یادگار فایەق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
یادگار فایەق

پەروەردەبڕوانامەی ماستەر لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی
پیشەمامۆستای زانکۆ، ڕاگەیاندنکار
چالاکبوون٢٠٠٧–ئێستا
ناسراوە بەپێشکەشکار لە کەناڵەکانی ئێن ئاڕ تی (پێشتر) و کوردستان ٢٤ (پێشتر)، نوسەر و وەرگێڕ
تەلەڤیزیۆنکوردستان ٢٤ و ئێن ئاڕ تی
باوان(ەکان)فایەق سەعید باجەڵان (باوک)
وێبگەhttps://yadgar.net/

یادگار فایەق سەعید (لەدایکبووی ١٩٨٣ لە کەلار، عێراق) مامۆستای زانکۆ، ڕاگەیاندکار و پێشکەشکارێکی تەلەڤیزیۆنیی کوردە. پێشتر لە کەناڵی کوردستان ٢٤ بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی ئامادە و پێشکەش دەکرد و دوای ئامادەکردن و پێشکەشکردنی زیاتر لە ٧٠٠ بەرنامە لە ٢٠٢٢ دەستی لەکار کێشایەوە.[١][١]

ژیان[دەستکاری]

سەرەتای ژیان و خوێندن[دەستکاری]

یادگار لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەلار لەدایک بووە. ھەرچەندە ھیچ کام لە دایک و باوکی خوێندەوارییان نەبووە، بەڵام سوور بوون لەسەر ئەوەی یادگار و برا و خوشکەکانی خوێندن تەواو بکەن. لە پۆلی یەک تا شەشەمی سەرەتاییی لە قوتابخانەکانی لەیلا قاسم، باوەشاسوار و، بێکەس تەواو کردووە، خوێندنی ناوەندیی لە خوێندنگەی پێشکەوتن و ئامادەییشی لە خوێندنگەی شەھید ئارام لە کەلار تەواو کردووە. دواتر بۆ تەواوکردنی زانکۆ، ڕوو دەکاتە شاری سلێمانی و لە بەشی ئینگلیزیی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، خوێندنی زانکۆیی دەست پێ دەکات و، لەبەرئەوەی ھەر چوار ساڵەکە لە خوێندکارە یەکەمەکانی بەشەکەی دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات ماستەریش بخوێنێت.[ژێدەر پێویستە]

دوای دەرچوونی لە بەشی زمانی ئینگلیزیم، ڕاستەوخۆ لە کۆلێژی زمان (٢٠٠٧–٢٠٠٨) لە بەشی ئینگلیزیی ئێواران لە زانکۆی سلێمانی وانەی وەرگێڕانی بە خوێندکاران وتووەتەوە و ھەمان ساڵ وانەی زانستی ڕاگەیاندن بە زمانی ئینگلیزی لە پەیمانگەی تەکنیکی، بەشی ڕۆژنامەنووسی وتووەتەوە.[ژێدەر پێویستە]

لە ٢٠١٣، بڕوانامەی ماستەری بە پلەی زۆرباشە لە وێژەی ئینگلیزی بەدەست ھێناوە، کە توێژینەوەکەی تایبەت دەبێت بە کارکردن لەسەر چەمکی «دژەپاڵەوان» لە دوو شانۆگەری بە ناوەکانی مردنی دێوەرەیەک (Death of a Salesman) لە نووسینی ئارتەر میڵڵەر لەگەڵ شانۆگەریی ئیمپراتۆر جۆنز (Emperor Jones) لە نووسینی یووجین ئەونیڵ. لە ٢٠١٣، وەکوو مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی چەمچەماڵ، زانکۆی سلێمانی دادەمەزرێت (کە دواتر ناوەکەی بۆ زانکۆی چەرموو گۆڕدرا) و تا ئێستاش لە بەشی ئینگلیزیی زانکۆکە وەکوو مامۆستا بەردەوامە لە کارکردن.[٢]

لە ٢٠١٥، لە زانکۆی چەرموو گرووپی گەورە بیربکەرەوە(Think Big Group)ی دامەزراند و لەو ماوەیە جگە لە دەرکردنی جۆرناڵێکی وەرزی بەناوی Student Voice، چەندین بۆنەیان تایبەت بە ھەفتەی ویلیام شێکسپیر (William Shakespeare Week) ڕێکخستووە. ھەروەھا بۆنەی مافەکانی ژن مافی مرۆڤن کە لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژنان ڕێکیان خستبوو.[٣]

ژیانی ڕاگەیاندن[دەستکاری]

سەرەتای کاری ڕۆژنامەنووسیی یادگار فایەق بۆ ساڵی ٢٠٠١ دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات کاری وەرگێڕانی لەنێوان زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەست پێ کردووە و بە بابەتی کورت و وەرگێڕان، بەرھەمەکانی لە ڕۆژنامەکانی ئەوکاتە بڵاو کردووەتەوە. لە بەشی ئینگلیزیی زانکۆی سلێمانی، لە ستافی ئامادەکردن و دەرچوواندنی مانگنامەیەک بوو بەناوی دەروازە کە بە زمانەکانی ئینگلیزی – کوردی بڵاو دەکرایەوە.

