کوشتن لەسەر نامووس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کوشتنی نامووسیەوە ڕەوانە کراوە)

کوشتن لەسەر نامووس، کوشتن لەسەر شەرەف یا کوشتنی نامووسی یان کوشتنی شەرمەزاری[١] بریتییە لە کوشتنی ئەندامێکی خێزان بەھۆی باوەڕ و بیرۆکەیەک لای کەسی بکوژ کە قوربانییەکە بۆتە ھۆکاری ھێنانی شەرمەزاری و بێ ڕێزی بۆ سەر خێزانەکە یان قوربانییەکە سەرپێچی بنەماکانی کۆمەڵگە و ئایینی کردووە لەرێی ئەنجامدانی یەکێک لەمانە: جیابوونەوە یان تەڵاق وەرگرتن لە ھاوسەرەکەی، ڕەت کردنەوەی ئەنجامدانی ھاوسەرگیری ڕێکخراو لەلایەن خێزانەوە، ھەبوونی پەیوەندییەکی سۆزداری ناپەسەندکراو لەلایەن خێزانەوە، ئەنجامدانی کردەی جووت بوون (سێکس کردن) لە پێش یان لە دەرەوەی ھاوسەرگیری دا، بوونە قوربانی لاقەکردن یان دەستدرێژی سێکسی، پۆشینی جۆرە پۆشاکێک کە بە نەشیاو ھەژماردەکرێت، ھەبوونی پەیوەندی سۆزداری ھاوڕەگەزانە یان پاشگەزبوونەوە لە باوەڕێکی ئایینی.[٢][٣][٤][٥]

خاسێتە گشتییەکان[دەستکاری]

لە پلانی خێزانیی کوشتنەکان دا زۆرێک لە ئەندامانی خێزانە گەورەکان ھەموو پێکرا بە یەک دەنگی مامەڵە دەکەن و تەنانەت ھەندێک لەڕێی «ئەنجومەنی خێزانی» یە فەرمییەکانەوە بڕیارەکانیان دادەڕێژن و یەکێک لە لایەنە ھەرە دیارەکان گرنگی ناوبانگ و ئابڕووی خێزانەکەیە لە کۆمەڵگەدا و پەیوەستیی بە بیروڕای لەکەداربوونی خێزانەکە لە کاتی لەدەستدانی ئەو ناو و ناوبانگە کۆمەڵایەتییە و ئەم دیاردەیە بوونێکی بەرچاوی ھەیە لە کۆمەڵگە بچووک و داخراوەکان دا. زۆرجار بکوژان دووچاری شەرمەزاری و کاردانەوەی نەرێنی نابن لە کۆمەڵگەکانیان دا چونکە ئەو ھەڵسوکەوت و کردانەیان بە ڕەوا و دروست تەماشادەکرێت.[٦]

زۆرجار کوشتنە شکۆمەندانەکانی کەسانی بەتەمەنتر لەلایەن مێردەکانەوە ئەنجام دەدرێت و لە ٤٤٪ ی کردەکانی کوشتن بەھەمان شێوە ئەندامانی خێزانی قوربانییەکە یان بکوژەکە لەخۆدەگرێت.

ڕێژەی ٨١٪ کردەکانی کوشتنی شکۆمەندانەی ژنە گەنجەکان لەلایەن خێزانە ڕەسەنەکانی خۆیانەوە ئەنجامدراوە و ٥٣٪ قوربانییە گەنجەکان دووچاری ئەشکەنجەدان بوونەتەوە پێش کوشتنیان.

بەرفراوانی کردەکە[دەستکاری]

دیاریکردن و دەستنیشان کردنی ڕووداوەکانی کوشتنی شکۆمەندانە زۆر سەختە و ڕێژەی خەمڵاندنەکان جیاوازییەکی بەرفراوان لەخۆدەگرێت. لەزۆربەی وڵاتان دا، زانیارییەکان لەسەر کوشتنە شکۆمەندانەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو کۆناکرێتەوە و چەندەھا لەو کوشتنانە بە کردەی خۆکوشتن و ڕووداو ئاماژەی پێ دەکرێت لەلایان خێزانەکانیانەوە و ھەر بەو شێوەیەش لە ناوەندە فەرمییەکان دا تۆماردەکرێن.[٧] سەرەڕای زۆرجار پەیوەست بوونی دیاردەکە بە کیشوەری ئاسیا و بەتایبەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ئاسیا بەڵام تاوانەکە لە ھەموو جیھان دا ڕوودەدات.[٨] لە ساڵی ٢٠٠٠ دا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیێژەی کوشتنە شکۆمەندانەکانی بە ٥٠٠٠ ژن خەمڵاند لە ھەر ساڵێک دا[٩] بەڵام بەپێی BBC و کۆمەڵەکانی داکۆکیکاری ژنان گومان دەکەن کە زیاد لە ٢٠ ھەزار ژن لە جیھان دا بکوژرێت لە ھەر سالێک دا. کوشتن تاکە شێوازی تاوانی شکۆمەندانە نییە بەڵکو لە ساڵی ٢٠١٠دا پۆلیسی شانشینی یەکگرتووی بەڕیتانیا تاوانەکانی وەکو (ھێرشی تێزاب، فڕاندن، لێکردنەوە یان بڕینی بەشێکی جەستە و لێدان)ی تۆمارکردووە کە ٢،٨٢٣ جار ئەم تاوانانە ڕوویانداوە.[١٠]

یاساکان[دەستکاری]

چوارچێوە یاساییەکان دەکرێت ڕێخۆشکەر و پاڵنەر بێت بۆ کوشتنە شکۆمەندییەکان و دەکرێت ئەو یاسایانە جۆرە نەرمییەک بنوێنن بەرانبەر بە لایەنێک و لە ئیمپراتۆری رۆمانی دا کوشتنی کچان و خۆشەویستانیان ڕێپێدراو و یاسایی بووە لەسەر دەستی باوکی کچەکە.

