ھەکاری (خێڵ)
| ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەیەک وتار لەسەر |
| مێژووی کورد و چاندی کوردی |
|---|
|
|
ھەکاری، ئەلھەکارییە (الھکاریة)، ھەکارییە (ھکاریة) یان ھەکارییەکان، ھۆزێکی کوردی گەورەی سەدەی ناوەڕاست و شانشینێکی شاھانە بوون، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە شانشینی ئەییووبی و شەڕی خاچھەڵگرەکاندا ھەبووە.
ناو
[دەستکاری]ھەکاری لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا تۆمار کراوە، کە بە (بە عەرەبی: الھکاریة ئەلھەکارییە) نووسراوە، وە لە سەرچاوە سریانییە مەسیحییەکاندا وەک ھەکارایە (ܐܹܝܵܪܵܟ ܼܿܗ = ھەکارییەکان، خەڵکی ھەکاری) نووسراوە.[١][٢]
ھەرێم
[دەستکاری]ھۆزی ھەکاری لە بەشی ڕۆژھەڵاتی ناوچەی زۆزان، لە قەزای ئەلھەکارییە (ھەکاری، حەکاری) نیشتەجێ بوون. کە لەنێوان باکووری ڕۆژھەڵاتی بەرزایییەکانی مووسڵ و دامێنی ڕۆژئاوای ئازەربایجانی ئێستا ھەڵکەوتبوو، نزیک ھۆزی گوڵمارکییە.[١] پاوانەکەیان بریتی بوو لە ئامێدی (ئاشێپ یان ئاسێپ)، تووشی یان تووسی، قەڵاکانی جودایدلە، سوری، ھاروور، مەڵاسی، بابووخا، باکزە و جەبەل لوھەیجە لە باکووری مووسڵ (بە ئاڕاستەی نسێبین). ئاشیب یان ئامێدی پایتەختی ئەوان بوو.[١][٣]
مێژوو
[دەستکاری]تۆماری سەرەتایی
[دەستکاری]ئەم ھۆزە لە سەرەتای سەدەی ١٠دا شێوازێکی ژیانی کۆچەری ژیاون.[٢] لە ساڵی ٩٧٩، ھۆزی ھەکاری زیاتر بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتن و ڕووباری زێی گەورەیان بەزاند، و دەستیان بەسەر بێث داسنیدا گرت، کە ناوچە کەنیسەیەکی کۆنی نەستووری بوو. پاشان دەستیان کرد بە کۆمەڵکوژکردنی دانیشتووانی مەسیحیی ناوچەکە. بەپێی وتەی نووسەری سەدەی دەیەمی سریانی، جۆزێف بوسنایا، زیاتر لە ٥ ھەزار مەسیحی لەلایەن کوردانی ھەکارییەوە کۆمەڵکوژ کراون.[٢]
لە ساڵی ٩٨٠ی زایینی، فەرمانڕەوای بوەیھی، فەننا خوسرەو ناسراو بە عەضدول دەولە، ھەڵمەتێکی لە دژی ھۆزی ھەکاری نارد، ڕەنگە وەک سزایەک بووبێت وەک وەڵامێک بۆ کوشتنی بەکۆمەڵی مەسیحییەکان لە داسن. سەرۆک ھۆزی ھەکاری لەلایەن سوپای بویھییەکانەوە گەمارۆدرا، بوەیھییەکان بەڵێنیان بە سەرۆکی ھەکاری دا کە ئەگەر تەسلیم بێت ئەوا ڕزگاری دەبێت. بەڵام کاتێک سەرۆکی ھەکاری خۆی ڕادەست کرد، لە خاچ درا و تەرمەکەی لەسەر ڕێگای مووسڵ نمایشکرا.[٢][٤]
ھۆزی ھەکاری ملکەچی بازی کوڕی دۆستەک بوون و خرانە ناو کایەی مەڕوانییەکانەوە.[٥]
لەشکرکێشیەکانی تورک
