کونەڕەش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search
کونێکی ڕەشی ڕاستەقینە کە لە نیسانی ٢٠١٩ لەلایەن تەلیسکۆپی ئاسۆی ڕووداوەوە گیراوە

کونەڕەش یان کونی ڕەش (بە ئینگلیزی: Black hole) بریتییە لە بۆشایییەک کە لە گەردوون بە شێوەی کونێکی ڕەش دەردەکەوێت. کونەڕەشەکان توانای ڕاکێشانی ھەر شتێکیان ھەیە بۆ ناوەوەیان، کە لە نزیکیانەوە تێپەڕبێت، گەر ئەو تەنە بە سەدان جار لە خۆشیان گەورەتر بێت.

ئەو کۆمەڵە ئەستێرە کوژاوانەیە کە بە ئامڕازە تێڕوانینەکانی وەک تلیسکۆب نابینرێت، بەھۆی ئەو کاریگەرییەی دەیخاتە سەر چواردەورەکەی و ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەوریدا ڕوو دەدات، ئینجا دەتوانین لە بوونی کونە ڕەشەکان ئاگادار بین،[١] ئەگەر بارستایی یەکێک لە ئەستێرەی دامرکاو لە سێ ئەوەندەی بارستایی ڕۆژ زیاتر بێت و کرداری گرژبوونەوە و داپەستان تیای دا بەردەوام بوو تا بە تەواوی دابمرکێ تێیدا ئەوا ھێزی کێشکردن بەسەر ھەموو ھێزەکانی تر زاڵ دەبێت و ئەستێرەکە دەچێتەوە یەک و چڕییەکەی زۆر زیاد دەکات، ئەوکاتە دەگۆڕێت بۆ ئەستێرەیەکی زۆر تاریک پێی دەوترێت کونی ڕەش[٢]

کونی ڕەش لاشەیەکە کە ھێزی کێشکردنێکی زۆر بەرزی ھەیە بەڕادەیەک کە ڕێگری دەکات لە دەرچوون و دەربازبوونی ڕووناکی، بڕوا وایە کە کونی ڕەش دوا قۆناغی تەمەنی ئەستێرەکانە،[٣] کونی ڕەش بریتییە لە ناوچەیەک کە ھێزی کێشکردن ئەوەندە بەھێزە بەڕادەیەک کە ھیچ زانیارییەکی تەنەکان یاخود ھیچ ئاماژەیەک نەتوانێت لێی دەرباز ببێت[٤][٥]

کونەڕەش چەقەکەی (ناوەندەکەی) بەوە جیا دەکرێتەوە کە ھێزێکی ڕاکێشەری(ڕاکێشانی) زۆر گەورەی ھەیە لە ناکۆتا نزیک دەبێتەوە بە شێوەیەک کە توانای ھەڵلوشینی ھەموو ئەو شتانەی ھەیە کە لێی نزیک دەبنەوە لەوانە مرۆڤ، کەشتی ئاسمانی، گەرمی، ھەتا ئەستێرەیەک یان ھەسارەیەکیش و تەنانەت ڕووناکی سەرەڕای ئەو خێرایییە زۆرەی کە ھەیەتی ناتوانێت ڕزگاری بێت لەو ھێزە ڕاکێشەرەی کە دەبێتە ھۆی کەوتنە ناوەوەی بۆ ناو ئەو کونە و ھەڵلووشینی. ھەرگیز ڕووناکی ناتوانێت لەو کونە بێتە دەرەوە لەبەر ئەوە تاریکە و ناتوانرێت ببینرێت. کونە ڕەشەکان پارچە پارچە نابن و بچووکیش نابنەوە، بەڵکو بەھۆی ھەڵلوشینی شتەکانی دەوروپشتییانەوە بەردەوام لە گەورەبووندان بۆیە ھێزی کێشکردنیان زۆر دەبێت تاوای لێدێت دوور نییە ئەو گەلە ئەستێرەیەش قووت بدات کە خۆی بەشێکە لێی، و وردە وردە بکەوێتە پەل ھاویشتن بۆ گەلە ئەستێرەکانی دیکەش.