یاساکانی ناپۆلیۆن ڕێگەی نەدەدا بە ژنان ھاوسەرە ناپاکەکانیان بکوژن بەڵام لەھەمان کات دا ڕێگەی دەدا بە پیاوان ژنە ناپاکەکانیان بکوژن.[١١] لە یاسای ناپۆلیۆن دا، بەندی ژمارە ٣٢٤ کە لە ساڵی ١٨١٠ چووە باری جێبەجێ کردنەوە ڕێگەی دەدا بە کوشتنی ژنە ناپاک و خۆشەویستەکەی لەسەر دەستی مێردەکەی و لە ساڵی ١٩٧٥ دا یاساکە ھەڵوەشایەوە. لە تشرینی دووەم ١٩٧٥ دا، یاسای ژمارە ٦١٧/٧٥ بەندی ١٧ ھەستا بە پوچەڵکردەونەوەی یاسای سزای فەڕەنسی ساڵی ١٨١٠ بەندی ٣٢٤. ئەم یاسا فەڕەنسییە ناپۆلیۆنییە لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە سوودی لێ وەرگیراوە و بووە ھۆی ھاندانی وڵاتی ئوردن لە دانانی بەندی ژمارە ٣٤٠ کە ڕێگە دەدات بە کوشتنی ژن و خۆشەویستەکەی لەلایەن مێردەکەیەوە ئەگەر تاوانی ھەبێت لە کاتی کردەی ناپاکییەکەدا بیگرێت.

ئەم یاسایە ھەروەھا بووە ھۆکاری ھاتنەکایەی یاسای ئیمپراتۆری عوسمانییەکان لە ساڵی ١٨٥٨ دا لەڕێی بەندی ژمارە ١٨٨.

بەندی فەڕەنسی ژمارە ٣٢٤ بووە ھۆی ھەوێنی ھاتنەکایەی چەند یاسایەکی ھاوشێوە لە وڵاتانی عەرەبی دا، وەک ئەمانە:

  • یاسای سزادانی جەزائیری ساڵی ١٩٩١ بەندی ژمارە ٢٧٩.
  • یاسای ژمارە ٥٨ سزادانی میسڕی ساڵی ١٩٣٧ بەندی ٢٣٧.
  • یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٦ بەندی ٤٠٩.
  • یاسای ژمارە ١٦ سزادانی ئوردنی ساڵی ١٩٦٠ بەندی ٣٤٠.
  • یاسای سزادانی کوەیتی بەندی ١٥٣.
  • یاسای سزادانی لوبنانی بەندی ١٩٣، ٢٥٢، ٢٥٣ و ٢٥٦.
  • ئەم یاسایانە لە ساڵی ١٩٨٣، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٦ و ١٩٩٩ دا ھەموارکرانەوە و دواتر لە ڕێکەوتی ٤ ئابی ٢٠١١ دا لەلایەن پەرلەمانی لوبنانەوە ھەڵوەشێنرانەوە.
  • یاسای سزادانی لیبی بەندی ٣٧٥.
  • یاسای سزادانی ھەموارکراوی مەغریبی ساڵی ١٩٦٣ بەندی ٤١٨.
  • یاسای سزادانی عومانی بەندی ٢٥٢.
  • فەڵەستین، کە دوو یاسای ھەیە بۆی.
  • یاسای سزادانی سوری ساڵی ١٩٤٩ ی ھەموارکراوی ساڵی ١٩٥٣ بەندی ژمارە ٥٤٨.
  • یاسای سزادانی تونسی ساڵی ١٩٩١ بەندی ٢٠٧ (کە دواتر ھەڵوەشێنرایەوە)
  • یاسای ژمارە ٣/١٩٧٨ شانشینی یەکگرتووی عەرەبی بەندی ٣٣٤.
  • یاسای ژمارە ١٢/١٩٩٤یەمەنی بەندی ٢٣٢.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "SECRETARY-GENERAL, IN ADDRESS TO "WOMEN 2000" SPECIAL SESSION, SAYS FUTURE OF PLANET DEPENDS UPON WOMEN". United Nations.
  2. ^ "Ethics: Honour Crimes". BBC. 1 January 1970. Retrieved 23 December 2013.[بەستەری مردوو]
  3. ^ "Honor killing: Definition and More from the Free Merriam-Webster Dictionary". merriam-webster.com. 31 August 2012. Retrieved 23 December 2013.
  4. ^ "Honor killing definition". dictionary.reference.com. Retrieved 23 December 2013.[بەستەری مردوو]
  5. ^ "Shocking gay honor killing inspires movie - CNN.com". Edition.cnn.com. Retrieved 16 August 2013.
  6. ^ "Violence Against Women and "Honor" Crimes". Human Rights Watch. Retrieved 6 April 2001.
  7. ^ Maher, Ahmed (20 June 2013). "Many Jordan teenagers 'support honour killings'". bbc.co.uk. Retrieved 23 December 2013.
  8. ^ "Introduction – Preliminary Examination of so-called Honour Killings in Canada". Justice.gc.ca. 2013-09-24. Retrieved 2015-02-15.
  9. ^ "FAQ". Hbv-awareness.com. Retrieved 2015-02-15.
  10. ^ "'Honour' attack numbers revealed by UK police forces". bbc.co.uk. 3 December 2011. Retrieved 23 December 2013.
  11. ^ "Femicide: A Gobal Issue that demands Action" (PDF). Genevadeclaration.org. Academic Council on the United Nations System. p. 60. Retrieved 20 May 2018. ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.