بۆ ناوەڕۆک بازبدە

گریگۆری ڕاسپوتین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گریگۆری یافیموڤیچ ڕاسپۆتین

لەدایکبوون٢٢ی کانوونی دووەم ١٨٦٩
مەرگ٣٠ی کانوونی یەکەم ١٩١٦
ھۆکاری مەرگفیشەک
نەتەوەڕووسی
پیشەجوتیار، گەڕیدە، تیمارکەر،ئامۆژگایکەر
ئایینمەسیحییەت
ھاوسەرپراسکۆڤیا فێدورۆڤنا دەبرۆڤینا
مناڵ(ەکان)دامیترى (١٨٩٥-١٩٣٧)

ماتریۆنا (١٨٩٨-١٩٧٧)

ڤارڤارا (١٩٠٠-١٩٢٥)

گریگۆری یافیموڤیچ ڕاسپۆتین (بە ڕووسی: Григо́рий Ефи́мович Распу́тин، بە ئینگلیزی: Grigori Yefimovich Rasputin) (٢٢ی کانوونی دووەم ١٨٦٩ سیبیریا، پوکرۆفیسکۆی - ٣٠ی کانوونی یەکەم ١٩١٦ سەنت پیتەرزبورگ) لە گوندی پوکرۆفیسکۆی لە سیبیریا لەدایکبووە، قەشەیەکی داوێنپیس و فێڵبازبووە، لە جوتیارێکی کۆلکە و خوێندەوار گەیشتووەتە ناو ماڵ و خێزانی قەیسەری ڕووسی و لەژێر پەردەی ئایینی پیرۆزی مەسیح، بە دەیان وەزیر و ژەنەڕاڵ و فەرمانبەری گەورە و خاوەن پلە و پایەی ڕژێمی لەگەڵدا بوو، بەوە ناسراوە کە ھێزێکی لە ڕادەبەدەری ھەیە لە ھێزی موگناتیسی چاوانی، قەیسەری تێگەیاندبوو کە دەتوانێت پێشبینی‌ ھەموو شتێکی‌ بۆ بکات، تەنانەت لەیەکێک لەپێشبینیەکانیدا بۆ قەیسەری نووسیبوو: «ئەگەر ھەر کەسێکی خزمت بمکوژیت، لەماوەی‌ دووساڵدا ھەموو کەسوکار و وەچەکانت بەدەستی‌ میللەتی‌ رووسی دەکوژرێنەوە» و راست دەرچوو، دوای‌ کەمتر لەدوو ساڵ بەسەر کوژرانی‌ راسپۆتیندا، بەلچەفیەکان قەیسەر و ماڵ و مناڵیان لەسێدارەدا و بەوەش کۆتا بنەماڵەی‌ رۆمانۆڤ لەرووسیادا کۆتایی ھات. لە ساڵی ١٩١٥دا لەکاتی جەنگی‌ جیھانیی یەکەم، کاتێک قەیسەر نیکۆی دووەم بۆ بەسەرکردنەوەی‌ بەرەی شەڕ، سەنت پیتەرزبورگی بەجێھێشتبوو دەسەڵاتی‌ ڕاسپۆتین گەیشتە لوتکە ئەوکات ڕاسپۆتین بە ئارەزووی‌ خۆی وەزیری‌ لادەبرد و وەزیری‌ دادەنا لە جەنگی جیھانیی یەکەم گەورەترین تۆڕی سیخوڕی بۆ ئەڵمانیا گێڕاوە لە دژی ڕژێمی ڕووسیا و ئیتاڵیا بە بەرژەوەندی ملیۆنەھا خەڵکی کەساس و برسی و ڕەش و ڕووتی میللەتانی ژێر چەپۆکی قەیسەری کردووە، پێش دوو شەو لە بۆنەیەکدا لەگەڵ ژەھرخواردکردنیدا بە فیشەک کوژرا، کە پێدەچێت لە لایەن بەریتانیاوە بێت، چونکە ئەوکات ڕاسپۆتین لەوپەڕی‌ کاریگەریدا بوو و خەریک بوو باوەڕ بە قەیسەر بھێنێت کە یەکلایەنە لەگەڵ ئەڵمانیا ڕێکبکەوێت و ئاشتی‌ بکات، ئەمەش واتای شکانی‌ بەریتانیا بوو لەجەنگەکەدا، دەرئەنجام لە ٣٠ی کانوونی یەکەم ١٩١٦ دەکوژرێت.

