ڤیان فایەق
ڤیان فایەق | |
|---|---|
| مەرگ | ٢٠١١ |
| نەتەوە | کورد |
| پیشە | گۆرانیبێژ، ژەنیاری گیتار |
| چالاکبوون | ١٩٨٠–١٩٨٤ |
کارە ناودارەکان | ھەی مینە، خانە میری، ھۆپ زیندان |
ڤیان فایەق ھونەرمەند، گۆرانیبێژ و ژەنیاری گیتاری کورد بوو، کە لە سەرەتای ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی بیستەمدا وەک یەکێک لە دیارترین دەنگەکانی تیپی مۆسیقای خانزاد دەرکەوت.
ژیانی ھونەری
[دەستکاری]ڤیان فایەق لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە تیپی مۆسیقای خانزادەوە کرد، کە لەسەر داوای یەکێتیی ئافرەتان لەلایەن ھونەرمەند و مۆسیقازانی کورد وریا ئەحمەد لە شاری ھەولێر دامەزرابوو [١]. ڤیان لەو تیپەدا نەک تەنیا وەک گۆرانیبێژی سەرەکی ڕۆڵی دەگێڕا، بەڵکوو ژەنیاری ئامێری گیتاریش بوو و لە زۆربەی چالاکییەکانی تیپەکەدا ئامادەیی ھەبوو.
لە ساڵی ١٩٨٢، ڤیان بەشداری لە «فیستیڤاڵی ھونەریی گۆرانی» کرد لە ئاستی عێراق و ئاستی تیپەکەیان بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە. دواتر لە ساڵی ١٩٨٣، کۆمەڵێک گۆرانییان بۆ تەلەڤیزیۆنی کەرکووک تۆمار کرد. ھەروەھا بەشدارییان لە بەرنامەی (سهرە ئەربیلییە - شەوانی ھەولێر) لە تەلەڤیزیۆنی عێراق کرد، کە بەشێکی لە ھاوینەھەواری سەری ڕەش وێنە گیرابوو [٢].
لە بەناوبانگترین ئەو گۆرانییانەی کە ڤیان فایەق وتوویەتی یان بەشداری تێدا کردووە بریتین لە: «ھەی مینە عەمرم مینە»، «خانە میری»، «ھۆپ زیندان»، «دەک نەمینێم ئەلەززە»، «ئایشۆکی دەلالی»، «وەز تازەممە»، لەگەڵ گۆرانیی «پەشیمانی» کە ھۆنراوەی گۆران و ئاوازی وریا ئەحمەدە.
وازھێنان و مردن
[دەستکاری]لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا بەھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێران و ئەو گوشارە زۆرەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خرایە سەر ھونەرمەندان بۆ ئەوەی خزمەت بە بانگەشەی جەنگ بکەن، تیپەکەیان لە چالاکی کەوت و ھەڵوەشایەوە. بەمەش کۆتایی بە کاری ھونەریی ڤیان فایەق ھات و بە یەکجاری لە کارکردن لەو بوارەدا دوورکەوتەوە.
ڤیان فایەق پاش چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە لە ھونەر، لە ساڵی ٢٠١١ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ حاجی ئەلیاس، کامەران. «تیپی موزیكی (خانزاد)ی كچان تەمەنێكی كورت و خزمەتێكی زۆر». CHRA.TV. لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
- ↑ «( ھــــەی مینا عـــەمرم مینا ) ڤیان فایەق تیی ۆسقا خانزاد - ١٩٨٣ * تیپی خانزاد». YouTube. ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١. لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٦ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]