بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کەیوان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە که‌یوانەوە ڕەوانە کراوە)
کەیوان
بەشێکە لەسیستمی خۆریی دەرەکی
خوێندنەوەی ئای پی ئەیzaˈtʊʁn
ناونراوە لەدوایSaturnus، wuxing
ناسناوی خەڵکزُحَلِيٌّ، Saturnian، Cronian، Saturnano
جێسیستمی خۆریی دەرەکی
ڕووداوە بەرچاوەکانplanetary flyby
لێکۆڵینەوە لەلایەنkronology
Parent astronomical bodyخۆر
ڕووبەر٤٢٬٧٠٠٬٠٠٠٬٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ھێما
EpochJ2000.0
تاگی "ستەک ئێکسچەینج"https://astronomy.stackexchange.com/tags/saturn
ھەسارەی کەیوان

کەیوان یان زووحەل (بە ئینگلیزی: Saturn) (ھێما: ♄) یەکێکە لە ھەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر. کەیوان، دوای ھورمز، گەورەترین ھەسارەی گازیی کۆمەڵەی خۆرە.[١]

کەیوان شەشەمین ھەسارەیە لە ڕووی دوورییەوە لە خۆر و دووەم گەورەترین ھەسارەی کۆمەڵەی خۆرە لە دوای ھورمز. کەیوان وەک ھەسارەیەکی گازی پۆلێن دەکرێت، ھاوشێوەی ھورمز و ئورانوس و نیپتۆن. ئەم چوار ھەسارەیە پێکەوە بە «ھەسارە مشتەرییەکان» ناودەبرێن، بە واتای «ھاوشێوەکانی ھورمز». نیوەتیرەی ئەم ھەسارەیە نۆ ھێندەی نیوەتیرەی زەوییە،[٢] بەڵام چڕییەکەی دەگاتە ھەشت یەکی چڕی زەوی، و بارستایییەکەی پێنج و نەوەد ھێندەی بارستایی زەوی زیاترە.[٣] بارودۆخی ژینگەیی لەسەر ڕووی کەیوان زۆر سەختە؛ بەھۆی بارستە گەورەکەی و ھێزی کێشکردنە بەھێزەکەیەوە. پسپۆڕان دەڵێن پلەکانی گەرما و پەستانی زۆر بەرزی ناوەوەی، لە توانای زانایان و تەکنەلۆژیاکانی ئێستادا نییە کە بارودۆخێکی ھاوشێوەی بۆ تاقیکردنەوە لە تاقیگەکاندا دروست بکەن. کەیوان بە ڕێژەیەکی زۆر لە گازی ھایدرۆجین و ڕێژەیەکی کەم لە ھیلیۆم پێکدێت. بەشی ناوەوەی لە بەرد و سەھۆڵ پێکدێت کە بە چینێکی ئەستووری ھایدرۆجینی کانزایی و چینێکی دەرەکی گازی دەورە دراوە.[٤] وا بڕوایە کە تەزووی کارەبایی لە چینی ھایدرۆجینی کانزاییدا بەشدارە لە زیادکردنی ھێز و کێشکردنی بواری موگناتیسیی تایبەت بەم ھەسارەیە، کە بە شێوەیەکی کەم لەوەی زەوی تیژترە و ھێزەکەی دەگاتە یەک لەسەر بیستی ھێزی بواری موگناتیسیی تایبەت بە ھورمز.[٥] خێراییی با لەسەر ڕووی نزیکەی ١٨٠٠ کم/کاتژمێرە، کە خێرایییەکی زۆر گەورەیە بە بەراورد لەگەڵ خێراییی با لەسەر ڕووی ھورمز. کەیوان بە نۆ ئەڵقەی سەھۆڵ و تۆزەوە تایبەتمەندە کە لە یەک ئاستدا بە دەوریدا دەسوڕێنەوە و شێوەیەکی تایبەتی پێدەبەخشن. کەیوان شەست و یەک مانگی ناسراوی ھەیە کە بە دەوریدا دەسوڕێنەوە، جگە لە مانگە بچووکەکان،[٦] ٥٣ لەم مانگانە بە فەرمی ناونراون. لەنێو ئەم مانگانەدا، مانگی «تایتان» گەورەترین مانگی ھەسارەکەیە، و ھەروەھا دووەم گەورەترین مانگە لە کۆمەڵەی خۆردا، لە دوای «گانیمید»یەکێک لە مانگەکانی ھورمز، و لە قەبارەدا لە ھەسارەی عەتارد گەورەترە، و تاکە مانگە لە کۆمەڵەی خۆردا کە بەرگەھەوایەکی بەرچاوی ھەیە.