سەرەتای ژیان

[دەستکاری]
پۆکرۆڤسکۆیە لە ١٩١٢
ڕاسپوتین لەگەڵ منداڵەکانی

گریگۆری یەفیمۆڤیچ ڕاسپوتین لە گوندی بچووکی پۆکرۆڤسکۆیە، بەدرێژایی ڕووباری تورا لە پارێزگای تۆبۆلسک (ئۆبلاستی تیومێنی ئێستا) لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا وەک گوندنشینێک لەدایکبووە.[١] بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، لە ٢١ی کانوونی دووەم [شێوەی کۆن ٩ی کانوونی دووەم] ١٨٦٩ لەدایکبووە و ڕۆژی دواتر تەوفن کراوە.[٢] لەدوای سەینت گریگۆریی نیساوە ناوی لێنرا، کە جەژنەکەی لە ١٠ی کانوونی دووە، بەڕێوەچوو.[٣]

چەند تۆمارێکی کەم لەسەر دایک و باوکی ڕاسپوتین ھەن. باوکی، یەفیم (١٨٤٢-١٩١٦)،[٣] جووتیارێکی گوندنشین و ڕیشسپیی کڵێسا بوو کە لە پۆکرۆڤسکۆیە لەدایکبووە و لە ساڵی ١٨٦٣ لەگەڵ دایکی ڕاسپوتین، ئانا پارشوکۆڤا (نزیکەی ١٨٤٠ – ١٩٠٦) ھاوسەرگیری کردووە. ھەروەھا یەفیم وەک ڕێنوێنی حکومەتیش کاری کردووە، کە خەڵک و کاڵای لە نێوان تۆبۆڵسک و تیومێن دەگواستەوە.[٢][٣] ئەم دوو ھاوسەرە حەوت منداڵی دیکەیان ھەبووە، کە ھەموویان لە تەمەنی کۆرپەیی و سەرەتای منداڵیدا گیانیان لەدەستداوە؛ لەوانەیە منداڵێکی نۆیەم ھەبووبێت بە ناوی فیۆدۆسیا. بە گوێرەی مێژوونووس جۆزێف تی فورمان، ڕاسپوتین بە دڵنیاییەوە لە فیۆدۆسیا نزیک بووە و باوکی ڕۆحی بووە بۆ منداڵەکانی، بەڵام "ئەو تۆمارانەی کە ماونەتەوە ڕێگەمان پێنادەن لەوە زیاتر بڵێین".[٢]

بەپێی مێژوونووس دەگڵەس سمیت, گەنجی و سەرەتای گەورەساڵیی ڕاسپوتین "کونێکی ڕەشە کە ئێمە ھێجی وای لەبارەوە نازانین"، ھەرچەندە نەبوونی سەرچاوە و زانیاریی جێی متمانە رێگر نەبوو لەوەی کەسانی دیکە لە ھەڵبەستنی چیرۆک لەسەر دایک و باوکی ڕاسپوتین و گەنجی دوای بەناوبانگبوونی.[٣] بەڵام مێژوونووسان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە، وەک زۆربەی گوندنشینانی سیبیریا، لەوانیش دایکی و باوکی، ڕاسپوتین بە شێوەیەکی فەرمی پەروەردە نەکراوە و تا سەرەتای گەورەساڵیی خۆی بە نەخوێندەواری ماوەتەوە.[٣][٢] تۆمارە ئەرشیفییە ناوخۆیییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە گەنجێتییەکی تا ڕادەیەک سەربزێوی ھەبووە-کە لەوانەیە خواردنەوە، دزیی بچووک و بێڕێزیکردن بە دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی تێدابووبێت-بەڵام ھیچ بەڵگەیەک نییە کە تۆمەتباری بکات بە دزینی ئەسپ، کوفرکردن یان شایەتیدانی درۆ، ھەموو تاوانە گەورەکان دواتر لە گەنجیدا درانە پاڵی.[٣]

لە ساڵی ١٨٨٦دا. ڕاسپوتین گەشتێکی کرد بۆ ئابالاک، کە نزیکەی ٢٥٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵات و باکووری ڕۆژھەڵاتی تیومێنەوە دوور بوو و ٢٨٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتی مۆسکۆوە دوور بوو. لەوێ کچێکی گوندنشینی بە ناوی پراسکۆڤیا دوبرۆڤینا ناسی. دوای چەند مانگێک لە پەیوەندیی خۆشەویستی، لە شوباتی ساڵی ١٨٨٧ ھاوسەرگیرییان کرد. پراسکۆڤیا لە پۆکرۆڤسکۆیە مایەوە بە درێژایی گەشتەکانی ڕاسپوتین و بەناوبانگبوونی، و تا مردنی لەگەڵیدا مایەوە. ئەو دوو ھاوسەرە حەوت منداڵیان ھەبوو، بەڵام تەنھا سێ منداڵیان تا گەورەساڵی لە ژیاندا مانەوە: دیمیتری (لەدایکبووی ١٨٩٥)، ماریا (لەدایکبووی ١٨٩٨) و ڤارڤارا (لەدایکبووی ١٩٠٠).[٣]

