەوتووانی مەسیحییەت لەچەندین مەزهەب، بڕوایان وایە کە یەسووع، مەسیح و کوڕە واتە کەسی دووەمە لە سێ شێوەیی خودا، هەروەها ئەو خواوەندێکی کامڵە. هەروەها لە مریەم ی پاکیزە لەدایک بووە بە شێوەیەکی دەرئاسا. لەماوەی ژیانی زەویینیدا، خاوەنی کۆمەڵێک زۆر لە دەرئاسایی و شتی سەرسورهێنەر بووە، دواتریش لەخاچدرا و کوژرا بەهۆی کوفر و گوناهەکانی مرۆڤەوە، پاشان دواتری لە مردن هەڵدەستێتەوە لەڕۆژی سێیەمدا و دەگەڕێتەوە بۆ ئاسمان یەکگرتوو لەگەڵ خودای باوک، بەوجۆرەی کە رۆحی لەلای ئاسمانە و لەڕۆژی قیامەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرزەوی و ئاشتی دەگەڕێنێتەوە و ژیانی نەمری ئەدا بە چاکان و باشان لە بەهەشتدا.
حەوزی شەرقیی دەریای سپی ناوەڕاست چەقی قورسایی ئایینی مەسیحییەت بوو لە سەدە سەرەتاییەکاندا و قودس، ئەنتاکیە، ئەلرەها، ئەسکەندەرییە پایتەختی رۆشنبیریی مەسیحییەت بوون پێش گواستنەوەی بۆ رۆما و قوستەنتینیە و کاریگەرییان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
مەسیحییەت زۆرێکی ناڵاند لەسەرتاکانەوە بەدەست سەرکوتکردن و کپکردنەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی رۆمانی بەڵام لەسەدەی چوارەمەوە ئایین زاڵبوو بەسەر ئیمپڕاتۆرییەتدا سوودی لە رۆشنبیریی یۆنانی و رۆمانی وەرگرت و بەقووڵی کاریگەرییان هەبوو لەسەری. وەک هەر ئایینێکی دی، لەناو مەسحییەتدا کۆمەڵێک هۆز و مەزهەب و کڵێسا سەری هەڵدا کە پۆلێن دەکرێن بۆ شەش خێزانی گەورە: شەقبوونەکان هاوکات بوون لە سەدەی چوارەمدا کاتێ کە کڵێساکانی ئۆرسۆدۆکسی رۆژهەڵاتی و ئۆرسۆدۆکسی کۆن لەیەک جیابوونەوە، لەپاش ئەو ساڵی ١٠٥٤ شەقبوونی گەورە روویدا لەنێوان کاسۆلۆکییەت و ئۆرسۆدۆکسی رۆژهەڵاتی دواتریش پرۆتستانییەت لەماوەی سەدەی شانزەهەمدا کە ناسراوە بە چەرخی چاکسازیی. وەک چۆن کاریگەر بووە، مەسیحییەت کاریگەریشی بەسەر ئایینەکانی ترەوە هەیە و جێدەستی زۆر دیاری هەیە لەسەر شارستانییەتی نوێ و مێژووی مرۆڤایەتی لەچەندین سەدە و چەرخی جیا جیادا.

دامەزراندن و گەشەکردن

یەسوعی مەسیح

بەرگێکی کەلەپووریی دێرین لە پەیمانی نوێ بەزمانی ئەرمەنیی: ئینجیل خۆی بەم جۆرە دەناسێنێت کە "ئەو ئایەیانە بۆتان تەرخان کراوە و نێردراوە تاوەکو بڕوا بهێنن بەوەی کە یەسوع، مەسیحە و کوڕی خودایە تاوەکو لەژێر ناوی ئەودا بژین، ئەگەڕ باوەڕدارن. ".(یوحەننا 31/20)

چوار ئینجیلەکە بە سەرچاوەی سەرەکی گێراندنەوەی بەسەرهاتی ژیانی یەسوع دادەنرێت، چەند نووسراو و دەقێکی دی هەن کە ناو دەبرێن بە ئینجلی هەڵبەستراو یاخود ئینجیلی پشتپێنەبەستراو کە ئەوانیش باس لەژیانی دەکەن، هەروەها لە هەندێک لە نووسراوەکانی وتاربێژە رۆمانییەکاندا باسی لێکراوە بە درێژیی، وەک ئەوەی کە لەنووسراوەکانی سیسرۆدا هاتووە. بەپێی ئینجیلەکان بێت، یەسوع لە بەیتلەحم لەدایک بووە لە سەردەمی حوکمڕانیی هیرۆدسی گەورەدا و نەتوانراوە وەک خۆی کاتی لەدایکبوونی دیاریی بکرێت، دیارە زۆرینەی لێکۆڵەرەوان وای دیاریی دەکەین کە لەنێوان ساڵانی ٨ بۆ ٤ ی پێش زایین لەدایکبووە. مەتتا و لۆقا کۆکن لەسەر ئەوەی کە یەسوع لە نەوەی یەهوزایە، یەهوزاش خێڵێکی سەرەکی دوانزە خێڵی بەنی ئیسرائیل بوو. هەروەها کۆکیشن لەسەر ئەوەی کە بەشێوەی موعجیزە لەدایک بووە بەبێ بوونی رەگەزی نێرینە، ئەم رووادەوەش لە کڵێسادا بەناوی "لەدایکبوون لە پاکیزە" ناو دەبرێت. لەگەڵ ئەوەی کە لە بەیتلەحم لەدایک بووە، بەڵام زۆرینەی ساڵەکانی ژیانی لە ناسیڕە بەسەر بردووە.

یەسوع لە ژینگەیەکی یەهودیدا گەورە بووە کە چاوەڕێی هاتنی ماشیحییان دەکرد، پێش دەستپێکردن بە چالاکییەکانی، لەلای یوحەننای بەئاوەشۆر پەروەردە بووە، لەدەوروبەری ساڵی ٢٧دا و کاتێک کە تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو بەنزیکەیی؛ بانگەوازەکەی کە لەسەر دەستی یوحەننا وەرگرتبوو دەست پێکرد کە خەڵکی بانگ دەکرد بۆ تۆببەکردن، بەجۆرێ بوو کە ناوچەی رووباری ئەردەنی جێهێشت و بەرەو باکوور ئاراستەی گۆڕی تا وەکوو لە گوندی ناحوم گیرسایەوە، پاشان گوزەری دەکرد بەنێو دێیەکانی جەلیل و باشووری لوبنان و هەندێک ناوچە لەدەوروبەری جۆلان و باکووری ئەردەن کە بەناوی "دە شار" ەکەوە ناسراوە، هەروەها هەندێک ناوچەی تری وەک خەلیل و ئۆرشەلیم و هتد... فێرکردنەکانی یەسوع بەگشتی باسی لە وازهێنان لە شتە جەستەییەکان و گرنگیدان بە شتە رۆحییەکان دەکرد، ناڕەزا بوو بەرامبەر خۆبەزلزانین و لەخۆبایی مرۆڤ و هەندێ لە حەرامکراوەکانی شەریعەی یەهودییەتی چارەسەر کرد و هەندێکی ترییانی توند تر کرد وەکوو تەڵاقدان، هەروەها رووناکی خستبووە سەر رۆڵی ئیمان لە بەدیهێنانی وەفادا، و گرنگیی خۆشەویستیی و مەحەببەت. ئینجیلەکان، بەشێوەیەکی چڕتر باس لە بەسەرهاتەکان دەکەن، یان بڵێین بەگشتی باس لە ژمارەیەکی زۆر لە سەرسوڕهێنەر و موعجیزەکان دەکەن کە یەسوع خاوەنی بووە:

بەئاگاهێنانەوە لەسەر چیا، بەڕیشەی کارڵ بلوش.