[٧] یەکەم کەس کە ھەسارەی کەیوان بە تەلەسکۆپ لە ساڵی ١٦١٠دا چاودێری کرد، گالیلۆ گالیلەی بوو. لەو کاتەوە، ھەسارەکە سەرنجی زانایان و ھۆگرانی فەلەکناسیی ڕاکێشاوە، و چەندین جار چاودێری کراوە کە ھەندێکیان لەگەڵ دۆزینەوەی گرنگدا بوون، لەوانە ئەوەی لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٦ ڕوویدا، کاتێک کەشتیی ئاسمانیی کاسینی-ھۆیگنس ئەڵقەیەکی نوێی دۆزییەوە کە پێشتر نەدۆزرابووەوە، و دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئەڵقە سەرەکییە درەوشاوەکان و لەنێوان ئەڵقەکانی «ع» و «ی».[٨] لە مانگی تەممووزی ھەمان ساڵدا، ھەمان کەشتیی ئاسمانی وێنەیەکی گرت کە یەکەم بەڵگەی بوونی دەریاچەی ھایدرۆکاربۆنی لە جەمسەری باکووری مانگی تایتاندا نیشان دا. زانایان لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧دا ئەمەیان پشتڕاست کردەوە، و لە مانگی ئازاری ھەمان ساڵدا، کەشتییەکە وێنەی زیاتری گرت کە دەریای ھایدرۆکاربۆنی لەسەر ڕووی ئەو مانگە ئاشکرا کرد، کە گەورەترینیان بە قەبارەی دەریای قەزوینە.[٩] ھەروەھا کەشتییەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦دا گەردەلوولێکی بە تیرەی ٨٠٠٠ کم لە جەمسەری باشووری کەیواندا تۆمار کردبوو.[١٠] کەیوان بە شێوەیەکی بەردەوام لە کولتوری میتۆلۆژیای مرۆڤدا دەردەکەوێت. لە زانستی ئەستێرەناسیدا، وا بانگەشە دەکرێت کە کەیوان ھەسارەی سەرەکییە لە بورجی گیسکدا، و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە کارکردنە سەر بەختی لەدایکبووانی بورجی گیسک کاتێک بە فەلەکەکەیاندا تێدەپەڕێت، و ھەروەھا وا بانگەشە دەکرێت کە کار لە لەدایکبووانی بورجی سەتڵ دەکات. ڕۆمەکان ئاھەنگێکی ساڵانەیان ھەبوو بە ناوی «ساتورنیا» کە بۆ ڕێزلێنان لە خودای «ساتورن» ساز دەکرا. سەبارەت بە دیارترین نوێنەرایەتییەکانی مرۆڤ بۆ کەیوان لە سەردەمی ئێستادا: ئۆپەراسیۆنی کەیوان، یان ئۆپەراسیۆنی کەیوان بچووک، کە لەلایەن سوپای سوورەوە لەکاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا لە بەرەی ڕۆژھەڵات ئەنجام درا، و لە ماوەیدا چەندین شەڕی لە باکووری قەوقاز دژی سوپای نازی ئەنجام دا. ھەروەھا چەند تەکنەلۆژیایەک ھەن کە داھێنەرەکانیان ناوی «زووحەل»یان لێناون، وەک ئۆتۆمبێلەکانی ھەڵدانی مووشەکی تایبەت بە بەرنامەی ئەپۆلۆی بۆشایی ئاسمان،[١١] و کۆمپانیای ساتورنی لقی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز، و ھەروەھا کۆمپانیای ساتورن بۆ ئەلیکترۆنیات، و چەندانی تر.

