بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کێشەی مووسڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
دابەشکردنی وڵاتانی شام لە نێوان داگیرکەران بەپێی ڕێکەوتنامەی سایکس–پیکۆ، و مووسڵ لە دیووی ڕۆژاوا دەردەکەوێت، جیاکراوەتەوە لە عێراق.

کێشەی مووسڵ یان پرسی مووسڵ قەیرانێکی دیپلۆماسییە کە لە نێوان شانشینی عێراق و کۆماری تورکیا دوای جەنگی جیھانیی یەکەم لەسەر چارەنووسی ویلایەتی مووسڵ سەریھەڵدا. مووسڵ بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی تا کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەم کە لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکرا. دوای شەڕی سەربەخۆییی تورکیا، تورکیای تازە پێکھاتوو مووسڵی بە یەکێک لەو پرسە چارەنووسسازانە زانی کە لە پەیمانی نیشتمانیدا ھاتووە. سەرەڕای بەرخۆدانی بەردەوام، بەریتانیا توانی ئەم پرسە بخاتە قۆناغی نێونەتەوەییی و پەرەی پێبدات بۆ ناکۆکی سنووری نێوان تورکیا و عێراق.

لەکاتی دانوستانەکان بۆ پەیماننامەی لۆزان، لایەنی تورکی ئاماژەی بەوە دەکرد کە کورد و تورک «لە ڕووی نەژادییەوە لێکجیاناکرێنەوە» و عەرەبەکان تەنھا کەمینەیەکی دانیشتووان پێکدەھێنن. تورکیا داوای مافی چارەنوسی دەکرد بۆ دانیشتووانەکە و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە زۆرینەی خەڵکەکە دەیانەوێت ببنە بەشێک لە تورکیا. بەریتانییەکان بەوە وەڵامیان دایەوە کە کوردەکان ڕەگەزی «ھیندۆ-ئەورووپی» ن و تورکەکانیش ڕەگەزی «تۆرانی» ن، و لە ٤ی شوباتی ١٩٢٣دا، لایەنەکان بڕیاریاندا کە پرسی مووسڵ لە دانوستانەکانی پەیمانی لۆزان دەربھێنرێت.

لە ١٩ی ئایاری ١٩٢٤، کۆنفرانسی ئەستەنبوڵ لە نێوان تورکیا و بەریتانیا بەسترا. لە کۆنفرانسەکەدا، لایەنی تورکی ئیدیعای ئەوەیان کرد کە مووسڵ لە ڕووی مێژوویییەوە ھەمیشە خاکێکی عوسمانی بووە، و ئەم بارودۆخە لە کۆتایی جەنگی جیھانیی یەکەمدا نەگۆڕاوە، و لەبەر ئەوەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی پارێزگاکە لە تورک و کوردی موسوڵمان پێکھاتبوون، دەبوایە مووسڵ لەبەر ھۆکاری مێژوویی، سەربازی و نەژادی بکەوێتە نێو سنوورەکانی تورکیاوە. کۆنفرانسی ئەستەنبوڵ ھەڵوەشایەوە دوای ئەوەی لایەنی بەریتانی بە توندی داواکارییەکەی تورکیای ڕەتکردەوە. کێشەکە برایە «کۆمەڵەی گەلان»، کە تێیدا لایەنی تورکی بەھانەکانیان دووبارە کردەوە و داوای ڕاپرسییەکی گشتییان کرد. بەریتانیا ئەو داوایەشی ڕەتکردەوە، بە بیانووی ئەوەی خەڵکی ناوچەکە خاوەنی ھۆشیاری نەتەوەیی نین. لایەنی تورکی بەردەوام بوو لە ھەوڵەکانی بۆ خستنەسەری مووسڵ بۆ سەر تورکیا بە ھۆکاری نەژادی، سەرەڕای ئەوەی شاری مووسڵ خۆی زۆرینەی عەرەب و کورد بوو.

ئەنجومەنی کۆمەڵەی گەلان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەستنیشانکرد کە ڕاسپاردەی ئەوەیان کرد عێراق مووسڵ بپارێزێت (مووسڵ لەسەر عێراق بمێنێتەوە)، و تورکیاش بە ناچاری ڕازی بوو بە بڕیارەکە لە ڕێگەی واژووکردنی «پەیماننامەی سنوور»ی ساڵی ١٩٢٦ لەگەڵ حکوومەتی عێراق. عێراق ڕازی بوو کە لە سەدا ١٠٪ی پشکی نەوت بدات بە تورکیا کە چاوەڕوان دەکرا لە کۆمپانیای نەوتی تورکییەوە بگاتە حکوومەتی عێراق بەپێی ئەو ئیمتیازە ٧٥ ساڵەیەی لە ١٤ی ئازاری ١٩٢٥ لە نێوان ھەردوولادا واژوو کرابوو. کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩٢٧ لە نزیک کەرکووک نەوتی دۆزییەوە و یەکەم بەرھەمھێنانی بازرگانیی گرنگی نەوت لە مووسڵ لە ساڵی ١٩٣٤ دەستیپێکرد بە کردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-حەیفا.[١][٢][٣][٤][٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. Oran, B. , 2008. Turk Dis Politikasi, 13th ed. Istanbul:Iletisim Y. , p.197
  2. ibid, p.199
  3. https://www.jstor.org/stable/4283891
  4. Ali, Othman (1997). p. 522
  5. https://archive.org/details/sim_oil-gas-journal_1926-07-08_25_7/page/92/mode/1up