یەسوع بە نموونە ھێنانەوە و چیرۆکە رەمزییەکان لەگەڵ خەڵک دەدوا و بیرۆکە ئاڵۆزەکانی بۆ سادە دەکردن، ئینجیلەکان پڕکراون لەو گرتە و رووداوانەی کە رووبەڕووی بوونەتەوە لە ژیانیدا، بۆ درووستکردنی سەرچاوەیەکی فێربوون و پەندوەرگرتن بۆ شوێنکەوتوانی؛ بەگشتیش ئەو موعجیزانەی کە چیرۆکەکانیان گێڕدراونەتەوە بە وردیی لە ئینجیلدا، بریتیین لە سی و پێنج موعجیزە، بەڵام ژمارەی نموونەکان و چیرۆکەکان بریتیین لە سی و چوار دانە، لەکاتێکدا ژمارەی بەسەرھات و رووداوەکان بریتیین لە دووسەد و پەنجا و پێنج رووداو، ئینجیلیش راشکاوانە دەڵێت ئەوانە بەشێکی بچووک و سادەن لە کارەکانی یەسوع چوونکە "گەر ھەموو کارەکانی یەک یەک بخرابانایەتە بەردەست، ئەوا دونیا جێگەی کتێبی نەدەگرت" [٢]


یەسووع دوانزدە قوتابی هەڵبژارد کە هاوشوێنی بکەن[٣]. بەپێێ باوەڕی مەسیحییەت؛ یەسووع لەوپەڕی چالاکبوونیدا کە ماوەی سێ ساڵ بەردەوام بوو، لەوکاتەدا کە لەئۆرشەلیم بوو لەکاتی جەژنی فوسحدا ئەنجوومەنی یەهوود بڕیاری کوشتنی یەسووعییان دا لەترسی ئەوەی بزووتنەوەکەی ببێتە بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی دەسەڵاتی رۆمانی بۆ لەناوبردنی ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە جوولەکە بەدەستی هێنا بوو. ئینجیلەکان بەباشی باس لە دادگاییکردنی یەسووع ئەکەن لەبەردەم ئەنجوومەنی یەهوود دا پاشان لەبەردەم پێلاتس پێنتی و پاشان دوودڵبوون لەسەر لەخاچدانی یەسووع، پاشان یەسووع لەخاچ دەدرێت لەدەرەوەی شار لەسەر گردی جەلجەسە، لەو شوێنەدا کە لەخاچدان ئەنجام دەدرێت، جێی ئاماژەیە کە گردبوونەوەیەکی زۆری خەڵکی بوونی هەبووە. پاش بەیەکداکەوتنێکی زۆر لەگەڵ مردندا بۆ ماوەی سێ کاتژمێر، یەسووع دەمرێت و لەگەڵ مردنەکەیدا رووداوی ناسرووشتی و نائاسایی رووی داوە. [٤]. پاشان بەخێرایی و پەلەپەل نێژراوە بەهۆی نزیکبوونەوەی شەممەی فوسح، بەپێی ئینجیلیش هەمان شتە. یەکێک لە ئافرەتان لەبەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە دا سەردانی ئارامگەکەی دەکات و دەبینێت کە ئارامگەکەی خاڵییە[٥]، پاشان لەوێدا فریشتەیەک پێیان رادەگەیەنێت کە یەسووع هەستاوەتەوە لەنێو مردوواندا[٦]، پاشان ئافرەتەکە رادەگاتە لای قوتابییەکانی یەسووع و ئەو هەواڵەیان پێ رادەگەینێت. لێرە بەدواوە چەندین جاری تر یەسووع بۆ تەلەبەکانی دەردەکەوێت و دڵنیا دەکاتەوە لەسەر هەستانەوەی لەمردن[٧].


تیۆرەکان لەسەر یەسووع و شێوازی مردنی و هۆکارەکانی چەندجاربووەوە، بەڵام زۆرترینی لێکۆڵەرەوەکان باوەڕییان بە بوونی یەسووع مێژووییانەی هەیە، هەندێکی تریشییان بوەڕییان بە هەبوونی موعجیزەکانی هەبووە کە بەهۆی چەند رێگەیەکی دیاریکراوەوە وەکوو بەکارهێنانی وزەکانی مێشکی مرۆڤەوە کردووینی. باوەڕ وایە کە شەوی دوایین خوان شەوی ٣ ی نیسان ی ساڵی ٣٠ زایینی بووە و هەڵستانەوەکەشی لە ٦ ی نیسان ی ساڵی ٣٠ زایینیدا بووە.

یەکەمین کڵێسا: کڵیسای بوتڕوس و پۆڵس

کڵێسای سەرەکی پایەبەرز بوتڕوس لە ڤاتیکان: ئەم کڵێسا گەورە ئایینیە هونەرییە لەو شوێنەدا درووست کراوە کە بوتڕوسی نێردراو لەخاچ دراوە و نێژراوە.

ژیانی دوانزدە قوتابییەکەی یەسووع و ئەوانەی لەگەڵیاندا بوون، یان ژیانی یەکەمین کڵێسا و چالاکییەکان لەڕێگەی بەسەرهاتی کرداری نێردراوەکانەوە دەست دەکەوێت، چوونکە لەدوای پەنجا رۆژی دوای هەستانەوەی یەسووع لەمردن، رۆحی پیرۆز نیشتە سەر یەکەمین کڵێسا بەپێی بەسەرهاتەکە، ئەم رووداوە لەلای مەسیحییەکان لەدایکبوونی کڵێساکە لە ئۆرشەلیم دەنوێنێت. لەوێدا ئەندامانی کڵێساکە بەردەوامییان هەبوو لەسەر پێدانی هۆشیاری ئایینی و نوێژکردن و شکاندنی نان و چوونەلای پەیکەری سلێمان و دابەشکردنی هەرچی هەیانە و خاوەنین.

دیسان بەپێی هەمان کتێب، نێردراوەکان توانای کردنی هەندێک لە موعجیزەیان هەبووە، فێرکردنەکان و پەند و ئامۆژگارییەکانیان بەتایبەتی پەند و ئامۆژگارییەکەی یەکەم و دووەمی بوتڕوس، بووە هۆی هاوار لێ بەرزبوونەوەی ئەنجوومەنی یەهوود، تا وای لێهات بوتڕوس و یوحەننا چەندین جار دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە، هەمان شتیش لەگەڵ پۆڵس دا رووی دا.

پایەبەرز پۆڵس نامەکانی دەنووسێت، تابلۆی نیگارکێشی هۆڵەندی ڕامبرانت.

