میر محەممەد پاشای ڕەواندز
پاشای گەورە میر محەممەد پاشای ڕەواندز | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٧٨٣ |
| مەرگ | ١٨٣٨ |
| نەتەوە | کورد |
| پێش | مستەفا بەگ |
| پاش | ڕەسووڵ بەگ |
| ئایین | ئیسلام |
میر محەممەد کوڕی مستەفا بەگی کوڕی میر ئوغوز بەگی بچووک کوڕی میر ئەحمەدە ناسراو بە میر محەممەد پاشای ڕەواندز (١٧٨٣، ڕەواندز – ١٨٣٨، سێواس) ھەروەھا بە میری کۆرە و پاشای گەورە ناسراوە. میری میرنشینی سۆران بووە (١٨١٣–١٨٣٨) کە مەڵبەندەکەی لە سۆران بوو. ناوبراو لە ساڵی ١٨٣٤دا لەشکرکێشی کردە سەر میرنشینی بۆتان و میرەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.[١][٢]
میری کۆرە نازناوی «میری میران»ی ھەبوو. لە سەردەمی میری کۆرەدا، میرنشینی سۆران سوپایەکی بەھێزی پێکھێنا. سوپاکە لە نێوان ٣٠ بۆ ٥٠ ھەزار چەکداری ھۆزەکان پێکھاتبوو کە مووچەی ڕێکخراویان پێ دەدرا و شێوەی سوپایەکی نیشتمانییان ھەبوو. میری کۆرە خۆی ھەموو ئێوارەیەک لەگەڵ ١٠٠ بۆ ٢٠٠ سەرباز لە ھۆزە جیاوازەکان نانی دەخوارد. ژمارەیەکی زۆر لە ھۆزە جیاوازەکان پەیوەندییان بە سوپاکەیەوە کرد وەک ڕەوەندۆک، سیدەک، شێروانی، ڕووسووری، مەلیباس، مزووری، شێخەب، نوریک، خەیلانی، خۆشناو، ھنێرەی، ھەرکی، شێخ مەحموودی، کاسان، دێرەجیکی، بامامی، سێکو، شیکوڵی، مەندیک، بایمار، باڵەک و پیراجی.[٣][٤]
محەممەد پاشای ڕەواندز چەندین جار بەرپرسیار بووە لە کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان. لە ساڵی ١٨٣٢دا، ھەزاران ئێزیدی لە ناوچەی باعەدرێ و شێخان لەلایەن محەممەد پاشای ڕەواندزەوە و بە ھاوکاری میر بەدرخان بەگ، میری بۆتان، کوژران.[٥][٦]
ڕێگای گەیشتن بە دەسەڵات
[دەستکاری]لە ساڵی ١٨١٤دا، لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا، لە شوێنی مستەفا پاشای باوکی بوو بە میری سۆران. محەممەد پاشا وەک کەسێکی دڵڕەق وێنا دەکرێت کە پێدەچێت لە پێناو مانەوە لە دەسەڵاتدا سڵی لە کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەشی نەکردبێتەوە. ھەر بۆیە ئەو گومانە ھەبوو کە باوکی خۆی کوێر کردبێت تاوەکو خۆی ببێت بە میر، بەڵام ئەمە لەلایەن پزیشکێکی ئینگلیزەوە کە چارەسەری باوکی کردبوو، ڕەتکرایەوە.
