ھەڵکەوت عەزیز
ھەڵکەوت عەزیز | |
|---|---|
وێنەیەکی ھەڵکەوت عەزیز | |
| لەدایکبوون | ١٩٨٩ |
| مەرگ | ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ (٣٦–٣٧ ساڵ ژیاوە) |
| ھۆکاری مەرگ | سەختیی برین بەھۆی ڕووداوی ھاتوچۆ |
| شوێنی گۆڕ | گۆڕستانی ڕەحیماوا، کەرکووک |
| نیشتەجێی | بەغدا |
| نەتەوە | کورد |
| خوێندنگە | پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی کەرکووک |
| پیشە | ڕۆژنامەنووس، ھەواڵنێر و بەرپرسی نووسینگەی ڕووداو لە بەغدا |
| چالاکبوون | ٢٠١٠–٢٠٢٦ |
| ئایین | ئیسلام (سوننە) |
| مناڵ(ەکان) | ٢ کوڕ؛ شا و مانی |
| خێزان | سێ برا و سێ خوشک |
| خەڵاتەکان | باشترین پەیامنێری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ |
ھەڵکەوت عەزیز (١٩٨٩ لە ھەولێر – ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە دیوانییە) ڕۆژنامەنووس، ھەواڵنێرێکی کورد و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە بەغدا بوو.[١] ئەو یەکێک بوو لە ڕۆژنامەنووسە چالاک و ناسراوەکانی کورد لە ناوەندی میدیایی و سیاسیی عێراقدا کە بە ڕووماڵ و ڕاپۆرتە وردەکانی لەسەر دۆخی ژیانی ھاووڵاتییان و گواستنەوەی پێشھاتەکانی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران ناسرابوو.[٢] لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا، بەھۆی برینەکانی دوای ڕووداوێکی سەختی ھاتوچۆوە لە نزیک شاری دیوانییە کۆچی دواییی کرد.[٣]
ژیانی سەرەتایی
[دەستکاری]ھەڵکەوت عەزیز لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری ھەولێر لە باشووری کوردستان لەدایک بوو. ئەو بەڕەگەز خەڵکی کەرکووک بوو، بەڵام بنەماڵەکەی ئاوارەی ھەولێر بوون.[١][٤] لە ڕووی باکگراوندی خێزانییەوە، سێ برا و سێ خوشکی ھەبووە.[٥] ئەو گرنگییەکی زۆری بە بواری شانۆ دەدا و بەو ھۆیەشەوە لە بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی کەرکووک خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری دەرھێنانی شانۆدا بەدەستھێناوە.[٦] لە تەمەنی لاوییدا وەک ئەکتەر و دەرھێنەر لە چەندین شانۆگەریی جیاوازدا بەشداریی کردووە.[٧] لە ڕووی خێزانییەوە، خێزاندار بووە و باوکی دوو منداڵ بووە.[٣][١]
ژیانی پیشەیی
[دەستکاری]ھەڵکەوت عەزیز خاوەنی مێژوویەکی پیشەیی بوو و نزیکەی ١٦ بۆ ١٧ ساڵ لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی لە دەزگا جیاوازەکاندا کاری کردووە.[٣][٤] بەر لەوەی پەیوەندی بە تۆڕی میدیاییی ڕووداوەوە بکات، لە کەرکووک وەک ڕۆژنامەنووس بۆ کەناڵی کەرکووک تیڤی و میدیاکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە.[٨][٦]
لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥دا بە فەرمی دەستی بە کارکردن لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو کرد.[٩][١] لە ماوەی کارکردنیدا، پەرەی بە تواناکانی دا و بوو بە پەیامنێر و بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە شاری بەغدا.[٨][١] لەسەر ئاستی جەماوەری، وەک پەیامنێری گواستنەوەی ھەواڵ و پێشھاتەکانی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ناسرابوو.[٢]
ڕووماڵە دیارەکان
[دەستکاری]ھەڵکەوت عەزیز ڕووماڵ و ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەکانی ھەمەجۆر بوون و بە تێپەڕبوونی کات گەشەی پێدا، لەوانە:
- خۆپیشاندانەکانی بەسرە (٢٠١٨): لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨دا ڕووماڵێکی بەرفراوان و مەیدانیی ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی شاری بەسرەی کرد.[١][٧]
- ڕووفاتی ئەنفالکراوانی سەماوە (٢٠١٩): لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا کاروانێکی ڕاپۆرتە گواستنەوەی ٢٠١٩ لەسەر دۆزینەوەی ٧٦ ڕووفاتی ئەنفالکراوانی کورد لە بیابانەکانی سەماوە گواستەوە، کە دیمەنی ئەو منداڵانەی نیشان دەدا کە لە کاتی گوللەبارانکردندا تووند خۆیان بە باوەشی دایکیانەوە نووساندبوو؛ ئەم زنجیرە ڕاپۆرتە کاریگەرییەکی قووڵی لای خەڵکی کوردستان دروست کرد.[١][٧]