لە ٢٠٠٧، پەیوەندی بە کەناڵی گەلی کوردستانەوە دەکات، کە سەرەتا وەکوو ھەواڵساز کار دەکات و پاشان دەبێت بە بەرپرسی بەشی وەرگێڕان و زمانەوانیی کەناڵەکە و ماوەیەکیش وەکوو وەرگێڕی ڕاستەوخۆ لە پەیوەندییەکانی کەناڵەکە کاری کردووە.[١] لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٠، ژمارەیەک توێژینەوەی بۆ گۆڤاری تێگەیشتنی ڕاستی لە ئەڵمانیا وەرگێڕاوە. ھەروەھا لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ، چاودێر و ڕۆژنامە و وێبگە ئەلکترۆنییەکان زیاتر لە ١٠٠ وتاری لە عەرەبی و ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ماوەیەکی کورت بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان بووە لە سەنتەری ڕاپرسیی کوردستانیی سەر بە کۆمپانیای وشە و لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی بەشەکە لە کۆمپانیای وشە دەستی لەکار کێشاوەتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠، پەیوەندی دەکات بە کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە، کە سەرەتا وەکوو سەرنووسەری ھەواڵ دەست بە کار دەبێت، پاشان دەبێت بە بەرپرسی بەشی ھەواڵ (نیوزڕووم) و لە نیسانی ٢٠١١، یەکەم بەرنامەی خۆی بەناوی تاوتوێ پێشکەش دەکات. دواتر تا ساڵی ٢٠١٦، وەکوو ئامادەکار، پێشکەشکار و بێژەری ھەواڵ کاری کردووە. جگە لە ژمارەیەکی بەرچاو چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو، ژمارەیەک بەرنامەی جیاوازیشی بۆ کەناڵەکە پێشکەش کردووە لەوانەش: ١٦١ ئەڵقە لە بەرنامەی تاوتوێ، ٥٢ ئەڵقە لە بەرنامەی بەکراوەیی، و ١٢٥ ئەڵقە لە بەرنامەی دووجار بیربکەرەوە.[١]

لە سەرەتای ٢٠١٦، دەستی لە کارکردن لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی کێشایەوە.[٤] لە نیسانی ھەمان ساڵدا، وەکوو ئامادەکار و پێشکەشکار لە کەناڵی کوردستان ٢٤ دەست بە کار دەبێت.[٥][٦] لەماوەی کارکردنیشیدا لەو کەناڵە بەرنامەکانی وێنە گەورەکە، باسی ڕۆژ[٧] و پاسی یادگار[٨] کاری کردووە و ژمارەیەک بەرنامە و دیبەیتیشی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی و فارسی ئەنجام داوە.[٩][١٠]

لە ئێستادا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی ڕێککەوتووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پۆدکاستی YadiTalk کە یادگار فایەق خاوەندارێتیی دەکات، کەسایەتیی و کەسە ناوبانگەکانی سلێمانی و پاشان کوردستان لەڕێگەی پۆدکاستەکەیەوە بەسەر بکەنەوە و مێژوو و دەستەکەوتەکانیان لەڕێگەی دەنگەوە تۆمار بکەن و پاشان پەخشی بکەنەوە بۆ گشتی.

وەرگێڕانەکان بۆ کوردی[دەستکاری]

یادگار فایەق کاری وەرگێڕانی بۆ چەند بەرھەمێکی ئەدەبی ئینگلیزی کردووە لەوانە:[١١]

  • ڕۆمانی کاتە سەختەکان (Hard Times)، نووسینی چارڵز دیکنز، ٢٠٠٧
  • چیڕۆکی دلێر (دڵە ئازاکە)، ٢٠٠٧
  • کتێبی Preventing Conflict Over Kurdistan، ھێنری جەی بارکی، ٢٠٠٩.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پڕۆفایلی یادگار فایەق سەعید، ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ڕۆژی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  2. ^ A group of seminar was presented by the teachers of English department on 6th Feb 2019 ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، ماڵپەڕی زانکۆی چەرموو، ٧ی شوباتی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  3. ^ ژنانی کوردستان .. ئاستەنگ و پێشڤەچوون، ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ٣٠ی ئابی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  4. ^ یادگار فایەق دەستی لەکارکێشایەوە[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی نەتەوە، ٦ی شوباتی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.
  5. ^ یادگار فایەق دەبێتە بەشێک لە تیمی کوردستان 24، ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ٢٧ی نیسانی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.
  6. ^ یادگار فایەق پەیوەندی بەم کەناڵە ئاسمانیەوە دەکات[بەستەری مردوو]، ماڵپەڕی سنوورمیدیا، ٢٨ی نیسانی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.
  7. ^ یادگار فایەق..ڤیدیۆیی ساتی بوومەلەرزەکەی لەناو پرۆگرامەکەی بڵاوکردەوە، ماڵپەڕی وێستگە، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  8. ^ پاسی یادگار، ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  9. ^ UK delegation will monitor Kurdistan referendum process: British MP، بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ١٩ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
  10. ^ Jonathan Randal: After Such Knowledge, America and the Kurds، بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی کوردستان ٢٤، ١٥ی نیسانی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.
  11. ^ پڕۆفایلی یادگار فایەق ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.، گووگڵ سکۆلار، ٢٩ی ئابی ٢٠٢٠ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]