دوای ھاتنە سەر دەسەڵات، ڕکابەرە ئەگەرییەکانی لەناو برد. عەبدوڵڵا ئاغای خەزنەداری بە پیلانگێڕی تۆمەتبار کرد و لە سێدارەی دا. پاشان محەممەد پاشا دەستی کرد بە جەنگ دژی مامەکانی. لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ١٨١٤، قەڵای «شتێین»ی گەمارۆ دا کە تەیموور ئاغای مامی لێ بوو. دوای چوار ھەفتە لە گەمارۆدان، مام و ئامۆزاکەی لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٨١٥دا لە سێدارە دران. ماوەیەکی کەم دوای ئەوە، یەحیا بەگی مامی تری تێکشکاند و لە سێدارەی دا.[٧]
ھەڵمەتە سەربازییەکان و سەربەخۆیی
[دەستکاری]دوای ئەوەی ڕکابەرە ناوخۆیییەکانی لەناو برد، دەستی کرد بە فراوانکردنی میرنشینەکەی. سەرەتا شووراکانی شاری ڕەواندزی بەھێز کرد و قەڵایەکی لەسەر گردێکی دەرەوەی شارەکە دروست کرد. پاشان ڕووی کردە ھۆزە دراوسێکان. ئەو وەک میرێکی بێبەزەیی دەبینرا کە ھەموو نەیارە شکستخواردووەکانی لە سێدارە دەدا. دەیویست ناوچەی نێوان زێی گەورە و زێی بچووک داگیر بکات. بۆ ئەم مەبەستە ناچار بوو شەڕ لەگەڵ میرنشینی بابان بکات. شارەکانی ھەریر (١٨٢٢)، کۆیە (تشرینی یەکەمی ١٨٢٣)، ڕانیە (شوباتی ١٨٢٤)، مەخموور و پردێی لە ئەیلوولی ١٨٢٣دا داگیر کرد. بەمەش بابانییەکانی وەدەرنا و زێی بچووک بوو بە سنووری نێوان سۆران و بابان. عەلی ڕەزا پاشا، والی عوسمانی لە بەغدا، نەیتوانی ھیچ بکات و نازناوی «پاشا»ی پێ بەخشی. سەرەڕای ئەوەش، محەممەد پاشا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و وەک نیشانەیەک بۆ سەروەرییەکەی، وتاری ھەینی بە ناوی خۆیەوە خوێندرایەوە. دەستی کرد بە دروستکردنی سوپایەکی گەورە و کارگەی چەک و تەقەمەنی دامەزراند. ھەروەھا سکەی پارەی لێدا کە لەسەری نووسرابوو «الامیر المنصور محمد بیک».
بەھۆی ئەو بۆشایییە دەسەڵاتەی کە لە ناوچەکەدا دروست بوو (بەھۆی لاوازبوونی بابان، جەنگی ڕووسیا-عوسمانی ١٨٢٨–١٨٢٩، و جەنگی میسر-عوسمانی ١٨٣١–١٨٣٣)، ھێزێکی ھۆزەکانی برد بۆ ڕەواندز و قەڵایەکی لە شارەکەدا دروست کرد و سوپایەکی ڕێکخست. لە نێوان ساڵانی ١٨٣١ بۆ ١٨٣٤دا توانی چەندین شار و شارۆچکە لە میرنشینە کوردییەکانی تردا بگرێت. لە ساڵی ١٨٣١دا میرنشینی بادینانی لە ئامێدی داگیر کرد. پاشان دەسەڵاتی خۆی بۆ مێردین، جزیرە و نسێبین فراوان کرد و «میر سەیفەددین»ی فەرمانڕەوای بۆتانی ناچار کرد دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنێت، ئەمەش بووە ھۆی نیگەرانییەکی جددی لە قوستەنتینیەی پایتەختی عوسمانی. پاشان ئاکرێی گرت و دەستی کرد بە چەوساندنەوەی ئێزدییەکان لە ناوچە تازە داگیرکراوەکاندا.
دواتر ھەلێکی تری بۆ ڕەخسا بۆ فراوانکردنی خاکەکەی. مەلا یەحیا، کە ئەندامێکی ھۆزی مزووری بوو لە میرنشینی بادینان، داوای یارمەتی لە محەممەد پاشا کرد لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا. عەلی ئاغای سەرۆک ھۆزی مزووری لەلایەن میر عەلی بەگی سەرۆکی ئێزدییەکانەوە کوژرابوو. سەعید پاشای میری بادینان ڕێگەی نەدا مزوورییەکان تۆڵە بکەنەوە، بۆیە مەلا یەحیا ڕووی کردە محەممەد پاشا و داوای لێکرد تۆڵە لە ئێزدییەکانی چیای شنگال بکاتەوە. محەممەد پاشا ئەم ھەڵمەتەی وەک دەرفەتێک بەکارھێنا بۆ داگیرکردنی میرنشینی بادینان. فەتوایەکی دژی ئێزدییەکان لەلایەن «مەلا محەممەد خەڵتی»ی موفتییەکەیەوە دەرکرد و لە ساڵی ١٨٣١/٣٢دا لە زێی گەورە پەڕییەوە.
