ڕەمزی مەلا مارف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕەمزی

لەدایکبوون١٩٠٢
مەرگ١٨ی تەممووزی ١٩٧٦
شوێنی گۆڕگردی سەیوان
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر


محەممەد مارف کوڕی مەلا ڕەسووڵ کوڕی ئەحمەد (١٩٠٢ – ١٨ی تەممووزی ١٩٧٦) شاعیرێکی کوردی سەدەی بیستەم بوو. نازناوی شیعریی ڕەمزی بوو.

لەگەڵ خۆدا ھەتاکو کەی شەڕوشۆڕلەگەڵ بێگانەشا سوڵح و تەبایی

ژیان[دەستکاری]

ساڵی ١٩٠٢ لە گەڕەکی گۆیژە تەنیشت مزگەوتی ھەمزە ئاغای مەسرەف لە سلێمانی لەدایکبووە. بە بنەچە خەڵکی گوندی (باسنێ)ی ناوچەی (سیوەیل – شارباژێڕ)ی سەر بە پارێزگای سلێمانییە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا خراوەتە بەر خوێندن لە حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی، قورئانی پیرۆزی خەتم کردووە و چەند پەرتوکێکی فارسی وەک (سمایل نامە، گولستان، بوستانی سەعدی، دیوانی حافزی شیرازی و …. ھتد) خوێندووە. پاشان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا خراوەتە خوێندنگەی ڕوشدییەی عەسکەریی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام ئەوەندەی پێنەچووە لەوێ دەردەھێنرێت و دەخرێتە خوێندنگەی ئامادەیی موڵکی، چونکە تاقانەی باوکی بووە نەیویستووە لێی دوور بکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی منداڵێکی زیرەک و ڕەوشت بەرز و ڕاستگۆ بووە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکەم دەرچووە، مامۆستاکانی ناسناوی (ڕەمزی)یان پـێ بەخشیوە.

ڕەمزی، پاش ئەوەی پۆلی چوارەم تەواو دەکات لە خوێندنگە دەردەھێنرێت و دەینێرنەوە بەر خوێندنی ناڕەسمیی و دەست بە خوێندنی زانیارییە سەرەتاییەکانی ئایین دەکات، تا سەردەمی داگیرکاریی ئینگلیز، ئەوجا پەیوەندی دەکات بە شۆڕشی شێخ مەحمودەوە، زۆر جار لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ئینگلیزەوە گیراوە و تووشی ناخۆشی ھاتووە، چەند جارێکیش ماڵیان تاڵان کراوە.

یەکەمین کاری لە مووچەخۆری میری لە حوزەیرانی ١٩٢٧ بە تەحسیلدار لە ھەڵەبجە دامەزراوە. زۆربەی تەمەنی فەرمانبەریی لە وەزارەتی داراییدا (مالیە) بەسەربردووە. زیاتر لە سی ساڵ لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک، ھەولێر، نەجەف و کەربەلا لە باشووری کوردستان و باشووری عێراق فەرمانبەر بووە. تا لە ١ی ئایاری ١٩٦١ خانەنشین کراوە.

لە سەردەمی حوکمی ئینگلیزدا، کتێبێکی دەربارەی ڕێزمانی کوردی نووسیوە، دواتر (مێجەر سۆن – حاکمی ئینگلیز) لێی سەندووە، بەومەرجەی لە چاپی بدات، بەڵام نە چاپی کردووە و نە بۆیشی گەڕاندووەتەوە.

لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٨ یاداشتێک درا بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ دامەزراندنی (پەیوەستی نووسەران و وێژەوانانی کورد – رابطة الکتاب والادبا‌ء الاکراد). بەڵام میریی پەسەندی نەکرد، چونکە دەویسترا کە ئەدیبانی کورد تێکڕا بخەنە ناو (یەکێتی ئەدیبانی عێراقی) یەوە، بەڵام ئەمانیش ئەمەیان پەسند نەکرد، چونکە (ڕەمزی) دەڵێ:
«ئێمە ویستمان یەکێتییەکی سەربەخۆ ھەبێ بۆ کوردەکان».

ھۆنراوەی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە[دەستکاری]

ڕەمزی مەلا مارف لە چلەی بێخود، ١٩٥٥.

مەبەستە ھەرە گرنگەکانی شیعر لە دیوانی ڕەمزیدا لەم خاڵانەدا کۆدەبنەوە:
١- لە شیعری ئایینیدا بایەخی بە نەعت (ستایشی پێغەمبەر) داوە.
٢- دڵداری و وەسفی دلبەر مەبەستی سەرەکی شیعریەتی.
٣- وەسف بەگشتی و وەسفی سرووشت بەتایبەتی جێگەی تایبەتی ھەیە لە بەرھەمی شیعرییدا. لە وەسفی شار و جێگەی جوگرافی سەرکەوتووە.
٤- لە شیعری کۆمەڵایەتیدا باس لە ژیانی خۆشیی و نەخۆشیی خەڵکی دەکات، لەسەر ھەژاران دەکاتەوە، لە کەم و کوڕی کۆمەڵگە دەدوێ. جەژن، نەورۆز، سەیران، بەھار و ڕاووشکار لە بەرھەمیدا ڕەنگیان داوەتەوە.
٥- تازەترین ناوەڕۆک لە قاڵبی شیعری کلاسیکی ڕەمزی مەبەستی سیاسیی و نیشتمانپەروەری و کوردایەتییە، لە دژی دوژمنانی کورد بووە لە دراوسیێیان و داگیرکەرانی ئەورووپا.
٦- شیعری داشۆرینی ھەیە، بەڵام بە زۆری تێکەڵ بە شیعری (ئیرۆتیک)ی کردووە. لە بنەچەدا ئەم بابەتەی تەنیا بۆ داشۆرین بەکارھێناوە.
٧- ناوەڕۆکی دانایی و پەند و ئامۆژگاری لە بەرھەمی شاعیردا ھەیە، زۆربەی چوارین و تاکەکانی بۆ ئەم مەبەستە بەکارھێناوە.

مردن[دەستکاری]

بەگشتی ژیانی ڕەمزی ھێمن و لەسەرخۆ بوو، بەڵام ماوەی پێش ماڵئاوایی دادی بوو لە دەست نەخۆشی شێرپەنجە ئازاری بەدەستەوە چەشت تا لە بەیانی ڕۆژی ١٨ی تەممووزی ١٩٧٦ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد، و لە ڕێوڕەسمێکی پڕ شکۆ و ماتەمینیدا، تەرمەکەی لە گۆڕستانی گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی شەشەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕەکانی ٥٠٩ تا ٥٢٣، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٦.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]