گەمارۆدانی ھەولێر (١٢٥٨)
| گەمارۆدانی ھەولێر (١٢٥٨) | |||||||||
|---|---|---|---|---|---|---|---|---|---|
| بەشێک لە لەشکرکێشیی مەغۆلەکان بۆ سەر ئێران و مێزۆپۆتامیا، لەشکرکێشیی مەغۆلەکان بۆ سەر کوردستان | |||||||||
گەمارۆدانی مەغۆل بۆ سەر ھەولێر (١٢٥٩/١٢٥٨)، جامع التواریخ، ڕەشیدەددین | |||||||||
| |||||||||
| شەڕکەرەکان | |||||||||
| فەرماندە و سەرکردەکان | |||||||||
|
|
| ||||||||
| یەکە تێوەگڵاوەکان | |||||||||
| |||||||||
| ھێز | |||||||||
| نەزانراو | نەزانراو | ||||||||
| زەرەر و زیانە گیانییەکان | |||||||||
| نەزانراو | نەزانراو | ||||||||
گەمارۆدانی ھەولێر گەمارۆدانێکی سەربازی بوو لەلایەن مەغۆلەکانەوە کە لە ساڵی ١٢٥٨ ڕوویدا. گەمارۆدانی شاری ھەولێر ھاوکات بوو لەگەڵ گەمارۆدانی بەغدا لەلایەن مەغۆلەکانەوە بە سەرکردایەتیی ھۆلاکۆ خان لە ساڵی ١٢٥٨. کاتێک ھۆلاکۆ خان لە ھەمان ساڵدا لەشکرێکی بە سەرکردایەتیی ئەرقیۆ نۆیان[ئ] ناردە سەر شاری ھەولێر و قەڵاکەی و ئەرکی گرتنی شارەکەی بە ئەرقیۆ دا. گەمارۆدانی شارەکە دەستی پێکرد، ئەرقیۆ و سوپای مەغۆلەکان گەمارۆی شارەکەیان دا و سەربازگە کوردییەکانی ناو قەڵای ھەولێر بەتوندی بەرگرییان کرد لە بەرامبەر ھێزی مەغۆلەکان.
لە ھەوڵێکدا، بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و پێکدادان، حاکمی ھەولێر، تاجەددین سەڵایا[ا] ملکەچیی خۆی بۆ مەغۆلەکان ڕاگەیاند، بەڵام ئەرقیۆ پێداگریی کرد لەسەر خۆبەدەستەوەدانی قەڵاکە. کاتێکیش تاجەددین سەڵایا ویستی ھێزەکانی ناو قەڵاکە ڕازی بکات کە خۆیان بەدەستەوە بدەن، ھێزەکان ڕازی نەبوون و بەردەوام بوون لە شەڕکردن. ھەوڵەکان شکستی ھێنا و کاتێک تاجەددین گەڕایەوە، بۆ ھۆلاکۆ خان نێردرا و دواتریش لەسێدارەدرا.
گەمارۆدانەکە بێچارە بەردەوام بوو. دواتر مەغۆلەکان ھاوکارییان لە بەدرەددین لوئلوئی حاکمی مووسڵ وەرگرت، کە ملکەچی مەغۆلەکان ببوو. سەڕەڕای ھاوکارییەکانیش، کوردەکانی ناو قەڵا توانییان لە بەرگری بەردەوام ببن و تەنانەت ھێرشی پێچەوانەش بکەن. تا دواجار دوای گەمارۆیەکی زۆر و توند، مەغۆلەکان و لەشکری مووسڵ توانییان بەرگریی قەڵاکە بشکێنن و دەست بگرن بەسەر قەڵاکە.