لە ساڵی ١٨٣٢دا، محەممەد پاشا و ھێزەکانی کۆمەڵکوژییەکیان دژی ئێزدییەکان لە گوندی «خەتارێ» ئەنجامدا. دواتر ھێرشیان کردە سەر ئێزدییەکانی ناوچەی باعەدرێ-شێخان و زۆرێکیان لێ کوشتن. لە ھەوڵێکی تردا، خۆی و سوپاکەی زیاتر لە ٣٠٠ گوندی ئێزدییان داگیر کرد. میر زیاتر لە ١٠ ھەزار ئێزدی ڕفاند بۆ ڕەواندز و بژاردەی خستنە بەردەمیان: یان ببنە موسڵمان یان بکوژرێن. زۆربەی ئێزدییەکان بوون بە موسڵمان و ئەوانەی ڕەتیان کردەوە کوژران.
محەممەد پاشا بە دڕندەیییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئێزدییەکان کرد و ھەزارانی لێ کوشتن. ھەندێک لەو ئێزدییانەی ڕزگاریان بوو بەرەو توور عەبدین و مووسڵ ڕایان کرد. گوند و دێرە مەسیحییەکانیش ھێرشیان کرایە سەر و تاڵان کران. دوای «تۆڵەکردنەوە» بۆ سەرۆک ھۆزەکە، شاری ئاکرێی گرت. دوای گرتنی ئاکرێ، ئامێدی پایتەختی میرنشینی بادینان کەوت و سەعید پاشا ھەڵات. بە کەوتنی ئامێدی، تەواوی میرنشینەکە کەوتە ژێر دەسەڵاتی محەممەد پاشا. لەو کاتەدا ئەو کۆنترۆڵی ناوچەکانی نێوان زێی بچووک تا ڕووباری خابووری دەکرد.
دواتر بەرەو باکوور ڕۆیشت و جزیرەی داگیر کرد. لەوێوە ھەڕەشەی لە شارەکانی مێردین و نسێبین دەکرد، بەڵام ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ ئامێدی کاتێک سەعید پاشا سوودی لە غیابی ئەو وەرگرت بۆ ڕاپەڕین. محەممەد پاشا سەعید پاشای تێکشکاند و تۆڵەیەکی سەختی لە شارەکە کردەوە.
محەممەد پاشا دەسەڵاتی خۆی بەھێزتر کرد کاتێک کوردانی «مللی» خستە ژێر ڕکێفی خۆی و کۆنترۆڵی ناوچە گرنگەکانی وەک مێردین، ڕحا، ئامەد و سێوەرەکی کرد. بە بەدەستھێنانی دڵسۆزی ئەم ھۆزە بەھێزە، مەودای سیاسی خۆی فراوانتر کرد و ھاوسەنگی ھێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی.
میر ھەوڵی دا مەسیحییە ئاشوورییەکانی «تیاری خواروو» لە ساڵی ١٨٣٤دا بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام لە نزیک گوندی «لێزان» تووشی شکستێکی سەخت بوو. ئەم شکستە وای لە عوسمانییەکان کرد دووبارە ھەڵسەنگاندن بۆ ھێزی میرنشینەکە بکەن و پلانێک بۆ داگیرکردنی دابڕێژن.
عوسمانییەکان لە ترسی ھاوکاری نێوان میرنشینی سۆران و محەممەد عەلی پاشای میسر، لە ساڵی ١٨٣٤دا سوپایەکیان نارد بۆ سۆران. میر توانی ھێزەکان تێکبشکێنێت و بەرەو ئێران پێشڕەوی بکات. ئەمەش وای کرد پیاوە ماقوڵانی برادۆست، ئاکرێ و ئامێدی شکات لەلای ڕەشید محەممەد پاشای دەوڵەتی عوسمانی بکەن و بانگەشەی ئەوە بکەن کە لەلایەن میر دەچەوسێنرێنەوە.