کۆمەڵە مەسیحییەکە گەشەیان سەند، لێرەش بەدواوە ریزبەندی دەسەڵات لەنێو کڵێسادا دەرکەوت، بەجۆرێ حەوت لە یاریدەدەری قەشەکان بە یاریدەدەری نێردراوەکان دانران، بەڵام زۆر چەوساندنەوەیان رووی لەزیادبوون کرد تا وای لێ هات پەنایان بردە جەلیل و سامیرە، ئەمەش یاریدەدەرێک بوو بۆ ئەوەی پیشتیوانان لە مەسیحییەت لەدەرەوەی ناوچەی ئۆرشەلیم زیاد بکات، بۆیە فیلیپس هەڵستا بەبڵاوکردنەوەی فێرکارییەکانی مەسیحییەت لە سامیرەدا، و حەنانیای دیمەشقییش لە دیمەشق، پاشان شاوڵی تەڕتووسی وەرگەڕا بۆ مەسیحییەت و ناوی خۆی گۆڕی بۆ پۆڵس. بەپێی رای مەسیحییەکان، ئەو وەرگەڕانەی پۆڵس بۆ مەسیحییەت لەدوای دەرکەوتنی یەسووعەوە بۆ پۆڵس لەسەر رێگەی دیمەشق، رووی داوە. [٨] پۆڵس بەشدار بووە لە بڵاوبوونەوەی مەسیحییەتدا بەتایبەتی لەلای کەسانی نایەهوود لەپاڵ حەفتا نێردراوەکەدا بەتایبەتی لە لوبنان و قوبروس و ئەنتاکیە، بەجۆرێ بنکەیەکی میللییان بەدەست هێنا و بۆ یەکەم جار بە مەسیحییەکان ناوبران، ئەنتاکیە بنەما بنچینەییەکەی پۆڵسی هەزم کرد لە گەشتە مزگێنیدەرەکەیدا بەرەو یۆنان و ئاسیای بچووک، بەڵام کێشەی سەرەکی و گەورەکە لەنێوان مەسیحییە بنەچە یەهوودییەکان و مەسیحییە بنەچە نایەهوودییەکاندا رووی دا، بەتایبەت لەڕووی پابەند بوون بە یاساکانی مووساوە و خەتەنەکردن بەشێوەیەک لەشێوەکان، بۆیە لەو کاتەدا کۆبوونەوەی یەکەم لە ئۆرشەلیم بەسترا دەوروبەری ساڵی ٥٠ی زایینی، لەوێدا ئاکامی دانیشتنەکە بەوە کۆتایی پێ هات کە مەسیحییە بنەچە نایەهوودییەکان دەتوانن پابەند نەبن بە خەتەنەکردن یان یاساکانی مووساوە. کۆمەڵەی ئۆرشەلیم کۆمەڵێک سەفەری بۆ پۆڵس بەرەو یۆنان مەقدۆنیا رێکخست، پاشان پۆڵس ویستی گەشت بکات بەرەو ڕۆما کە ئەویش دواتر بۆی هاتە دی لەساڵی ٥٩ی زایینیدا، بەڵام مێژووی هەبوونی مەسیحییەکان لەڕۆمادا پێش ئەو گەشتەش دەکەوێت کە پێشتر پۆڵس بۆخۆی نامەیەکی ئاراستە کردن لەساڵێ ٥٧دا. تەقلیدی مەسیحی وا هاتووە کە بوتڕوس یەکەم کەسە کە کڵێسای ڕۆمای دامەزراندووە پاش ئەوەی کڵێسای ئەنتاکیەی دامەزراندووە، هەر لەوێشدا کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بردۆتە سەر تا کاتی کوشتنەکەی لەساڵی ٦٤ یان ٦٧ لەکاتی ئاگرکەوتنەوەی گەورە لەڕۆما و چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن نیرۆنەوە.

پۆڵسیش ڕۆمای بەجێهێشت لە ساڵی ٦٢دا و ڕووی کردە ئیسپانیا، بەڵام دواتر جارێکی تر گەڕایەوە ڕۆما و لەوێ گیرا و لەنێو زینداندا لەنێوان ساڵانی ٦٦ و ٦٧ دا دواترین نامەی خۆی نووسی بۆ تیمۆساوس کە بە دووەمین نامە بۆ تیمۆساوس ناسراوە پێش مردنەکەی لەماوەی چەوسانەوەی نیرۆن بۆ مەسحییەکان [٩][١٠]. ئەمما مەرقۆس کە تەلەبەی بوتڕوس بوو چووە ئەسکەندەریە و کڵێسای میسڕی دامەزراند نزیکەی ساڵی ٤٥ ی زایینی[١١]، تۆماسیش بەرەو هیندستان ڕۆیی، بەگشتی یەکەمین جووڵەی بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت زۆر چالاک بوو، بەدەر لە دوانزدە قوتابییەکە، حەفتا نێردراوەکەش دەستێکی کارایان هەبوو تێیدا. دوایین کەس لە دوانزدە قوتابییەکە کە بمرێت یوحەننا بوو، کە لە تورکیا نیشتەجێ بووبوو پێش ئەوەی نەفی بکرێت بۆ بتمووس و لەوێدا کۆتا رۆژەکانی ژیانی بەرێتە سەر. لەنێو دوانزدە قوتابییەکەشدا، تەنها یوحەننا بەشێوەیەکی ئاسایی و سروشتی مرد، درووست وایە بڵێین نەکوژرا لەهیچ ماوەیەک لەماوەکانی چەوساندنەوەی مەسیحییەکاندا. یوحەننا وەک ئاماژەمان پێدا لەدوورگەی بتمووس لەساڵی ١٠١دا کۆچی دوایی دەکات.

مێژووی مەسیحییەت

بەرەبەیانی مەسیحییەت (١٠١ بۆ ٣١٢)

دوایین نوێژی مەسیحییەکان لەکاتی ئاهەنگی ئەشکەنجەدانیان لە کۆلۆسیۆم، ڕۆما. تابلۆی ژان لیۆن جێرۆم

لەسەرەتای سەدەی دووەمی زایینیدا، مەسیحییەت بریتیی بوو لە کۆمەڵێک جەماعەتی پەرتەوازەی بچووک لەنێو کۆمەڵگادا لەنێو ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیدا، هێزی باوەڕ و ڕۆشنبیری ڕۆمانییان شتێکی ناسراو بوو، ئەمە بەدەر بوو لەو کەسانەی کە نوێ بوون بۆ ئایینەکە. لەلایەکی ترەوە، گەورەترین ترس بۆ ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی بریتیی بوو لە رەتکردنەوەی مەسیحییەکان بۆ پەرستی ئیمپڕاتۆر کە رەگەزی یەکبوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکە بوو، ئەمە جگە لە رەنکردنەوەیان بۆ سەرجەم بۆنە فەرمییەکان، هەروەها ئاشکرا کردنیان بۆ قۆرخکردنی ڕاستی و هەڵبژاردنی مردن لەبری لادان لە ئایینەکە، هەر ئەمەش بوو وایکرد کە وتاردەری ڕەوانبێژ لۆقیانۆس بڵێت کە ئەمانە مێشک و بیریان سووک و سادەیە و تاوانبار نین بەڵکو یەسووعی دووڕوو هەڵیخڵەتاندوون و پێشەوا ئایینیەکانیش یارییان پێ دەکەن.[١٢]، لەگەڵ ئەمەشدا مەسیحییە پێشەنگەکان ئەوەیان بەشێوەیەکی تایبەت ڕەت دەکرەوە کە لەیەک خستن هەبێت بە زانستە دنیاوییەکانەوە بەهۆی پەیوەندیداربوونی بەشێوەیەکی قایمەوە بە ئایینە بتپەرستەکانەوە. [١٣]، ئەمە وایکرد کە مێژووناسی ڕۆمانی سەلەس دەوروبەری ساڵی ١٧٥ لۆمەی مەسیحییەکان بکات لەسەر پاڵپشتیکردن و بەرگریکردنیان لە نەزانی خۆیان. [١٤].

