بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کلکەوانە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کلکەوانە بە نقیمی یاقووت

کلکەوانە ئاڵقەیەکی خڕە کە بۆ لەبەر کردن لە قامکەکان وەک خشڵ بۆ ڕازاندن، بەزۆری لە کانزا دروست دەکرێت. کلکەوانە ڕەنگە لە ھەر ماددەیەکی ڕەق دروست بکرێت: دار، ئێسک، بەرد، کانزاکان بەتایبەت زەرد، زیو و زێڕ، شووشە، یەشت، بەردە بەنرخەکان یان پلاستیک. ھەروەھا ڕەنگە بە بەردە بەنرخەکان وەکوو ئەڵماس، یاقووت، یاقووتی شین یان زمڕوت) یان لەگەڵ جۆرەکانی تری بەرد یان شووشە برازێنرێت.

ھەرچەندە ھەندێک کەس کلکەوانە وەک ڕازاندنەوەیەکی سادە یان وەک نمایشێکی بەرچاوی سامان و سەروەت لەبەر دەکەن، بەڵام کلکەوانە ئەرکی ھێماداری ھەیە و بۆ پێشاندانی ھاوسەرگیری، پێگە یان دەسەڵاتی بەرز لە کەڵتوورە جیاجیاکان، ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکدا و ھەندێک کارکردێکی ھاوشێوەش بە کار دەچێت.

زاراوەی کلکەوانە بۆ خۆی ھەر بە تەنیا بۆ ئەو زێڕینگەرییانەی ئاماژە دەکرێت کە لەسەر پەنجە یان خۆ کلک لەبەر دەکرێن؛ ھەروەھا ئەگەر ئاڵقە وەک زینەتێک لە شوێنێکی تر لەبەر بکرێت، بەشی جەستە لە چوارچێوەی ئەو زاراوەیەدا دیاری دەکرێت، بۆ نموونە، گوارە، لووتەوانە، ئەڵقەی مل، بازووبەند و کلکەوانەی پەنجەی پێ.

لە شێوەزار و زمانە کوردییەکاندا جگە لە وشەی کلکەوانە، ئەم وشانەش بۆ ئەم مەبەستە بە کار دەچێت:

ئەموستەویلە، ئەموستیلە، ئەنگوستەویلە، ئەنگوسەوێڵە، ئەنگوستیلە، ئەنگوشتەری، ئەنگوشتەویڵە، ئەنگشتانە، ئەنگولیسک، ژیگیر، قامکەوانە، کلکاز، کلکانە، کلکاونە، کلکوانە، کلکەوانە، کولکانە، کۆلکانە، گشتانە، گشتر، گوستیل، گوستیلک، گوستیلە، گێشتۆنە، ھنگلیسک، ھنگوستیل، ھنگوستیلک، ھنگولیسک، ھونگوستیل، ھونگوستیلک، ھونگولیر، ھونگولیسک، ھەنگوستیل، ھەنگوستیلک، ھەنگوستیلە، ھەنگولیسک.[١]

ھەروەھا بە پارچەبەرد یان ھەر شتێک کە بۆ ڕازاندنی کلکەوانە لەسەری دابنرێت نقیم دەڵێن و ھەروەھا لە شێوەزار و زمانە کوردییەکان وشەکانی خوارەوەش بۆی باوە:

بەردە‏ئەموستیلە، خاش، قاژ، قاش، مۆرخانە، مۆرخوانە، نقیم، نقیمی ئەنگوستیلە، نگین، نەقیم، نەقیمە، خاتم.[١]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]