چاودێریکردنی کەیوان

[دەستکاری]

کەیوان دوورترین ھەسارەیە لە خۆرەوە لەنێو ئەو پێنج ھەسارەیەی کە بە چاوی ڕووت لەسەر زەوی دەبینرێن، و چوار ھەسارەکەی تر بریتین لە: عەتارد، زوھرە، مەریخ و ھورمز. دواھەمین ھەسارەی ناسراو بوو بۆ فەلەکناسانی سەرەتا تا دۆزینەوەی ئورانوس لە ساڵی ١٧٨١. کەیوان بە چاوی ڕووت لە ئاسمانی شەودا وەک خاڵێکی زەردی درەوشاوە دەردەکەوێت و بەزۆری توانای بینایی لە نێوان +١ بۆ ٠ ھەیە، و بەھای ئەم توانایە لەوپەڕی درەوشانەوەیدا دەگاتە -٠٫٢٤. کەیوان نزیکەی ٢٩ ساڵ و نیوی پێویستە بۆ تەواوکردنی سووڕێکی تەواو بە دەوری خۆردا. زۆربەی خەڵک پێویستیان بە یارمەتیدەری بینایی ھەیە (دووربینی گەورە) کە بەلایەنی کەمەوە ٢٠ ھێندە گەورە بکاتەوە بۆ بینینی ئەڵقەکانی کەیوان بە ڕوونی. ڕوونترین بینینی کەیوان و ئەڵقەکانی کاتێکە کە گۆشەی نێوان ئەو و خۆر ١٨٠ پلە بێت، جا بە پێچەوانەی خۆرەوە لە ئاسماندا دەردەکەوێت.[١٢]

کەیوان لای دێرینەکان

[دەستکاری]

مرۆڤ ھەسارەی کەیوان لە سەردەمانی پێش مێژووەوە ناسیوە؛ بەھۆی ئاسانی بینینی بە چاوی ڕووت.[١٣] لە سەردەمە دێرینەکاندا دوورترین ھەسارەی ناسراو بوو لە کۆمەڵەی خۆردا، جگە لە زەوی، و بۆیە تایبەتمەندی سەرەکی ھەبوو لە ئەفسانە جیاوازەکاندا. فەلەکناسانی بابلی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک چاودێریان دەکرد و جووڵەکانیان تۆمار دەکرد.[١٤] لە ئەفسانە ڕۆمانییە دێرینەکاندا نوێنەرایەتی خودای ساتورن دەکات، و ھەسارەکە ناوی خۆی لە چەندین زمانی لاتینی و جێرمەنیدا لێ وەرگرتووە. بەپێی باوەڕی ڕۆمەکان، ساتورن خودای کشتوکاڵ و دروێنە بوو. ڕۆمەکان پێیان وابوو ساتورن ھاوتایە لەگەڵ خودای یۆنانی کرۆنۆس.[١٥][١٦] میتۆلۆژیای ھیندۆسی باس لە بوونی نۆ تەنەی ئاسمانی دەکات کە بە ناوی ناڤاگرھاس (بە سانسکریتی: नवग्रह) ناسراون. کەیوان یەکێکیانە و بە شانی (بە سانسکریتی: शनि؛ و بە تامیلی: சனி) ناسراوە، و ئەو کەسەیە کە ھەموو خەڵک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات لەسەر ئەو کارانەی کە لە ژیانی دنیادا کردوویانە، چاک بن یان خراپ.[١٥] لە سەدەی پێنجەمدا، دەقێکی فەلەکناسیی ھیندی بە ناوی «سووریا سیدھانتا» تیرەی ھەسارەی کەیوان بە نزیکەی ٧٣٨٨٢ میل دیاری کرد، واتە بە بەھایەک کە ١٪ کەمترە لە بەھا ڕاستەقینەکەی کە ٧٤٥٨٠ میلە.[١٧] لەکاتێکدا چینییەکان و ژاپۆنییە دێرینەکان پێیان وایە کە کەیوان ئەستێرەی زەوییە (土星). فەلەکناسانی ئەم دوو شارستانییەتە پشتیان بە بیروباوەڕی فەلسەفی بەستووە کە دەڵێت ھەموو توخمە سروشتییەکان لە پێنج توخمی سروشت پێکدێن: ئاگر، خاک، کانزا، دار و ئاو.[١٨]