باردودۆخەکان لەدوای نیوەی سەدەی دووەمی زایینییەوە بەرەو گۆڕان چوو، چوونکە مەسیحییەکان درکیان بەوە کرد کە دووەمین گەڕانەوەی چاوەڕوانکراوی یەسووع کاتێکی زۆر درێژ دەخایەنێت و مانەوەیان لەسەر زەوی درێژە دەکێشێت، بۆیە هەوڵیان دا کە باوەڕەکەیان بەشێوەیەکی پڕتر لە عەقڵانییەت و سیستەم پێشکەش بکەن بە بەکارهێنانی ڕۆشنبیرییەکانی سەردەمەکەیان، ئەم درکپێکردنە گەیشتە ئەوەی کە ئەگەر کڵێسا نەیەوێت ڕەزاگران بێت لەلای کۆمەڵگا، ئەوا پێویستە لەسەر کە بەزمانی ڕۆشنبیرانی سەردەمەکە و خودی سەردەمەکە خۆی قسە بکات[١٥]، بەم جۆرە یەکەمین بەرگریکار لە مەسیحییەت جۆستینۆس بوو کە کوژرا لە ماوەی چەوساندنەوەکانی ساڵی ٥٦٠دا.[١٦]. لەدوای ئەمەشەوە نووسراو پەڕتووکەکانی بەرگری ڕووی لەزۆربوون کرد؛ هبراپۆلیس، ئەبۆلینارۆس و میڵتۆن نووسراو و پەڕتووکەکانیان پێشکەشی ئیمپڕاتۆر مارکۆس ئۆریلیۆس کرد، هەروەها ئەسیناگۆراس و مڵیتادیس نووسراوەکانیان بڵاوکردووە لەدەوروبەری ساڵی ١٨٠دا[١٧]، کەسانی ڕۆشنبیریش وەکوو کجولیانۆس و ئەگناتیۆس کە بووبوونە مەسیحی؛ بەشدارییان کرد لەڕێگەی خۆشکردن بۆ مەسیحییەت کە بچێتە ناو کۆمەڵگایەکی زاڵەوە. لەکۆتایی سەدەی دووەمدا ئیدی کێشەیەکی ئەوتۆ بوونی نەما، بەجۆرێ کە تەنانەت باوکانی مەسیحیش منداڵەکانیان دەناردە قوتابخانە بتپەرستییەکان چوونکە لەپەروەردەیەکی مەسیحی درووست جیاواز نەبوو تەنها لە کۆرسە ئایین و ئەخلاقییەکاندا نەبێت[١٨]، هەروەها قوتابخانە مەسیحییەکان و پەڕتووکە مەسیحییەکان پەیدابوون دامەزران لەگەڵ دەستپێکی سەدەی سێیەمی زایینیدا و ژمارەی مامۆستایانی مەسیحی لە قوتابخانە یۆنانییەکان و ڕۆمانییەکاندا ڕووی لە زۆربوون کرد و لەساڵی ٢٦٤دا ئەناکۆلیۆس بووە سەرەک قەشەی لازقیە، یەکەمین ڕاگری مەسیحی لە کۆلیجی فەلسەفە لە زانکۆی ئەسکەندەرییە، پاشان قەشە مالیخۆن بووە بەڕێوەبەری قوتابخانەی وتاردان و ڕەوانبێژی لە ئەنتاکیە.


ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەرەوان وا دەبیین کە مەسیحییەت لە یەهوودییەتەوە گەلێک نزیک بووە لەڕووی داب و نەرییتەوە تا کۆتایی سەدەی دووەمی زایینی، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە مەسیحییەت چووە ناو شارستانییەتی هێلینییەوە کە بوارێکی تری بڵاوبوونەوەی بۆ دەڕەخسێنێت لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی سێیەمی زایینییەوە[١٩]، لەلایەکی ترەوە، ئێریک کۆفمان ئاشکرای دەکات کە مەسیحییەکان سیستەمێکی کۆمەڵایەتی چالاکییان لەسەر تیشکی ئینجیلەوە گەشەپێداوە، بەپێچەوانەی بتپەرستەکانەوە؛ مەسیحییەکان لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا گرنگییان بە نەخۆشەکانیان دەدا ئەمە هاوشانی گرنگیدان بە کەمئەندامەکانیان، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر بەوەفابوونی نێرەکان لە هاوسەرگیریدا و یەکێتی ئەو هاوسەرگیرییە، ئەمە جۆرێک لە خێزانی سەربەخۆ و جێبەخۆگرتووی درووست کرد کە کۆمەڵگای ڕۆمانی لەدەستی دابوو، هاوشانی ئەمانەش یاریدەدەری ئافرەتە باوەڕدارە نوێیەکانیان دەکرد لەچوارچێوەی ئەو جێگیرییەدا تا منداڵیان ببێت و ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵ پەروەردە بکەن، ئەمە لەگەڵ هەبوونی ژیانێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنە و بێ هاوتا لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵەیەکی دیاریکراودا و یارمەتیتدانی بەردەوامیان بۆ یەکتر.[٢٠].


کێشەی سەرەکی کڵێسا لە ماوەی هەردوو سەدەی دووەم و سێیەمدا لە چەوساندنەوەی مەسیحییەکان لەلایەن ڕۆمانەوە خۆی دەبینێتەوە، لەسەرەتای دەرچوونی بەیاننامەی دەرکردنی مەسیحییەکان لەڕۆما لەساڵی ٥٨دا و تەنانەت تا ساڵی ٣١٢، مەسیحییەکان دەیان ناڵاند لەجۆرەها جۆری چەوساندنەوە، کە ناخۆشترینیان بریتیی بوو لەچەوساندنەوەی نیرۆن کە ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆمای لێ کەوتەوە، دۆمیتیانۆس کە سی و حەوت ساڵ بەردەوام بوو لەسەر چەوساندنەوەی مەسیحییەکان؛ سەرەتای ڕۆژژمێری ناسراو بە ڕۆژژمێری قبتی یان میسڕی دەستەبەر کرد، و بەپێی سەرچاوە و ژێدەرەکانی کڵێسای قبتی ئۆرسۆدۆکسی؛ سەدان هەزار کەس لەماوەی ئەو چەوساندنەوەیەدا کوژراون[٢١]، هەریەک لە تراجان، مارکۆس ئۆریلیۆس، سێپتیمۆس سێڤیریەس، ماکسیمین، دێکیۆس، جالینۆس، ئۆریلیان و دیۆكلتيانۆس، بەگشتی لەمێژووی مەسیحییەتدا بە ١٠ چەوساندنەوە گەورەکە ناو دەبرێن[٢٢]، بەڵام دۆخەکان بەرەو باشبوون چوو لەگەڵ دەرچوونی بەیاننامەی لێبوردانەی گالیریۆس و هەنگاوەکانی ئیمپڕاتۆر قوستەنتین کە بووە هۆی دەرچوونی بەیاننامەی میلانۆ لەساڵی ٣١٢ دا کە تێیدا دان دەنێت بە مەسیحییەتدا وەکوو یەکێک لە ئایینەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، وێڕای هەموو ئەو چەوساندنەوانەش، هێزی دیمۆگرافی مەسیحییەت گەشەی دەسەند لەگەڵ ئەوەی کە تا دەوروبەری ساڵی ٣١٢ ـەش لە ناو ئیمپڕاتۆرییەکەدا کەمینە بوون، بەڵام دواتر بوونە هێزێک کە ئیمپڕاتۆرییەت نەی دەتوانی دایان پۆشێت یان دانیان پیادا نەنێت.[٢٣].

ئەنجوومەنەکانی کڵێسا و کەرتبوونەکان (٣١٢ بۆ ١٠٥٤)

ئایکۆنەیەکی بێزەنتی، تێیدا قوستەنتینی یەکەم دەردەکەوێت کە دەورەدراوە بە کۆمەڵێک لە بەتڕیک و سەرەک قەشە و کە بەهەموویان یاسای باوەڕیان بەدەستەوە هەڵگرتووە کە ئەنجوومەنەکە دای ڕشت.

ساڵی ٣٨٠ی زایینی، مەسیحییەت بوو ئایینی فەرمی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی، و لەساڵی ٣٣٠دا ئیمپڕاتۆر قوستەنتینی یەکەم هەڵستا بە گواستنەوەی پایتەخت لە ڕۆماوە بۆ قوستەنتینە، کە بووە بە ناوەندی مەسیحییەتی ڕۆژهەڵاتی و ناوەندی شارستانییەتی جیهانی، بەجۆرێ بووە بە مەزنترین شارەکانی دونیا لەو سەردەمەدا. [٢٤].

بەهۆی ئەوەی مەسیحییەت بۆ دوورترین شوێنەکانیش ڕۆیشتبوو، ئەبوو دابەشبوون کە کەرتبوون تێیدا ڕوو بدات، نەک تەنها لەڕووی ژینگەوە بەڵکو لەڕووی باوەڕیشەوە هەروەها، لەئاکامی زۆربوون ژینگەکان بۆ باوەڕداران بە ئایینەکە، کڵێسا لە سەدەی چوارەمی زایینیدا ڕووبەڕووی گەلێک لەو بزووتنەوانە بوو کە بەزمانی کڵێسا ناو دەبران بە هەرتەقەکان[٢٥]، زۆرینەوەی ئەم بزووتنەوانە کەم کاریگەر بوون بەبێ کۆششێکی زۆر دەپووکانەوە، بەڵام هەندێکی تریان وەک ئاریۆسییەت، هێزێکی گەورەی لێ پێکهات، کە وای کرد ئەنجوومەنی گشتی ببەسترێت لە ئیزنیق لەساڵی ٣٢٥ بەسەرۆکایەتی ئیمپڕاتۆر قوستەنتینی یەکەم و سەرەک قەشە ئۆسیۆسی قوڕتووبی. [٢٦].