پێشینە
[دەستکاری]
پێشتریش مەغۆلەکان چەند ھەوڵێکیان دابوو بۆ گرتنی شاری ھەولێر و قەڵاکەی؛ کە دوای ئەوەی سنوورەکانی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل گەیشتە ئازەربایجان و دەوروبەری لە ساڵی ٦٢٩ی کۆچی / ١٢٣١ی زایینی، ھێزەکانی مەغۆل بەرەو شارەزوور پێشڕەوییان کرد کە ناوچەیەکی مێژووییی گەورە بوو و ھەولێریشی دەگرتەوە. حاکمی ھەولێر داوای ھاوکاریی لە خەلیفەی عەبباسی مەنسوور موستەنسیر بیللا کرد، بۆیە خەلیفە پارەی بۆ دابینکرد و سەربازانی ئامادەکرد لە ژێر فەرمانی جەمالەددین قەشتمەر ئەلنەسیری، کە پەیوەندییان بە سەربازەکانی فەرمانڕەوای ھەولێرەوە کرد بۆ یارمەتیدانی و ھەموویان بەرەو گوندی موغان ڕێپێوانیان کرد، بەڵام نەیانتوانی لەوێ بمێننەوە، و ھێزەکانی خەلافەت بەدەست نەبوونی ئاوەوە دەیانناڵاند، بۆیە زۆرێکیان گیانیان لەدەستدا و سەربازەکان لە فەرماندەی ھێزەکانی خەلیفە بڵاوبوونەوە و کاتێک مەغۆلەکان پێشڕەوییان نەکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵیان، بەمەش ھێزەکان گەڕانەوە بۆ بەغدا.[٥][٦]
دواتر شاری ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی عەبباسییەکان و مەغۆلەکان دواتر ھاتنە ھەولێر و دوای چەندین ھێرش و پێکدادان مەغۆلەکان شکان و پاشەکشەیان کرد. خەلیفە موستەنسیر بیللا فەرمانی ئامادەکردنی سەربازەکانی دەرکرد، بانگەوازێکی دەرکرد بۆ کۆکردنەوەی بەدەوییەکان لە بیابانەکانەوە، و سەربازە پیادەکان لە قەزاکانەوە، و فەرماندەی خۆی جەمالەددین قەشتمەری بەسەریاندا دانا. پاشان سوپای عەبباسییەکان بە دوای مەغۆلەکاندا ڕۆیشتن، بەڵام ئەوان ڕوویان لە بەغدا کردەوە، چوونکە مەغۆلەکان کشانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە لە شاخەکاندا کۆنتڕۆڵیان دەکرد.[٥][٦]
دوای شکستی ھەڵمەتەکانی پێشوویان دژی ھەولێر، دواجار مەغۆلەکان بڕیاریان دا بە سی ھەزار سوارەوە داگیری بکەن، بە سەرۆکایەتیی تجتکای. لە زولقەعدەی ٦٣٤ کۆچی / ١٢٣٧ی زایینی ھاتنە ھەولێر. زۆرێکیان لە خەڵک کوشت، شارەکەیان تاڵانکرد و ئەوانەی تێیدا بوون کوشتیان و ژنانیان بەدیلگرت و دەستیان بەسەر پارەکاندا گرت، تا شارەکە وێران و پیس بوو بەھۆی زۆریی تەرمی مردوو و لاشە مردووەکانەوە. ئەو خەڵکەیشی کە دەیانتوانی لە دەستی مەغۆلەکان دەرباز ببن، پەنایان دەبردە بەر قەڵای ھەولێر، بۆیە مەغۆلەکان گەمارۆیان دا. ھاوکات لە نێو ھەواڵی ئەوەی بەسەر خەڵکی ھەولێردا ھاتووە، خەلیفە مەنسوور موستەنسیر بیللا لەشکرێکی لە سوپای خۆی بە فەرماندەییی شەرەفەددین ئیقبال ئەلشەرابی نارد بۆ ھەولێر. لەشکرەکە بەرەو تکریت ڕێپێوانیان کرد دواتر تاوەکوو باشووری ھەولێر ھاتن و کاتێکیش مەغۆلەکان ئاگاداری ھاتنی سوپای خەلافەت بوون، بڕیاریان دا واز لە گەمارۆدانی قەڵای ھەولێر بھێنن. تەنانەت ئەو پارە و غەنیمەتەشیان بەجێھێشت کە لە خەڵکی ئاسایی تاڵانیان کردبوو و کشانەوە بۆ تەورێز و سوپای عەبباسیش گەڕانەوە بەغدا.[٧][٨][٩][٦]