زانست چەند لێکدانەوەیەکی سەبارەت بەم نھێنییە ئەنجامداوە و چەندەھا ڕا و بۆچوون ھەیە لەبارەی دروستبوونی ئەو چاڵانەوە، یەکێک لەو ڕایانە دەڵێت ھەموو شتێک لە گەردووندا ژیانی بە سێ قۆناغدا تێپەڕدەبێت، ئەم یاسا گەردوونییە ئەستێرەکانیش دەگرێتەوە کە بریتییە لە قۆناغی لەدایکبوون و گەورەبوون و گەشەکردن و لە دوایشدا قۆناغی لاوازی و پیربوون و لە ناوچوونە واتە مردن، زاناکان پێیان وایە ئەم چاڵە ڕەشانە لە دوایین قۆناغی دوا ھەمینی ژیانی خۆیاندان و دەڵێن ھەرکاتێک قەبارەی تەنێک زیاد دەبێت بەو پێیەش ھێزی ڕاکێشانی ئەو تەنە زیاد دەکات، بەپێی ئەم تیۆرییەش چاڵە ڕەشەکان لە قۆناغی گەورەبونێکی ئێجگار زۆردان بۆیە ھێزی ڕاکێشانیان بە شێوەیەکی سەرسووڕھێنەر زیادی کردووە و ھەموو شتێک بەرەو لای خۆیان کێش دەکەن تەنانەت تیشکیش ناتوانێت لە کایەی ڕاکێشانی ئەو چاڵانە ڕزگاری ببێت.

ھەندێک زانا پێیان وایە چاڵە ڕەشەکان پاشماوەی ئەو ئەستێرە گەورانەن کە تەقیونەتەوەو لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەش گەرمایییەکی زۆر بەجێ ماوە لە بۆشایی گەردووندا و لە پاش ئەم تەقینەوەیەش جارێکی تر کۆبووەتەوە و ئەستێرەیەکی نیوترۆنییان دروست کردووە کە تیرەکەی ١٠ کیلۆمەتر دەبێت. چاڵە ڕەشەکان لە گەردیلەی نیۆترۆنی دروستبوون و چڕییەکی ئێجگار زۆریان ھەیە، چڕییەکەیان ھێندە زۆرە ئەگەر بە ئەندازەی کەوچکی چایەک لەو ماددەیە و بە تەرازویەک بیکێشین دەبینین کێشەکەی نزیکەی یەک ملیارد تەن قورسە. چاڵە ڕەشەکان لە گەردوونودا بە خێرایییەکی زۆر لە ھاتوچۆیەکی بەردەوام دان و لە کاتی ئەو ھاتوچۆکردنەشدا ھەر شتیک لێییان نزیکببێتەوە بە خێرایی ھەڵی دەلووشن تەنانەت تیشکیش، لە بەر ئەم ھۆیە ناتوانرێن بەئاسانی ببینرێن مەگەر لە کاتیکدا نەبێت کە ڕوبەڕی ئەستێرەک دەوەستێن.

ھەندێک زانای دیکە وایان پێناسە دەکەن کە وەک پاکژکەرەوەیەکی گەردوونی وەھان بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرانەی کە ژیانیان تێدانەماوە بۆ جیھانیکی دیکە، یەکێک لەو سیفەتە سەیرانەی کە ئەم چاڵانە ھەیانە ئەوەیە لە پاش لووشدانی ھەر تەنێک ئەو تەنە بە شێوەیەک لە گەردووندا ون دەبێت کە دەڵێی ھەرگیز بوونی لەم جیھانەدا نەبووە.

مێژووی کونە ڕەشەکان[دەستکاری]

