گۆکول چاند موکرجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە گۆکول چاند مکورجیەوە ڕەوانە کراوە)
گۆگۆل جاند مکورجی
گۆگۆل جاند مکورجی

گۆکول چاند سەنکەر چاند گۆکول موکرجی (بە ئینگلیزی: Gokul Chand Mukerjee) (بە عەرەبی: کوکول جاند سنکر جاند مکرجی) (ماوەی ژیان: ١٨٩٤–١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠)[١][٢] شۆفێر و میکانیکی و مامۆستای شۆفێری بووە. سەرباز بووە لە سوپای بەریتانیدا، دوابەدوای جەنگی جیھانیی یەکەم لەگەڵ سوپای بەریتانیدا ھاتووەتە عێڕاق. یەکەمین کەس بووە ئوتومبێلی ھێناوەتە شاری سلێمانییەوە[٣] و یەکەمین مامۆستای شۆفێری بووە لە شاری سلێمانی.[٣] خاوەنی ڕەگەزنامەی ھیندی-بەریتانی بووە.[١] لە ساڵی ١٩٣٢ بووەتە خاوەنی بڕوانامەی تەجەنوسی شانشینی عێڕاقی.[١] دواتر لە ساڵی ١٩٣٦دا بووەتە خاوەنی دەفتەری ڕەگەزنامەی عێڕاقی.[٤]

لە مانگی ٣ی ١٩١٩دا لەسەر داوای مێجەر سەون کە حاکمی سیاسیی سلێمانی بووە نێرراوە بە شوێنیدا و لە بەغداوە ھاتووە بۆ سلێمانی. لەو ڕۆژەوە تا مردنی لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠ نەگەڕاوەتەوە بەغدا و کوردستانی بە جێ نەھێشتووە. لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی نێژراوە.[٣]

لە ساڵی ١٩٢١دا لەسەر داوای خۆی وازی لە سەربازی ھێناوە و بووەتە کەسێکی مەدەنی و لە شاری سلێمانی ژیاوە.[٥][٦] لە ساڵی ١٩٢٢ کە ئینگلیزەکان سلێمانییان بە جێ ھێشتووە گۆکول چاند موکرجی لە سلێمانی ماوەتەوە و بووە بە ھاوڕێی شێخ مەحموودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب و خۆشیان ویستووە. موکرجی ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخ مەحموود کردووە و ھەر خۆیشی بووە بە شۆفێری. شێخ مەحموود ناوی گۆکول چاند موکرجیی بە لاوە قورس بووە، خۆی ناوی ناوە "غەفوور ھیندی" یان "غەفوورە ڕەش" یان "غەفوور موکرجی"و بەم ناوانەوە ناسراوە.[٢]

سەرەتای ژیان[دەستکاری]

بڕوانامەی تەجەنووسی گۆگۆل جاند مکورجی
بڕوانامەی تەجەنوسی گۆکول چاند موکرجی زانیاریی تەواوی ساڵ و شوێنی لەدایکبوونی خۆی و باوک و دایکی تێدایە - ھاوکات ناوی منداڵەکانیشی تێدایە.

موکرجی لە ناوچەی مانیکگۆنج لە شاری دەکا لە بەنگلادیش لە ساڵی ١٨٩٤ لە دایک بووە.[٧] ئەو کاتە ئەو ناوچەیە سەر بە وڵاتی ھیندستان بووە. دایکی ناوی سوگنی سادە بووە و لە ساڵی ١٨٥٠ لە دایک بووە. باوکی ناوی سەنکەر چاند موکرجی بووە و لە ساڵی ١٨٤٢ لە دایک بووە.[١] باوکی کارمەندی پۆلیس بووە، بەھۆی کارەکەیەوە گوێزراوەتەوە بۆ شاری گایا لە ھیندستان.[٢] گۆکول چاند موکرجی نۆیەمین منداڵی خێزانەکەیەتی و لە ھەمووان منداڵتر بووە. حەوت برا و خوشکێکی ھەبووە. ھەر لە شاری گایا خوێندنی سەرەتایی خوێندووە. لە تەمەنێکی گەنجیدا بووە کە دایک و باوک و چەند برایەکی بە نەخۆشیی تاعوون مردوون.[٢]

کارکردن[دەستکاری]