[دەستکاری]لە ساڵی ١٠٤١ز، دوای شکستی تورکە داگیرکەرە ئۆغووزەکان و دواتر کۆمەڵکوژکردنیان لە ورمێ لەلایەن ڕەوادییەکانەوە، ھەڵھاتن بۆ ھەکاری کە ئەوێیان تێکدەدا و وێرانیان دەکرد. دواجار بە دەستی کورد شکستیان ھێنا و ١٥٠٠ سەرعەشیرەتی ئۆغووز کوژران و ڕزگاربووانیش لەلایەن ھۆزی کوردیی ھەکارییەوە کران بە کۆیلە.[٤]
جەییووش بەگ، پارێزگاری سەلجووقیی مووسڵ، لە ساڵانی ١١١٥-١١١٦، سەرکردایەتیی ھەڵمەتێکی دژ بە کوردانی ھەکاری کرد لە دەرئەنجامی باندگەرێتیی ھەکاری لەسەر ڕێگاکانی بەرەو مووسڵ.[٦]
سەردەمی زەنگییەکان
[دەستکاری]لە ساڵی ١١٣٣ سەرۆکی ھەکاری، ئەبوولحەیجەی ھەکاری. چووە مووسڵ و بەیعەتی بە عیمادەددین زەنگی دا. بەگوێرەی ھەندێک سەرچاوە، ھەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ حوکمڕانی بەسەر خاکەکەیدا و لە مووسڵ ماوەتەوە، ئەحمەدی کوڕی و جێگرەکەی، باوەی عرجی لەوێ بەجێھێشتووە بۆ ئەوەی حوکمڕانیی پاوانەکەی بکەن. لە ساڵی ١١٤٢ لە مووسڵ کۆچی دواییی کرد، لە ھاوینی ساڵی ١١٤٢ عیمادەددین زەنگی بە ھێزێکی زۆرەوە بەرەو ئاشێپ (ئامێدی)ی پایتەختی ھەکاری ڕێپێوانێکی کرد. قەڵای جولەبی گرت و دەستبەسەرداگیرەری تەختی ھەکاریی کوشت، بەناوی ئەل-ئەرجی. عیمادەددین زەنگی قەڵای جولەبی ڕووخاند و قەڵایەکی دیکەی دروستکردەوە کە ناوی ئەوی ھەڵگرتبوو: ئەلعیمادییە، ئەلعەمادییە.[١]
ھەنگی ھەکاری و سەردەمی ئەییووبییەکان
[دەستکاری]| فەوجی ھەکاری ھەنگی ھەکاری | |
|---|---|
| الھکاریة | |
| Active | ١١٤٣؟–١٣٠٠ |
| دڵسۆزی | |
| جۆر | سوارە |
| قەبارە | ٤،٠٠٠-٦،٠٠٠ |
| فەرماندەکان | |
| پلە فەرماندەیییەکان | ئەمیر ئەلئەکراد موقەددەم ئەلئەکراد ئەمیر ئەلکەبیر سوپاسالار ئەمیر ئەلھەکارییە |
| فەرماندە دیارەکان | سەیفەددین مەشتووب |
دوای ھەڵمەتی عیمادەددین زەنگی بۆ سەر خاکی ھەکاری، خێڵەکانی ھەکاری وەک بەکرێگیراو ناویان لە سوپای زەنگیدا تۆمار کرد کە ژمارەیان زیاتر لە ٤٠٠٠-٦٠٠٠ کەس بوو. فەوجی ھەکارییەیان دامەزراند کە لەلایەن سەیفەددین مەشتووب (کوڕی ئەحمەد و نەوەى ئەبوولحەیجەی ھەکاری) و عیسای ھەکارییەوە سەرۆکایەتیی دەکرا.[١] فەوجەکەی ھەکاری ھۆکاری سەرەکیی جێنشین بوونی سەڵاحەددین بوو لە میسر و دامەزراندنی دەوڵەتی ئەییووبی.[٧] ھەکارییەکان لەگەڵ ھەزەبانییەکان، گەورەترین و بەھێزترین ھۆزی کورد بوون کە ئۆلیگارشیی سەربازییان لە ناو دەوڵەتی ئەییووبیدا پێکھێنا.[٨] میر مەند، یەکێک لە میرەکانی ھەکاری میرنشینی کلیسی پێبەخشرا. لە ساڵی ١١٨٥ سەیفەددین مەشتووب فەرماندەی گشتیی فەوجەکەی ھەکاری، بەشداریی لە ھەڵمەتەکەی سەڵاحەددین کرد لە دژی ئیمارەتی زەنگیی مووسڵ. سەیفەددین مەشتووب لەلایەن سەڵاحەددینەوە ڕاسپێردرا بۆ دەستبەسەرداگرتنی جەزیرەی ئیبن عومەر.