کەرامات
لە سۆفییایەتیدا، کەرامات بە کاری سەیر و سەمەرەی نائاسایی دەڵێن کە لە ئەولیا دەبێتەوە، وەک پێشگۆییکردنی داھاتوو، یا زانینی ڕازی نھێنی و، لەمانە. کەرامات ھیی ئەولیایە و، موعجیزە ھیی پێغەمبەرانە. کەرامات کۆی کەرامەتە. لە وشەنامەکانی زانستە ئیسلامییەکاندا، کەرامەت زیاتر بە دیارییەک دەوترێ کە خوا بە مرۆڤی دەدا یا لوتفێک کە دەرھەقی دەیکا.[١] ھەندێ کەس دەڵێن پەیدابوونی کەرامات لە ئەولیا دەشێت، بەو مەرجەی کە بگەڕێنرێتەوە بۆ ھێزی خوا. ئەولیاش لەم بەھرەیە کە ھەیانە بۆ پەروەردە و ژیرکردنی خەڵکی ئاسایی و پاککردنەوەی گیانیان لە عەیب و کەموکووڕی کەڵک وەردەگرن.[٢]
لە دنیای نوێدا، بە تایبەت لە لایەن سەلەفییەت و وەھابییەت و ھەندێ بزاڤی ئیسلامیی ترەوە، ئەولیا و کەراماتی ئەولیا بەر ھێرش و شاڵاوی توند کەوتووە و بە نائیسلامی و تەنانەت بە درۆ و دەلەسە دەزانرێ.[٣]