ئەنجوومەنی ئیزنیق، بە یەکەمین ئەنجوومەن دانانرێت، چوونکە پێش ئەو ئەنجوومەنەش چەندین ئەنجوومەنی تر بەستراوە لەسەر ئاستێکی هەرێمیی کە زۆربەی جار سەرەک قەشەی ناوچەکە سەرۆکایەتی کردووە[٢٧]، بەڵام ئەنجوومەنی ئیزنیق یەکەمین ئەنجوومەنی گشتی بوو بەجۆرێ سەرەک قەشەکان لەسەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان تێیدا کرد. ئاکامی ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئاریۆس کافرە و قسەکانی بە هەرتەقە دانرا و قەدەغە کرا لەدوای ئەوەی ئاریۆس دەیگووت کە کوڕ درووستکراوێکی نا یەکسانە بە باوک[٢٨]، ئەنجوومەنەکە هەروەها یاسای باوەڕی دانا کە تا ئەمڕۆش بەکاردێت. گرنگییەکی تری ئەم ئەنجوومەنە ئەوە بوو کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی مەسیحییەتدا زاراوەی نا تەوراتی بەکارهێنا بەشێوەیەکی فەرمی، وەکوو: ڕووناکی لە ڕووناکی، خودای حەق هەڵقوڵاو لەخودای حەقەوە، لەدایکبووییەکی نادرووستکراو؛ ئەم زاراوانەش لە فەلسەفەی ڕۆمانییەوە دەهاتن و چڕبوونەوەیەکی نوێ و سیفەتێکی نوێیان دا بە باوەڕی مەسیحی[٢٩]. ئەنجوومەنەکە سیستەمی پێنج بەتڕیکییەتی گەورەی دامەزراند و سیستەمی مامەڵەکردنیانی لەگەڵ یەکتردا دانا، هەر لەم چوارچێوەیەدا و لەو ماوەیەدا ئایینە بتپەرستەکان دەستیان بە کشانەوە کرد لەبەردەم مەسیحییەتدا. ئەو ماوەیەش بە کۆمەڵێک لە شەڕی ناوخۆیی خوێناو و پێچەوانەبوونەوەی بارەکاندا ڕۆیشت بەتایبەتی لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژئاواییدا، بۆیە نەمانی ئاسایش بووە هۆی چەوساندنەوە ئایینییەکان[٣٠]، مەسیحییەت چەوساندنەوەی لەهەمبەر بتەپەرستیدا بەرپا کرد، ئەشتوانرێت ئەزموونی بەتڕیک ئەسناسیوسی ئەسکەندەری لە میسڕ بە نموونەیەکی ئەو دۆخە وەر بگرین[٣١]، کە پێشتر هەمان شت بەسەر مەسیحییەکانیشدا هاتبوو کاتێک کە ئیمپڕاتۆر جولیان مەسیحییەکانی چەوساندنەوە لەڕێگەی دەرکردنی بایننامەیەک کە ڕێگەی لە فێرکردنی مەسیحییەکان گرت لەساڵی ٣٦٢ دا کە ئەو کارە وەرزێکی تری بۆ چەوساندنەوەکان کردەوە[٣٢]، بەڵام لەلایەکی ترەوە ئاوەدانی مەسیحییەت و هوونەری وێنەکێشانی ئایکۆنات و هەروەها مۆزیک گەیشتنە پلەیەکی باڵا لە کڵێسای سەدەی چوارەمی زایینیدا، ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ئەوەی جۆرج مینۆوا بە سوڵتانەکانی کڵێسا ناویان دەبات لەو سەردەمەدا دەرکەوتن، هەروەکوو: باسیلۆسی گەورە[٣٣]، جێرۆم[٣٤]، ئیمبرۆسیۆس[٣٥]، یوحەننای دەم زێڕین[٣٦]، ماڕۆنی گەورە، سەمعانی عەموودی[٣٧]، ئەفرام سریانی[٣٨]، قەشە ئۆگەستین[٣٩]، زۆرینەی زۆری ئەو کەسایەتییانەش نازناوی پایەبەرزیان وەرگرتووە لە کڵێساوە.


ئایکۆنەی کورسی دانایی لە ئایا سۆفیا لە ئەستەنبوڵ، ئەو کڵێسا سەرەکییە پێشتر ناوەندی ژیانی ئایینی بوو لە شارەکەدا.

لەپێناو تەواوکردنی کاری ڕێکخستنی ژێرخانی بەڕێوەبەرایەتی کڵێسا، ئەنجوومەنی یەکەمی قوستەنتینە بەسترا لە ساڵی ٣٨١ کە یەکێک لەکارەکانی ئیدانەکردنی ئەپۆلینارۆسی سەرەک قەشەی لازقیە بوو کە پێی وا بوو خودایەتی مەسیح رووی داوە بەهۆی ڕۆحە عاقڵەکەیەوە[٤٠]، پاشان لەدوای کەمتر لە نیو سەدە ئەنجوومەنێکی گشتی تر لە ئێفەسس لەساڵی ٣٤١دا گیرا، لەوێدا نەستووڕ قەدەغەکرا، کەپێی وابوو کە سیانەیەتی پیرۆز درووستە بەڵام ئەو کوڕەی لە ئەزەلەوە هەبووە، یەسووع نییە، بەڵکو ئەو کوڕە لە یەسووعدا گیرساوەتەوە لەکاتی ئاوەشۆرەیکردنیدا، هەروەها نەستووڕ دەیگووت کە دوو کەس لە مەسیحدا هەبووە و مەریەمی بە دایکی مەسیح بانگ دەکرد نەوەک دایکی خودا[٤١]، بەهۆی ئەوەوە شوێنکەوتووەکانی تووشی چەندەها چەوساندنەوە بوون، پاشان لەدوای هەشت ساڵ و لەساڵێ ٤٣٩ دا ئەنجوومەنێکی دیکە لە ئێفەسس گیرا کە ئۆرسۆدۆکسییە ڕۆژهەڵاتییەکان بە ئەنجوومەنی دووەمی ئەفەسس ناوی دەبەن لەکاتێکدا کە کاسۆلیک دانی پیادا نانێن، بەگشتی ئەم ئەنجوومەنە بەسترا تا شێوەی باوەڕ دیاریی بکات وەک کۆتاییەک بۆ دیاریکردنی یەکێتی هەردوو سرووشتی مرۆڤبوونی مەسیح و خودابوونی مەسیح، پاشان پێشنیار و بیردۆزەکەی بەتڕیک سایرڵی یەکەمی ئەسکەندەرییە قبووڵ کرا، کە دەیووت کە ئاکامی یەکگرتنی هەردوو سروشتەکە یەک سرووشتە بەبێ تێکەڵ بوون بە خاسییەتەکانی یەکتتر. [٤٢]