عوسمانییەکان پلانێکی تۆکمەیان بۆ داگیرکردنی ناوچەکە دانا. لە ساڵی ١٨٣٦دا ھێرشێکی عوسمانی دەستی پێکرد کە میری ناچار کرد پاشەکشە بکات بۆ ڕەواندز، ئەمەش بە پلەی یەکەم بەھۆی نەبوونی پشتگیری لەلایەن ھۆزە ھاوپەیمانەکانییەوە بوو.[٨][٩][١٠][١١][١٢][١٣][١٤][١٥][١٦][١٧][١٨][١٩][٢٠][٢١][٢٢]
شکست و دەرەنجامەکان
[دەستکاری]س سوڵتانی عوسمانی لە ئەستەنبوڵ چیتر نەیتوانی بێدەنگ بێت و ھێزی دژی محەممەد پاشا کۆکردەوە. محەممەد عەلی پاشای یاخیبووی میسر بە عوسمانییەکانی ڕاگەیاندبوو کە نابێت سووکایەتی بە محەممەد پاشای تووڕە بکرێت. گومان لەوەی کە ھەردوو یاخیبووەکە لە پەیوەندیدا بن، کێشەکەی قورستر کرد. لە ساڵی ١٨٣٤دا سوپایەکی عوسمانی بە سەرۆکایەتی ڕەشید محەممەد پاشا بەرەو سۆران نێردرا و سەربازانی والییەکانی مووسڵ و بەغداش چوونە پاڵیان.[٢٣]
محەممەد پاشا لە ساڵی ١٨٣٨دا لە ڕەواندز گەمارۆ درا و تێکشکا. جێگەی ئاماژەیە کە ڕەشید محەممەد پاشا پێشتر فەتوایەکی دەرکردبوو کە شەڕکردنی جەنگاوەرە موسڵمانەکانی محەممەد پاشای دژی سوپای خەلیفەی عوسمانی حەرام کردبوو. محەممەد پاشا بانگکرا بۆ ئەستەنبوڵ و لەلایەن سوڵتان مەحموودی دووەمەوە پێشوازی لێکرا. بڕیار درا کە محەممەد پاشا بۆ ترابزۆن دووربخرێتەوە، بەڵام لە ڕێگادا لە ناوچەی دەریای ڕەش بێسەروشوێن بوو. دەوڵەتی عوسمانی پشتگیری لە ڕەسووڵی برای کرد وەک میری میرنشینەکە، بەڵام لە کۆتاییدا میرنشینەکە بوو بە قوربانی سیاسەتی مەرکەزییەتخوازی دەوڵەتی عوسمانی.[٢٤]
تێڕوانینەکان
[دەستکاری]محەممەد پاشای ڕەواندز لەگەڵ بەدرخان بەگ وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی کوردایەتی وەسف دەکرێت. ئەو بەھرەیەکی زۆری ھەبوو لە ھەماھەنگی سوپا و یەکخستنی ھۆزە جیاوازەکانی کورد لەژێر یەک چەتریدا سەرەڕای ناکۆکییەکانیان بۆ وەستانەوە دژی حکوومەتی ناوەندی عوسمانی. شێوازە سەربازییەکانی زۆر تووند و دڵڕەق بوون بەرامبەر بە دوژمن و فەرمانی سەربڕینی زۆرێک لە دیلەکانی دابوو.[٢٥]
بەردەوام دژایەتی کەمینە ئایینییەکانی مەسیحی و ئێزدی دەکرد، کە لە ئەنجامدا بووە ھۆی کوژرانی چەندین ھەزار ئێزدی و مەسیحی. ئەو ئێزدییەکانی بە «شەیتان پەرست» ناو دەبرد. ھەروەھا فەرمانی چەندین ھێرشی بۆ سەر گوندە مەسیحییەکانی وەک ئەلقۆش لە ساڵی ١٨٣٣دا دابوو. لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیدا، ئەم کەمینانەی وەک ھاووڵاتی پلە دوو دەبینی. ئامانجی سەرەکی محەممەد پاشا دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆی کوردی-ئیسلامیی بوو.[٢٦]
میرات
[دەستکاری]ھەندێک نیشانەی ھۆشیاریی نەتەوەیی کوردی لە میرنشینی سۆراندا بەدی دەکران، لەوانە ئارەزووی یەکخستنی ھەموو ناوچە کوردییەکان لەژێر یەک فەرمانڕەوایەتیدا و بەکارھێنانی پۆشاکی کوردی وەک یۆنیفۆرمی سەربازی بۆ سوپاکەی. لەم بارەیەوە، ڕەسوڵی برای میری کۆرە بە نووسەر و گەڕیدەی بەریتانی «فرێدریک میلینگن»ی ڕاگەیاندووە:[٢٧]
«ئەو بە بلیمەتییەکی بەرزەفڕەوە، بیرۆکەیەکی مەزنی لە مێشکدا بوو بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی لە دەسەڵاتی سوڵتانەکان و چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی. محەممەد پاشا بە کۆکردنەوەی سیفاتەکانی فاتیح و یاسادانەر، توانی ھەژموونی خۆی بەسەر ویلایەتە دراوسێکانی کەرکووک و مووسڵدا فراوان بکات و ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی کورد لەژێر ئاڵاکەیدا کۆبکاتەوە.»
