بۆ ناوەڕۆک بازبدە

گەرمی (فیلمی ١٩٩٥)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گەرمی
دەرھێنەرمایکڵ مان
بەرھەمھێنەرئارت لینسۆن
مایکڵ مان
نووسینمایکڵ مان
کاستئال پاچینۆ
ڕۆبەرت دی نیرۆ
ڤال کیلمێر
تۆم سایزمۆر
جۆن ڤۆیت
دانی ترێخۆ
ناتالی پۆرتمان
ویڵیام فیکنەر
مۆسیقائێلیۆت گۆڵدێنتاڵ
وێنەگری سینەماییدانتی سپینۆتی
دەستکاریویلیام گۆڵدێن بێرگ
تۆم ڕۆڵف
ستۆدیۆ(کان)ڕیجێنسی ئینتەرتەینمەنت
کۆمپانیای بڵاوکەرەوەوارنەر برۆس
ڕێکەوتی دەرچوون١٥ی کانونی یەکەمی ١٩٩٥
ماوەی فیلم١٧٠ خولەک
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکان
زمانئینگلیزی
تێچوون٦٠ ملیۆن دۆلار
داھات١٨٧٫٤ ملیۆن دۆلار

گەرمی (بە ئینگلیزی: Heat) فیلمێکی سینەمایی تاوانکاری، ئەکشن و درامای ئەمریکییە لە ساڵی ١٩٩٥ دەرچووە. لە نووسین و دەرهێنانی مایکڵ مانە، و ئەکتەرانی بەناوبانگ ئال پاچینۆ و ڕۆبەرت دی نیرۆ ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.[١] ئەم فیلمە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ڕۆبەرت دی نیرۆ و ئال پاچینۆ بوو لەسەر شاشەی سینەما لە یەک کاتدا.

لە فیلمەکەدا، دی نیرۆ ڕۆڵی «نیڵ مەکوولی» دەگێڕێت کە تاوانبارێکی بەئەزموون و سەرکردەی باندێکی دزی کردنە، لە کاتێکدا ئال پاچینۆ ڕۆڵی «ڤنسێنت هاننا» دەگێڕێت کە لێکۆڵەرێکی پێداگر لە بەشی تاوانەکانی لۆس ئانجلەس.

فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بازرگانی و ڕەخنەیی بەدەستھێنا و داھاتەکەی گەیشتە زیاتر لە ١٨٧ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا بودجەکەی تەنیا ٦٠ ملیۆن دۆلار بوو.[٢] تا ئێستاش وەک یەکێک لە باشترین فیلمەکانی چەشنی تاوانکاری لە مێژووی سینەمادا دادەنرێت.[٣]

چیرۆک

[دەستکاری]

«نیڵ مەکوولی» تاوانبارێکی پڕۆفیشناڵ و سەرکردەی باندێکی بەناوبانگی دزییە لە لۆس ئانجلەس. نیڵ لەگەڵ ئەندامانی باندەکەی —کریس، مایکل، ترێخۆ و ئەندامێکی نوێ بە ناوی وەینگڕۆ ئۆپراسیۆنێکی گەورە ئەنجامدەدەن بۆ دزینی ١٫٦ ملیۆن دۆلار لە سەنەدی دارایی لە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆش. لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا، وەینگڕۆ کە بکوژێکی زنجیرەیی مەترسیدارە و کەس نایناسێت، تووڕە دەبێت و بە بێ هیچ هۆکارێک پاسەوانێک دەکوژێت. ئەمەش وا لە باندەکە دەکات ناچار بن دوو پاسەوانەکەی دیکەش بکوژن تا هیچ شایەتحالێک نەمێنێتەوە. نیڵ بڕیار دەدات وەینگڕۆ بەهۆی ئەم کێشەیەوە بکوژێت، بەڵام وەینگڕۆ بە فێڵ هەڵدێت. لە لایەکی دیکەوە، «ڤنسێنت هانا» ئەفسەری بەئەزموون و پێشووی هێزی دەریایی، لە بەشی تاوانە قورسەکانی پۆلیس دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە. هانا پیاوێکە تەواوی ژیانی بۆ کارەکەی تەرخان کردووە، بەم هۆیەوە هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ هاوسەری سێیەمی «جەستیین» بەرەو ھەڵوەرین دەچێت و پەیوەندیی لەگەڵ زڕکچەکەشی «لۆرێن» تێکچووە.