گۆڕینی بیروباوەڕ

[دەستکاری]


لە ساڵی ١٨٩٧دا، ڕاسپوتین حەزێکی نوێی بۆ ئایین دروست بوو و پۆکرۆڤسکۆیەی بەجێھێشت بۆ ئەوەی بچێتە زیارەت. ھۆکارەکانی ڕوون نین؛ بەپێی ھەندێک سەرچاوە بێت، بۆ دەربازبوونی لە سزای دزینی ئەسپ گوندەکەی جێھێشتووە.[٢] سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە ڕاسپوتین بە خەیاڵ مەریەمی پاکیزە یان سەینت سیمیۆن ڤێرخۆتوریێئ بینیوە، لە کاتێکدا ھەندێکی دیکە باس لەوە دەکەن کە بیرۆکەی زیارەتەکەی لە خوێندکارێکی گەنجی ئایینەوانەوە بۆ ھاتووە بە ناوی مێلیتی زابۆرۆڤسکی.[٣] ھۆکارەکانی ھەرچییەک بن، ڕاسپوتین ژیانە کۆنەکەی وەلانا: تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو، دە ساڵ بوو ھاوسەرگیریی کردبوو، کوڕێکی کۆرپەی ھەبوو و منداڵێکی دیکەشی بە ڕێگاوە بوو. بە گوتەی سمیت، بڕیارەکەی تەنھا دەکرا بەھۆی جۆرێک لە تەنگژەییی سۆزداری یان ڕۆحییەوە بووبێت.[٣]

ڕاسپوتین پێشتر زیارەتێکی کورتتری بۆ خانەقای پیرۆزی زانامێنسکی لە ئابالاک و بۆ کڵێسای گەورەی تۆبۆڵسک ئەنجامدابوو، بەڵام سەردانەکەی بۆ خانەقای سەینت نیکۆلاس لە ڤێرخۆتوریە لە ساڵی ١٨٩٧دا تەواو ڕاسپوتینی گۆڕی.[٣] لەوێ، ستارێتس (پیر)ێکی بە ناوی ماکارییەوە ناسی و "بە قووڵی ملکەچی بوو". ڕەنگە ڕاسپوتین چەند مانگێکی لە ڤێرخۆتوریە بەسەر بردبێت، و پێدەچێت لەوێ فێری خوێندنەوە و نووسین بووبێت. بەڵام، دواتر دەیوت کە ھەندێک لە ڕەبەنەکانی ڤێرخۆتویرە خەریکی ھاوڕەگەزخوازی بوون و ڕەخنەی لە ژیانی خانەقاکان گرتووە و بەزۆرەملێ باسی کردووە.[٣] وەک پیاوێکی گۆڕاو گەڕایەوە بۆ پۆکرۆڤسکۆیە، بە شێوەیەکی شپرزە و ڕەفتارێکی نامۆوە. بوو بە ڕووەکخۆر، و سوێندی خوارد کە کحولی نەخواتەوە، و زۆر بە تامەزرۆتر لە ڕابردوو نوێژی دەکرد و گۆرانی دەوت.[٢]

ڕاسپوتین ساڵانی دوایی وەک سترانک (دەربەدەر یان زیارەتکارێکی پیرۆز) بەسەر بردووە، کە بۆ ماوەی چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵیش لە یەک کاتدا پۆکرۆڤسکۆیەی بەجێھێشتووە بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەدا بگەڕێت و سەردانی چەندین شوێنی پیرۆزی جۆراوجۆر بکات.[٣][٣] ئەگەری ھەیە کە لە ساڵی ١٩٠٠دا تا چیای ئاتۆس-ناوەندی ژیانی خانەقای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژھەڵات-گەشتی کردبێت.

