بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کۆمەڵکوژییەکانی حەمیدییە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کۆمەڵکوژییەکانی حەمیدییە
بەشێکە لەکۆمەڵکوژییە درەنگەکانی عوسمانییەکان، چەوساندنەوەی ئاشوورییەکان
وڵاتئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
جێئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
ڕێکەوتی دەستپێکردن١ی کانوونی دووەمی ١٨٩٤
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن١ی کانوونی دووەمی ١٨٩٧
ھۆکارھەستی دژە ئەرمەنەکان
ئامانجدانیشتوانی ئەرمەنی عوسمانی
تەرمی بەشێک لەو ئەرمەنیانەی لە کۆمەڵکوژی ئەرزڕۆم لە ساڵی ١٨٩٥ کوژراون.

کۆمەڵکوژیییەکانی حەمیدییە زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی بوون کە لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمی عوسمانیدا لە دژی مەسیحییە ئەرمەنییەکان و ئاشوورییەکانی دانیشتووی ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦دا ئەنجامدراون. بووە قوربانی نێوان ٨٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس. ھەروەھا کۆمەڵکوژییەکان نزیکەی ٥٠ ھەزار منداڵی بێ باوکیان بەجێھێشتووە.[١] ھەرچەندە کۆمەڵکوژییەکان بە پلەی یەکەم ئەرمەنییەکانیان کردە ئامانج، بەڵام لە ھەندێک حاڵەتدا گۆڕا بۆ کۆمەڵکوژییەکی بێ جیاوازی دژە مەسیحی، وەک کۆمەڵکوژییەکانی دیاربەکر (١٨٩٥)، کە بەلایەنی کەمەوە بەپێی سەرچاوەیەکی ھاوچەرخ، تا ٢٥ ھەزار ئاشووریش کوژراون.[٢]

بەرچاوترین کۆمەڵکوژییەکان لە بەرزاییەکانی ئەرمەنستان لە ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ ڕوویانداوە و لە خراپترین کۆمەڵکوژییەکان دادەنرێت کە لە قۆناغی پێش جەنگی جیھانیی دووەمدا دژی ئەرمەنییەکان ئەنجامدراون. ھەروەھا کاریگەری لەسەر سووریانییەکان ھەبوو، بەتایبەتی لە شاری ئامەد، لە کۆمەڵکوژییەکانی ویلایەتی دیاربەکر.

مێژوو

[دەستکاری]
نەخشەی دابەشبوونی دانیشتوانی ئەرمەنی و موسڵمانان لە باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی لە ساڵی ١٨٩٥. زیاتر لە ٧٥٪ی دانیشتوان موسڵمانن. (سەوز) ٥٠٪ بۆ ٧٥٪ی دانیشتوان موسڵمانن. (سەوزی کاڵ) لە ٥٠٪ بۆ ٧٥٪ی دانیشتوان ئەرمەنین. (سوور) لە ٥٠٪ بۆ ٧٥٪ی دانیشتوان یۆنانی و نەستوریین. (زەرد)

لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦، زنجیرەیەک لە کوشتارە ڕەگەزییە-ئاینییەکان دژی مەسیحییەکان ڕوویدا، کە بە کوشتارە حەمیدییەکان ناسراون. ئەم کوشتارانە دژی ھەردوو کۆمەڵە ئەرمەنی و ئاشوورییە مەسیحییەکان لەلایەن ھێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدران. ئەم کوشتارانە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی ئەمڕۆی باشووری ڕۆژھەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان ڕوویاندا. کوشتارەکان سەرەتا لە قوستەنتینە دەستیپێکرد و بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەرمەنینشین وەک بدلیس، دیاربەکر، ئەرزڕۆم، ھارپووت، سیواس، ترابزۆن و وان بڵاوبوویەوە. ئەو ژمارانەی کە باسی لێوە دەکرێت لە نێوان ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار کەس دەخەملێنرێت. ھەروەھا نزیکەی ٥٤٦،٠٠٠ ئەرمەنی و ئاشووری بەزۆر ڕەوانەی ناوچەکانی دیکە کران و سەدان کەنیسە و دێرەکان وێرانکران یان بەزۆر بوونە مزگەوت.

