کوردۆی شاعیر
کوردۆ عەبدوڵڵا | |
|---|---|
| لەدایکبوون | ١٩٨١ |
| مەرگ | ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ (٤٤ ساڵ ژیاوە) سلێمانی، عێراق |
| ھۆکاری مەرگ | جەڵدەی دڵ[١][٢] |
| نیشتەجێی | سلێمانی |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | شاعیر |
| ناسراوە بە | کوردۆی شاعیر |
| مناڵ(ەکان) | سێ منداڵ (کارناس، لاناز و لیا)[٣] |
کوردۆ عەبدوڵڵا مووسا[٤] (١٩٨١ لە پێنجوێن – ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥ لە سلێمانی)، ناسراو بە کوردۆی شاعیر، کەسایەتی و شاعیرێکی خەڵکی شاری سلێمانی بوو. ئەو بەھۆی دەرکەوتنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خوێندنەوەی شیعرەوە ناسرابوو.[١] ژیانی بە سەختی و دۆخێکی خراپی ئابوورییەوە بەسەر بردووە و زۆربەی کات لەسەر شەقامەکانی سلێمانی دەمایەوە.[٥]
ژیاننامە
[دەستکاری]کوردۆ عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٨١ لە شارۆچکەی پێنجوێن لەدایک بووە.[٦] لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ دەستی بە شیعر نووسین کردووە.[٤] سەرەڕای ئەوەی بەدەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەیناڵاند،[٣] ھەوادارێکی دیاری ئەدەب و شیعر بوو.[٦] ئەو بەھۆی کێشەی خێزانی و بێبەشبوون لە منداڵەکانی، ھەمیشە وەک کەسێکی خەمبار دەردەکەوت و شیعرەکانی ڕەنگدانەوەی ژیان و خەمەکانی بوون.[١]
ژیانی کوردۆ پڕ بوو لە سەختی؛ حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پشتگوێیان خستبوو و لە دۆخێکی خراپدا دەژیا.[٥] ماوەیەک لەسەر خواستی خۆی چووە «خەڵوەتگەی پیری» و لەوێ ژیاوە، پاشان بەھۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، ماوەیەک لە یەکێک لە کەلاوەکانی سلێمانیدا دەمایەوە.[٦] زۆرجار لەلایەن ھەندێک گەنجەوە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە دەبووەوە، بەڵام لە ھەمان کاتدا خەڵکانێکی زۆر ھاوکارییان دەکرد.[٧][٥]
بەپێی لێدوانی لانازی کچی، کوردۆ لە «دونیایەکی خەیاڵیدا» ژیاوە و حەزی بە ژیانی سەر شەقام بووە. بنەماڵەکەی چەندین جار ھەوڵیان داوە بیھێننەوە ماڵەوە و ماوەیەکی درێژیش ماوەتەوە، بەڵام دواجار گەڕاوەتەوە بۆ شێوازی ژیانی پێشووی خۆی. ھەروەھا چەندین جار بۆ وەرگرتنی چارەسەری دەروونی براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام خۆی پابەندی بەکارھێنانی دەرمانەکانی نەبووە.[٣]
بەرھەمەکان
[دەستکاری]کوردۆ خاوەنی سێ بەرھەمی شیعریی چاپکراو بووە:[٤]
- چاوەکانم پڕ لە گریان (٢٠٠٥)
- یادەکانم دوای دابڕان (٢٠٠٦)
- کەی دێیتەوە (٢٠٢٣)
جگە لەمانە، نامیلکەیەکی شیعریی تریشی ھەبوو کە ١٢٠ شیعری عاشقانەی لەخۆگرتبوو. دوای ١٤ ساڵ، بەھۆی نەبوونی توانای ماددی، لەلایەن ھاوڕێیەکییەوە ٥٠٠ دانەی لێ چاپ کرا. پێشەکیی کتێبەکە لەلایەن ئازاد پێنجوێنییەوە نووسرابوو. بۆ بژێوی ژیانی، لەلایەن ھاوڕێکانییەوە کەمپینێک بۆ فرۆشتنی بەرھەمەکەی لە بەردەرکی سەرای سلێمانی ڕێک خرا و نرخەکەی بەجێھێشتبوو بۆ کڕیارەکان.[٨]
شیعرەکانی زیاتر لەسەر شێوازی کێش و سەروا (ڕۆمانتیک و ڕۆمانسی) بوون، لەگەڵ ئەوەشدا شیعری ئازادیشی نووسیوە.[٤]
پەیوەندی لەگەڵ میدیا و کەسایەتییەکان
[دەستکاری]کوردۆ بەھۆی دڵسافی و ڕاستگۆییەکەیەوە ناسرا بوو. شاباز عوزێری، شاعیر و ھاوڕێی نزیکی، باسی لەوە کردووە کە کوردۆ ئەوەندە بەوەفا بووە، ئەگەر کەسێک یەک ڕۆژ ھەواڵی پرسیبا، لەبیری نەدەکرد.[٧]
ھەروەھا بڕیار بوو لەگەڵ شاباز عوزێری لە ڕێگەی ڕێکخراوی «ڤێرسا»وە پڕۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی نووسەرە گەنجەکان ئەنجام بدەن، بەڵام مەرگ ڕێگەی نەدا پێکەوە کارەکە تەواو بکەن.[٧]
چەند شیعرێکی کوردۆ لەلایەن ھونەرمەندانەوە کراون بە گۆرانی، لەوانە:
- شیعری «دیدەنی» لەلایەن ھونەرمەند سامان کوردەوە کراوە بە گۆرانی.
