گەشتیاریی کەلتووری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گەشتیاریی کەلتووری لە میسر/قەڕنی نۆزدەهەم.
گەشتیاران لە قەڵای هێرست, کالیفۆرنیا.
گەشتیاران خەریکی وێنەگرتنن لە وێرانەکانی پەرستگای khmer Pre Rup کە نموونەیەکە لە گەشتیاری کەلتووری.

گەشتیاریی کەلتووری یان گەشتیاریی کەلتوور جۆرێکە لە گەشتیاری کە پاڵنەر و هاندەری گەشتیار دەگەڕێتەوە بۆ فێربوون، دۆزینەوە، تاقیکردنەوە و بینینی بەرهەم یان دیاردە ڕاکێشەرەکانی شوێنی مەبەست. ئەم بەرهەم یان دیاردە ڕاکێشەرانە کۆمەڵێک تایبەتمندی جیاوازی ماددی، هزری، ڕۆحی و سۆزدارانەی کۆمەڵگایەک، هونەر و ئارکیتەکت، کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری، کەلەپوور و دابونەریتی چێشت لێنان، وێژە و ئەدەبییات، مۆسیقا، پیشەسازییە داهێنەرانەکان و کەلتوورە زیندووەکان دەگرێتەوە کە پێوەندییان هەیە لەگەڵ شێوازی ژیان، سیستەمی بەها و بایەخەکان و بیر و باوەڕ و دابونەریتەکانی ئەو کۆمەڵگایە.

تێڕوانینێکی گشتی لەسەر گەشتیاریی کەلتووری[دەستکاری]

گەشتیاریی کەلتووری بابەتی وەک گەنجینەی ئارکیتەکت و شوێنەوارناسی، فستیڤاڵ و بۆنەکانی چێشت لێنان و ئاشپەرزی، مێژوو و کەلەپووری مێژوویی، ئاسەوار و شوێنە گرنگەکان، مۆزەخانە و پێشانگا، پارکە نیشتمانییەکان و باخچەی ئاژەڵان، شوێنە ئایینییەکان، پەرسگەکان و کڵێسەکان دەگرێتەوە. هەروەها ئەم جۆرە گەشتیارییە ناوچە شارییەکانیش دەگرێتەوە بەتایبەت شارە کۆن و مێژووییەکان و بینا و ئاسەوارە کەلتوورییەکانیان وەک هۆڵی شانۆ و هتد.

لە ئەمریکای قەڕنی بیست و یەکدا، پارکە نیشتمانییەکان و کۆمەڵێکی سنوورداری ئەنجومەنی خەڵکە خۆجێیەیەکەی ئەمریکا دەستیان داوەتە پەرەپێدانی "گەشتیاریی عەشیرەیی". ئەگەرچی کۆمەڵێک نیگەرانی و پرسی درێژخایەن لەسەر مەترسییەکانی ئێکۆتووریزم بۆ خەڵکی خۆجێیی ئەمریکا لە ئارادایە بەڵام خزمەتگوزاریی پارکە نیشتمانییەکانی ئەمریکا ئەم دیاردەیەی بەشێوەی ئاشکرا و ڕاشکاوانە ڕاگەیاندووە و دانی بەو جۆرە گەشتیارییەدا ناوە


پاڵپشت و لایەنگرانی گەشتیاریی کەلتووری دەڵێن ئەم جۆرە گەشتیارییە دەرفەتێک بۆ خەڵکی ناوچەکان دەڕەخسێنێن تا لەباری ئابوورییەوە کەڵک لە کەلەپووری کەلتووری خۆیان وەرگرن و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە قەدرزانیان بن و باشتر بیانپارێزن و لە هەمان کاتیشدا ئەو ڕێگایە بۆ گەشتیاران خۆش دەکات تا بازنەی بیر و تێگەیشتنە تاکەکەسییەکانی خۆیان بەربڵاوتر بکەنەوە. شیاوی باسە کە گەشتیاریی کەلتووری لایەنی نەرێنیشی هەیە. بۆ نموونە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە کاریگەریی نەرێنی بخاتە سەر خەڵکی خۆماڵی، هاوسەنگی ئابووری تێک بدات، ڕێژەی تێچووی ژیان بەرز بکاتەوە، ژینگە پیس بکات و یان ببێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ژینگەیی. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە لەبەر گۆڕدرانی خێرای ژمارەی دانیشتووانی ناوچەیەک ئابووریی ناوچەکە تێک بچێت و هاوسەنگیی نەمێنێت. وێڕای ئەمانەش خەڵکی خۆماڵی ناوچەکان مەترسی ئەوەیان دەکەوێتە سەر کە پاش ڕووبەڕووبوونەوە و بینینی شێوازە نوێکانی ژیان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییان تێک بچێت. [١]