ھەرچەندە عەبدولحەمیدی دووەم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێوەنەگلاوە، بەڵام پێی وایە کە کوشتارەکان بە نھێنیی ئەو ئەنجامدراون. بەم شێوەیە عەبدولحەمیدی دووەم بە یەکەمین کەس دادەنرێت کە دەستی بە کوشتارەکان دژی ئەرمەنییەکان و مەسیحییەکانی دیکەی ناو دەوڵەتی عوسمانی کردووە. لە سەردەمی ئەودا، سەدان ھەزار ئەرمەنی، یۆنانی و ئاشووری بەھۆی ھۆکاری ئابووری و ئاینییەوە کوژران. ھەروەھا عەبدولحەمیدی دووەم ھانی ھۆزە کوردەکانی دا کە ھێرش بکەنە سەر گوندە مەسیحییەکان.

وەلییەدین یەکین، شاعیرێکی میسری کە بە ستایشکردنی ڕۆژاوا و ئینگلیزەکان ناسراوە، باسی لەوە دەکات کە ئەبوو ھادی سەیادی، یەکێک لە ئیمامەکانی سۆفییەکان، کۆپییەکی لە کتێبی الجفر، کە کتێبێکی پێشبینییە و بە ھەڵە بە ئیمام عەلی دەگەڕێتەوە، بە عەبدولحەمیدی دووەم پێشکەش کردووە. ئەبوو ئەلھودا دەقی شیعرێکی دیاری کردووە لە کتێبەکەدا کە باسی لەوە دەکات کە ئەوەی عەبدولحەمید دەیکات پێشتر پێشبینی کراوە. عەبدولحەمیدیش بە تەواوی باوەڕی بەو جۆرە پێشبینیانە ھەبووە. ئەمەش وەک ھۆکارێک بۆ ئەوەی عەبدولحەمید بە نەزانین و بەھۆی پێشبینییەوە دەستی بە کوشتارەکان دژی ئەرمەنییەکان بکات.

کەتیبەکانی حەمیدییە

[دەستکاری]

کەتیبەکانی حەمیدییە، کەتیبەیەکی نیمچە ڕێکخراو بوون کە لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم لە ساڵی ١٨٨٥ دامەزران. ئەم کەتیبانە لە ناو خەڵکی ھۆزە کوردییەکان پێکھاتبوون و بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و بەرامبەرکردنی ھێزە قەوقازییەکانی ڕووسیا دروستکرابوون. ھەروەھا بۆ جێگرەوەکردنی کەمبوونەوەی سوارەکانی عوسمانییەکان و ھەوڵدان بۆ نزیککردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کوردەکان لە ناو دەوڵەتی عوسمانی، دوای ئەوەی ڕووسیا بەشێک لە ھۆزە کوردییەکانی وەک ھۆزی حەسەناتلۆی کوردی بەکارھێنا لە شەڕەکەیان لەگەڵ عوسمانییەکان.

بەڵام کاتێک شۆڕشی ئەرمەنییەکان لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦ لە قەزای زەیتونی سەر بە پارێزگای مەرعەش ڕوویدا، ١٣٠٠ سوارچاک لەم کەتیبەی حەمیدییە پاڵپشتی ٦٠٠٠ سەربازی ڕێکخراوی عوسمانییان کرد بۆ ڕاگرتنی شۆڕشەکە و ھێرشکردنە سەر گوندە ئەرمەنییەکان. کوشتارەکان دژی ئەرمەنییەکان لە نێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٨٩٦ بەردەوام بوو، و کوشتار لە دیاربەکر ڕوویدا کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٣٠٠٠ ئەرمەنی کوژران و چەندین گوند و دامەزراوە و کەنیسەیان وێرانکران.