تا سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠، ڕاسپوتین بازنەیەکی بچووکی شوێنکەوتوانی پەیدا کردبوو، کە بە پلەی یەکەم ئەندامانی خێزانەکەی و گوندنشێنانی دیکەی ناوچەکە بوون، کە لە ڕۆژانی یەکشەممە و ڕۆژە پیرۆزەکانی دیکەدا لەگەڵیدا نزایان دەکرد کاتێک لە پۆکرۆڤسکۆیە بوو. ڕاسپوتین لەو کاتەدا ھێشتا لەناو ماڵی باوکیدا دەژیا و جێنوێژێکی کاتی دروست کرد لە ژێرزەمینی ماڵی باوکیدا، کۆمەڵەکەی کۆبوونەوەی نھێنیی نزاکردنیان لەوێ ئەنجام دەدا. ئەم کۆبوونەوانە ڕۆژەڤی گومان و دوژمنایەتیی قەشەی گوندەکە و خەڵکی تری گوندەکە بوون. دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە ژنە شوێنکەوتووەکان پێش ھەر کۆبوونەوەیەک بەپێی داب‌ودەستوور ڕاسپوتینیان دەشۆرد، کە کۆمەڵەکە گۆرانی سەیریان دەوتەوە، و تەنانەت کە ڕاسپوتین بەشداریی لە خلیستی کردووە، کە مەزھەبێکی ئایینییە کە دەنگۆ ھەبوو کە نەریتە خۆشیھێنەرەکانیان قامچیلەخۆدان و ڕابواردنی سێکسیی لەخۆ گرتبوو.[٣][٢] بەڵام بە گوێرەی فورمان، لێکۆڵینەوە دووبارەکان نەیانتوانی ئەوە بسەلمێنن کە ڕاسپوتین ئەندامی ئەو مەزھەبە بووبێت، و پێدەچێت دەنگۆی ئەوەی کە ئەو خلیستی بووبێت، بێبنەما بووبن.[٢]

ڕاسۆتین لە سەردەمی منداڵیدا دیدگای بەردەوامی ھەبووە سەبارەت بە ھێزە خوداوەندییەکان و توانایەکی چاککردنەوەی پەرجۆیی، وەک چۆن دەیتوانی بۆ نموونە بە سادەیی بە دەست لێدان لە ئەسپێک چاکی بکاتەوە، بەڵام لە تەمەنی ھەرزەکاریدا ناوی ڕاسپۆتین (بە واتای داوێن پیس دێت لە زمانی ڕووسیدا) بەھۆی ئەوەوە بەدەستھێنا پەیوەندییە سێکسییە ئابڕووبەرەکانییەوە.

کاتێک ڕاسپۆتین تەمەنی گەیشتە سی ساڵ، ھاوسەر و باوکی چوار منداڵ بوو، بەڵام خولیای خواردنەوە و دزینی ئەسپ ھەمیشە پێچەوانەی سەرچاوەی ژیانی خێزانێکی نەریتی بوو، ئەو ڕووداوەش کە ڕۆژێک بە دزینی ئەسپ تۆمەتبار کرابوو، دژایەتی بوو وەرچەرخانێک بوو لە ژیانیدا، دوای ئەوە لە گوندەکە ھەڵھات و پەنای بۆ یەکێک لە خانەقاکان برد، لەوێش پێگەی خانەقای وەرگرت بە درێژایی ژیانی.

ڕاسپۆتین لەژێر کاریگەری ئەزموونە ڕۆحییەکانیدا گوندەکەی بەجێھێشت بۆ ئەوەی ببێتە گەشتکەرێک لە سەرانسەری ڕووسیا و دەرەوەی، و لەم گەشتەدا بۆ ماوەی چەند مانگێک جلەکانی نەدەشۆرد و نە جلەکانی دەگۆڕی و کۆت و بەندە ئاسنییەکانی لەبەر دەکرد کە ئازارەکانی زیاتر دەکرد، ئەم گەشتە ئایینییە سەختانە گەشتێکی بۆ چیای ئەتۆس لە یۆنان لەخۆگرتبوو و یارمەتی دا بۆ بەدەستھێنانی لایەنگرانی کاریگەر وەک «ھێرمۆجینس، قەشەی ساراتۆی».