ھەرچەندە مەغۆلەکان کشانەوە لە ھەولێر لەو کاتدا، شەڕەکانی نێوان مەغۆلەکان و عەبباسیەکان کۆتاییی نەھات، بەو پێیەی مەغۆلەکان بەردەوام بوون لە ھەوڵەکانیان بۆ داگیرکردن و تاڵانکردنی شارەکانی عێراق و کوشتنی دانیشتووانەکانیان. لە ساڵی ١٢٥٦، ھۆلاکۆ خان ھەڵمەتێکی بەرفراوانی گەورەی دەست پێکرد بۆ سەر خاکی زیاتر و فراوانتر لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل، کە بەمەش ھۆلاکۆ خان توانیی لە ساڵی ١٢٥٨ ھێرش بکاتە سەر خەلافەتی عەبباسی و گەمارۆی بەغدا بدات و شارەکە وێران بکات و بەتاڵانی ببات و دوا خەلیفەی عەبباسیش موستەعسیم بیللا بکوژێت. ھەر لە ھەمان ساڵدا و لە ١٢٥٨ ھۆلاکۆ خان فەرمانی گەمارۆدانی شاری ھەولێری دا.[١٠][٦]

گەمارۆدانەکە
[دەستکاری]
گەمارۆدانی شاری ھەولێر ئەو کاتە دەستی پێکرد کە ھۆلاکۆ خان فەرمانی گرتنی شارەکەی دا و ئەرکی گرتنەکەی سپارد بە فەرماندە ئەرقیۆ (ئەرقیۆ نۆیان). گەمارۆدانی ھەولێریش لە ١٢٥٨ دەستی پێکرد. دەستپێکردنی ئەم گەمارۆدانە ھاوکات بوو لەگەڵ گەمارۆدانی بەغدا. ھەر کە گەمارۆدانەکە دەستی پێکرد کوردانی ھەولێر بەرگرییەکی توندیان کرد دژ بە ھێزەکانی مەغۆل.[١١] بۆ زیاتر پەرەنەسەندنی شەڕ و خوێن نەڕژان، تاجەددین بن سەڵایای حاکمی ھەولێر بەتەنیا ملکەچیی خۆی ڕاگەیاند و کە چووە لای ئەرقیۆ نۆیان پێی گوت:[١٢][١٣]
باشترین ڕێگا بۆ نیشاندانی ملکەچی تەسلیمبوونی قەڵاکەیە.
تاجەددین سەڵایا گەڕایەوە قەڵاکە و ھەوڵی ڕازیکردنی کوردەکانی دا، بەڵام ئەمەی دەست نەکەوت و گوێیان لێی نەگرت. ھەر بۆیە تاجەددین پێداگریی کرد لە تەسلیمبوون، بەڵام نەیتوانی ڕازییان بکات بۆ ملکەچی. بۆیە ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ لای ئەرقیۆ نۆیان و ئەویش ناردیی بۆ لای ھۆلاکۆ خان، بەڵام ھۆلاکۆ خان لێی قبووڵ نەکرد و فەرمانی کوشنی دا.[١٢][١٣][١٤][١٥][١١]
سەرچاوە مێژوویییەکان باسیان لەوە کردووە کە بەدرەددین لوئلوئی حاکمی مووسڵ ڕق و کینەیەکی زۆری بەرامبەر تاجەددین بن سەڵایا ھەبووە لە چوارچێوەی ڕکابەرییە سیاسییەکان، وە کاتێکیش ھۆلاکۆ خان دەڕۆیشت بۆ ئازەربایجان، بەدرەددین لوئلوئ چووە خزمەتی ھۆلاکۆ خان بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکات، ھەر لەو کاتەدا بوو بەدرەددین لوئلوئ ناڕەزاییی دەربڕی بەرامبەر بە تاجەددین بن سەڵایا و بەدرەددین لوئلوئ بە ھۆلاکۆ خانی ڕاگەیاند کە:[٦][١٦][١٧]
ئەمە گەورەیەکی عەلەوییە، وە پەیوەندیشی بە خەلافەتەوە ھەیە، خەڵکی فەرمانی ئەویان پەیڕەو دەکرد، وە ئەگەر ھەڵبستێتەوە یاخود یاخی بببێت ئەوا خەڵکەکە لەگەڵ لە فەرمانی ئەودان و لەگەڵیدا ڕادەپەڕن.