لە سەدەی ھەژدەھەم دا بۆ یەکەم جار زاناکان درکیان بە ھەبوونی کونە ڕەشەکان کرد، لەو کاتەدا بە ئەستێرە نەبینراوەکان دەناسرا، ھەتا ئەم دواییانەش دەوترا کە یەکەم کەس پێشبینی کونە ڕەشەکانی کردبێت زانای بیرکاریزان و گەردوونناسی فەڕەنسی ناودار "پیری لاپلاس" بوو لە ساڵی ١٧٩٥، بەڵام ئێستا ڕوون بوەتەوە کە ئەو پێشبینییەکەی وەرگرتووە لە زەویناسی ئینگلیزی "جۆن میخایل" کە لە کڵێسای "سۆرنھێڵ" بوو لە "یورکشایر"، میخایل دادەنرێت بە باوکی بواری سیزمۆلۆجی (زانستی بوومەلەرزەزانی)، یەکەم کەس بوو ڕوونیکردەوە کەوا بوومەلەرزەی ساڵی ١٧٥٥ لە "لیسبۆن"ی پایتەختی "پورتوگال" دروست بووە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی پەستانی گازی لە ئاوی کوڵاو بەھۆی گەرمی گڕکانەکەوە، ھەروەھا ئاماژەشی بەوە کردووە کە لەوانەیە بوومەلەرزە ڕووبدات لەژێر زەریاکاندا و لیسبۆن نموونەیەکە بۆ ئەوە، بیرۆکەکانی سەبارەت بە دروستبوونی کونی ڕەش لە گەردووندا پێشکەش کرد بە کۆمەڵگەی شاھانە لە لەندەن لە ساڵی ١٧٨٣، میخایل و لاپلاس مشتومڕێکی ھاوشێوەیان دەکرد لەسەر بیرۆکەی "خێرایی دەربازبوون"، تەنێک بە ھەر خێرایییەک دەست بە ڕۆیشتن بکات ئەوا ھێزی کێشکردن خاوی دەکاتەوە، ھێزی کێشکردن لاواز دەبێت ھەتاکو دوورییەکە زیاتر بێت، ھەر ئەمەشە وادەکات کەشتییە ئاسمانییەکان پێویستیان بە خێرایییەکی زۆر نەبێت دوای گەیشتنیان بە بەرزی پێویست کە دەربازیان بکات لە ھێزی کێشکردنی زەوی

خێرایی دەربازبوون لەسەر ڕووی زەوی دەکاتە (١١ کیلۆمەتر بۆ چرکە)، لەسەر مانگ دەگاتە (٢ کیلۆمەتر لە چرکە)، ئەمەشە وای کردووە کە کەشتی ئاسمانی ئەپۆلۆ کاتێک لەسەر مانگ بوو پێویستی بە بزوێنەرێکی گەورە نەبوو بۆ ئەوەی مانگ بەجێ بھێڵێت و بگەڕێتەوە سەر زەوی، خێرایی دەربازبوون لەسەر خۆر دەگاتە (٦٢٠ کیلۆمەتر بۆ چرکە)، ئەم ژمارەیە کە میخایل کاری لەسەرکرد پشتی بە قەبارە و چڕی خۆر دەبەست، ھەروەھا شتێکی تریشی دەزانی کە ئەویش بریتی بوو لە خێڕایی ڕووناکی، کە سەدەیەک پێشتر دۆزرابۆوە، و ئەو خێڕایی ڕووناکییە (٥٠٠) ئەوەندە گەورەتربوو لە خێرایی دەربازبوونی خۆر بوو

بۆیە میخایل ژماردی کەوا ئەگەر ئەستێرەیەک ٥٠٠ ئەوەندەی خۆر گەورەتر بێت، بەڵام ھەمان چڕی ھەبێت، ئەوا خێرایی دەربازبوونی یەکسان دەبێت بە خێرایی ڕووناکی، میخایل شوێن بیروباوەڕی ئیسحاق نیوتن کەوتبوو لەوەی پێی وابوو ڕووناکی پێکھاتووە لە تەنۆلکەکان، ئەمەش دوابەدوایدا ئەوە ھات کە ڕووناکی دەبێت کاریگەر بێت بە ھێزی کێشکردن وەک ھەر تەنێکی تر، بەڵام ئەستێرەیەک کە ھەمان چڕی خۆری ھەبێت و (٥٠٠) ئەوەندەی خۆر گەورەتر بێت، ئەوا خێرایییەکی دەربازبوونی ھەیە کە خێرایی ڕووناکی تێدەپەڕێنێت ، بۆیە تەنۆلکەکانی ڕووناکی خێرایی پێویستیان نابێت بۆ دەربازبوون لە ھێزی کێشکردن، ئەستێرەیەکی وا دەبێت ڕەش دەربکەوێت لە جیھانی دەرەوەدا، و لە ڕاستیدا وەک نەبینراوێک دەربکەوێت