چاودێریی مێژوویی ھەسارەی کەیوان

[دەستکاری]

مێژووی چاودێریکردن و گەڕانی ھەسارەی کەیوان بەسەر سێ قۆناغی سەرەکیدا دابەش دەکرێت: یەکەمیان چاودێرییە دێرینەکانە، کە تەنھا بە کەرەستەی سادە (بە شێوەیەکی سەرەکی چاوی ڕووت) بوو و پێش داھێنانی تەلەسکۆپەکان بوو. قۆناغی دووەم بەکارھێنانی تەلەسکۆپەکان بوو، کاتێک لە سەرەتای سەدەی حەڤدەھەمدا داھێنران و دەستیان بە پێشکەوتن و باشتربوون کرد. قۆناغی سێیەم قۆناغی سەردانی کەشتییە ئاسمانییەکانە بۆ ھەسارەکە، یان لە ڕێگەی چوونە ناو خولگەیەوە یان فڕین بەسەریدا بەھۆی کەشتییە ئاسمانییەکانەوە. کەیوان لە سەردەمە مێژوویییە دێرینەکانەوە ناسراوە، و فیزیکزانی ئیتاڵی گالیلۆ گالیلەی، لە یەکەمین کەسانە کە بە تەلەسکۆپ لە ساڵی ١٦١٠دا چاودێری کرد.[١٩] چاودێرییە سەرەتایییەکانی ھەسارەی کەیوان تا ڕادەیەک سەخت بوون چونکە زەوی لە ھەندێک ساڵدا بە ئاستی ئەڵقەکانی کەیوان تێدەپەڕێت کاتێک لە خولگەکەیدا دەجووڵێت؛ و بەھۆی ئەمەوە وێنەیەکی کەم ڕوونی ھەسارەی کەیوان بەرھەم دێت. زانا کریستیان ھۆیگنس لە ساڵی ١٦٥٩ ئەڵقەیەکی دۆزییەوە و وەسفی کرد کە «ئەڵقەیەکە بە ھەسارەکەوە نەلکاوە و لە ئاستی خولگەکەی لای داوە». لەو کاتەوە ھەسارەی کەیوان بەوە ناسراوە کە تاکە ھەسارەیە بە ئەڵقە دەورە دراوە تا ساڵی ١٩٧٧ کاتێک ئەڵقەی تەنک لە دەوری ھەسارەی ئورانوس و پاش ماوەیەکی کەم لە دەوری ھورمز و نیپتۆن دۆزرانەوە. لە ساڵی ١٦٧٥ فەلەکناسی فەڕەنسی جیۆڤانی کاسینی دۆزییەوە کە ئەو ئەڵقەیەی ھۆیگنس بینیبووی بە دوو ھێڵی تاریک بۆ دوو بەشی یەکسان دابەش بووە، ئەم ھێڵە ئێستا بە بەربەستی کاسینی ناو دەبرێت. لە ساڵی ١٨٥٠ ئەڵقەیەکی نوێ دۆزرایەوە کە لە دووانەکەی پێشووتر نزیکتر بوو لە ھەسارەکە و تاریکتر بوو. ھەروەھا کاسینی چوار مانگی بۆ کەیوان لە نێوان ساڵانی ١٦٧١ و ١٦٨٤ دۆزییەوە کە بریتین لە: ڕیا، تێتیس، دیۆن و یاپێتوس.[٢٠] لە ساڵی ١٩٧٩ فەلەکناسانێکی فەڕەنسی ئەڵقەیەکی نوێی تریان دۆزییەوە کە لەوانەی پێشووتر دوورتر بوو لە کەیوان. کەشتیی «پایۆنیر ١١» لە یەکەم سەردانیدا بۆ ھەسارەی کەیوان لە ساڵی ١٩٧٩ بەکارھێنرا، و دوای ئەوە پەنا برا بۆ کەشتییەکانی ڤۆیەجەر ١ و ڤۆیەجەر ٢ پاشان کاسینی-ھۆیگنس لە ساڵی ٢٠٠٤.