[٩] ڕەنگە وەک خاڵی کۆبوونەوە بۆ خێڵەکانی بەکارھێنابێت، لە ڕاستیدا زۆرێک لە کوردانی ھەکاری لە دەوری کۆبوونەتەوە. بەڵام سەڵاحەددین ناچار بوو دەستبەرداری ھەڵمەتەکە بێت. لە کاتی گەمارۆدانی عەکا سەیفەددین چاڵاکانە سەرقاڵی دابینکردنی سەربازانی ئەییووبی بوو لە ڕێگەی صەیداوە. لە سەرەتای ساڵی ١١٩١دا، لە پۆستی فەرماندەی پارێزگا لەناو قەڵاکەدا کە لەلایەن خاچپەرستەکانەوە گەمارۆدرابوو، دەستنیشانکرا. عەکا لە دۆخێکی خراپدا بوو. سەیفەددین چووە دەرەوە بۆ ئەوەی چاوی بە پادشای خاچپەرستی فەڕەنسی بکەوێت بەڵام پادشا پێداگری لەسەر تەسلیمبوونی بێ مەرج کرد، لەوێ دەستی بە وازھێنان لە قەڵاکە کرد. سەڵاحەددین نەیتوانی ئەڵقەی گەمارۆ بشکێنێت و عەکا لە ١٢ی تەممووزی ١١٩١ کەوت و داگیرکرا.[٩] سەیفەددین مەشتووب گیرا و لە نزیکەوە پاسەوانی کرا، بەڵام توانی خۆی دەرباز بکات. لە ١٥ی ئایاری ١١٩٢ لەبەردەم سەڵاحەددیندا ئامادەبوو، سەیفەددین خەڵاتی پارێزەری نابلوسی پێبەخشرا، بەڵام لە تشرینی دووەمی ١١٩٢ کۆچی دواییی کرد.[٩] دوای سەڵاحەددین، فەوجەکەی ھەکاری لەژێر خزمەتی زاھیر غازی و جێنشینەکانیدا بوو. ھەکارییەکان وەک ئۆلیگارشیی سەربازیی باڵادەست لەناو میرنشینی ئەییوبییەکانی حەلەبدا مانەوە، تا دواجار قەیمەرییە وەک ئۆلیگارشیی سەربازیی عەشایەریی کوردیی باڵادەست جێگەیانی گرتەوە.[٧]
ساڵانی دواتر
[دەستکاری]لە ساڵی ١٢١٨دا، فەرمانڕەوای زەنگیی مووسڵ، عیزەددین مەسعوودی دووەم، دەستی بەسەر عیمادییە (ئامێدی) و پاشماوەی قەڵاکانی حەکاری و زۆزاندا گرت. بە گوێرەی مینۆرسکی، «دەبێت ھەر ئەم ڕووداوانە بووبن کە بوونە ھۆی ئەوەی ھەکارییەکان بەرەو ئەو زەوییانەی لە سەرچاوەکانی زێی گەورەدا بوون، بڕۆنەوە.» بەڵام وا دیار بوو کە لە کۆتاییدا گەڕانەوە. ھەروەک چۆن ئەلعومەری کۆمەڵێک ھۆزی کوردی دەخاتە ڕوو کە بە درێژاییی ژیانی خۆیدا زانیاریی لەسەریان ھەبووە. لە نێوانیاندا ئاماژە بەوە دەکات کە ھۆزی حەکاری لە عەمادییە (ئامێدی) دەژیان و ژمارەیان ٤ ھەزار پیاو بووە. لە لایەکی دیکەوە ھۆزی جولامێرک (جۆڵەمێرگ) ژمارەیان ٣٠٠٠ پیاوی «بە ڕەچەڵەک ئومەوی» بووە.[٢]
میرات
[دەستکاری]پارێزگای ھەکاری، شار لەگەڵ میرنشینی ھەکاری، ناوەکەیان لەم ھۆزەوە وەرگرتووە.[٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 El-Azhari، Taef (٣١ی ئازاری ٢٠١٦). Zengi and the Muslim Response to the Crusades: The politics of Jihad (بە ئینگلیزی). Routledge. ژپنک ٩٧٨-١-٣١٧-٥٨٩٣٨-٩. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی
<ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:0» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا - 1 2 3 4 5 6 Al-Jeloo، Nicholas (١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣). «Geography, Demographics, and the Value of Medieval Syriac Historical Texts: A Case Study of the Vita of Rabbān Joseph Busnāyā (III, Final)». Banipal: Issued by General Directorate of Syriac Culture and Arts. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی
<ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:1» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا - ↑ Guli، Nizar. «امارة ھکاری فی العھد العثمانی- دراسة وثائقیة The Emirate of Hakkari in the Ottoman Era 1514-1849 A Historical Study».
{{cite journal}}: بیرخستنەوەی journal پێویستی بە|journal=ھەیە (یارمەتی) - 1 2 E.J. Brill's First Encyclopaedia of Islam 1913-1936 (بە ئینگلیزی). BRILL. ١٩٨٧. لاپەڕە ١١٣٧. ژپنک ٩٧٨-٩٠-٠٤-٠٨٢٦٥-٦. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی
<ref>ی ھەڵە؛ ناوی «:2» زیاتر لە یەک جار پێناسە کراوە لەگەڵ ناوەڕۆکی جیاوازدا - ↑ Yaz, Arafat (2020). "Mervânî Devleti'nin Kurucusu Bâd b. Dostık". Turkish Studies (in Turkish). 15 (2): 724–726.
- ↑ A.K.S. Lambton, Contributions to the Study of Seljuq Institutions (PhD London, 1939). P. 35.
- 1 2 James، Boris (١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦). Saladin et les Kurdes ; Perception d'un groupe au temps des Croisades (بە فەرەنسی). بەرگی Hors Série II. لاپەڕە ٣٧–٤٤.
- ↑ Humphreys 1987.
- 1 2 3 Minorsky 1953.
پەراوێزەکان
[دەستکاری]- Humphreys، R. S. (1987). «Ayyubids». Encyclopaedia Iranica, Vol. III, Fasc. 2. لاپەڕە 164–167.
- Wilmshurst، David (٢٠١١). The Martyred Church: A History of the Church of the East. East and West Publishing.
- Humphreys، Stephen (١٩٧٧)، From Saladin to the Mongols: The Ayyubids of Damascus, 1193–1260، SUNY Press، ژپنک ٩٧٨-٠-٨٧٣٩٥-٢٦٣-٧
- Minorsky، Vladimir (١٩٥٣). Studies in Caucasian History. New York: Taylor’s Foreign Press. ژپنک ٠-٥٢١-٠٥٧٣٥-٣.