کۆنەوارەتی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(Edmund Burke(1729-1779

کۆنەوارەتی Conservatism ئایدیۆلۆژییەکی سیاسییە داوای پاراستنی نەرێت و سیستەمی جڤاکی دەکات. کۆنەوار، بە پێچەوانەی لیبەڕال و سۆسیالیستەکان، تەنها گۆڕانکاریی خاو لە کۆمەڵگەدا پەسەند دەکات.

پاشخان[دەستکاری]

شۆڕشی فرانسی بووە هۆی زانی یەکەم شابەرهەمی کۆنەوارەتی. ئەدمۆند بیرک (Edmund Burke(1729-1779 تەنها یەک ساڵ پاش شۆڕشی فرانسی کتێبی Reflections on the Revolution in France ی دەر کرد. ئەم بەرهەمە ڕەخنەیەکی بنەڕەتی بوو لە شۆڕش وەک مێتودێک بۆ گۆڕینی جڤات.

ناودارترین نوێنەری کۆنەوارەتیی ئایدیالیستانە فەیلەسووفی ئەڵمانی هێگل (Friedrich Hegel (1770-1831 ـە. بۆچوونەکانی هێگل لە کۆنەوارەتیی ئەڵمانیای سەدەی نۆزدەیەمدا پێشەنگ بوون، پاشانیش ناسیۆنالیزمی سالارپەرست هەڵی گرتنەوە. ئەو هێزە بەرزەی جڵەوی ڕێڕەوی مێژووی بەدەستە هێگل ناوی ناوە ‌«‌گیانی جیهان‌»‌ ئەمەش هەر ناوێکی دیکەیە بۆ خودا.

بە دیدی هێگل، ویستی ئەم گیانە له ‌سەردەمی جیاوازدا لە گەلی تایبەت و لە خەسڵەتگەلی میللی ‌«‌گیانی گەل‌»‌ ی ئەو گەلانەدا خۆی دەنوێنێ. کەواتە میللەتان هەڵگری پەیامێکی مێژووکردن. لە نێو میللەتدا دەوڵەتە دەبێتە بەرجەستەکاری ئەو ئەرکه ‌مێژووکردە. دەوڵەت ئەو هێزە سەردەستەیە یەکیەتیی جڤات ڕادەکرێ، جڤاتش مەیدانی هەم گوزەرانی کەسەکی و هەم بەرژەوەندیی گرووپانە.

سەدەی نۆزدەیەم[دەستکاری]

کۆنەوارەتیی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەم دژەئایدیۆلۆژییەک بوو بەرانبەر هەم لیبەڕالیزمی سیاسی و هەم لیبەڕالیزمی ئابووری. کۆنەواران یەکجار به ‌توندی ڕەخنەیان له بازاڕی ئازاد و Laissez Faire دەگرت، بەتایبەتی لەبەر ئەنجامگەلی جڤاکییان. ‌

لە نیوی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا جۆرێکی نوێ لە کۆنەوارەتیی جڤاکی پەیدا بوو. هەنگاوی یەکەم ئەوە بوو کۆنەوارەتیی جڤاکی وردەوردە بیرۆکەی مافی گشتیی دەنگ دانیان سەلماند. شابیرۆکەی دووەم سیاسەتی جڤاکیی دەوڵەتیانە بوو. ئامانجی ئەم سیاسیەتە نوێیە ئەوە بوو چینی کرێکار تێهەڵکێشی هاوبەندیی میللی بێت و بەوەش ڕێ لە شڵەژانی جڤاکی و شۆڕش بگیرێ.

داربەڕووی شاهانە – دروشمی Toryism

نموونە بریتانییەکەی کۆنەوارەتی پێی دەگوترێ ‌«‌دێمۆکراتیی تۆری‌» Tory Democracy [بە کۆنەوارانی بریتانی دەگوترێ “تۆری Tory”]‌. کۆنەواران لەتەک لیبەڕالان پێشبرکێیان بوو لەسەر فرەواندنی مافی گشتیی دەنگ دان و هاوکاتیش داوای ڕیفۆرمی جڤاکییان دەکرد. لە 1880 کاندا، لە ئێنگلاند، مافی گشتیی دەنگ دان تەواوێک پیادە بووبوو.