ھەر بۆیە ھۆلاکۆ خان لە نزیک شاری تەورێز لە ئازەربایجان فەرمانی کوشتنی دەرکرد. و ھەروەھا ھۆلاکۆ خان بەڕێزەوە بەدرەددین لوئلوئی ناردەوە بۆ مووسڵ پاش ئەمە.[٦][١٦][١٧]

گەمارۆدانەکەش بەبێ چارەسەرێک بەردەوام بوو. ئەرقیۆ نۆیان بڕیاری دا کە یارمەتی لە بەدرەددین لوئلوئی حاکمی مووسڵ و شانشینی لوئلوئی وەربگرێت، کە ملکەچیی خۆی بۆ مەغۆلەکان ڕاگەیاندبوو. کە لەشکرێکی بۆ نارد و یارمەتیی ھێزەکانی مەغۆلیان دا. بەڵام ھێشتا مەغۆلەکان نەیانتوانی دەست بەسەر قەڵاکەدا بگرن، تەنانەت ھێزە کوردییەکان شەوانە ھێرشیان کردە سەر ئۆردووگای مەغۆلەکان و ژمارەیەکی زۆر لە مەغۆلەکان کوژران و مەنجەنیق و کەرەستە و خێمەکانی مەغۆلەکانیان سووتاند و ئاگریان لێیان بەردا. کە ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانییەکی ڕژد لە فەرماندایەتیی مەغۆلەکان. ئەرقیۆ نۆیان نیگەران بوو لە بەرگرییە توندەکەی قەڵاکە، ھەر بۆیە داوای لە بەدرەددین لوئلوئ کرد کە ڕاوێژی پێ بکات بۆ شکستپێھێنانی قەڵاکە و بەدوایدا نارد، بەدرەددین لوئلوئیش ڕازی بوو و ھەروەھا بە ئەرقیۆ نۆیانی وت:[١٢][١٣][١٤]
باشترین پلان ئەوەیە کە دەستبەسەرداگرتنی قەڵاکە بۆ وەرزێکی تر دوابخرێت، لەبەرئەوەی ئێستا کەشەکە مامناوەند و ئاسایییە، بەڵام کە گەرما ھات، کارەکە قورستر دەبێت و کوردەکان لە شەڕ بێزار دەبن و بێتوانا دەبن، لە کاتی شەڕیشدا ھەڵدێن بۆ چیاکان، لە ئێستادا لە قەڵاکەدا خاوەن ھێزێکی بەرچاو و خۆراکێکی باشن و قەڵاکە بە شێوەیەکی نائاسایی بەھێزە، بۆیە ناتوانرێت داگیر بکرێت مەگەر بە پلان و فێڵ نەبێت.
لەسەر بنەمای ئەم ئامۆژگارییانە، ئەرکی گرتنی قەڵاکە ھاوبەشیی پێکرا لەگەڵ بەدرەددین لوئلوئ و گەمارۆی شارەکە بەردەوامبوو تا دواجار مەغۆلەکان سەرکەوتوو بوون و دەست گیرا بەسەر قەڵاکەدا و گەمارۆدانی شارەکە بەنزیکەیی شەش مانگی خایاند، کە دەشگوترێ بەدرەددین لوئلوئ لایەک لە دیواری قەڵاکەی ڕووخاندووە. تا ساڵی ١٢٥٩ ھەولێر ھاوتای شارەکانی دیکە بەتەواوەتی کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل، پێش ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ڕکابەریی ئێلخانی و مەمالیکەکان.[١٢][١٣][١٤][١٥][١٨][١٩][٢٠]
پاشھات
[دەستکاری]
شاری ھەولێر، و قەڵاکەی کە قەڵای ھەولێرە، کەوتنە ژێر دەستی ئیمپراتۆریەتیی مەغۆل. پاشان ھۆلاکۆ فەرمانڕەوایەکی ئاشووریی مەسیحیی بۆ شارۆچکەکە دەستنیشانکرد و ڕێگە بە کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی سریانی درا کڵێسایەک بونیاد بنێن.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، چەوساندنەوەی بەردەوامی مەسیحییەکان، جووەکان و بوزییەکان لە سەرانسەری دەوڵەتی ئێلخانی لە ساڵی ١٢٩٥ لەژێر دەسەڵاتی ئەمیری ئۆیرات نەورۆز بەچڕی دەستی پێ کرد، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاشوورییە مەسیحییە ڕەسەنەکان ھەبوو.