بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ھاوزایەندخوازان لە ئەڵمانیای نازی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئاڵای ڕایشی مەزنی ئەڵمانیا و ئەڵمانیای نازی

پێش ساڵی ١٩٣٣، کردەوەی ھاوزایەندخوازیی پیاوان لە ئەڵمانیا بەپێی «بڕگەی ١٧٥»ی یاسای تاوانەکانی ئەڵمانیا نایاسایی بوو؛ بەڵام یاساکە بە بەردەوامی جێبەجێ نەکرا و چاندێکی ھاوزایەندخوازی گەشەسەندوو لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیادا بوونی ھەبوو. دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن نازییەکان لە ساڵی ١٩٣٣، ژێرخانی یەکەم بزووتنەوەی ھاوزایەندخواز لە یانەکان، ڕێکخراوەکان و بڵاوکراوەکان داخران. دوای ئۆپەراسیۆنی ھۆمنگبێرد لە ساڵی ١٩٣٤، لێدان و لەناوبردنی ھاوزایەندخوازان بوو بە یەکەم کاری پۆلیسی دەوڵەتیی نازی. پیاچوونەوەی بڕگەی ١٧٥ لە ساڵی ١٩٣٥دا، ئاسانکاری کرد بۆ تۆمەتبارکردنی کردەوەی ھاوزایەندخوازی، ئەمەش بووە ھۆی زیادبوونی زۆری دەستگیرکردن و سزادانیان. گۆشەگیرکردنی ئەمانە لە ساڵانی پێش جەنگی جیھانیی دووەمدا گەیشتە لووتکە و درێژکرایەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە بە ئەڵمانیاوە لکێنرا بوون یاخود داگیر کرابوون، لەوانە نەمسا و چیک.

دوای جەنگ، سەرەتا ھاوزایەندخوازان وەک قوربانی نازیزم ھەژمار نەدەکران، چونکە ھاوزایەندخوازی لە دەوڵەتانی دوای ئەڵمانیای نازی دا ھێشتا نایاسایی بوو.

پێشینە

[دەستکاری]
ئێلدۆرادۆ (وێنەکە لە ساڵی ١٩٣٢ گیراوە)، بەناوبانگترین دامەزراوەی ھاوزایەندخوازان لە ئەڵمانیا.[١]

ئەڵمانیا شوێنی یەکەم بزووتنەوەی ھاوزایەندخوازی بوو.[١] وشەی homosexual (ھۆمۆسێکشوال) لەلایەن نووسەری زمانی ئەڵمانی کارڵ ماریا کێرتبێنی داھێنراوە؛ یەکەم گۆڤار کە بۆ خوێنەرانی ھاوزایەندخواز و ترانسجێندەر بوو، لە ئەڵمانیا بڵاوکرایەوە و یەکەم ڕێکخراوی مافی ھاوزایەندخوازی لە جیھاندا لە بەرلین دامەزرا. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا چاندی ھاوزایەندخوازی لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا و بە تایبەت بەرلین گەشەی کرد.[٢] سازانە سیاسییەکان ڕێگەیان بە زۆرێک لە ھاوزایەندخوازان دا کە بە ئازادی لە ژیانی تایبەتی خۆیان و چاندی تایبەتی خۆیاندا بژین، بە مەرجێک پێشێلکارییەکی بەرچاو نەکەنە سەر کایەی گشتی.[٣]

بڕگەی ١٧٥ی یاسای سزادانی ئەڵمانیا کە دوای یەکخستنی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧١ پەسەند کرا، کردەوەی سێکسی نێوان پیاوانی بە تاوان دانا.

لە ساڵی ١٩٢٨ پارتی نازی وەڵامی پرسیارنامەیەکی نەرێنی دایەوە سەبارەت بە تێڕوانینی ئەوان بۆ بڕگەی ١٧٥ و وتی: ھەر کەسێک تەنانەت بیر لە ئەوینی ھاوزایەند بکاتەوە، دوژمنی ئێمەیە.[٣] سیاسەتمەدارانی نازی بەردەوام قسەی ناشرینیان دژی ھاوزایەندخوازی دەکرد و بانگەشەیان دەکرد کە پیلانێکی جوولەکەکانە بۆ تێکدانی گەلی ئەڵمانیا.[٣] لە ساڵانی ١٩٣١ و ١٩٣٢ سۆسیال دیموکراتەکان ئاشکرایان کرد کە ئێرنست ڕۆم، سیاسەتمەدارێکی ناوداری نازییان، ھاوزایەندخواز بوو، لە ھەوڵێکدا بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی نازییەکان.[١]

مێژوو

[دەستکاری]

ھاتنە سەر دەسەڵاتی نازییەکان و سەرکوتکردنی سەرەتایی (١٩٣٣)