جگە لەوەش، (غالب)ی توێژەر دەنووسێت:[٢٨]
«لە ماوەی چەندین سەدەی حوکمڕانی عوسمانیدا، کوردەکان نەیانتوانی ھەستێکی ھاوبەش لە نێوان خۆیان و فەرمانڕەوا باڵادەستەکاندا دروست بکەن. کوردەکان ئەو خۆشی و بەختەوەرییەیان لە یاد بوو کە لە سایەی سۆران و میرنشینە کوردییەکانی تردا ھەیانبوو، بۆیە پێشوازییان لە بەرپرسانی عوسمانی نەدەکرد. یادکردنەوەی ڕابردوو گرنگە بۆ ئەوەی مرۆڤ مێژووی خۆی لە یاد نەچێتەوە.»
ئەمانەش ببینە
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ NEBEZ, Jemal (2017-08-14). Der kurdische Fürst MĪR MUHAMMAD AL-RAWĀNDIZĪ genannt MĪR-Ī KŌRA: Ein Beitrag zur kurdischen Geschichte (in German). epubli. ISBN 978-3-7450-1125-8.
- ↑ https://www.cambridge.org/core/books/cambridge-history-of-the-kurds/end-of-kurdish-autonomy/9FA3CB919480C3748DA40C082FC2E5BF
- ↑ https://books.google.com/books?id=ubaKDwAAQBAJ&dq=shahrizor+Kirkuk&pg=PA163
- ↑ https://leicester.figshare.com/articles/thesis/Kurds_and_Kurdistan_in_the_View_of_British_Travellers_in_the_Nineteenth_Century/10239464/1
- ↑ https://www.nzz.ch/international/nahost-und-afrika/bedrohte-minderheiten-im-orient-jagd-auf-den-engel-pfau-ld.135327
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Yezidis.html?hl=ar&id=3RNEBAAAQBAJ
- ↑ https://figshare.le.ac.uk/articles/thesis/Kurds_and_Kurdistan_in_the_View_of_British_Travellers_in_the_Nineteenth_Century/10239464
- ↑ https://www.cambridge.org/core/books/cambridge-history-of-the-kurds/end-of-kurdish-autonomy/9FA3CB919480C3748DA40C082FC2E5BF
- ↑ https://books.google.com/books?id=FCbspX-dGPYC&q=bedir+khan+beg+yazidis&pg=PA63
- ↑ https://www.nzz.ch/international/nahost-und-afrika/bedrohte-minderheiten-im-orient-jagd-auf-den-engel-pfau-ld.135327
- ↑ http://www.atour.com/education/20000825a.html
- ↑ https://referenceworks.brill.com/display/entries/EIEO/SIM-1044.xml
- ↑ Sabah Abdullah Ghalib, The Emergence of Kurdism with Special Reference to the Three Kurdish Emirates within the Ottoman Empire, 1800–1850, p.113.
- ↑ https://books.google.com/books/about/Assyrians_Kurds_and_Ottomans.html?hl=ar&id=Zd9ynQAACAAJ
- ↑ Ross, Mosul, 19 November 1847. From Ross to Layard, 61,63,79
- ↑ https://books.google.com/books/about/Letters_from_the_East.html?hl=ar&id=zY8LAQAAIAAJ
- ↑ https://books.google.com/books/about/Dr_Grant_and_the_Mountain_Nestorians.html?hl=ar&id=qWedPP1eakYC
- ↑ https://www.cambridge.org/core/books/cambridge-history-of-the-kurds/end-of-kurdish-autonomy/9FA3CB919480C3748DA40C082FC2E5BF
- ↑ https://books.google.com/books/about/Assyrians_Kurds_and_Ottomans.html?hl=ar&id=Zd9ynQAACAAJ
- ↑ Ross, Mosul, 19 November 1847. From Ross to Layard, 61,63,79
- ↑ https://books.google.com/books/about/Letters_from_the_East.html?hl=ar&id=zY8LAQAAIAAJ
- ↑ Eppel (2018), pp. 42–43
- ↑ Eppel (2018), p. 43.
- ↑ Eppel (2016), p. 56.
- ↑ https://books.google.com/books/about/The_Kurdish_National_Movement.html?hl=ar&id=FCbspX-dGPYC
- ↑ https://www.taylorfrancis.com/chapters/edit/10.4324/9781315627427-4/kurdish-emirates-michael-eppel
- ↑ Millingen (1870), p. 184.
- ↑ Ghalib (2011), p. 111.