کورد لە ئێران

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کوردانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ڕەوانە کراوە)
کوردانی ئێران لە مەریوان لە کاتی گەمارۆدانی کۆبانی، ٦ی خەزەڵوەری ٢٠١٤ لە دژی داعش، ناڕەزایەتییان دەربڕی

کورد لە ئێران (بە ئینگلیزی: Kurds in Iran) ئەو کوردانە دەگرێتەوە کە لە ئێران لەدایکبوونە یان لەوێ دەژین. کورد بەدوای فارس و تورکی ئازەری سێھەمین نەتەوەی گەورەی ئێرانە، و بەپێی ئامارە مەزەندەکراوەکان، بە نزیکەی ٨ ملیۆن کەس جەماوەری ھەیە، کە نزیکەی ١٠٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەھێنن (بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ساڵی ٢٠١٤). کوردەکان لە ئێران جگە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە زۆربەی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئیلام و ھەروەھا بەشێک لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، لوڕستان و ھەمەدان لەخۆدەگرێت، لە پارێزگاکانی دیکە وەکوو خوراسانی باکوور، مازەندەران، گیلان، قەزوین، تاران، ئەڵبورز، خووزستان و ھەندێک پارێزگای دیکەش دەژێن. ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە کوردستانی ئێرانیش پێ دەگوترێت، بەشێوەیەکی سەرەکی وەکوو یەکێک لە چوار پارچەی کوردستان دەزانرێت کە بەشەکانی تری لە کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریادا داکەوتووە.[١] لەباری ئایینی نزیک بە نێوەیەکی کوردەکانی ئێران سەر بە مەزھەبی سوننەی شافعین و نێوەیەکی دیکەش شیعە و یارسانن. جەماوەرێکی بەرچاو لە کوردەکانی ئێران بە تایبەت لە پارێزگاکانی کرماشان، لوڕستان، مازەندەران و قەزوین سەر بە ئایینی یارسانن. لە باری زمانیش کوردەکانی ئێران بە شێوەزارەکانی کوردی وەکوو کرمانجی، سۆرانی، ھەورامی، لەکی و کوردیی باشووری (کەڵھوڕی، فەیلی، کولیایی، ...) قسە دەکەن.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ محمّدعلی چلونگر; کیومرث عظیمی (2012). "پراکندگی فرق و مذاھب تشیّع در کردستان". فصلنامە علمی شیعەشناسی (بە فارسی). 10 (39): 81–100. Retrieved 22 April 2020.