- ڕووماڵە نێودەوڵەتییەکان: لەگەڵ ڕووداوەکانی عێراق و شەڕی دژی داعش، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی چەندین وڵاتی تری عەرەبی وەک سوودان، قەتەر، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ڕووماڵ کردووە.[٧]
ڕفاندن لە بەغدا
[دەستکاری]لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، لە کاتی ڕووماڵکردنی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ھێزێکی چەکدار کە خۆیان بە «قوات حفظ النظام» (ھێزەکانی پاراستنی یاسا) ناساند، ھەڵکەوت عەزیز و خەتاب عەجمیی کامێرامانی ڕووداویان ڕفاند؛ کە دواتر ڕەفتارەکە بە توندی لەلایەن سەنتەری میترۆ و ڕێکخراوە میدیاییەکانەوە سەرکۆنە کرا و داوای لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی باڵای عێراق کرا.[١٠]
خەڵاتی باشترین پەیامنێری عێراق (٢٠٢٢)
[دەستکاری]لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە مەراسیمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکان و پەرلەمانتارانی عێراق لە بەغدا، لەلایەن ئاژانسی «مەوازین نیوز»ەوە خەڵاتی باشترین پەیامنێری عێراق لەسەر ئاستی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەخشرایە هەڵکەوت عەزیز و ئەویش بە جلوبەرگی کوردییەوە چووە سەر شانۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە.[٧]
مردن
[دەستکاری]لە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ھەڵکەوت عەزیز لەگەڵ تیمەکەی لە بەغداوە بە مەبەستی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی بەرەو پارێزگای بەسرە بەڕێدەکەون.[٣][١] لە ناوەڕاستی ڕێگە لە نزیک شاری دیوانییە، بارھەڵگرێک پێچی کردووەتەوە و خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا کێشاوە.[٨][٣] بەھۆی ئەوەی ھەڵکەوت لە کوشنی تەنیشت شۆفێر دانیشتبوو، لای ڕاستی ئۆتۆمبێلەکە زیانی زۆری بەرکەوت و بە سەختی بریندار بوو.[٤][٦] برینەکانی لە سەریدا بوو و زەبرێکی توند بەر سەری کەوتبوو، کە دوای بێھۆشبوونی لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانییە خەوێندرا.[١١] دوای گەیاندنی بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی دیوانییە، بەھۆی سەختیی برینەکەیەوە لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[٣][١٢][١]
دوای ڕووداوەکە، لە ڕێگەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداوە کارئاسانیی فەرمی و ئەمنی کرا بۆ گواستنەوەی تەرمی کۆچکردوو لە شاری دیوانییەوە بەرەو زێدی خۆی لە کەرکووک.[٤] لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا، بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە ھاونیشتمانیان، کەسوکار، ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەڕێوەچوو.[٥] دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکەی لە مزگەوتی سەعید تۆماری لە کەرکووک، بەرەو گۆڕستانی ڕەحیماوا بەڕێکرا و لەوێ بە خاک سپێردرا.[١٣][٥]
کاردانەوەکان
[دەستکاری]کۆچی دواییی ھەوڵکەوت عەزیز لە ھەرێمی کوردستاندا، کاردانەوەیەکی بەرچاوی ھەبوو، بەتایبەتی لەلایەن سیاسەتوانان، تۆڕە میدیایییەکان و ڕێکخراوەکانەوە. نێچیرڤان بارزانی؛ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،[١٤] مەسروور بارزانی؛ سەرۆک وەزیران،[١٥] قوباد تاڵەبانی؛ جێگری سەرۆک وەزیران،[١٦] بافڵ تاڵەبانی؛ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،[١٧] جەعفەر شێخ مستەفا؛ جێگری سەرۆکی ھەرێم،[١٦] ئومێد خۆشناو؛ پارێزگاری ھەولێر،[١٦] ھەڤاڵ ئەبووبەکر؛ پارێزگاری سلێمانی،[١٦] شۆڕش ئیسماعیل؛ وەزیری پێشمەرگە،[١٦] سامان بەرزنجی؛ وەزیری تەندروستی،[١٦] ئارام محەممەد قادر؛ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی،[١٦] دارا ڕەشید مەحموود؛ وەزیری پلاندانان،[١٦] ئانۆ جەوھەر؛ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن،[١٦] ئایدن مەعرووف؛ وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان،[١٦] سەڵاحەددین بەھائەددین؛ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان،[١٦] دانا ئەحمەد مەجید؛ ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان،[١٦] بارەگای بارزانی،[١٨] کۆمەڵی دادگەریی کوردستان،[١٦] حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،[١٦] تۆڕی میدیاییی ڕووداو،[١٩] تۆڕی میدیاییی کوردستان،[٢٠] کەناڵ ٨،[٢١] ئاڤا میدیا[٣] و دەیان کەسایەتی و لایەنی تر لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، پەیامی ھاوخەمیی خۆیان بەھۆی کۆچی دواییی ھەڵکەوت عەزیزەوە دەربڕی و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەکەی کرد.