[٢١] ئەمە لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی ئیلخان غەزان دەرکەوت. لە ساڵی ١٢٩٧، دوای ئەوەی غەزان ھەستی کرد بەوەی ئەوەندە بەھێزە کە بەسەر کاریگەریی نەورۆزدا زاڵ بێت، کۆتاییی بە چەوساندنەوەکان ھێنا.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیلخان ئۆلجایتوودا، دانیشتووانە ئاشوورییەکان بۆ ڕزگاربوون لە چەوساندنەوە ھاتنە نێو قەڵاکە. لە بەھاری ١٣١٠دا، مەلیک (فەرمانڕەوا)ی ناوچەکە بە ھاوکاریی کوردەکان ھەوڵی دا لێیان بستێنێتەوە. سەرەڕای ھەوڵە زۆرەکانی قەشەی تورک مار یەھبوڵڵا بۆ ڕێگریگرتن لەو چارەنووسە ناھەموارەی کە چاوەڕوان دەکرا، دواجار قەڵاکە دوای گەمارۆدانی لەلایەن سوپای ئێلخانی و سەرۆکخێڵە کوردەکان لە ١ی تەممووزی ١٣١٠دا گیرا، و ھەموو بەرگریکاران کۆمەڵکوژکران، زۆرێک لە دانیشتووانە ئاشوورییەکانی بەشی خوارەوەی شارەکەش بە ھەمان شێوە.[٢٢][٢١]
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]تێبینییەکان
[دەستکاری]- ↑ «ئەرقیۆ-نۆیان»؛ لە گەڵ پاشگری نۆیان (بە مەنگۆلی: ᠨᠣᠶᠠᠨ) کە بە واتای «فەرماندە» دێت، واتا «فەرماندە ئەرقیۆ»؛ کە فەرماندەیەکی مەغۆل بوو لە ژێر دەسەڵاتی ھۆلاکۆ خان[١]
- ↑ محەممەد بن نەسڕ بن سەڵایا یەحیا تاجەددین ئەبولمەکارم بن سەڵایا ئەلھاشمی ئەلعەلەوی (بە عەرەبی: مُحَمَّد بْنُ نَصْر بْنُ صَلَایَا یَحْیی تَاجُ الدِّینِ أَبُو المَکَارِمِ بْنُ صَلَایَا الھَاشِمِی العَلَوِی)، حاکم و نوێنەری خەلیفە بوو لە ھەولێر، ھۆلاکۆ خان لە نزیک تەورێز کوشتی[٢][٣][٤]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «ارقیو نویان و نویان». vajehyab.com (فەرھەنگ) (بە فارسی). لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ صلاح الدین، الصفدی (سەدەی ١٤یەم). «الجزء الخامس». الوافی بالوفیات (بە عەرەبی). لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
{{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ساڵ=(یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ساڵ (بەستەر) - ↑ «تاج الدین ابن صلایا». موقع فیصل نور (بە عەرەبی). لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ عەبدولعەزیز تەباتەبائی. معجم أعلام الشیعة (بە عەرەبی). لاپەڕە ٤٢٩.
- 1 2 H̱aṣbāk, Ǧaʿfar Ḥusayn (١٩٦٨)، العراق في عهد المغول الأيلخانين، 656-763هـ - 1258-1335م (الفتح.الأدارة.الأحوال الأقتصادية.الأحوال الأجتماعية) (بە عەرەبی)، بەغدا: زانکۆی بەغدا، OCLC ٤٧٧٠٠٧٠٣٥٣، Wikidata Q126680995 لاپەڕە ٩
- 1 2 3 4 5 6 Kameran، A. Mahmud؛ Said، A. Mutlak (حوزەیرانی ٢٠٢٤). «The impact of the Mongol invasion on the city of Erbil». Uruk Journal of Human Sciences (بە عەرەبی). ١٧ (2): ٥٠٠-٥٠٤.