لە هەمان کاتدا، نیڵ پیاوێکی تەنهایە و بڕوای بە یاسایەک هەیە: هیچ شتێک لە ژیانتدا مەهێڵەرەوە کە نەتوانیت لە ماوەی ٣٠ چڕکەدا بەجێی بهێڵیت ئەگەر هەستت بە مەترسی کرد. بەڵام نیڵ بە پێچەوانەی یاساکەی، ئاشقی کچێک دەبێت بە ناوی «ئێدی» کە دیزاینەرێکە و تازە هاتۆتە شارەکە.

کاتێک نیڵ هەوڵ دەدات سەنەدە دزراوەکان بفڕۆشێتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی (پیاوێکی سەرمایەدار و پاره‌سپیکەرەوە بە ناوی ڕۆجەر ڤان زانت)، ڤان زانت بۆسەیەکیان بۆ دەنێتەوە تا بێ بەرامبەر سەنەدەکان بباتەوە. بەڵام نیڵ بە زیرەکی لە بۆسەکە تێدەگات و سەرجەم بکوژەکانی ڤان زانت لەناو دەبات و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات. پۆلیس لە ڕێگەی سیخوڕێکەوە دەگاتە یەکێک لە ئەندامانی باندەکە و تەواوی ئەندامان و ئامانجی داهاتوویان (کۆگایەکی یاقووت و زێڕ) دەستنیشان دەکەن. کاتێک باندەکە دەچنە ناو کۆگاکەوە، پۆلیس بە نهێنی گەمارۆیان دەدات، بەڵام بەهۆی هەڵەی ئەفسەرێکەوە نیڵ هەست بە مەترسی دەکات و ئۆپراسیۆنەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. هانا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو، ناچار دەبێت لێیان گەڕێت بڕۆن.

ڕۆژی دواتر، هانا لەسەر ڕێگای خێرا ئۆتۆمبێلەکەی نیڵ ڕادەگرێت و بانگهێشتی دەکات بۆ خواردنەوەی قاوەیەک لە چێشتخانەیەکدا. لەوێ هەردووکیان دان بەوەدا دەنێن کە چەندە خولیای کارەکانیانن و ژیانی تایبەتییان وێران بووە. ڕێز لە زیرەکیی یەکتر دەگرن، بەڵام جەخت دەکەنەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا دوودڵ نابن لە کوشتنی یەکتر.

نیڵ نەخشەی دزینی سەرەکی بۆ دەرهێنانی ١٢٫٢ ملیۆن دۆلار لە بانکێکی گەورەی شار دەکێشێت. وەینگڕۆ لەگەڵ ڤان زانت (سەرمایەدارەکە) ڕێک دەکەوێت بۆ تۆڵەکردنەوە لە نیڵ. دوای ئەوەی ترێخۆ (شوفێر) لە ترسی چاودێریی پۆلیس لە ئۆپراسیۆنەکە دەکشێتەوە، نیڵ شۆفێرێکی نوێ بە ناوی «دۆن بریدان» بەکرێ دەگرێت و دزینی بانکەکە دەستپێدەکەن.