ھەروەھا وێرانکارییەکانی گوندە مەسیحییە ئاشوورییەکان لە دەوروبەری ماردین ڕوویدا. ناوی "ملت صادق" یان (خەڵکی دڵسۆز) کە عوسمانییەکان بە ئەرمەنییەکانیان دەبرد تا ساڵی ١٨٩٣، گۆڕدرا بۆ "تائیفەی خراپ"، بەو حسابەی کە ڕووسەکان بەکاریان دەھێنان بۆ داگیرکردنی ڕۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ (باکووری کوردستان).

ژمارەی قوربانییەکان

[دەستکاری]

ٓمەحاڵە دیاربکرێت کە چەند ئەرمەنی کوژراون، ھەرچەندە ژمارەکانی کە مێژوونووسەکان باسیان کردووە لە نێوان ٨٠،٠٠٠ بۆ ٣٠٠،٠٠٠ کەس دەخەملێنرێت.

یۆھانس لێپسیوس، پاستۆرێکی ئەڵمانی، بە وردی زانیارییەکانی کۆکردەوە لەسەر وێرانکارییەکان. لە ژمارەکانییدا، ٨٨،٢٤٣ ئەرمەنی کوژراون، ٥٤٦،٠٠٠ کەس بێماڵ و بێسەروبەر کران، ٢،٤٩٣ گوند وێرانکران، کە لە ٦٤٦ گوندەوە دانیشتوانەکانی بەزۆر موسڵمان کران. ھەروەھا ٦٤٥ کەنیسە و دێر وێرانکران یان بە زۆر بوونە مزگەوت، کە ٣٢٨یان بوونە مزگەوت. ھەروەھا ئەو خەمڵاندنێکی کرد کە ١٠٠،٠٠٠ ئەرمەنی تریش بەھۆی برسێتی و نەخۆشییەوە مردوون، کە کۆی گشتی ژمارەکە دەگاتە ٢٠٠،٠٠٠ کەس.

لە بەرامبەردا، باڵیۆزی بەریتانیا خەمڵاندی کە ١٠٠،٠٠٠ ئەرمەنی کوژراون تاوەکو سەرەتای کانوونی یەکەمی ١٨٩٥. بەڵام ماوەی کوشتارەکان درێژەی ھەبوو تا ساڵی ١٨٩٦. ئێرنست جاک، شارەزای کاروباری تورکیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕای گەیاند کە ٢٠٠،٠٠٠ ئەرمەنی کوژراون و ٥٠،٠٠٠ کەس دەرکراون و ملیۆنێکیش دەستدرێژی کرایە سەریان. ژمارەیەکی ھاوشێوە لەلایەن پیر ڕینوڤین، مێژوونووسی دیپلۆماتی فەڕەنسی، باسکراوە کە ٢٥٠،٠٠٠ ئەرمەنی مردوون بەپێی بەڵگەنامە ڕەسەنەکان کاتێک خزمەتی کردووە.

جگە لە ئەرمەنییەکان، نزیکەی ٢٥،٠٠٠ ئاشووری لە کاتی کوشتارەکانی دیاربەکر گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ "The number of Armenian children under twelve years of age made orphans by the massacres of 1895 is estimated by the missionaries at 50.000": "Fifty Thousand Orphans made So by the Turkish Massacres of Armenians." نيويورك تايمز. December 18, 1896. «FIFTY THOUSAND ORPHANS.; Made So by the Turkish Massacres of Armenians. (Published 1896)». لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە 26 مايو 2011 ھێنراوە. {{cite web}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |ڕێکەوتی سەردان= (یارمەتی)
  2. ^ Angold، Michael (٢٠٠٦)، O'Mahony (ed.)، Cambridge History of Christianity، Vol. ٥. Eastern Christianity، Cambridge University Press، لاپەڕە ٥١٢، ژپنک ٩٧٨-٠-٥٢١-٨١١١٣-٢، لە ڕەسەنەکە لە ٨ی ئازاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە.

بەشداربووانی ویکیپیدیا، «المجازر الحميدية»، ویکیپیدیای عەرەبی. سەردان لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٥.


بەشداربووانی ویکیپیدیا، «Hamidian massacres»، ویکیپیدیای ئینگلیزی. سەردان لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٥.