ڕاسپۆتین لەکاتی گەشتەکەیدا کەوتە ژێر کاریگەریی ڕێبازێکی توندڕەوی نایاسایی کە بە «خالیستی» ناسراوە، کە ئارەزوویان بۆ لێدان و کردارە سێکسییەکان ھەبووە، ڕەنگە تێکەڵبوونی نائاسایی لەنێوان خوداپەرستی و کردەوەی سێکسی نایاسایی و بەتایبەتی ئەوانەی کە ڕوونن ئەو بنەمایەیان پێکھێنابێت کە دواتر کردارە ئایینییەکانی ڕاسپۆتین لەسەری دروستکرابن، ڕاسپۆتین ھەرگیز ئەو بیرۆکەیەی پشتگوێ نەخستووە کە تاک دەتوانێت لە خودا نزیکتر بێتەوە ئەگەر بە مەبەست تاوانێکی ئارەزووبازی ئەنجام بدات و دواتر بە دڵسۆزی پاشگەز بێتەوە و پەشیمان بێت.

کاریگەری و ناوبانگ

[دەستکاری]

تا ساڵی ١٩٠٣ی زایینی، قسە گەیشتبووە سەنت پیتەرزبورگ سەبارەت بەو ھێزە عیرفانییانەی کە لە سیبیریاوە بە چاوێکی دڕندەی درەوشاوە و نیگایەکی شێتانە دێن و وا دیار بوو کە ڕاسپۆتین لە کاتێکی گونجاودا وادەیەکی بۆ چوونە ناو کۆمەڵگەی باڵا داناوە و ئەویش بەشداری لەوەدا کرد چونکە چینی ئەرستۆکراسی حەزی لە پرسەکانی جادوو و ئەستێرەناسی بوو و ئامادەکردنی ڕۆحەکان کە باو بوون.

لە ساڵی ١٩٠٥ی زایینی، ڕاسپۆتین زانایەکی ئایینی ناسی کە وەک ئەندامی ئەکادیمیایەکی ئایینی و دانپێدانەری ئیمپراتۆر کاردەکات، ئەلێکساندرا فیۆدۆرۆنا، و بە داوای چوونە ناو کۆشکی شاھانەی کرد لەڕێگەی بەرپرسانی باڵای کڵێسا و دوو قەشەی قژ ڕەش کە بە قەڵەڕەشەکان ناسراون، کە کاریگەر بوون لە دابینکردنی عیرفانەکان بۆ کۆشک، و بنەماڵەی شاھانەی ڕووسیا لە ڕابردوودا نەریتێکیان ھەبووە کە پیاوە پیرۆزەکان وەردەگرن بۆ ئەوەی بە چەندین شێوە بانگەوازی دەستێوەردانەکانیان بکەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەدایکبوونی نێرێک مسۆگەر دەکەن کە تەختی پادشایەتی بە بۆ ماوەیی وەردەگرێت لە ڕووسیا.

نامه‌یه‌کی ڕاسپۆتین بۆ نیکۆلای دووه‌م

[دەستکاری]

ڕاسپۆت وا خۆی ده‌رده‌خست که‌ ده‌یه‌وێت وا له‌ قه‌یسه‌ری ڕووسی بکات که‌ دووربێت له‌ شه‌ر و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌، له‌ هاوینی ساڵی ١٩١٤ز ،ڕاسپۆتین نامه‌یەکی نووسی بۆ قه‌یسه‌ر نیکۆلای دووه‌م له‌ نامه‌کەدا هاتووه‌: بۆ دواجتر ده‌ڵێم: هه‌ورێکی باراناوی تێکده‌ر له‌ ئاسمانی ڕووسیا ده‌سوڕێته‌وه‌، ڕوداوێکی تاریک، غه‌مگین، بێ ڕووناکی ده‌بینم، ئه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوێکه‌ له‌ فرمێسک و خوێن... چی ده‌ڵێی؟ هیچ وشه‌یه‌ک نادۆزمه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ی پێ باسبکه‌م. هه‌مووان ده‌یانه‌وێت هانتده‌ن بۆ ئه‌و جه‌نگه‌ ،به‌ڵام نازانن وێرانکه‌رییەکەی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێیه‌. تۆ قه‌یسه‌ری باوکی ئه‌م گه‌له‌ی، ڕێگه‌ به‌و ناته‌واوانه‌ مه‌ده‌ بیبه‌نه‌وه‌ و تۆ گه‌له‌که‌ت تێکبشکێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌ڵمانیا پێمان وێرا، چی به‌سه‌ر ڕووسیادا دێت؟ ھه‌موومان نوقمی خوێناو ده‌بین و کاره‌ساته‌که‌ گه‌وره‌ده‌بێت و خه‌مێکی بێ کۆتایی.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Wilson 1964.
  2. 1 2 3 4 5 6 7 8 Fuhrmann 2012.
  3. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 Smith 2016.

بەستەرە دەرەکییەکان

[دەستکاری]

داڕێژە:EB1922 Poster