- ↑ Woods، John E. (١٩٧٧)، «A note on the Mongol capture of Isfahān»، Journal of Near Eastern Studies، ٣٦ (1): لاپەڕە ٤٩–٥١، doi:١٠.١٠٨٦/٣٧٢٥٣١، ISSN ٠٠٢٢-٢٩٦٨، JSTOR ٥٤٤١٢٦، S2CID ١٦١٨٦٧٤٠٤
- ↑ H̱aṣbāk, Ǧaʿfar Ḥusayn (١٩٦٨)، العراق في عهد المغول الأيلخانين، 656-763هـ - 1258-1335م (الفتح.الأدارة.الأحوال الأقتصادية.الأحوال الأجتماعية) (بە عەرەبی)، بەغدا: زانکۆی بەغدا، OCLC ٤٧٧٠٠٧٠٣٥٣، Wikidata Q126680995 لاپەڕە ٩-١٠
- ↑ «Erbil Citadel». Chaldean News (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). ٣١ی ئایاری ٢٠٢٥. لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «ERBİL». İslâm Ansiklopedisi (بە تورکی). لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 «بیداری ملی پیشرفتە در عراق پس از سقوط بغداد ۱۲۵۸». مطالعات عراق (بە فارسی). ٧ی شوباتی ٢٠٢٦. لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 رشید الدین فضل اللە ھمدانی (سەدەی ١٤یەم). جامع التواریخ - تاریخ المغول (بە عەرەبی). لەلایەن محمد صادق نشأت؛ محمد موسی ھنداوی؛ فؤاد عبدالمعطی الصیاد؛ یحیی الخشاب وەرگێڕدراوە. لاپەڕە ٢٩٨-٢٩٩. لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
{{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ساڵ=(یارمەتی)ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: ساڵ (بەستەر) - 1 2 3 4 «موسوعة تاریخ العراق بین احتلالین | إربل الاستیلاء علیھا (قتلة ابن صلایا)». lib.rafed.net. لاپەڕە ٢٣٢-٢٣٣. لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 3 «انتفاضات المدن العراقیة ومقاومتھا الاحتلال الایلخانی». almerja.com (بە عەرەبی). لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- 1 2 محەممەد، ئەمین زەکی بەگ (١٩٣١). «کورد لە دەوری خوارەزمی و ئیلخانی (مەغۆل)دا». خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (بە کوردی). بەرگی یەکەم. ژپنک ٩٧٨-٩٧٥-٨٦٣٧-٢٠-١.
- 1 2 شمس الدین، الذھبی. تاریخ الإسلام ووفیات المشاھیر والأعلام (بە عەرەبی). بەرگی ١٠.
- 1 2 «تاج الدین صلایا العلوی». www.masaha.org (کتێب). لاپەڕە ٥٠. لە ٥ی ئابی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ Woods، John E. (١٩٧٧)، «A note on the Mongol capture of Isfahān»، Journal of Near Eastern Studies، ٣٦ (1): ٤٩–٥١، doi:١٠.١٠٨٦/٣٧٢٥٣١، ISSN ٠٠٢٢-٢٩٦٨، JSTOR ٥٤٤١٢٦، S2CID ١٦١٨٦٧٤٠٤
- ↑ Nováček، Karel؛ Chabr، Tomáš؛ Filipský، David؛ Janiček، Libor؛ Pavelka، Karel؛ Šída، Petr؛ Trefný، Martin؛ Vařeka، Pavel (٢٠٠٨)، «Research of the Arbil Citadel, Iraqi Kurdistan, First Season»، Památky Archeologické، ٩٩: ٢٥٩–٣٠٢، ISSN ٠٠٣١-٠٥٠٦، لە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە
- ↑ J. von Hammer-Purgstall. 1842. Geschichte der Ilchane, das ist der Mongolen in Persien, Volume 1. P. 159-161.
- 1 2 Grousset, p. 379
- ↑ Sourdel، D. (٢٠١٠)، «Irbil»، لە Bearman، P.؛ Bianquis، Th.؛ Bosworth، C.E.؛ van Donzel، E.؛ Heinrichs، W.P. (eds.)، Encyclopaedia of Islam, Second Edition، Brill Online، OCLC ٦٢٤٣٨٢٥٧٦