بەڵام ئەم باوەڕە دژایەتی کرا لەلایەن ڕۆما و قوستەنتینەوە، کە هەردووکیان بانگێهشتیان کرد بۆ کۆتا ئەنجوومەن لەساڵی ٤٥١ زایینی دا کە بریتیی بوو لە ئەنجوومەنی خەلقیدۆنی کە دووبارە پەیوەندی بەتڕیریکیییەکان بەیەکەوە ڕێک خستەوە و پێشنیارەکەی پاپا لیۆنی یەکەمی پەسەند کرد کە دەیگووت هەردوو سرووشتەکەی یەسووع لەگەڵ ئەوەی یەکیان گرتووە بەڵام تێکەڵ بەیەکبوون و ئەمەش شتێکە ناتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت چوونکە وەک یەکگرتنی ئاگر و ڕووناکی وایە[٤٣]، هەروەها ئەنجوومەنی ناوبراو بریارەکانی ئەنجوومەنی پێش خۆی هەڵوەشاندەوە و شەرعییەتی لێ سەندەوە و دانی پێدا نەنا، بۆیە شەقبوونی دووەم لە کڵێسادا ڕوویدا و خێزانەکانی کڵێساکانی ئۆرسۆدۆکسییەتی ڕۆژهەڵاتی لێ درووست بوو و ئەندامەکانی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی خەڵقیدۆنی ڕەت کردەوە و قبووڵی نەکرد، سەرباری ئەمەش، هێشتا جیابوونەوەی کۆتای ئیداری ڕووی نەدا تا ساڵی ٥١٨ ی زایینی کاتێک کە بەتڕیریکی ئەنتاکیە ساویریۆس دابڕا بەهۆی ئەوەی لە سرووشتە یەکییەکان بوو[٤٤]، لەئەنجوومەنێکی خۆماڵیدا کە لەقوستەنتینە گیرا، ڕەتکردنەوەی بەتڕیرەکەکە بەدوایدا هات و چووە میسڕ کە لەوێدا بەشێکی لەکڵێسا بەڕێوە دەبرد لەکاتێکدا بەتڕیرەکی خەڵقیدۆنی بەشەکەی تری بەڕێوە دەبرد، بەهەمان شێوە ئەوەی لەئەنتاکیە ڕوویدا لە ئەسکەندەرییەش ڕوویدا[٤٥].

جەماعەتی یەک سرووشتی یاخود مۆنۆفیزۆن بنکەیەکی میللی بەهێزیان درووست کرد لە میسڕ، حەبەشە، ئەرمینیا و بەشێوەیەکی کەمتریش لە سوریا و بەدەست کۆمەڵێک لەچەوساندنەوەوە لەسەر دەستی ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتییەوە ناڵاندیان، بەڵام چەوساندنەوەکان بەهۆی حەزە ویستراوەکان و بەرهەمە فیکرییەکانەوە نەبوو بەڵکو بەهۆی ئەو شەقبوونە قووڵەوە بوو کە لەدوو لای ئیمپراتۆرییەتەکەدا ڕوویدا بوو. ئیمپڕاتۆڕە ڕۆمانییەکان هەڵوێستەیان ڕوون نەبوو لەو نێوانەدا، بەجۆرێ کۆمەڵێک ئیمپڕاتۆر پاڵپشتییان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی خەڵقیدۆنی کرد و هەندێکی تریان دژی وەستانەوە، ئەو کۆمەڵە ئیمپراتۆرە چەوساندنەوەیان دژ بە خەڵقیدۆنییەکان بەرپا کرد لە ئیمپڕاتۆرییەتەکەدا[٤٦]، ئیمپڕاتۆر جەستنیانی یەکەم هەوڵی یەکخستنی هەردوو لایەنەکەی دا و لەو پێناوەدا ئەنجوومەنی قوستەنتینەی دووەمی گرت لە ساڵێ ٥٣٣دا[٤٧]، بەڵام شکستی هێنا و بگرە بەرەو خراپبوونیش چوو کاتێ کە ئیمپڕاتۆرییەتی فارسی دەستتێوەردانی کرد و توانی لەسەرەتاکانی سەدەی حەوتەمدا سوریا و عێراق داگیر بکات[٤٨].

ئیمپڕاتۆر هەرقل توانی دووبارە ئەوەی لەدەست چووە لە ساڵی ٦٢٢ دا بیگەڕێنێتەوە و بڕیاری بە بیڕوباوەڕێکی نوێ دا کە مونۆسیلییەت بوو: دوو سرووشت لەیەک ویستدا، وەک چارەسەرێکی ناوەندی بۆ باوەڕداران بە دوو سروشتی و باوەڕداران بە یەک سروشتیی[٤٩]، بەڵام باوەڕداران بە یەک سرووشتی ئەو باوەڕە نوێیەشیان ڕەتکردەوە، کە ئەمەش دەرگایەکی نوێی لە چەوساندنەوە تووندەکان واڵا کرد، بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی هاتنی سووپاس ئیسلامییەوە لە نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە، زۆرێک لە لێکۆڵەرەوان وای دەبینن کە مەسیحییە عەرەبەکان پاڵپشتییان کردووە لە ڕووداوی دەستبەسەردا گرتنەکەدا[٥٠]، بەتایبەتی غەساسینەکان و مەنازیرەکان، هەروەها مەسیحییە سریانییەکانیش هەمان شتیان پەیڕەو کرد، وا دەگێردرێتەوە کە بەتڕیرەکی نەستووڕییەکان سەردانی مەدینەی مونەوەرەی کردووە و داوای لە عومەری کوڕی خەتتاب کردووە کە پەلە بکات لەداگیرکردنی عێراق دا، لەکاتێکدا کە دانیشتوانی شارە سورییەکان لەسەر ڕووباری فوڕات دەرگاکانی شارەکەیان کردەوە بەرەو ڕووی دەستبەسەراگرە نوێیەکاندا. جەنگاوەرەکانی سووپای بێزەنتیش هەمان شتیان کردەوە لەشەڕی یەرمووک[٥١][٥٢]

پاپا؛ شارلمان دەخاتە سەر تەخت. تابلۆی ڕەفائێل، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزەهەمی زایینی.

لەساڵی ٦٨١، ئەنجوومەنی قوستەنتینەی سێیەم بەسترا، کە بڕیاریدا بە لەقەڵەمدانی مونۆسیلییەتەکەی هەرقل بە هەرتەقە[٥٣] و پەسەندکردنی پێشنیاری دووسرووشتیی و دوویستیی لە یەسووعدا؛ بەڵام لە ڕۆژئاوا بارودۆخەکە ئارامتر بوو، لەگەڵ چالاکبوونی بزووتنەوە مزگێنیدەرەکان لە بڵاوکردنەوەی مەسیحییەتدا لە باکووری فەڕەنسا و ئەڵمانیا، هەروەها مەسحییەت گەیشتە ئینگلتەرا و ئیرلەندا لەسەر دەستی پایەبەرز پاتریک[٥٤]، پاشان لەسەدەی نۆیەمی زایینیدا مەسیحییەت گەیشتە ڕوسیاش، ئەو ماوەیە بە بارودۆخی درووستبوونی وشکەسۆفیگەراییدا ڕۆیشت وەکوو درووستبوونی وشکەسۆفیگەلی بوندوکتیە و وشکەسۆفیگەلی ئۆگەستینیەت کە کاریگەرێکی قوڵیان لەسەر کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی هەبوو، بەجۆرێ کە پەرستگاکانی وشکەسۆفییان بەتەنها بووبووە زانکۆ و قوتابخانەەکانی ئەوروپا، پەرستگای وشکەسۆفی کلۆنی دەستی هەبوو لە ڕێکخستنی پەیڕەوی ناوخۆی کڵێسا و دیاریکردنی دەوری سێکیولارەکان تیایدا.