- شیعری «چاوەکانم پڕ لە گریان» لەلایەن ھونەرمەند بەرزۆی ھەولێرییەوە کراوە بە گۆرانی.[٤]
مردن
[دەستکاری]کوردۆی شاعیر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٥، لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا[٧] لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانی کۆچی دوایی کرد.[٥]
بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵان، کوردۆ دوای نوێژی نیوەڕۆ بۆ پشوودان لە مزگەوتەکە ڕاکشاوە و خەوی لێکەوتووە. دوای نزیکەی سێ کاتژمێر، کاتێک خەڵک ھەوڵیان داوە بەخەبەری بێننەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە گیانی لەدەستداوە و جەستەی سارد بووەتەوە.[٥][١] سەرەتا تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواسترایەوە بۆ لێکۆڵینەوە.[٩] دواتر، ئەنجامی توێکاری دەریخست کە ھۆکاری مردنەکەی جەڵدەی دڵ بووە.[٢][١]
کاردانەوەکان
[دەستکاری]کۆچی دوایی کوردۆ کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و خەڵکێکی زۆر ھاوخەمیی خۆیان دەربڕی.[٦] ڕۆژی دواتر پرسەکەی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.[٦] ھەروەھا لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، لەو شوێنەی کە زۆرجار لێی دەمایەوە و دەخەوت، یادێک بۆی ڕێک خرا. بەشێک لە ئامادەبووانی یادەکە ڕەخنەیان لەوە گرت کە «میللەتێکی زیندووکوژی مردوو پەرستین»، چونکە تا لە ژیاندا بوو کەس ڕێزی نەدەگرت، بەڵام دوای مردنی ھەمووان شێعرەکانی دەڵێنەوە و باسی دەکەن.[١٠]
دوای کۆچی دوایی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆ سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ خێزانەکەی، لانازی کچی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە ئەوان «ھەرگیز حاشایان لە باوکیان نەکردووە» و ڕوونی کردەوە کە شێوازی ژیانی باوکی پەیوەندی بە حەزی خۆی و ناجێگیریی باری دەروونییەوە ھەبووە نەک پشتگوێخستنی لەلایەن ئەوانەوە.[٣]
ژیانی تایبەتی
[دەستکاری]کوردۆ عەبدوڵڵا باوکی سێ منداڵ بوو بە ناوەکانی کارناس، لاناز و لیا. ئەو چەند ساڵێک پێش مردنی لە ھاوسەرەکەی جیا ببووەوە.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 «كۆردۆ عەبدوڵا لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی گیانی لەدەست دا». 964media.com. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 «کوردۆی شاعیر کۆچی دوایی کرد». Politic Press. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 «كچێكی كوردۆی شاعیر ڕوونكردنەوە سەبارەت بە دۆخی ژیانی باوكی دەدات». AVA News. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 چاوپێکەوتن لەگەڵ شاعیر کوردۆ عەبدوڵڵا. YouTube (ڤیدیۆ). Kurdistan Press. ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 «شاعیرێکی ناسراوی کورد کۆچی دوایی کرد». NRT TV. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 5 «پرسەی کوردۆی شاعیر لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت». AVA News. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- 1 2 3 4 «شاباز عوزێری: مەرگ رێگەی نەدا بەیەكەوە كارەكە تەواو بكەین». 964media.com. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «کەمپینێک بۆ فرۆشتنی بەرھەمی شاعیرێک راگەیەندرا». 964media.com. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «کوردۆی شاعیر کۆچی دوایی کرد». AVA News. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «لە بەردەرکی سەرا یادێک بۆ کوردۆی شاعیر بەڕێوەدەچێت». 964media.com. لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٥ ھێنراوە.