ھەڤاڵ کوێستانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ھەڤاڵ کوێستانی (لەدایکبووی ١٩٥٦ لە گوندی میرزا ڕۆستەمی سەربە چیای کۆسرەت) نووسەرە و خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەیە و چەندین شیعری شۆڕشگێرانەی نووسیوە.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی میرزا ڕۆستەمی سەربە چیای کۆسرەت لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شارۆچکەی چوارقوڕنە تەواوکردووە، خوێندنی ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، دواتر لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی کشتوکاڵی تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٧١ پەیوەندی بە یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کردووە، ھاوکات بووە بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام بەھۆی ڕەخنەیەکەوە کە لە ڕۆژنامەی برایەتی ئۆرگانی پارتی بڵاویدەکاتەوە، بەھۆی ناڕەزایەتی ھەندێک بەپرسی لۆکاڵییەوە، بڕیار دەدات واز لە پارتی بێنێت. لە ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نھێنییەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانەوە دەکات، ساڵی ١٩٧٩ دەبێتە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە دەستبەکار دەبێت و ماوەیەک دەبێت بە پرسی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی عێراق. تاوەکو دروستبوونی گۆڕان لە ڕیزەکانی یەکێتی کاردەکات، پێش دروستبوونی گۆڕان لەگەڵ چەند ھەڤاڵێکدا ڕێکخراوێک بەناوی ڕەگ دروست دەکەن و پاشان دەچنە نێو گۆڕانەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ وەکو نوێنەری گۆڕان دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوەیە و چەندین شیعری شۆڕشگێرانەی نووسیوە، شیعرەکانی دەنگدانەوەیەکی زۆریان ھەبووە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٧٦، چەند ساڵێک لە بەریتانیا ژیاوە و ئێستا گەڕاوەتەوە و بەیەکجاری لە کوردستان دەژی.[١]

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • ئەو ڕۆژانەی نیشتمان ھی ھەموومان بوو
  • حزبی سەربەخۆی چینی کرێکارانی کوردستان
  • ژن و ژانی لەدایکبوونێکی نوێ

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ www.rudaw.net https://www.rudaw.net/sorani/onair/radio/episodes/episode/pencamor_04012019. Retrieved 2021-11-12. {{cite web}}: Missing or empty |title= (help)