کێشەکانی مەسیحییەتی ڕۆژئاوایی لەو سەردەمەدا خۆی دەبینییەوە لە کارەساتی سرووشتی و هەژارییەکی توند کە خەڵکی تیایدا دەژیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی دەرەبەگی توند دا، ئەمە هاوشانی بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواری[٥٥]، هەروەها رکەبەرایەتییە بەردەوامەکان کە بووە هۆی ڕوودانی جەنگەکانی نێوان ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز و پاپاکان[٥٦]، ئەمە هاوشانی جەنگی ئایکۆنەکان کە ساڵی ٧٢٧ی زایینی ڕوویدا و بەهۆیەوە ئەنجوومەنی نیقییەی دووەم ساڵی ٧٨٧ بەسترا[٥٧]، لەسەر داوای ئیمپڕاتۆرییەی ئیرینی، تێیدا ئەو ئەنجوومەنە بڕیاری گەڕاندنەوەی ئایکۆنەکانی دا بۆ کڵێساکان پاش ئەوەی ئیمپڕاتۆر لیۆن بڕیاری شکاندنیانی دەرکردبوو.[٥٨]

بەدوای ئەودا لەساڵی ٨٠٠دا پاپا لیۆنی سێیەمی چووە سەر تەختی پادشایەتی بە چوونی شارلمان بۆ سەر تەختی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز کە ئیدی لێرەوە پەیمانێکی نوێ کرایەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئیمپراتۆرییەت و کورسی نێردراوی. لێکترازان و جیابوونەوەکان لە کڵێسادا نەوەستا تا ساڵی ١٠٥٤ لێکترازانی گەورە ڕوویدا کاتێ کە بەتڕیریکییەتی قوستنەتینی جیابوونەوەی خۆی لە ڕۆما ڕاگەیاند لەماوەی کۆچی دوایی پاپا لیۆنی نۆیەم دا[٥٩]، ئەگەرچی ئەم جیابوونەوانە لە مەودایەکی ئایینی دا بوو، بەڵام بەدەر نەبوون لە پاڵنەرە سیاسی و ئابوورییەکان:

سەردەمی باوەڕ و سەردەمی ڕابوون (١٠٥٤ تا ١٤٩٢)؛ (١٤٩٢ تا ١٦٣٣)

درووستکردنی ئادەم: بەناوبانگترین ئایکۆنەکانی مایکلانجیلۆ کە سەقفی کڵێسای سیسیتینی ڕازاندۆتەوە لە ڤاتیکان.

سەرباری لێکترازانی نێوان ڕۆما و قوستەنتینە بەڵام سەرکرداریەتی کردنی جیهان لەلایەن مەسیحییەتەوە جێگیر کرا لەسەر دەستی ڕۆما، ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی سەرقاڵی کێشە بەردەوامەکانی خۆی بوو لەگەڵ دەوڵەتی عەبباسی[٦١]، مەسیحییەکانی سوریا و میسڕیش دەیانناڵاند بەدەست چەوساندنەوە تووندەکان لەسەر دەستی هەندێک لە خەلیفە وەکوو ئەلموتەوەکیل عەلەلڵای عەبباسی و ئەلحاکم بیئەمریلای فاتیمی[٦٢]، تەنگەژەی فیکریش کە هاوشانی تەنگەژەی ئابووری و گەشەسەندنی دەمارگیری ئایینی دەڕۆیشت لەسەردەمی مەئمووندا وای کرد هەموو نوێکارییەکی زانستی لە دەوڵەتی عەبباسیدا بۆ هەردوو مەسیحییەکان و موسوڵمانەکان کارێکی گران بێت[٦٣]، لەگەڵ ئەوەشدا سریانییەکان و نەستووڕییەکان شوێنی دیاریان هەبوو لە وەرگێڕان و زانستەکان و گەردونناسی و پزیشکی دا و خەلیفەکان پشتیان پێ دەبەستن[٦٤].

دەسەڵاتی کڵێسا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا تەنها دەسەڵاتێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتێکی دنیاییش بوو، ئەمە خۆی دەبینییەوە لە دەوڵەتی پاپاییدا کە ئەڕکانەکانی جێگیر بوون لەسەدەی یانزهەمەمی زایینیدا، هەروەها خۆشی دەبینییەوە لەو گەمە سیاسییەدا کە تێیدا پاپا ڕۆڵێکی سەرکردانەی گێرا وەکوو ناوەندێک لەنێوان پادشا جیاوازەکانی ئەوروپادا[٦٥]، بەجۆرێ کە هێزی سیاسیی کڵێسا، بەدەر لە باری گەنیوی مەسیحییەکان لەڕۆژهەڵات، هاوکات ئارەزووی میرەکانی ئەوروپا بۆ پانکردن و گەورەکردنی موڵک و ماڵەکانیان و ڕاوەستان لەیەکتر کوشتنی ناوخۆیی، باری ڕەخسان بۆ لەدایکبوونی شەڕەکانی خاچپەرستی کە پاپا ئۆربانۆسی دووەم لەساڵی ١٠٩٤ بانگهێشتی کرد بۆ ڕوودانی لەماوەی ئەنجوومەنی کلیرمۆنت لەباشووری فەڕەنسا[٦٦]، دەستپێکیش کرا بە یەکەمین شەڕی خاچپەرستی کە تێیدا توانرا دەرکەناری سوریا دەست بەسەردا بگیرێت لەگەڵ لوبنان و فەڵەستین و هەندێک ناوچەی تورکیا و ئەردەن و میسڕ.

بەڵام دووەمین شەڕی خاچپەرستی وەڵامێک بوو بۆ کەوتنی ئەلڕەها[٦٧]، سێیەمین شەڕی خاچپەرستییش وەڵامێک بوو بۆ کەوتنی قودس[٦٨]، ئیدی هەموو شەڕەکانی تر کاریگەرییەکی کەمیان هەبوو، بۆیە لەچوارەمین شەڕی خاچپەرستیدا قوستەنتینە داگیر کرا، لەشەشەمین شەڕی خاچپەرستیش دا تونرا قودس بۆ ماوەیەکی تر بەدەست بهێنرێتەوە[٦٩]، لەکاتێکدا کە سەرتاپای هەڵمەتەکانی تری خاچپەرستی ڕووی کردبووە میسڕ، بەڵام نەیتوانی تیایدا بەردەوام بێت، سەردەمی خاچپەرستی تەنها سەردەمی ململانێیەکی بەردەوام نەبوو، بەڵکو ماوەی یەکگرتن و تێکەڵبوون و کردنەوەی شارستانی نێوان هەردوو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بوو[٧٠]

دوایین موڵکەکانی خاچپەرستەکان لە ڕۆژهەڵات کەوت بە کەوتنی عەککا لەساڵی ١٢٩١ و شەڕەکانی بەدەستهێنانەوەی ئەندەلووس دەستی پێکرد[٧١]، کۆتایش نەهات هەتا کەوتنی غەڕناتە ساڵی ١٤٩٢[٧٢]، پەیوەندییەکانیش لەگەڵ ئەندەلووسدا هەمیشە پەیوەندی جەنگ نەبوو، بەڵکو ئەوروپا و ڕۆشنبیرانی ئاشنا بوون بە فەلسەفەی یۆنانی و ڕۆمانی و نووسینەکانی ئیبن ڕوشد و ئیبن خەلدوون و نووسەرانی تر؛ لەڕێگەی ئەندەلووسەوە، کە بووە هۆی بزووتنەوەیەکی گەشەسەندنی زانستی چالاک کە کڵێسا سەرکردایەتی دەکرد:

ئایکۆنەی شێوەگۆڕین لەلایەن ڕافائێلەوە: بەوەچەرخانێکی گەورە لە مێژووی وێنەکێشاندا لەسەردەمی ڕابووندا دادەنرێت.

[٧٥]

ئەو هەموو ڕۆزییەی کەبەسەر ئەوروپادا باری بوو لەدوای سەرکەوتنی گرتنەوەکانی ئیسپانیا، یارمەتی دا تا باری ئابووری باشتر ببێت[٧٦]، ئەم دۆخە لەهەمان باردا بوو بەدرێژایی دۆزینەوەی جیهانی نوێ لە١٤٩٢ دا کە لەگەڵ خۆیدا سەردەمی ڕابوونی کردەوە لەئەوروپادا و سەردەمی مزگێنیدانی کردەوە لە ئەمەریکا؛ زۆرجار هەڵمەتەکانی دۆزینەوە بە پیرۆزکردنی ڤاتیکان ڕوویدەدا. ڕۆما و فلۆرێنسیا و جەنەوا بوونە یەکەمین پایتەختەکانی ڕابوون[٧٧]، کە زۆر بەخێرایی ئەوروپای گرتەوە، بەگشتیش شێوەی زانکۆکان و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان و یانە ڕۆشنبیرییەکانی وەرگرت، لەژێر سەرکردایەتی کڵێسادا چەندەها زانست گەشەی سەند وەکوو: گەردوونناسی[٧٨]، بیرکاری[٧٩]، ئیتیمۆلۆجی[٨٠]، فەلسەفە[٨١]، ڕەوانبێژی[٨٢]، پزیشکی[٨٣]، توێکاریزانی[٨٤] و فیزیا بەتایبەتی ئەرستۆیی[٨٥] و فیزیای میکانیکی بەتایبەتی پێداویستییەکانی جەنگ[٨٦] و کیمیا و جوگرافیا و زانستی گیانەوەران و ڕووەک[٨٧]، ئەمە هاوشانی هوونەری تەلارسازی کە گەیشتە بەرزترین ئاست لە سەردەمی ڕابووندا، کاتدرائییەتییەکانی ئەو سەردەمە بەتایبەتی کاتدرائییەتی پایەبەرز بوتڕوس و کۆی تەلارەکانی ئەو سەردەمەی ڤاتیکان نموونەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەو بابەتە و دەست کرا بە درووستکردنی ڤاتیکان لەساڵی ١٥١٣[٨٨]، هەروەها هوونەری وێنەکێشان و داتاشین کەوتە چالاکی و لەو سەردەمەدا دیارترین هوونەرمەندان دەرکەوتن وەکوو: لێوناردۆ داڤینشی، مایکلانجیلۆ، رافائێل و چەندینی تر.[٨٩].

