یوونس ڕەزایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

یوونس ڕەزایی (لەدایکبووی ١٩٧٥ لە بۆکان، ڕۆژھەڵاتی کوردستان) شاعیر و نووسەرێکی کوردە.

یوونس ڕەزایی
لەدایکبوون١٩٧٥
بۆکان، کوردستان
پیشەنووسەر، شاعیر
زمانکوردی
نەتەوەکورد
کارە دیارەکانمنم شاعیری ژنانی چاوەڕوان
ھاوسەرلەیلا ساڵحی

یوونس ڕەزایی ساڵی ١٣٥٤ی ھەتاوی لە دایک بووە. لە مەھاباد و بۆکان خوێندوویەتی. پاشان خولی کارناسی تەکنۆلۆژیای پەروەردەی لە زانکۆی تەورێز و ماستەری زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی زانست و توێژینەوەکانی تاران تەواو کردووە. لە بنکەی ڕاھێنانی ھزری مناڵان و مێرمنداڵانی شاری بۆکان دامەزراوە. پاش چەند ساڵێک لەوێ وازی ھێناوە و بووەتە مامۆستای قوتابخانە. لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستاندا گەلێک نووسراوە و ھۆنراوەی بڵاو بووەتەوە. سەرنووسەری گۆڤارەکانی (زایەڵە) و (پەیژە) و لە ساڵی ١٣٧٩ی ھەتاویشەوە ھەتا چەند مانگ بەر لە ڕاگیرانی؛ ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە بووە. یوونس ڕەزایی وەک داھێنەری شیعری شێت دەناسرێ و دوو کۆمەڵە شیعری بە ناوەکانی "شینترین بەتاڵ" و "منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان" بڵاو کردووەتەوە کە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوە شیعرییەیان لەخۆ گرتووە. وەک یەکێک لە داوەرانی بەشی شیعری یەکەمین خەڵاتی ئەدەبیی کتێبی کوردی ئیبراھیم یوونسی ھەڵبژێردراوە[١] و لە ھەڵسووڕاوانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان بووە. شیعر و چیرۆکی بە زمانی فارسیش وەرگێڕدراون.[٢] ھاوکاری «بنکەی ئینسایکڵۆپێدیای چیرۆکەکانی ئێران» بووە.

لە بواری ئەدەبیاتی منداڵانیشدا چالاکە و بەرھەمی چاپ کردوون. جگە لەوەش ئەندامی دەستەی نووسەرانی مانگنامەی (ڕۆچنە) بووە کە تایبەتە بە مناڵان و مێرمنداڵان. ھەروەھا یەکێک لە ئەندامانی چاودێری گۆڤاری مناڵانەی کانییە، کە پاشکۆی گۆڤاری مەھابادە و ٩٥ ژمارەی دەرچووە.

لە بواری فیلمنامەشدا چالاکە و تا ئێستا فیلمنامەی بۆ ژیان و بەرھەمی ھونەرمەندی مۆزیکژەنی کورد موجتەبا میرزادە و شاخەوانی کورد محەممەد ئەوراز نووسیوە کە لە تەلەڤیزیۆنە کوردییەکانەوە بڵاو بوونەتەوە.

بەرھەمەکان[دەستکاری]

نووسین[دەستکاری]

  1. شینترین بەتاڵ[٣]، شیعر، ٢٠٠١
  2. منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان[٤]، شیعر، ٢٠٠٧
  3. مامە میاو[٥]، چیرۆکی مناڵانەی ئاژەڵان، ٢٠١٤
  4. تەنیایی لە تیراژی پایزدا[٦]، شیعر، ٢٠١٨
  5. سەمفۆنی پێنجەمی باران[٧]، شیعر، ٢٠١٨
  6. نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە[٨]، شیعر، ٢٠١٨
  7. کایە بە ئەلف و بێی گریان[٩]، شیعر، ٢٠١٨

وەرگێڕان[دەستکاری]

  1. ڕێوی مەنجەڵ بەسەر[١٠]، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە، ٢٠١٠
  2. ھەنگاوی یازدەھەم[١١]، چیرۆکی منداڵان، وەرگێڕان لە فارسییەوە.

بەرھەمە وەرگێڕدراوەکان[دەستکاری]

  1. و من عاشقانە انبوە میشوم[١٢] بە فارسیکراوی ھەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی ٢٠١٠
  2. دستور زبان باران[١٣]، بە فارسیکراوی کۆمەڵە شیعرێکی یوونس ڕەزایی، وەرگێڕ: ئارەش سەنجابی، ٢٠١٦

نموونەی شیعر[دەستکاری]

  • نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە
بە کۆڵانەوە دەتبینم
لە تابووتی خۆتدا ڕووبارێکی تری
(واتە ڕابردووت کە وێنەیەکی لێڵ بوو لە دەریا…
واتە دەریا
نەک ئەو کاتانەی بڵێسەکانی شێتن
ئەو مەحەل کە دەفی مانگ زەرد و بێدەنگە
لە دیوانی شاعیران دا… کە ئاسمانێکی غەوارە
واتە ئاسمان تەختە ڕەشێک نەبوو
ئەسپێک تەقڵە کوت تێیدا شیعر بێ
زەمینیش جەغزێک نا بە دەوری… دۆزەخدا
بە کورتی… باران لە کۆڵان دەبارێ و
من جگەرەیەک لەبەر پەنجەرەکەم دادەگیرسێنم
و ھەر ھیچ… باخێک بە زەمانەوە نابینم…
بێ ناسنامەیەک لە باڵێکی سوور)
بە تاریکەوە دەتدوێنم
وێڕای ناخی ڕەوەزێک مات…
(ڕەوەز بە واتاکانی ئینسانەوە نا… لە مێژوویدا
بە قەڵافەتی ڕابردووشەوە نا… کە بەرزە و
دوور لە ڕەنگەکان
بە قووڵایی شەوگارەوە… کە بێ سەروشوێن دەبێ
ئەسپێک لە بوومێکدا
کە سەوزە تا ھەمیشە
سووریش واتای دیکەی جودا لە تەقینەوەی پرسووس و
ئاڵای چین و ڕیستوورانی تاڵی قاوە
سوور ھێمای دی
ھوتێلی تر
شیعری دیکەش
و خەنجەرێکیش کە دڵۆپ دڵۆپ خۆتی… لە کالانی تەوەللا
بۆ من کە تابووتت لەسەر شانم… دەگمێنێ
من تا لووتکە… تا بەرزایی خوێن… تا ھەتاو
من تا باران… تا ناخی دار… تا لاپەڕەی ڕوونی کانی
تەنیا تەنیا تابووتت ئەی مێژووم
بە زاراوەی خۆشم
ساڕێژ دەکەم.
و دەتلێمەوە بە نووکی نەشتەرتدا
دەزانم… تا سنوورێکی کە مەزاری ئاورە…
لاپەڕەکانی دوێنێ دیسان بە شەقام وەربوون
لاپەڕەی یەکەم خەون بوو
دووەم خوێن و وێرانی ھەتا سنوورێک لە ئاو
لاپەڕەکانی دی پەڕەوازەی ئاور و تەنیایی
دوا لاپەڕەم تەلەویزیۆنێکی مێوینە
بمبوورە من میھرەبانی
واتایەکی دی بۆ خەنجەر
ڕێیەک بۆ پەڕینەوە لە مەرگ… لە مێوینەکاندا دەبینم
"ویتی‌"یەک سەبارەت بە مێژووی ئوتریش و
ئۆپێڕی با
فیلمێک لەسەر دۆڵفینەکانی دووبلین و
تەنانەت بێڕلینیش… بەو ھەموو شوورەیەوە… کە شوورەیی بوو
دوا لاپەڕەم درێژەی تابووتت نا کە ون بوو
ڕووبارێک دێڕ بە دێڕی سبەینێ
ماڵاوا سوور!... بە واتایەکی دیکەوە
نەشتەر! بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە…
کە سوور نییە… لە زمانتدا شاراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "داوەرەکانی خەڵاتی کتێبی یوونسی ناسێندران". ئاژانسی ھەواڵیی مێھر. Retrieved 16ی Aprilی 2021. {{cite web}}: Check date values in: |access-date= (help)CS1 maint: url-status (link)
  2. ^ http://www.ziryan.ir/NewsDetail.aspx?itemid=13966[بەستەری مردوو]
  3. ^ شین‌ترین بەتاڵ، ڕەزایی، یوونس. بڵاوکەرەوەی عابید، تاران: ٢٠٠١
  4. ^ منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان، ڕەزایی، یوونس. دەزگای ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٧
  5. ^ مامە میاو، ڕەزایی، یوونس. بڵاوکەرەوەی کۆڵەپشتی، تاران: ٢٠١٤
  6. ^ تەنیایی لە تیراژی پایزدا، ڕەزایی، یوونس. چاپەمەنی خانی، سەقز: ٢٠١٨
  7. ^ سەمفۆنی پێنجەمی باران، ڕەزایی، یوونس. چاپەمەنی خانی، سەقز: ٢٠١٨
  8. ^ نەشتەر بە ڕەنگێکی دیکەی ترەوە، ڕەزایی، یوونس. چاپەمەنی خانی، سەقز: ٢٠١٨
  9. ^ کایە بە ئەلف و بێی گریان، ڕەزایی، یوونس. چاپەمەنی خانی، سەقز: ٢٠١٨
  10. ^ ڕێوی مەنجەڵ بەسەر، ڕەزایی، یوونس (وەرگێڕ)، حەسەنزادە، فەرھاد (نووسەر). بنکەی ڕاھێنانی ھزری مناڵان و مێرمنداڵان، تاران: ٢٠١٠
  11. ^ ھەنگاوی یازدەھەم، ڕەزایی، یوونس (وەرگێڕ)، تاقدیس، سووسەن (نووسەر). بنکەی ڕاھێنانی ھزری مناڵان و مێرمنداڵان، تاران:؟
  12. ^ و من عاشقانە انبوە میشوم، سنجابی، آرش (وەرگێڕ). بڵاوکەرەوەی افراز، تاران: ٢٠١٠
  13. ^ دستور زبان باران، سنجابی، آرش (وەرگێڕ). بڵاوکەرەوەی اختران، تاران: ٢٠١٦