[دەستکاری]
ھێرشکردنە سەر پەیمانگای توێژینەوەی سێکس، ٦ی ئایاری ١٩٣٣

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٣٢دا سەرکوتکردنی ژێر چاندە ھاوزایەندخوازەکان لە پروسیا دەستی پێکرد. ھەندێک لە باڕ و یانە ھاوزایەندخوازییەکان لە بەرلین دوای ھەڵکوتانە سەری پۆلیسەکان ناچار کران دای بخەن.[١] لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٣٣ پارتی نازی دەسەڵاتی گرتە دەست؛[١] لە ٢٣ی شوباتی ئەو ساڵەدا وەزارەتی ناوخۆی پروسیا فەرمانی بە پۆلیسی بەرلین دا کە ھەر شوێنێک کە مابێتەوە دابخات کە خزمەتگوزاری بۆ «ئەو کەسانە دابین بکات کە خۆیان بە کارە سێکسییە ناسروشتییەکانەوە سەرقاڵ کردوە».[١] ئەم فەرمانە بۆ ناوچەکانی تری ئەڵمانیا درێژکرایەوە. لە شاری کۆلن نزیکەی ھەموو باڕەکانی ھاوزایەندخوازان ناچار کران دابخرێن. لە ھانۆفەر ھەموو شوێنەکان تا کۆتایی ساڵ داخران. لە ھامبورگ پۆلیس ھەردوو شوێنەکانی لەشفرۆشان و ھاوزایەندخوازی کردە ئامانج، لەوانە وێستگەی سەرەکی شەمەندەفەر، توالێتە گشتییەکان و باڕەکانی ھاوزایەندخوازان، ئەمەش بووە ھۆی زیادبوونی زیاتر لە شەش ھێندەی تۆمەتباران بەپێی بڕگەی ١٧٥ تا ساڵی ١٩٣٤.[١] ھەردوو کڵێسای ڤاتیکان و پرۆتستانت ستایشی ئەو سەرکوتکردنەیان دەکرد.[٢][٤]

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٣٣ دەسەڵاتدارانی نازی دەستیان کرد بە دەستبەسەرداگرتنی ماددە چاپکراوەکان لەسەر بابەتەکانی ھاوزایەندخوازی. ھەر گۆڤارێکی پەیوەندیدار بە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە کە لە سانسۆری پێشووتر ڕزگاری بووبێت، دادەخرا و کۆپییەکانی دەسوتێنران.[١][٣]

لووتکەی دژایەتییەکان (١٩٣٦–١٩٣٩)

[دەستکاری]
ژمارەی سزاکان بەپێی بڕگەی ١٧٥ بە کاتھێڵێک

لە ساڵی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ پۆلیسی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی سەرەکی تەنیا سەرنجی لەسەر ھاوزایەندخوازی بوو.[٥] لە ساڵی ١٩٣٦ کۆمیسیۆنی تایبەتی ھاوزایەندخوازی لە بەرلین بوو بە ئۆفیسی ناوەندی ڕایشی ئەڵمانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھاوڕەگەزبازی و لەناوبردنیان.[١][٦] فەرمانگە نوێیەکە کۆنفرانسی ڕێکدەخست و ڕێنمایییەکانی بۆ زیادکردنی کاریگەری دژە ھاوزایەندخوازان دەردەکرد.[٦] ئەم ھەڵمەتە لە ناوچە گوندنشینەکاندا کەمتر کاریگەر بوو وەک لە ناوچە شارییەکان، کە ژمارەیەکی زیاتری لێپێچینەوەیان بەخۆیەوە دەبینی.[٧][١][٨] لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٣٧دا ھیملەر فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس کرد کە پێڕستی گومانلێکراوانی ھاوزایەندخوازان دروست بکەن و پابەندیان بکەن بە تۆمارکردنی گۆڕینی ناونیشانەکانیان، ھەروەھا چاودێری شوێنی کۆبوونەوە و ھۆتێلەکان و ڕیکلامە کەسییەکانی گومانلێکراوانی ھاوزایەندخوازان بکەن لە ڕۆژنامەکاندا.[٩]

جەنگی جیھانیی دووەم

[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٣٩ تا ١٩٤٠ ژمارەی ئەو پیاوانەی لە دادگا مەدەنییەکان بەپێی بڕگەی ١٧٥ سزادراون لە ٧٦١٤ کەسەوە بۆ ٣٧٧٣ کەس دابەزین. پیاوانی زیاتر خرابوونەوە ژێر دەسەڵاتی سەربازییەوە[١٠] و لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ، ھاوزایەندخوازی ئیتر لە پێشینەی کارەکانی پۆلیسی ئاسایش نەما.[٥] تائێستا نازانرێت چەند دۆسیەی بڕگەی ١٧٥ لەلایەن دادگا تایبەتەکانەوە مامەڵەی پێوە کراوە.[١١]