پاش مردنی دایک و باوک و ھەندێک لە براکانی، گۆکول چاند چووەتە شاری پاتنا لە ھیندستان. لەوێ لە ماڵی خزمێکیان ماوەتەوە کە ئەوانیش ھەژار بوون. موکرجی ناچار بووە لە تەمەنێکی منداڵییەوە دەست بکات بە کارکردن. یەکەم جار بووە بە چاودێر لە فەرمانگەیەکدا. پاشان بوە بە عەریزەنووس لە بەردەم پۆستەخانەی مەرکەزیی شارەکەدا. پاشان بووە بە جابیی ترام. پاشتر لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ١٩١٨دا بووە بە سەرباز لە سوپای بەریتانیدا و نێرراوە بۆ شاری ڕاولپیندی (کە ئێستا دەکەوێتە ھەرێمی پونجاب لە پاکستان) و لەوێ فێری شۆفێری و میکانیکی کراوە.[٧][٢] لەو سەردەمەدا بە پلەی سەرباز وتراوە «سیپۆی».[٧] دوای وەرگرتنی کۆرسی شۆفێری و میکانیکی، لە ڕێکەوتی ٤ی ئازاری ١٩١٨دا بە ڕێ کەوتووە بۆ عێڕاق و لە ڕێکەوتی ١١ی ئازاری ١٩١٨دا گەیشتووەتە عێڕاق.[٨]

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩١٩دا لەسەر داوای مێجەر سەون ھاتووەتە سلێمانی. لە کتێبی شاری سلێمانیی ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشەدا بەم شێوەیە لێی دەدوێت:

لە ساڵی ١٩١٩ی زایینیدا ھەروەکو باسمان کرد مێجەڕسۆن بوو بە حاکمی سیاسی لە سلێمانیدا. ئەمیش دوو شۆفێری ھیندیی لەگەڵا بوو.. لەبەرئەوەی ئەم دوو شۆفێرە ئۆتۆمبیلەکانیان بە شکاوی لای تاسلوجە و کەندەکەوەوە بەجێ ھێشتووە نەیانزانیبوو چاکی بکەنەوە ھەردوکیانی بە دەست بەسەری ناردنەوە بۆ بەغدا وەداوای لێکردبوون کە ئۆتومبێل چییەکی زۆر باشی بۆ بنێرن بەمەرجێک میکانیکییەکی باش بێت و ھەروەھا ئینگلیزییەکی چاکیش بزانێت.

ھەر لەم کاتەدا لاوێکی ھیندی میکانیکی زان ھاتبوە بەغداوە ھەموو ڕۆژێک بە فەرمانی عەسکەری لە ئوردوگای ھیندییەوە واتە (معسکر ڕشید) بە ئوتومبیلە عەسکەرییەکەیەوە دەچوو بۆ (باب المعظم). لەبەر ئەوەی کە ئەم لاوە زۆر بەڕەحم بوە لە ڕێگای خۆیدا ھەرچی پیرو مناڵ و ژنێکی بەدی بکردایە، سواری دەکردن لەسەر ئەم کردارە لێپرسراوەکەی کە باش چاوەشێکی ئینگلیزی دڵڕەق دەبێت. ڕقی لێ ھەڵ دەگرێت. کەداواکەی مێجەرسۆن دێتە لایان. ئەم ئینگلیزە دڵڕەقە ئەو لاوە ھیندییە بانگ دەکات و پێی دەڵێت: ئەوا ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کەبت نێرن بۆلای بێ ڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغداوە٫ ھەر بەم جۆرە پاش چەند ڕۆژێک (گۆگۆل جان مکورجی) دەکەوێتە ڕێ لە بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی ئەو شارەی کە خۆشی ویست٫ ھەرگیز بەجێی نەھێشت٫ وەلەو ڕۆژەوەی کە ھات کە لە مانگی مارتی ١٩١٩ز یەوە مایەوە ھەتاکو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠ کە وەفاتی کرد و لە خاکی پاکی گردی سەیوان نێژرا…

لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢٠دا مێجەر سەون بڕیار دەدات لەسەر دەستی گۆکول چاند موکرجی بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی خولێکی شۆفێری بکرێتەوە و گەنجانی سلێمانی فێری شۆفێری بکرێن. خولەکە لە موھەندیسخانە کراوەتەوە. ھەندێک لەو کەسایەتییانەی بەشدار بوون پێکھاتوون لە عەبدەی ئوتومبێلچی، مەحموودی قالە شەوقە، عەلی چاوەش و کوڕەکەی، مەحموود شەوکەت دانساز، نامیق ئاغا، فەتاحی چایچی، عەلی ناجی.[٦]