میخایل بەشی «ڕەش»ی ڕوونکردەوە، پاشان لە سەدەی بیستەم تێگەیشتن بۆ «کون» کرا کە بەمانای چی دێت؟ ، لەڕاستیدا باسکردنی کوونی ڕەش لەڕووی خێرایی دەربازبوونەوە وەک باسکردنی «تەقینەوە گەورەکە»یە کە بڵێین تەقینەوەیەکی زۆر گەورەبوو لە مادە و وزە؛ و بەو شێوەیە بەجێی بھێڵین، کونە ڕەشەکان زۆر زیاترن لەوەی تەنھا پێناسە بکرێن بە ناوچەیەکی چڕی بەرزی ئەستێرەیەکی مردوو کە ھێزی کێشکردن تێیدا زۆر بەھێزە کە نەھێڵێت ڕووناکی دەربازی ببێت

ئەستێرە نەبینراوەکەی میخایل لە ھەندێک ڕووەوە جیاوازترە لەوەی ئەو ڕوونی کردبۆوە، بۆنمونە، میخایل کونە ڕەشەکانی وەک تەنێکی ڕەق دەبینی کە قەبارەیەکی دیاریکراویان ھەیە، لەکاتێکدا کونە ڕەشەکان بە تێگەیشتنی سەردەم بریتین لە ناوچەیەک کە نزیکەی زۆربەی بۆشایییە، ئەمەش بە پشت بەستن بە تیۆری ڕێژەیی گشتی ئەنشتاین، کە پێشنیاردەکات کەوا کونە ڕەشەکان نەک تەنھا لە گەردوونەکەمان بوونیان ھەیە بەڵکو بەشێکیشن لە ھێزی کێشکردنەکەی ئەنشتاین، یەکێک لە شارەزایانی ڕێژەیی گشتی «کیپ ثرۆن» دەڵێت: {یاساکانی فیزیای سەردەم دەیسەلمێنن کە کونی ڕەش بوونی ھەیە}[٦]

ئەلبەرت ئایینشتاین لە ساڵی ١٩١٥ز تیۆری (بیردۆزی) ڕێژەی گشتی خۆی خستەڕوو. دوای ئەوە گەردوونزانی ئەڵمانی بەناوی کاڕڵ شوارتس شیلیت سوودی لە ھاوکێشەکانی ڕێژەی گشتی بینی و پیشانیدا کە گەردوون لەدەورووبەری ئەو تەنانەی کە بارستاییان جیاوازە تا چ ڕادەیەک دەچەمێتەوە. ئەو دۆزییەوە کە ھەر بڕێک لە ماددە ئەگەر بە ڕادەیەکی زۆر بەرز چڕببێتەوە و بپەستێورێت ئەوا ھێزی کێشکردنەکەی بە ڕادەیەک دەبێت کە گەردوون دەچەمێنێتەوە و ھەموو ڕووناکییەک ھەڵدەگەڕێنێتەوە سەرخۆی و کونی ڕەش دەردەکەوێت، شوارتس شیلیت تەنھا بە لێکدانەوەی ھاوکێشەی ماتماتیکی (بیرکاری) کونی ڕەشی دۆزییەوە و ساڵی ١٩٦٧ز جۆن ویلێر ئەو تەنانەی ناونا کونەڕەش.

دروستبوونی کونە ڕەشەکان[دەستکاری]

کاتێک ئەستێرەیەکی گەورە دەتەقێتەوە وەک "سوپەرنۆڤا" ، زۆرجار زۆربەی بارستاییەکەی هەڵدەداتە گەردوون و ناوکی ئەستێرەیەکی نیوترۆنی بەجێ دەهێڵیت لەدوای خۆیدا کە بارستاییەکەی لەو ڕێژەیە نەماوە کە زیاتر بتوانێت شی ببێتەوە ، لەناو تەنێکی ئاوها چڕدا ، مادەکان زۆر بە توندی یەک دەگرن بەڕادەیەک تەنانەت گەردیلەکانیش ناتوانن پارێزگاری لە پێناسی خۆیان بکەن ، لە مادەی ئاساییدا ، وەک ئەو شتانەی لە دەوروبەرمان هەموو شتێکیان پێک هێناوە ، بە خۆشمانەوە ، گەردیلەکان زۆربەیان لە بۆشایی بەتاڵ پێکهاتوون سەرەڕای بچوکی قەبارەیان