بازنەکانی کەیوان

[دەستکاری]

کەیوان وەکوو ھەسارە گازییەکانی دیکە بە چەند بازنەیەک دەوری گیراوە بەڵام بازنەکانی کەیوان زۆر جوان و بەرچاوترن. سەرچاوەی دروستبوونی بازنەکان دەتوانێت لە لەناوچوونی مانگەکانی کەیوانەوە بێت یان پاشماوەی دروستبوونی کۆمەڵەی خۆر. ئەستووریی بازنەکان دەگاتە ٢٠ مەتر.

مانگەکانی کەیوان

[دەستکاری]

کەیوان ٦٢ مانگی ناسراوی ھەیە. مانگە ھەرە گەورەکانی بە شێوەی ژێرەوەن:

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. https://web.archive.org/web/20111001102834/http://www.astrophysicsspectator.com/tables/Saturn.html
  2. Williams, Dr. David R. (September 7, 2006). "Saturn Fact Sheet". NASA. Archived from the original on October 5, 2011.
  3. Williams, Dr. David R. (September 7, 2006). "Saturn Fact Sheet". NASA. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2007-07-31.
  4. Fortney, Jonathan J. (2004). "Looking into the Giant Planets". Science. 305 (5689): 1414–1415. doi:10.1126/science.1101352. PMID 15353790. S2CID 53696245.
  5. Russell, C. T. ; Luhmann, J. G. (1997). "Saturn: Magnetic Field and Magnetosphere". UCLA – IGPP Space Physics Center. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2007-07-29.
  6. "The Planet Saturn". National Maritime Museum. Archived from the original on October 6, 2011. Retrieved 2007-07-06.
  7. "The Planet Saturn". National Maritime Museum. Archived from the original on October 6, 2011. Retrieved 2007-07-06.
  8. Shiga, David (September 20, 2007). "Faint new ring discovered around Saturn". New Scientist. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2007-07-08.
  9. Rincon, Paul (January 14, 2007). "Probe reveals seas on Saturn's moon Titan". BBC News. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2007-09-26.
  10. Susanna, Eden (2007). "The heart of a hurricane". Fathom. University of Chicago. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2007-07-12.
  11. Enabling Exploration with Small Radioisotope Power Systems (PDF). NASA. September 2004. Archived from the original (PDF) on October 5, 2011. Retrieved 2016-01-26.
  12. "Saturn's Rings Edge-On". Classical Astronomy. 2013. Archived from the original on 2013-11-05. Retrieved 2013-08-04.
  13. Cain, Fraser (July 3, 2008). "History of Saturn". Universe Today. Archived from the original on October 5, 2011. Retrieved 2011-07-24.
  14. Thompson, Richard (2007). Babylonian Horoscopes. p. 119. ISBN 978-1-4092-2331-5. Archived from the original on 2021-01-23. Retrieved 2021-01-23.
  15. 1 2 "The Planets". National Maritime Museum. Archived from the original on 2011-10-06. Retrieved 2007-07-06.
  16. "Starry Night Times". Imaginova Corp. 2006. Archived from the original on 2011-10-05. Retrieved 2007-07-05.
  17. Burgess, Ebenezer (1860). Translation of the Surya-Siddhanta, a Text-Book of Hindu Astronomy. The American Oriental Society. p. 240. ISBN 978-0-543-98249-3. Archived from the original on 2021-01-23. Retrieved 2021-01-23.
  18. De Groot, Jan Jakob Maria (1912). Religion in China: Universism a Key to the Study of Taoism and Confucianism. G. P. Putnam's Sons. p. 110. Archived from the original on January 23, 2021. Retrieved 2012-01-08.
  19. Drake, Stillman (1978). Galileo at Work. Chicago: University of Chicago Press. pp. 157–169. ISBN 0-226-16226-5.
  20. Micek, Catherine. "Saturn: History of Discoveries". Archived from the original on August 21, 2011. Retrieved 2007-07-15.