بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کەمپی یەرمووک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کەمپی یەرمووک
دامەزران١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٧
وڵاتسووریا
دابەشکاریی کارگێڕیدیمەشق
پۆتانی شوێن٣٣°٢٨′٢٧″N ٣٦°١٨′١١″E
ڕووبەر٢٫١١ کیلۆمەتر چوارگۆشە
کۆدی تەلەفۆن11
Map
شەقامی یەرمووک

کەمپی یەرمووک کەمپێکی پەنابەرانی فەلەستینییە لە دیمەشقی سووریا. لە ساڵی ١٩٥٧ دوای نەکبەی فەلەستینی دامەزراوە و نزیکەی ٨ کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە. پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سووریا، ئەو کەمپە نزیکەی ١٦٠ ھەزار پەنابەری فەلەستینی تێدابوو.[١]

ڕووبەر و خزمەتگوزارییەکان

[دەستکاری]

ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٫١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە کەمپەکەدا چوار نەخۆشخانە و ژمارەیەک قوتابخانەی ئامادەیی ھەن کە لەلایەن حکوومەتەوە بەڕێوەدەبرێن. ئاژانسی ئۆنروا (UNRWA) ٢٠ قوتابخانەی سەرەتایی و ھەشت قوتابخانەی ناوەندی لە کەمپەکەدا بەڕێوەدەبات، ھەروەھا سەرپەرشتی دوو ناوەندی پرۆگرامی ژنانیش دەکات. سێ بنکەی چاودێری تەندروستی سەر بە ئۆنروا لە یەرمووک ھەبوون، کە دووانیان لە ساڵی ١٩٩٦ بەھۆی بەخشینەکانی حکوومەتی کەنەداوە نۆژەنکرانەوە. لە ساڵی ١٩٩٧، شەش قوتابخانە بەھۆی بەخشینەکانی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەرەیان پێدرا، و باخچەیەکی ساوایان بە پارەی حکوومەتی ئوسترالیا دروست کرا. لە ساڵی ١٩٩٨، ئۆنروا توانی ناوەندێکی تەندروستی بە پارەی حکوومەتی ھۆڵەندا دروست بکات. ھەروەھا ناوەندێکی تەندروستی دیکە تایبەت بوو بە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشیی تالاسیمیا. ئەم ناوەندە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە پارەی ئاژانسی ئیسپانی بۆ ھاوکاری گەشەپێدانی نێونەتەوەیی (AECID) دروست کرا.[٢][٣]

شەڕی ناوخۆیی سووریا

[دەستکاری]

لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریادا، کەمپی یەرمووک بووە گۆڕەپانی شەڕێکی قورس لە نێوان سوپای ئازادی سووریا و ھاوپەیمانە فەلەستینییەکەی «لیوا العاصفە» لە لایەک، و بەرەی گەلی بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین - فەرماندەیی گشتی (PFLP-GC) کە لەلایەن ھێزەکانی حکوومەتی سووریاوە پشتیوانی دەکرا لە لایەکی دیکەوە. دواتر، سوپای سووریا کەمپەکەی گەمارۆدا، کە بووە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە دانیشتووانەکەی ناوچەکە بەجێبھێڵن و بارودۆخ بۆ زیاتر لە ١٨ ھەزار پەنابەری فەلەستینی و سوورییەکانی تر کە لەناو کەمپەکەدا مابوونەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بوو، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە «بێبەشبوونی تەواو» وەسفی کردن.

لە سەرەتای نیسانی ٢٠١٥، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) زۆربەی کەمپی یەرمووکی داگیرکرد، کە بووە ھۆی پێکدادانی چەکداری لەگەڵ میلیشیای فەلەستینی «ئەکناف بەیتولمەقدیس». لەم قۆناغەدا، ژمارەی دانیشتووان بە ١٨٬٠٠٠ کەس مەزەندە دەکرا. دوای شەڕێکی قورس لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ٢٠١٨، ھێزەکانی حکوومەتی سووریا کەمپەکەیان کۆنترۆڵکردەوە، و ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ ٦٠٠ خێزان کەمبووەوە.[٤][٥]

گەمارۆ و برسێتی

[دەستکاری]

ھێزەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بە حکوومەت، کەمپەکەیان بە تەواوی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٣ەوە گەمارۆدا. نزیکەی ١٨ ھەزار پەنابەری فەلەستینی گەمارۆدران، و تا سەرەتای شوباتی ٢٠١٤، نزیکەی ٩٧ پەنابەری فەلەستینی لە منداڵ و ژن و پیر بەھۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا. کەمپەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ مانگ بە شێوەی پچڕپچڕ گەمارۆدرابوو، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر لە ١٨٠ ڕۆژی لەسەریەک بە تەواوی گەمارۆدرابوو.[٦]

ھەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی دۆخی مرۆیی

[دەستکاری]

چەندین ھەوڵ ھەبوون بۆ ڕزگارکردنی دۆخی مرۆیی، لەوانە ھەوڵێک بۆ گەیاندنی ٥٠٠٠ بەشی خۆراک کە لە گەڕەکی زاھیرەوە دابینکرابوو بۆ کەمپەکە، بەڵام ھێزەکانی ڕژێمی سووریا و ھێزە لایەنگرەکانی کە کەمپەکەیان گەمارۆدابوو، ڕێگرییان لە چوونەژوورەوەی خۆراکەکە کرد و شەوانە تاڵانیان کرد.

ھەوڵێکی دیکە بریتی بوو لە دەرکردنی ٣٠٠ نەخۆش و بریندار لە دانیشتووانی کەمپەکە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، بەڵام ھێزەکانی ڕژێمی گەمارۆدەر تەقەیان لێکردن کاتێک دەچوونە دەرەوە، ئەمەش وای لێکردن بگەڕێنەوە.

ھەروەھا ھەوڵگەلێک ھەبوون بۆ ڕاگرتنی گەمارۆکە یان ھاوپشتی لەگەڵ خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی بەخشین. لە فەلەستین، یەکێک لە گەورەترین ھەڵمەتە میدیایییەکان بۆ پشتیوانیکردنی پەنابەرە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکانی کەمپی یەرمووک لە سووریا بە ناوی «ئێرە کەمپی یەرموکە» دەستیپێکرد، و زیاتر لە ٦٠ ڕادیۆی فەلەستینی بەشدارییان تێدا کرد و بە شێوەیەکی یەکگرتوو پەخشیان دەکرد. ھەڵمەتی دیکەش ھەبوون وەک ھەڵمەتی «کەمپی یەرمووک ڕزگار بکەن».

لەکاتی گەمارۆکەدا، گواستنەوە و تەکسی ڕاگیران، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان داخران، کارەبا بۆ ماوەی چەندین مانگ بڕا و بارودۆخی ژیان زۆر سەخت بوو.

ژمارەی شەھیدانی برسێتی و گەمارۆ لە کەمپەکەدا تا ڕۆژی ٢٦ی تەممووزی ٢٠١٤ گەیشتە ١٥٤ کەس.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «مخيم اليرموك (مخيم لاجئين غير رسمي*) | الأونروا». الأونروا (بە عەرەبی). لە ٣ی شوباتی ٢٠٢٣ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  2. https://web.archive.org/web/20070629185659/http://www.un.org/unrwa/refugees/syria/yarmouk.html
  3. «وەشانی ئەرشیڤکراو». لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. https://web.archive.org/web/20251027002022/https://www.theguardian.com/world/2014/feb/26/queue-food-syria-yarmouk-camp-desperation-refugees
  5. https://web.archive.org/web/20210304211002/https://arabic.rt.com/middle_east/1178206-%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%AE%D9%8A%D9%85-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B1%D9%85%D9%88%D9%83-%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D8%B7%D9%8A%D9%86%D9%8A-%D8%A8%D8%AF%D9%85%D8%B4%D9%82-%D9%8A%D8%A8%D8%AF%D8%A4%D9%88%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%88%D8%AF%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%8A%D9%87/
  6. https://web.archive.org/web/20140306212905/http://paltimes.net/details/news/58310/4-%D8%B4%D9%87%D8%AF%D8%A7%D8%A1-%D9%82%D8%B6%D9%88%D8%A7-%D8%AC%D9%88%D8%B9%D8%A7%D9%8B-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D8%B1%D9%85%D9%88%D9%83.html