لەسەر داوای خۆی لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دوەمی ساڵی ١٩٢١دا لە خزمەتی سەربازی دەرچووە و بووە بە ھاووڵاتییەکی مەدەنی.[٥] ھەرچەندە ئینگلیزەکان لە ساڵی ١٩٢٢دا سلێمانییان بە جێ ھێشتووە، بەڵام موکرجی ھەر لەوێ ماوەتەوە و بووەتە ھاوەڵی شێخ مەحموود و ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەش کردووە، شێخ مەحموود پارەی ئوتومبێلەکەی داوەتەوە و ھەر خۆیشی کردووە بە شۆفێری خۆی. ھەرچەندە مێژووی وازھێنانی موکرجی لە شۆفێریی شێخ مەحموود نەزانراوە، بەڵام دواتر خۆی دەستی کردووە بە کاری شۆفێری و لە ھێڵی نێوان سلێمانی-ھەڵەبجە دا کاری کردووە. چەند ئوتومبێلێکی نوێشی کڕیوە و خستوونییەتە کارەوە.[٦]

لە ساڵی ١٩٦٩دا مۆڵەتی شۆفێرییەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ حکوومەت و تازەی نەکردووەتەوە و بە ڕەسمی وازی لە لێخوڕینی ئوتومبێل و کارکردن ھێناوە.[٩]

ھاتنی بۆ عێڕاق و سلێمانی[دەستکاری]

ژمارە ٣٠٨ی ڕۆژنامەی اتحاد. چیرۆکی گۆگۆل جاند موکرجی
ژمارە ٣٠٨ی ڕۆژنامەی اتحاد. چیرۆکی گۆکول چاند موکرجی
ژمارە ١٧٠٦ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. چیرۆکی گۆگۆل چاند موکرجی
ژمارە ١٧٠٦ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ. چیرۆکی گۆکول چاند موکرجی

لە ١١ی ئاداری ١٩١٨ لەگەڵ سوپای بەریتانیدا نێرراوە بۆ عێڕاق. سەرەتادا نێرراوە بۆ شاری بەسرە، دواتر بۆ کەرکوک و دواتر بۆ بەغداد. لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ کراوە بە شۆفێری سەربازیی نێوان سەربازگەی ڕەشید کە ئەوکاتە پێی وتراوە «ئۆردوگای ھیندییە» و «بابولموعەززەم - باب المعظم».[٢][١٠] موکرجی کەسێکی میھرەبان بووە، لە ڕێی کارکردنەکەیدا ھەر کەسێکی دیبا سواری ئوتومبێلەکەی دەکردن و دەیگەیاندنە جێی مەبەست. لەسەر ئەم کردارانەی سزا دراوە و لێپرسراوەکەی ڕقی لێ ھەڵگرتووە.[١٠]

لە ھەمان ساڵدا دوو شۆفێری ھیندیی مێجەر سەون لە ڕێی تاسڵووجە و کەنەکەوە لە سلێمانی ئوتومبێلەکانیان پەکیان کەوتووە و نەیانزانیوە چاکیان بکەنەوە، لەبەرئەوە بە جێیان ھێشتوون. مێجەر سەون ھەردووکیانی سزا داوە و بە دەستبەسەری ناردوونیەتیەوە بۆ بەغداد و داوای کردووە ئوتومبێلچییەکی باشی بۆ بنێرن، بە مەرجێک میکانیکزانێکی باشیش بێت و ئینگلیزیش بزانێت. کە ئەم داواکارییە دەگاتە ئۆردوگای ھیندییە، لێپرسراوە ئینگلیزەکەی گۆکول چاند بانگی کردووە و پێی وتووە «ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کە بتنێرن بۆ لای بێڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغدادەوە». پاش چەند ڕۆژێک بەرەو سلێمانی بە ڕێ کەوتووە.[١٠] موکرجی چووەتە سەر ئوتومبێلە بەجێھێڵراوەکان و لە پارچەی یەکێکیان ئەوی تری چاک کردووەتەوە و بە ئوتومبێلە چاککراوەکەش ئەوی تری ڕاکێشاوە بۆ سلێمانی بۆ ناوچەی موھەندیسخانە. مێجەر سەون ئەم لێھاتووییەی موکرجیی ستایش کردووە و لە بەھاری ١٩٢٠دا فەرمانی داوە کە بە سەرپەرشتی گۆکول چاند موکرجی لە سلێمانی خولێکی شۆفێری و میکانیکی بکرێتەوە. خولەکە ھەر لە موھەندیسخانە وتراوەتەوە.[١١]

لە ٢٠ی شوباتی ١٩٢١ لەسەر داوای خۆی وازی لە سەربازی ھێناوە و بووە بە کەسێکی شارستان. ئوتومبێلی تازەی کڕیوە و لە ھێڵەکانی سلێمانی-کەرکوک و کەرکوک-ھەولێر و کەرکوک-کفری خستوونیەتە کارەوە.[١١] ھەر لەم ماوەیەدا بووەتە ئاشنای شێخ مەحموودی حەفید و حەپسەخانی نەقیب. خۆشیان ویستووە و ڕێزیان لێی گرتووە. موکرجی ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخ مەحموود کردووە، بەڵام شێخ مەحموود پارەکەی داوەتەوە.[٢] دواتریش لەسەر داوای شێخ مەحموود ھەر خۆی بووە بە شۆفێری. شێخ مەحموود ناوی گۆکول چاند موکرجیی لەسەر زار قورس بووە، بۆیە ناوی ناوە غەفوور ھیندی، یان غەفوورە ڕەش، یان غەفوور موکرجی و بەم ناوانەوە ناسراوە.

