ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کرواتیا

ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کرواتیا (بە کڕواتی: Hrvatska nogometna reprezentacija) نوێنەرایەتی وڵاتی کرواتیا دەکات لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێی پیاوان، لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیاوە (ناسراو بە (HNS)) سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم تیپە لەلایەن ھەردوو دامەزراوەی جیھانی فیفا و ئەورووپی یووفا بە فەرمی ناسێنراوە لە پاش جیابوونەوەی لە وڵاتی یووگۆسلاڤیا. ھەر لە سەرەتاوە وەکو تیپێکی بەھێز و کێبەرکێکار دەرکەوت بە تایبەت لە یاری پاڵەواتنەکانی بۆ یۆرۆی ١٩٩٦. لە ساڵی ١٩٩٨، زۆر بە بەھێزی کێبەرکێی کرد لە یەکەم بەشداریکردنی لە جامی جیھانییدا و توانی پلەی سێیەم بەدەستبھێنێت. ھەروەھا داڤۆ شوکەری ھێرشبەری تیپەکەیش بوو بە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە. بیست ساڵ دواتر، لە جامی جیھانی ٢٠١٨، کرواتیا توانی بگاتە یاری کۆتایی و یاریزانی ناوەندکاری تیپەکەیش لۆکا مۆدریچ بوو بە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە و باشترین یاریکەری ساڵیش. بەو شێوەیە کرواتیا گەنجترین ھەڵبژاردە بوو (لە ساتی دامەزراندنییەوە) توانیبووی بگاتە قۆناغی یەکلاکەرەوە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا ھەروەھا لە ١٠ باشترین تیپەکانی ڕیزبەندی فیفای جیھانی بوو.
لە ساتی دامەزراندنییەوە، کرواتیا نەیتوانیوە بگاتە دوو پاڵەوانێتی گەورە: یەکەمیان یۆرۆی ٢٠٠٠ بوو، ئەوی تریشیان جامی جیھانی ٢٠١٠ ی فیفا بوو. قورسترین دۆڕانیان لە خولی نەتەوەکانی ساڵی ٢٠١٨–١٩ بوو بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ئەنجامی ٦–٠، لەکاتێکدا گەورەترین بردنەوەیان لە یارییەکی دۆستانەدا بوو بەرامبەر سان مارینۆ بە ئەنجامی ١٠–٠ لە ساڵی ٢٠١٦ دا. گەشەکردن و بەھێزبوونی ئەم تیپە وای کردووە کە چەند کێبەرکێکارێکی سەرسەختیان بۆ پەیدا ببێت، بۆ نموونە لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیادا دێربی ئادریاتیکۆیان ھەیە و بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانیشیان لەگەڵ سربیادا یارییەکانی نێوانیان گرژی و ئاڵۆزی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەم ھەڵبژاردەیە نوێنەری دووەم-بچووکترین وڵاتە لەڕووی دانیشتووان و جەماوەرەوە، لەدوای ئۆرۆگوایی و ھۆڵەنداو کە توانیوویەتی بگاتە کۆتاییەکانی جامی جیھانی. لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، کرواتیا ڕیکۆردی زۆرترین یاری ھەیە کە بە لێدانی یەکلاکەرەوە کۆتایی ھاتووە. ھەروەھا زۆرترین یاری کردووە لە کاتی زیادکراودا. ئەمە سەرباری ئەوەی کە توانیوویەتی زۆرترین پێنالتیش لە یاریەکدا بگەڕێنێتەوە. ھاوشانی ھەڵبژاردەکانی تری وەکو کۆڵۆمبیا و فەرەنسا لەلایەن فیفاوە وەکو باشترین جووڵەکەری ساڵ دیاریکراوە کە زیاتر لە جارێک ئەمەی ئەنجامداوە، لەماوەی ١٩٩٤ و ١٩٩٨دا خەڵاتی بۆ ئەم سەرکەوتنانە لە ڕیزبەندی فیفادا وەرگرتووە.[١][٢] ئەوکاتەی کە بە فەرمی لە فیفادا وەرگیرا، لە ڕیزبەندی ١٢٥ی جیھانیدا بوو؛ لە پاش ئەنجامە باشەکەی لە جامی جیھانی ١٩٩٨دا، توانی ھەڵبکشێت بۆ پلەی سێیەمی جیھان، تۆمارێکی پێوانەیی و سەرکێشانەی لە مێژووی ڕیزبەندی فیفادا تۆمارکرد.