[١٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 «هەڵکەوت عەزیزی هاوکارمان گیانی لەدەستدا». rudaw.net. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 «هەڵکەوت عەزیز ماڵئاوایی كرد؛ لە ساڵی 1989وە تا 2026». paytaxt.krd. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 7 «ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز گیانی لەدەست دا». ava.news. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 «باوکی هەڵکەوت عەزیز بۆ ئاڤا: کوڕەکەم بەڵێنێکی پێدابووم و بەڵێنەکەشی بەجێگەیاند». ava.news. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 «تەرمی ڕۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز لە گۆڕستانی ڕەحیماوای کەرکووک بە خاک سپێردرا». channel8.com. ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 «هەڵکەوت عەزیز پەیامنێری کەناڵی رووداو گیانی لەدەستدا». speemedia.com. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 «هەڵکەوت عەزیز خەڵاتی باشترین پەیامنێری لە عێراق پێدرا». metroo.org. ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 «رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا». Kurdistan24.net. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز لە رووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا». hawlati.com. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «رفاندنی تییمی رۆژنامەنوسی رووداو بە توندی ئیدانە دەكەین». metroo.org. ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «هەڵکەوت عەزیز بەهۆی سەختیی برینەکەی دوای تووشبوونی بە رووداوی هاتووچۆ، گیانی لەدەستدا». rudaw.net. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا». nrttv.com. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «سەدان کەس نوێژ لەسەر تەرمی هەڵکەوت عەزیز دەکەن». rudaw.net. ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «نێچیرڤان بارزانی: هەڵکەوت عەزیز خزمەتێکی زۆری بە بواری میدیا کرد». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «مەسرور بارزانی: بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیزم لە بەغدا بیست». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 «پەیامی هاوخەمیی کوردستانییان و جیهان بۆ مەرگی هەڵکەوت عەزیز». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «بافڵ تاڵەبانی: بە داخ و خەمێكی زۆرەوە، هەواڵی كۆچی دوایی کاک هەڵکەوت عەزیزمان پێگەیشت». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «بارەگای بارزانی: پرسە و هاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاری هەڵکەوت عەزیز دەکەین». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «راگەیێندراوێک لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە». تۆڕی میدیاییی ڕووداو. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «پەیامی هاوخەمیی (تۆڕی میدیایی كوردستان) بۆ کۆچی دوایی رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز». کوردستان تیڤی. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «دامەزراوەی میدیایی کەناڵ8 بەهۆی کۆچی دوایی ڕۆژنامەنووس (هەڵکەوت عەزیز) لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاوکردەوە». کەناڵ ٨. ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦. لە ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ھێنراوە.