پێکەوەنانی خێزان و مردن[دەستکاری]

خەیرییە ئەیوب غەیوب
خەیرییە ئەیوب غەیوب، سێیەمین ژنی گۆکول چاند موکرجی
گۆڕی گۆکول چاند موکرجی لە گردی سەیوان - سلێمانی
گۆڕی گۆکول چاند موکرجی لە گردی سەیوان - سلێمانی

موکرجی سێ جار ژنی ھێناوە. ژنی یەکەمی ناوی حەبە خان بووە و تەمەنێکی کورت پێکەوە بوون و مردووە. ژنی دووەمی ناوی ئامینە بووە و پێکەوە کچێکیان بووە بە ناوی سەبیحە. پاشتر جیا بوونەتەوە. ژنی سێیەمی ناوی خەیرییە ئەیوب غەیوب بووە، خەڵکی کفری بووە و لە ٢٥ی ئابی ١٩٢٥دا لە شارۆچکەی کفری مارەی کردووە.[٢] خەیرییە لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کردووە. کچ و کوڕێکیان بووە بە ناوەکانی شوکرییە موکرجی (١٩٣١–٢٠١٨) و کەمال موکرجی (١٩٣٣–١٩٨٧)، ھەردووکیان مامۆستا بوون.[٢] موکرجی لە گەڕەکی سابوونکەران لە شاری سلێمانی ژیاوە و پاشتر چووەتە گەڕەکی عەلی ناجی. لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠[١٢]دا لە شاری سلێمانی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.[٢]

موکرجی حەزی لە نووسین و گۆرانییەکانی ڕابیندرەنات تاگۆر بووە و زۆرێکیانی لە بەر بووە.[١١] شەش زمانی زانیوە، ئەوانیش (ھیندی، ئینگلیزی، فارسی، تورکی، عەرەبی، کوردی) بوون.[٢]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ بڕوانامەی تەجەنووس ژمارە ٩٦٣ – فۆڕمی ژمارە ٦. ١٩٣٢
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر کوردستانی نوێ – ژمارە ١٧٠٦ ساڵی ١٩٩٨. لاپەڕەی ژمارە ٥
  3. ^ ئ ا ب ساڵحی ڕەشە, ئەکرەم مەحموود (1987). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة و النشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. pp. ٥٠٥، ٥٠٦.
  4. ^ دەفتەری ڕەگەزنامەی عێڕاقیی بۆ پیاوان. ژمارە ٢٠١٢. حکوومەتی عێڕاقیی - لە ڕێکەوتی ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦دا دەرچوە.
  5. ^ ئ ا بڕوانامەی مەرجداری دەرچوون لە خزمەتی سەربازیی بۆ کەسایەتییە ھیندییەکان بۆ گواستنەوەی کار لە سەربازییەوە بۆ مەدەنیی لە وڵاتی میسۆپۆتامیا - سوپای بەریتانیی - O.F. A-61.
  6. ^ ئ ا ب ساڵحی ڕەشە, ئەکرەم مەحموود (1987). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة و النشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. pp. ٥٠٨.
  7. ^ ئ ا ب دەفتەری ژمێریاریی سەربازی ھیندیی - ژمارە ٠٥٢٠٢٤، لە ساڵی ١٩١٨دا دەرچوە لەلایەن سوپای بەریتانییەوە. لاپەڕە ١٠
  8. ^ دەفتەری ژمێریاریی سەربازی ھیندیی - ژمارە ٠٥٢٠٢٤، لە ساڵی ١٩١٨دا دەرچوە لەلایەن سوپای بەریتانییەوە. لاپەڕە ٧
  9. ^ داواکاریی گەڕاندندەوەی مۆڵەتی شۆفێریی - جی سی مکورجی
  10. ^ ئ ا ب ساڵحی ڕەشە, ئەکرەم مەحموود (1987). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. pp. ٥٠٦.
  11. ^ ئ ا ب ساڵحی ڕەشە, ئەکرەم مەحموود (1987). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. pp. ٥٠٧.
  12. ^ ساڵحی ڕەشە, ئەکرەم مەحموود (1987). شاری سلێمانی - بەرگی یەکەم. بەغداد - عێڕاق: وزارة الثقافة و الاعلام - دار الثقافة والنشر الکردیة - التسلسل ١٦٥. pp. ٥٠٩.