کاتێک باندەکە لە بانکەکە دێنە دەرەوە، بەهۆی سیخوڕییەکەوە (ڤان زنت و وەینگڕۆ) پۆلیس دەورەیان دەدات، شەڕەتەقەیەکی خوێناوی و گەورە لە شەقامەکانی لۆس ئانجلەس ڕوودەدات. دۆن و مایکل (ئەندامانی باندەکە) لەگەڵ چەندین ئەفسەری پۆلیسی دیکە دەکوژرێن و کریس بە سەختی بریندار دەبێت بەڵام نیڵ ڕزگاری دەکات. نیڵ لەگەڵ کریس هەڵدێت و دوای چارەسەرکردنی برینەکەی، لە شوێنێکی ئارام بەجێی دەهێڵێت. ترێخۆ ئاشکرای دەکات کە ڤان زانت و وەینگڕۆ بە ئەشکەنجە ناچاریان کردووە زانیاری بانکەکە ئاشکرا بکات. نیڵ دەچێتە ماڵی ڤان زانت و دەیکوژێت. هانا، وەینگڕۆ وەک داوێک لە هۆتێلێکدا بەکاردەهێنێت تا نیڵ ڕابکێشێت. نیڵ بڕیار دەدات لەگەڵ ئێدی (خۆشەویستەکەی) بە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ نیوزیلاندا هەڵبێت. بەڵام کاتێک زانیاریی شوێنی «وەینگڕۆ»ی دەستدەکەوێت (کە لە هۆتێلێکدا لەلایەن پۆلیسەوە وەک داو دانراوە)، یاسای هەمیشەیی خۆی پێشێل دەکات و دەچێتە هۆتێلەکە بۆ تۆڵەکردنەوە؛ زەنگی ئاگرکەوتنەوە چالاک دەکات و دەچێتە ژوورەکەی وەینگڕۆ و دەیکوژێت. کاتێک نیڵ دەگەڕێتەوە لای ئێدی تا هەڵبێن، لەلایەن هانا لە نزیک فڕۆکەخانەکە دەبینرێت. نیڵ ناچار دەبێت ئێدی ناو ئۆتۆمبێلەکەداجێبهێڵێت و بەرەو ڕێڕەوی فڕۆکەخانە ڕابکات. دوای ڕاوچییایەتییەکی توند لە ناو تاریکی و دەنگی بزوێنەری فڕۆکەکاندا، هانا دەستباڵا دەبێت و تەقە لە نیڵ دەکات. لە دیمەنێکی کاریگەردا، کاتێک نیڵ دوا هەناسەکانی دەدات، هان دەستی دەگرێت و بە بێدەنگی ڕێز لە کۆتا ساتەکانی ژیانی دەگرێت.

ئەکتەران

[دەستکاری]

بەرهەمهێنان

[دەستکاری]

فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی مایکڵ مانە، کە بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی لەسەر بنەمای بەسەرهاتی ڕاستەقینەی پۆلیسێکی شیگاگۆ بە ناوی چارلی ئادەمز و تاوانبارێک بە ناوی نیڵ مەکوولی داڕشتبوو. مایکڵ مان پێشتر لە ساڵی ١٩٨٩ وەشانی تەلەڤیزیۆنی ئەم چیرۆکەی بە ناوی L.A. Takedown دروست کردبوو، بەڵام دواتر بڕیاری دا وەشانێکی سینەمایی گەورەتر بەرهەم بهێنێت.[٤]

وێنەگرتنی فیلمەکە لە شوێنە ڕاستەقینەکانی شاری لۆس ئانجلەس ئەنجامدرا بەبێ بەکارھێنانی ستۆدیۆ. دیمەنی شەڕەتەقەی بەناوبانگی دوای دزینی بانکەکە بە یەکێک لە واقیعیترین دیمەنەکانی ئەکشن لە مێژووی سینەمادا دادەنرێت.

داھات

[دەستکاری]

فیلمەکە لە ١٥ی کانونی یەکەمی ١٩٩٥ لە سینەماکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایشکرا. لە هەفتەی یەکەمدا پلەی سێیەمی لە سندوقی بلیتەکاندا بەدەستھێنا، و لە کۆتاییدا ٦٧٫٤ ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکای باکوور و ١٢٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستھێنا، کە سەرجەمی داھاتەکەی گەیشتە ١٨٧٫٤ ملیۆن دۆلار.[٥]


سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "IMDb" نەدراوە
  2. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "BoxOfficeMojo" نەدراوە
  3. ھەڵەی ژێدەرەکان: تاگی نادروستی <ref>؛ ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری "RottenTomatoes" نەدراوە
  4. «Heat (1995)». Rotten Tomatoes. لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.
  5. «Heat (1995)». Box Office Mojo. لە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ ھێنراوە.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]
  • «گەرمی» لە بنکەدراوەی ئینتەرنێتیی فیلمەکان (IMDb)