ئەو بەشەشی کە لەناو بۆشاییە بەتاڵەکەدا شوێنی گرتووە بریتیە لە ناوکێکی بچوک کە ئەلکترۆنی بچوک دەورەی داوە ، یاساکانی میکانیکی کوانتەم ڕونی دەکەنەوە کە ئەم ئەلکترۆنانە چۆن ڕەفتار دەکەن لەگەڵ گەردیلە و ڕونی دەکەنەوە کە بۆچی ئەلکترۆن لەو دووریە دەبێت لە ناوکەوە ، لە ناو ئەستیرەیەکی نیوترۆنی ، هێزی کێشکردن ئەوەندە بەهێزە کە گەردیلەکان بەیەکەوە نوساون و ئەلکترۆنەکان چونەتە پاڵ ناوکەکان ، یاساکانی میکانیکی کوانتەم دەڵێن کەوا دەبێت پەستانێکی دەرەکی هەبێت کە ڕێگر بێت لەوەی ئەستێرەیەکی نیوترۆنی نەتوانێت لەوە زیاتر شی ببێتەوە و پەرش و بڵاو ببێتەوە

خێرایی دەربازبوون لە ڕووی ئەستێرەیەکەوە پشت دەبستێت بە بارستە و قەبارەکەی ، بۆیە پێویست بەوە ناکات کە ئەستێرەیەک کە هەمان چڕی خۆری هەبێت بەڵام پێنجسەد ئەوەندەی خۆر گەورەتر بێت خێراییەکی دەربازبوونی هەبێت زیاتر لە خێرایی ڕووناکی ، بەڵکو هەمان ئەنجام دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت ئەگەر هاتوو خۆر چەند کیلۆمەترێک زیاتر بەناو خۆیدا بچێت ، بە هەبوونی هەمان باستایی (هەمان بڕی مادە تێیدا) ، بەمەش خۆر چڕتر دەبێتەوە ، چڕیەکی وەها زۆر زیاتر دەبێت لە چڕی ئەستێرەیەکی نیوترۆنی (کە خێراییەکی دەربازبوونی دەبێت بە نزیکەی نیوەی خێرایی ڕووناکی) ، و بەردەوام دەبێت لە شیبوونەوە هەتاکو کونێکی ڕەش دروست دەکات . [٧]

دەکرێت لە کام ماددە کونی ڕەش دروست بکرێت؟[دەستکاری]

دەتوانین لە ھەموو ماددەیەک کونی ڕەش دروست بکەین بە مەرجێک ھێزی کێشکردنەکەی یەکسان بێت بە خێرایی ڕووناکی بۆ نموونە دەتوانین زەوی بپەستێوین ھەتا نیوە تیرەکەی دەبێتە ٠٫٨٨ سانتیمەتر ئەوکاتە زەوی دەبێتە کونێکی ڕەش و گەردوون بەسەرخۆیدا دەچەمێنێتەوە ھەروەھا گونجاوە کونی ڕەش لە ئاو و ماددە شلەکانیش دروست بکەین.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئۆغلۆ, ئیسماعیل حەکیم (2018). زنجیرەی زانستی گەردوون. سلێمانی: ناوەندی ڕاگەیاندنی ئارا. pp. ٣٢.
  2. ^ علی, هێمن عمر (2008). گەردونزانی. سلێمانی: چاپخانەی چوارچرا. pp. ١٢٨.
  3. ^ جیفرس, دەیڤد (2007). الثقوب السوداء. قاهیرە: دار الفاروق. pp. ٤.
  4. ^ Frolov, V. and Novikov, I (1998). Black Hole Physics. Dordrecht: Springer Netherlands. p. 1.
  5. ^ لالە, هەژیر ئیسماعیل (2022–2023). کونی ڕەش. سلێمانی: ئەکادیمیای زانستی کوردی.
  6. ^ AL-KHALILI, J. (1999). Black Holes Wormholes & Time machines. London: Institute of Physics Publishing. p. 84.
  7. ^ AL-KHALILI, J. (1999). Black Holes Wormholes & Time machines. London: Institute of Physics Publishing. pp. 85–86.