کەنشتە




کەنشتە[١] یان ھەورا، یاخود سیناگۆگ[٢][٣] (بە عیبری: בית כנסת؛ خوێندنەوە: 'بەیت کنێست' - بە واتای «ماڵی کۆبوونەوە»)، ھەروەھا پێشی دەوترێت شول (کە بە واتای قوتابخانە دێت بە یدیش) یان بەسادەیی پەرستگا، شوێنی پەرستش یاخود پەرستگای جوولەکەکان یان سامرییەکانە. ھاوشێوەی مزگەوتێک بۆ موسڵمانان، وە کڵێسا بۆ مەسیحییەکان.
کەنشتە وەک ماڵی نوێژکردنە. کەنشتەکان خزمەتگوزاری یان ڕێوڕەسمی ئایینییان ھەیە وەک نوێژی ڕۆژانە، نوێژی شەبات (شەممە) ئاھەنگی ھاوسەرگیری، بێر میتسوا و بات میتسوا (ڕێوەڕەسمی پێگەیشتووییی تەمەن بۆ ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئایینی). زۆرجار کەنشتەکان ژووری خوێندن، ھۆڵی کۆمەڵایەتی، نووسینگەی کارگێڕی و خێرخوازی، پۆل بۆ خوێندنە ئایینی و عیبرییەکان و شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرن. زۆرجار کارە ھونەرییە یادگارییەکان، مێژوویییەکان، یان مۆدێرنەکان شانبەشانی ئەو شتانەی کە گرنگیی مێژووییی جوولەکەکانیان ھەیە یان پێشانگاکان سەبارەت بە خودی کەنشتەکە نمایش دەکرێن.
کەنشتەکان ئەو بینایانەن کە بۆ نوێژی جوولەکەکان، خوێندن و فێربوون، کۆبوونەوە و خوێندنەوەی تەورات بەکاردەھێنرێت.[٤] تەورات (یان پێنج کتێبی مووسا) بە شێوەیەکی نەریتی بەتەواوی لە ماوەی ساڵێکدا بە بەشە ھەفتانەیییەکان لە کاتی خزمەتەکاندا دەخوێندرێتەوە، یان لە ھەندێک لە کەنشتەکاندا بە خولێکی سێ ساڵە دەخوێندرێتەوە. بەڵام بینای کەنشتە وەکوو خۆی بۆ بەڕێکردنی پەرستشی جوولەکەکان پێویست نییە. ھالاخا (یاسا/شەریعەتی جوولەکەکان) دەڵێت کە دەتوانرێت پەرستشی کۆمەڵەی جوولەکەکان لە ھەر شوێنێکدا ئەنجام بدرێت کە کۆمەڵێک لە لانیکەم ١٠ کەسی گەورەی جوو پێکھاتبێت کە زۆرجار (بەڵام مەرج نییە) لەلایەن حاخامێکەوە سەرکردایەتی (ئیمامێتی)ی بکرێت. ئەمە جەوھەری پەرستشی کۆمەڵەی جوولەکەکانە، کە دەتوانرێت بە تەنیا یان بە کەمتر لە دە کەسیش ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوە ھەندێک نوێژ و ھەروەھا خوێندنەوەی کۆمەڵایەتیی تەورات بەدەر دەکات. لە ڕووی ڕێوڕەسمی تایبەت و ئەرکە ئایینییەکانەوە، کەنشتەکان جێگەی بەیتول مەقدیس لە قودس ناگرنەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «کەنشتە- فەرھەنگ». ڤەژینلێکس. لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٦ ھێنراوە.
- ↑ «Definition of SYNAGOGUE». Merriam-Webster.com Dictionary. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «SYNAGOGUE Definition & Meaning | Dictionary.com». Dictionary.com. لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ Posner، Menachem. «What Is a Synagogue? - The Jewish Place of Worship». لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ھێنراوە.