شانرخاندن[دەستکاری]

گرنگترین سەرچاوەی پێوەر لای کۆنەوارەتی مێژووە، یان بابڵێین، نەرێتی فەرهەنگی و سیاسیی میللیی خۆیەتی. هەڵبەتە نەرێت هەم دێتە گۆڕین و هەم نۆژەن دەکرێتەوە‌، بەڵام لەسەرەخۆ. مێژوو بەلای کۆنەوارەوە جۆرە فیلتەرێکە ڕێ لە بابەتی بێکەڵک دەبەستێ. تەنها ئەوەی بەسوودە، ئەوەی لە ئەزموونی درێژخایەندا خۆی ڕادەگرێ، دەمێنێتەوە.

مرۆڤنۆڕی[دەستکاری]

کۆنەوارەتی ئەو یەکسانییە سیاسییەی سەلماندووە کە مەرجە بۆ مافی گشتیی دەنگ دان. هەروەها یەکسانیی دەستووریشی سەلماندووە کە دەکاتەوە وێکچوون لە ئاست یاسادا. بەڵام لەوە زیاتری بڕ نەکردووە. نۆڕینی کۆنەوار هەمەجۆریی مرۆڤگەل و نایەکسانیی دروست لە بواری زیرەکی، توانای بڕیار دان... هتد کردۆتە سەرشار.

جیاوازیی داهات و سامان لای کۆنەواران، بەگشتی، پێوانەیە بۆ جیاوازیی کردەیی خەڵک، لە تەک ئەمیشدا کۆنەواران، بەرانبەر سیاسەتی باج گرتن و سیاسەتی جڤاکیی وەها کە مەبەستێکی توندی دارماڵ کردنی هەبێت، دژن.

گرنگترین یەکەی جڤات[دەستکاری]

لە ئایدیۆلۆژیی کۆنەواردا «میللەت» (نەتەوە - ناسیۆن) یەکەی جڤاکیی یەکەمینە. لەبەر ئەوە بەرژەوەندی میللەت و بەرگری لێی دەبێتە نرخاندنێکی سەنتراڵی کۆنەوار. هەر هەموو کۆنەواران، سەر به ‌هەر ڕێبازێک بن، ڕێکن لەسەر ئەوەی دەبێ بەرگرییەکی ئەرتەشی بەهێز هەبێت بۆ پاراستنی میللەتی خۆیان.

سازمانی ئابووری[دەستکاری]

کۆنەوارەتی کار دەکات بۆ پاراستنی خاوەنەتیی دەستاوێژی بەرهەم هێنان لای تاکەکەس و بەربەرەکانێی دەست تێوەردانی سیاسەت دەکات لە بازاڕی ئابووریدا. بەڵگەکانیش لێرەدا تاڕادەیەک هەر ئەوانەن (1899–1992)Friedrich Hayek پێشکەشیان دەکات:

- ئەمانە مەرجن بۆ شێوازی حوکومڕانیی دێمۆکراتییانە و بۆ ئازادیی کردەوەی تاکەکەسان.

- ئەمانە دەبنە هۆی گەشەندی ئابووری.

- ئەمانە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ‌«‌نایەکسانیی سروشتەکی‌»‌ ی خەڵک ڕەنگ بداتەوە.

(Russell Kirk (1918-1994

ئوتوپیا[دەستکاری]

لە باسی دۆخێکی بێگەردی جڤاکیی ئایەندەدا، ئیدیال و ئوتوپیا یەك بابەت نین. هەر لە سەرەتاوە هەڵوێستی گومانکارانە و دژەئوتوپیا خەسڵەتێکی ئاشکرای کۆنەوارانە بووە. بیرۆکەی دۆخی نموونەی بێگەرد بە چەوت و زیانبەخش دانراو.

کیرک (1918-1994)Russell Kirk ئەم بۆچوونە ڕوون دەکاتەوە و دەڵی: ئایدیۆلۆژیست و سیاسەتمەدار دەشێ تەمایان وەها بێ ‌«‌کارێک بکەن ژیان بۆ گوزەران بشێت، نەک بیگەیەننە پلەی بێگەردی‌»‌. مرۆڤ بێگەرد نییە، لەبەر ئەوەیشە بێگەردیی شیاو نییە.

سەرچاوە[دەستکاری]

Nationalencyklopedin[بەستەری مردوو]

«ئایدیۆلۆژیی سیاسیی هاوچەرخ»[بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

Conservatism FAQ