ئەم شێوازەی گەشتیاری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەی زیاتر دەسەنێت و ئەم دواییانە ڕێکخراوەی OECD لە میانەی ڕاپۆرتێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە گەشتیاریی کەلتووری دەتوانێت دەورێکی کاریگەری لە گەشەکردنی ناوچەییدا هەبێت لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا. لە پێناسەیەکی دیکەدا گەشتیاریی کەلتووری بریتییە لە: "ڕۆیشتنی خەڵک بۆ شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی دیکە، دوور لە شوێنەکانی ژیانی خۆیان و بەمەبەستی دەستخستنی زانیاری زیاتر و تاقیکردنەوەی نوێ بۆ قووڵترکردنی تێگەیشتنە کەلتوورییەکانیان". ئەوڕۆ گەشتیاریی کەلتووری تا ڕادەیەک ئاراستەی گۆڕاوە و بەرەو "ئەزموونە" کەلتوورییەکان ڕۆیشتووە. هەروەها ڕەنگە ئەزموونەکانی گەشتیاریی کەلتوور و کەلەپوور بەشێکی سەرەکی ئەزموونە گەشتیارییەکان پێک بێنن.

شوێنە مەبەستەکان[دەستکاری]

گەشتیاران لە شارۆچکەی کۆن و مێژوویی-کەلتووری پۆرڤوو

جۆرێک لەو شوێنانەی وەک مەبەستی گەشتیاریی کەلتووری ئاماژەیان بۆ دەکرێ ئەو ناوچە کەلتوورییانەن کە ژیانیان تێدایە. بەسەرکردنەوەی کەلتوورێک بێجگە کەلتووری خۆت وەک ئەوەی سەردانی وڵاتێکی بیانیت کردبێ. شوێنە مەبەستەکانی دیکە بریتین لە شوێنە مێژووییەکان، ناوچە شارییە نوێکان، خەزێنەی نەتەوەیی شارەکان، پیشانگا و فستیڤاڵەکان، پارکە گەشتیارییەکان و ژینگەی سروشتی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئاسەوار و بۆنە کەلتوورییەکان دەفرایەتییەکی ئەوتۆیان بۆ ڕاکێشانی گەشتیار هەیە.


گەشتیاریی داهێنەرانە[دەستکاری]

گەشتیاریی داهێنەرانە شێوازێکی نوێی گەشتیارییە کە ئەم دواییانە و ساڵی 2000 لە لایەن ڕیجاردز و کریسپین ڕەیمۆندەوە تیۆریزە و پێناسە کراوەتەوە. ناوبراوان گەشتیاریی داهێنەرانەیان بەم جۆرە پێناسە کردووەتەوە: "ستایلێکی گەشتیاری کە ئەو هەلە بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێ تا پاش سەفەرکردن بۆ شوێنە جۆراوجۆرەکان و بەشداریی چالاکانە لە خولەکانی ڕاهێنان و فێربوون لەو شوێنانەدا، ئاستی توانا و دەفرایەتی داهێنەرانەیان بەرز دەکەنەوە.


ئەمانەش ببینن[دەستکاری]

  Archaeological tourism

Cultural diplomacy

Cultural tourism in Egypt

Film tourism

Impacts of tourism

Literary tourism

Overtourism

Tourist trap

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "5 Destinations Suffering From Overtourism (And Where To Go Instead)".