بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کانیۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
کانیۆن
لقیfluvial landform، دۆڵ

کانیۆن (لە ئیسپانییەوە: cañón؛ شێوازی نووسینی کۆنی ئینگلیزیی بەریتانی: cañon)، کەند, گەڵی یان قەڵەشت، قەڵەشتێکی قووڵە لە نێوان لێژایییە توندەکان یان تاشەبەردەکان کە لە ئەنجامی کەشوھەوا و چالاکیی داخورانی ڕووبارێک بەدرێژایی پێوەرە کاتییە جیۆلۆجییەکان دروست دەبێت.[١] ڕووبارەکان مەیلی سروشتییان ھەیە بۆ بڕینی ڕوەکانی ژێرەوەیان، لە کۆتاییدا چینە بەردینەکان دادەخورێن کاتێک نیشتووەکان بۆ خوارەوەی ڕووبارەکە دەگوازرێنەوە. جێگەی ڕووبارێک وردە وردە دەگاتە بەرزییەکی بنەڕەتی، کە ھەمان بەرزیی ئەو کۆمەڵە ئاوەیە کە ڕووبارەکەی تێدا دەڕژێت. پڕۆسەکانی کەشوھەوا و داخوران کانیۆنەکان پێکدەھێنن کاتێک سەرچاوەی ڕووبارەکە و ڕێژگەکەی لە بەرزیی زۆر جیاوازدا بن،[٢] بەتایبەتی لە ناوچەگەلێکدا کە چینە بەردە نەرمەکان لەگەڵ چینە ڕەقترەکان کە بەرگریکارترن لە بەرامبەر کەشوھەوادا تێکەڵ بوون.

کانیۆنێک لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ قەڵەشتێکی نێوان دوو لووتکە چیا، وەک ئەوانەی ناو زنجیرەچیاکانی وەک چیاکانی ڕۆکی، ئەڵپ، ھیمالایا یان ئەندێز. بەزۆری ڕووبارێک یان جۆگەیەک ئەو جۆرە درزانە لە نێوان چیاکاندا ھەڵدەکۆڵێت. نموونەی کانیۆنەکانی جۆری چیایی بریتین لە کانیۆنی پرۆڤۆ لە یوتا یان دۆڵی یۆسێمیتی لە سیێرا نێڤادای کالیفۆڕنیا. کانیۆنەکانی ناو چیاکان، یان ئەو گەڵیانەی کە تەنھا لە یەک لایەوە کراوەن، بە کانیۆنی سندووقی ناودەبرێن. کانیۆنە تەسکەکان (Slot canyons) کانیۆنی زۆر باریکن کە زۆرجار دیواری سافیان ھەیە.

ئەو دۆڵە لێژانەی لە بنکەی دەریای لێژیی کیشوەرەکاندا ھەن بە کانیۆنە ژێر دەریایییەکان ناودەبرێن. بە پێچەوانەی کانیۆنەکانی سەر وشکانی، وا بیردەکرێتەوە کانیۆنە ژێر دەریایییەکان بەھۆی تەوژمە لێڵەکان و ڕاتەکانی زەوییەوە دروست بووبن.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. «canyon» (بە ئینگلیزی). ٢٠ی ئایاری ٢٠١١. لە ڕەسەنەکە لە ٣ی ئازاری ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ ھێنراوە.
  2. Ward Cameron (٢٠٠٥). «Understanding Canyon Formation». لە ڕەسەنەکە لە ٢٥ی نیسانی ٢٠٠١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ ھێنراوە.