یاریگاکانی کرواتیا
[دەستکاری]زۆربەی یارییەکانی کرواتیا لە یاریگاکانی خۆیدا لە یاریگای ماکسیمیر ئەنجامدەدرێت لە زاگرێب، کە لە ھەمان کاتدا یاریگای یانەی داینەمۆزاگرێبی کرواتیشە. ئەم یاریگایە لە ساڵی ١٩١٢ بونیادنراوە و لە ساڵی ١٩٩٧ نوێکراوەتەوە. یەکێک بوو لەو دوو یاریگایەی یۆگۆسلاڤیا کە لەلایەن یوفاوە بۆ یۆرۆی ١٩٧٦، میوانداری یارییەکانی تێداکرا، ھاوشانی یاریگای ڕێد ستار (ئەستێرە سوورەکە) لە بلاگراد. لەو ساتەی کە یەکەمین یاری ھەڵبژاردەکەی تێدا ئەنجامدرا بەرامبەر ھەڵبژاردەی لیتوانیا وەکو یاریگای یارییەکانی نەتەوەیی کرواتیا دیاریکرا. فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا پێشتر ڕەزامەندی پیشاندابوو کە بەھاوکاری حوکومەت یاریگاکە نوێ بکەنەوە و فراوانی بکەن کە تەنیا جێگەی چل ھەزار تەماشاکەری تێدا دەبێتەوە؛ بەڵام ئەم پلان لەکۆتاییدا لەلایەن سەرۆک شارەوانی زاغرب میلان باندیچەوە ڕەتکرایەوە لە ٢٠٠٨ دا بەبیانووی تێچووە زۆرەکانی پلانەکە.
ھەندێک لە یارییەکانی ھەڵبژاردەکە لە یاریگا بچووکەکانی تری وڵاتەکە ئەنجامدەدرێت. بۆ نموونە یاریگای پۆلیود لە سپلیت کە میوانداری زۆرێک لە یارییەکانی پاڵاوتنی ١٩٩٥ی کرد، کە یەکەم یاریان بە یەکسان بوون لەگەڵ ئیتاڵیادا کۆتایی ھات. لە ماوەی ١٩٩٥ بۆ ٢٠١١، کرواتیا ھەرگیز یارییە بەھێز و یەکلاکەروەکانی لە یاریگای پۆلیود نەبردوەتەوە؛ کە میدیای ناوخۆی کرواتیا ئەم گرێیییەی بە ''نەفرەتی پۆلیود'' وەسفدەکرد. ئەم گرێی سەرنەکەوتنە دواجار بەرامبەر جۆرجیا کۆتایی ھات. کاتێک ھەڵبژاردەی کرواتیا لە دواوە بوو بە گۆڵ، بەڵام گەڕایەوە و یارییەکەی بردەوە. ھەروەھا ھەندێک لە یاریگاکانی تر وەکو کانتریدا لە شاری ڕیجیکا و گرادسکی ڤرت لە ئۆشیک ڤارتێکس لە ڤارازدین میوانداری یارییەکانی پاڵاوتنیان دەکرد. بەھۆی ئەوەی ئەم یاریگایانە تەماشاکەری کەمتر دەگرن و دانیشتووانی دەوروبەری ھەندێک لە یاریگاکان ناڕەزایەتیان پیشاندەدا یارییەکانی لەم یاریگایانەدا کەمتر ئەنجامدەدرێت.
شانازییەکانی
[دەستکاری]پاڵەوانێتییە گرنگەکان
پاڵەوانێتییە لاوەکییەکان
- نازناوی ھەسان
- پلەی یەکەم: ١٩٩٦
- جامی کیرین
- پلەی دووەم: ١٩٩٧
- جامی کۆریا
- پلەی یەکەم ١٩٩٩
- جامی ساڵی تازەی لونار
- پلەی سێیەم: ٢٠٠٦
نازناوەکانی دیکە
- باشترین جووڵەکەری ساڵ (ڕیزبەندی فیفا)
- پلەی یەکەم: ١٩٩٤، ١٩٩٨
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «https://www.fifa.com/worldranking/news/newsid=1974233/index.html». لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: بەستەری دەرەکی لە(یارمەتی)|سەردێڕ= - ↑ «https://www.fifa.com/classicfootball/awards/gala/bestmover.html». لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٠٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}: بەستەری دەرەکی لە(یارمەتی)|سەردێڕ=