لەسەر ئاستی باوەڕی کڵێساییش، هاوشانی گەشەسەندنی زانست، تقووسی کڵێسا و باوەڕە مەسیحییەکان ئاوەزێنران، بەو جۆرە تیۆرەکەی ئەرستۆ سەبارەت بە جەوهەر و شێوە بووە بنەمای ئەفخارستیا، تۆماس ئەکویناس، زانای لاهووتگەر و فەیلەسووف، بووە دەروازەیەک بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی بیروڕاکانی نێو مەسیحییەت لەژێر ڕۆشنایی فەلسەفەدا، بۆیە تەنانەت دووەمین ئەنجوومەنی ڤاتیکان لە سەدەی بیستەمدا دانی پێدا نا[٩٠]، تا سەدەی پانزدەهەمی زایینی پێنج ئەنجوومەن بەستران، چواریان لە لاتران بەستران و ناو دەبرێن بە ئەنجوومەنە لاترانییەکان، لەکاتێکدا کە پێنجەمیان لە کۆنستانس بەسترا و کۆتایی بە لێکترازانی پاپاویی هێنا.

سەرچاوەکان

  1. ^ وتاری مەسیح
  2. ^ [یوحەننا ٢٥/٢١]
  3. ^ مەرقۆس ١٣:٣
  4. ^ لۆقا ٤٥:٢٣
  5. ^ لۆقا ٢٤:٣
  6. ^ لۆقا ٢٤:٦
  7. ^ یوحەننا ٢٥:٢٠
  8. ^ کرداری نێردراوەکان ٩:٤
  9. ^ التفسير التطبيقي، مرجع سابق، ص. 750
  10. ^ القدّيس بولس- استشهاد القدّيس بولس وإرثه - تعليم 4 فبراير (شباط) 2009
  11. ^ الرسول الأنجيلى رئيس أساقفة المدينة العظمى الأسكندرية
  12. ^ الكنيسة والعلم، جورج مينوا، ترجمة موريس جلال، دار الأهالي، طبعة أولى، دمشق 2005، ص.
  13. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.78
  14. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.82
  15. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.81
  16. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
  17. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.83
  18. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.84
  19. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 86
  20. ^ بڕوانە مێژووی شارستانییەت بوخچەی سێیەم، پەڕتووکی پێنجەم، بەشی ٢٨، بەندی یەکەم
  21. ^ سەرەتایەک بۆ ڕۆژژمێری قبتی
  22. ^ شەهیدبوون لە مەسیحییەتدا
  23. ^ لكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.109
  24. ^ [www.edu-prog.com/folder5/7.htm شارستانییەتی بێزەنتی]
  25. ^ فەرهەنگی هەرتەقاتی کڵێسا
  26. ^ ئەنجوومەنی یەکەمی ئیزنیق
  27. ^ زاراوە کڵێساییەکان: ئەنجوومەنی خۆماڵی
  28. ^ ئاریۆس و هەرتەقەکەی
  29. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.111
  30. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.115
  31. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.116
  32. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.114
  33. ^ پایەدار باسیلۆسی گەورە
  34. ^ پایەدار جێرۆم
  35. ^ ئیمبرۆزیۆس سەرەک قەشەی میلانۆ
  36. ^ یوحەننای دەم زێڕین
  37. ^ پایەدار سەمعانی عەموودی
  38. ^ مار ئەفرام سریانی
  39. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص. 144 وما تلاها.
  40. ^ kastantenye.htm ئەنجوومەنی یەکەمی قوستەنتینە ٣٨١
  41. ^ نەستووڕییەت و فێرکارییەکانی
  42. ^ پاپا سایرڵێ یەکەم
  43. ^ ئەنجوومەنی چوارەمی خەڵقیدۆنی
  44. ^ [popekirillos.net/ar/fathersdictionary/read.php?id=1065 ساویریۆس بەتڕەڕیکی پایەبەرز]
  45. ^ پایەبەرز ساویریۆس بەتڕیرەکی ئەنتاکیە
  46. ^ [www.jesusfriendsnet.com/userfiles/wade3%20bashour.doc]
  47. ^ ئەنجوومەنی دووەمی قوستەنتینە
  48. ^ جەنگە فارسییە بێزەنتینییەکان
  49. ^ هەرقل و مۆنۆسیلییەت
  50. ^ سوريا صنع دولة وولادة أمة، وديع بشور، دار اليازجي، طبعة أولى، دمشق 1994، ص.144
  51. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.146
  52. ^ عەرەبە مەسیحییەکان و ڕۆلییان لە ڕابووندا
  53. ^ سێیەمین ئەنجوومەنی قوستەنتینە
  54. ^ ئینسایکڵۆپیدیای کاسۆلیک، پایەبەرز پاتریک
  55. ^ خوێندنەوەیەک بۆ ئەوروپا لەسەدە تاریکەکانیدا
  56. ^ سەرەتا کێبەرەکانی نێوان پاپاگەرایی و ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز
  57. ^ ئەنجوومەنی دووەمی نیقییە
  58. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.136
  59. ^ ڕکەبەرایەتی لەنێوان کورسی قوستنەنتینە و کورسی ڕۆما
  60. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص. 137
  61. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.154
  62. ^ چەوساندنەوەی ئەقباتەکان لەسەر دەستی ئەلحاکم بیئەمریلا
  63. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.157
  64. ^ ڕۆڵی شارستانییەتی سریانی لەچالاککردنی ڕۆلی عەرەب و موسوڵمان شارستانییەکاندا
  65. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.164
  66. ^ شەڕەکانی خاچپەرستی
  67. ^ خاڵی وەرچەرخان: دووەمین شەڕی خاچپەرستی
  68. ^ [www.histoire-pour-tous.fr/ar/dossiers/95-moyen-age/1687-deus-vult-5-la-troisieme-croisade.html مێژووی شەرەکانی خاچپەرستی: سێیەمین شەڕی خاچپەرستی
  69. ^ شەشەمین شەڕی خاچپەرستی
  70. ^ سوريا صنع دولة، مرجع سابق، ص.168
  71. ^ کەوتنی ئەندەلووس
  72. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.211
  73. ^ هەڵبەتە یەسووع لەسەر دەستی یەهوودییەکان کوژرا و مەسیحییەکانیش پێیان وایە کە یەسووع خودا بووە
  74. ^ موسوڵمانەکان بڕوایان بە مەسیحییەت نییە
  75. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.200
  76. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.167
  77. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.298
  78. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.298
  79. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.267
  80. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  81. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.298
  82. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  83. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.257
  84. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.220
  85. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.263
  86. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  87. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  88. ^ الكنيسة والعلم، مرجع سابق، ص.294
  89. ^ ڕابوون و کاریگەرە سیاسی و هوونەرییەکانی
  90. ^ ژیانی پایەبەرز و لاهووتگەر تۆماس ئەکویناس