تێڕوانینی نازییەکان بۆ ھاوزایەندخوازی

[دەستکاری]

نازییەکان لە ژێر کاریگەری بیرۆکەکانی پێشووتردا بوون کە ھاوزایەندخوازی و دەستدرێژیکردنە سەر مناڵان وەکو یەک وایە، و ھەردووکیان تاوانن.[٦] پێش ھاتنی نازییەکان بۆ سەر دەسەڵات، باوەڕێکی بەرفراوان لە نێو ئەڵمانییەکاندا ھەبوو کە ھاوزایەندخوازی زگماکی نییە بەڵکو لەبری تێکچوونێکە دەتوانرێت بەدەستبھێنرێت و تەشەنە بکات.[١٢] بە پشتبەستن بە گریمانەکانی کارڵ بۆنھۆفەر و ئیمیل کرایپلین،[١٣] نازییەکان پێیان وابوو ھاوزایەندخوازی گەنجان ڕادەکێشێت و تووشی تێکچوونیان دەکات، ئەمەش بۆ ھەمیشە ئاراستەی سێکسییان دەگۆڕێت.

لە دوای ساڵی ١٩٣٤، دژە ھاوزایەندخوازی بووە بابەتێکی ئاسایی لە پڕوپاگەندەی نازییەکان؛[١] زۆربەی ئەڵمانییەکان بەرکەوتەی کاریگەری ئەم پڕوپاگەندانە بوون.[١٤] یەکێک لە ئامانجەکانی ڕژێمی نازی بریتی بوو لە نەھێشتنی ھەموو دەرکەوتەکانی ھاوزایەندخوازی لە ئەڵمانیا.[١٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر Whisnant 2016.
  2. ^ ئ ا Giles 2010.
  3. ^ ئ ا ب پ Marhoefer 2015.
  4. ^ Herzog 2011.
  5. ^ ئ ا Longerich 2011.
  6. ^ ئ ا ب Zinn 2020b.
  7. ^ Schwartz 2021.
  8. ^ Zinn 2020a.
  9. ^ Zinn 2018.
  10. ^ Wachsmann 2015.
  11. ^ Grau 2014.
  12. ^ Vendrell 2020.
  13. ^ Snyder 2007.
  14. ^ Micheler 2002.
  15. ^ Lautmann 2020.

چاوگنامە

[دەستکاری]
  • Herzog، Dagmar (2011). Sexuality in Europe: A Twentieth-Century History. Cambridge University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٨٧٠٩٦-٢.
  • Longerich، Peter (2011). Heinrich Himmler: A Life (بە ئینگلیزی). Oxford University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-١٩-١٦١٧٠٥-٨.
  • Marhoefer، Laurie (2015). Sex and the Weimar Republic: German Homosexual Emancipation and the Rise of the Nazis (بە ئینگلیزی). University of Toronto Press. ژپنک ٩٧٨-١-٤٤٢٦-١٩٥٧-٩.
  • Newsome، W. Jake (2022). Pink Triangle Legacies: Coming Out in the Shadow of the Holocaust (بە ئینگلیزی). Cornell University Press. ژپنک ٩٧٨-١-٥٠١٧-٦٥٤٩-٠.
  • Snyder، David Raub (2007). Sex Crimes Under the Wehrmacht (بە ئینگلیزی). University of Nebraska Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٨٠٣٢-٠٧٤٢-٤.
  • Storkmann، Klaus (2021). Tabu und Toleranz: Der Umgang mit Homosexualität in der Bundeswehr 1955 bis 2000 [Taboo and Tolerance: Homosexuality and the Bundeswehr 1955 to 2000] (بە ئەڵمانی). De Gruyter. ژپنک ٩٧٨-٣-١١-٠٧٣٢٩٠-٠.
  • Vendrell، Javier Samper (2020). Seduction of Youth: Print Culture and Homosexual Rights in the Weimar Republic (بە ئینگلیزی). University of Toronto Press. ژپنک ٩٧٨-١-٤٨٧٥-٢٥٠٣-٣.
  • Wachsmann، Nikolaus (2015) [2004]. Hitler's Prisons: Legal Terror in Nazi Germany (بە ئینگلیزی). Yale University Press. ژپنک ٩٧٨-٠-٣٠٠-٢٢٨٢٩-٨.
  • Whisnant، Clayton J. (2016). Queer Identities and Politics in Germany: A History, 1880–1945 (بە ئینگلیزی). Columbia University Press. ژپنک ٩٧٨-١-٩٣٩٥٩٤-١٠-٥.
  • Steinweis، Alan E. (2017). Art, Ideology, and Economics in Nazi Germany (بە ئینگلیزی). University of North Carolina Press. ژپنک ٩٧٨٠٨٠٧٨٦٤٧٩١.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]