بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھێزی بنەڕەتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە فیزیکدا، ھێزی بنەڕەتی بە ھەر یەک لەو چوار ھێزە سەرەتایی و سادەیە دەوترێ کە ھەموو ھێزەکانی تری سروشت دەچنەوە سەریان و بە گوێرەیان ڕوون دەبنەوە. واتە ھێزی گرانکەر، ھێزی کارۆموگناتیسی، ھێزی ناوکیی بەگوڕ، ھێزی ناوکیی کز. ھێزە بنەڕەتییەکان زاڵن بە سەر کارلێکترکردن و شوێن لەسەر یەکتری دانانی تەنەکان و پارچۆلکەکان و، لێکھەڵوەشانی ھێندێ لە پارچۆلکەکاندا. تایبەتمەندییەکانی ئەم ھێزانە بە چوار پێوانە پەروەردە دەکرێن: یەک، جۆری ئەو پارچۆلکانەی ھێزەکە دەئەزموون، دوو، گوڕی ھێزەکە، سێ، مەودایەک کە هێزەکەی تێدا کاریگەرە و، چوار، سروشتی ئەو پارچۆلکانەی ناوبژیوانیی ھێزەکە دەکەن.[١]

گرانایی و کارۆموگناتیزم زۆر پێشتر لە دۆزینەوەی ھێزی ناوکیی بەگوڕ و ھێزی ناوکیی کز ناسرابوون، چونکە کاریگەرییەکانیان لەسەر تەنە ئاسایییەکان بەئاسانی ڕەسەد دەکرێ. ھێزی گرانایی، کە ئایزاک نیوتۆن لە سەدەی ۱۷یەمدا بە شێوەی سیستماتیک وەسفی کردبوو، لە نێوان ھەموو تەنە بەکۆمەڵتەکاندا کار دەکات و، بە ڕاکێشانیان بۆ لای یەکتر لە حاندی یەکدا گرانیان دەکا. ھەم هۆی داکەوتنی سێو لە دارە و، ھەم دیاریکەری خولگەی گەڕۆکەکانە بە دەوری خۆردا.[٢] ھێزی کارۆموگناتیزم، کە پێناسە زانستییەکەی لە سەدەی ۱۹یەم و لە لایەن جەیمز کلێرک ماکسوێلەوە پێشکەش کراوە، بەرپرسیاری یەکتردوورکردنەوەی بارە کارەبایییە ھاوچەشنەکان و یەکترڕاکێشانی بارە ناھاوچەشنەکانە. ھەروەھا، ڕەفتارە کیمیایییەکانی ماددە و تایبەتمەندییەکانی ڕووناکیش ڕاڤە دەکا. ھێزە ناوکییەکان، ھەم بەگوڕ و ھەمیش کز، لە سەدەی ۲۰ەمدا دۆزرانەوە، ئەویش دوای ئەوەی کە فیزیکزانەکان دەستیان کرد بە ھەڵکۆڵینی ناوکی ئەتۆم. ھێزی بەگوڕ لە نێوان کوارکەکاندا کار دەکا. کوارکەکان بناغەی ھەموو پارچۆلکە ژێرئەتۆمییەکانی وەکوو پرۆتۆن و نوترۆن دادەڕێژن. ھێزی بەگوڕ پرۆتۆنەکانی ناوکی ئەتۆم دەلکێنێ بە یەکترەوە (نوترۆنەکانیش)، ئەمەش سەرەڕای ئەوەیە کە لەبەر ھاوچەشنیی بارەکانیان دەبوا لە یەکتر دوور بکەوتایێتنەوە. ھێزی کز خۆی لە ھێندێ شێوەی ھەڵوەشینی ڕادیۆئەکتیڤ و لە کاردانەوە ناوکییەکانی خۆر و بەعزێکی تر لە ئەستێرەکانا دەر دەخا. ئێلیکترۆنەکان لەو پارچۆلکە ژێرئەتۆمییە سادانەن کە ھێزی کز دەئەزموون بەڵام ھێزی بەگوڕ نا.[١][٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 «Fundamental force | Definition, List, & Facts | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). ٨ی ئابی ٢٠٢٦. لە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  2. «Newton's law of gravitation | Definition, Formula, & Facts | Britannica». www.britannica.com (بە ئینگلیزی). ٢٩ی تەممووزی ٢٠٢٦. لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
  3. «چھار نیروی حاکم بر جھان». 020.ir (بە فارسی). لە ڕەسەنەکە لە ٦ی شوباتی ٢٠١٦ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.