ھەبوون دەکەوێتە پێش چیبوون
ئەم وتارە بەزۆری یان بەتەواوی پشت بە تەنیا یەک سەرچاوە دەبەستێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |
ھەبوون لە پێش زاتەوەیە یا ھەبوون دەکەوێتە پێش چیبوون (بە فەڕەنسی: l'existence précède l'essence) بانگەشەی سەرەکیی ئێگزیستانسیالیزمە و، پێچەوانەی ڕوانگەی فەلسەفیی کۆنە کە دەیوت «زات»ی ھەر شتێ (چییەتی و سروشتی ئەو شتە) بنەڕەتیتر و نەگۆڕتر و جێگیرترە لە ھەبوونی (ئەو ڕاستییە ساکارە کە شتەکە ھەیە). ئێگزیستانسیالیستەکان دەڵێن مرۆڤ کێیەتی و بایەخی لە زگی دایکەوە ناھێنێ، مرۆڤ وشیارە و ئاگاداری خۆی و دەوروبەریەتی، بەو ھۆیەوە، بایەخ بۆ خۆی دەخولقێنێ و مانای ژیانی خۆی دیاری دەکا. ئەو کێیەتی و بایەخە تاک خۆی بە دەستی خۆی دروستی دەکا و بە ھۆی کردەوەکانییەوە دەگیرسێ.
فکرەکە لە کارەکانی شێلینگ و کیەرکێگۆریشدا بەدی دەکرێ، بەڵام بەم وشانە و ئاوا بەڕاشکاوی یەکەم جار ژان پۆڵ سارتر لە کتێبی «بوون و نەبوون»دا درکاندوویەتی.
سارتر دەڵێ مرۆڤ زات یا جەوھەر یا چییەتی یا سروشتێکی جێگیر و لەپێشەوەدیاریکراوی نییە. مرۆڤ خراوەتە نێو ئەم دنیایە و ئەوە دراوەتە دەستی خۆی کە چی بێ. ھەیە، بەڵام ئەوەی کە «چییە» سپێردراوە بە خۆی. شتێ نییە ناوی سروشتی مرۆڤ بێ، مرۆڤ تەنیا «ھەیە» و، ھەر کەڕەت دەبێ ئەوە بۆ خۆی دیاری بکا کە چییە.[١]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «Existence Precedes Essence: What Sartre Really Meant | Philosophy Break». philosophybreak.com (بە ئینگلیزی). لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |