ڕەشید نامیق
ئەم وتارە چەند کێشەیەکی ھەیە. تکایە یارمەتی باشترکردنی بدە یان ئەم کێشانە لەسەر پەڕەی لێدوانەکەی باس بکە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت)
|
ڕەشید نامیق :(١٩٠٠-١٩٧٤) كاتب
سەرەتای ژیان و خوێندنی
[دەستکاری]ڕەشید ناسناوی نامیق و کوڕی مەحموود کوڕی ڕەسووڵە، ساڵی ١٩٠٠ لە گەڕەکی (شێخان)ی شاری سلێمانی ھاتووەتە دنیاوە. سەرەتا لە حوجرەی خواجە ئەفەندی خوێندوویە.[١][٢]
پاشان قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەریی سلێمانی و ئەعدادیی عەسکەریی بەغدای تەواوکردووە و چووەتە مەکتەبی حەربییەی ئەستەمووڵ. لە پۆلی دووەم بووە کە یەکەم جەنگی جیھانی دەستی پێ کردووە، یارمەتیی کەسوکاریی پێ نەگەییوە و نەخۆش کەوتووە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.[١][٢]

کە ئینگلیز ھاتووەتە ناوچەکە، بە (نائیب زابت) وەرگیراوە و خولی سێ مانگەی دیوە بۆ بوونە ئەفسەر و کراوە بە فەرماندەی سریە. ھاوکاری شێخان بووە کە ١٩١٩ بە ھۆی شەڕی دەربەندی بازیانەوە سلێمانییان چۆڵ کردووە. کە ئیدارە دانراوە، کراوە بە کاتبی حاکمی عەسکەری "چاپمان" لە چەمچەماڵ.[١][٢]
ژیانی هاوسەرگیریی
[دەستکاری]دوو ساڵ لەوێ ماوەتەوە و خاتوو شەمسەی کچی ڕەشید بەگی مودیری تاپۆ (کوڕەزای حاجی بەگ)ی ھێناوە. ڕەشید نامیق سێ کوڕ و کچێکی لەپاش خۆی بەجێھێشتووە، کوڕێکیشی بە لاوی مردووە.[١][٢]
پیاوێکی ھۆگری خوێندنەوە و ئابوونەی "ژین" و "گەلاوێژ" و ڕۆژنامەی دیکەی عیراقی بووە .[١][٢]
وەزیفەكانی
[دەستکاری]- ١٩٢٢ کراوە بە کاتبی ناحیەی بازیان، کە فەقێ محەمەد بەڕێوەبەری بووە. دوو ساڵێک لەوێ بووە.
- ١٩٢٤ کراوە بە کاتبی ناحیەی وارماوا لە دێی (فەقێ جنە). بە ھەمان وەزیفەوە چووەتە خورماێ و ھەڵەبجە، بووە بە کاتبی تەحریر لە موتەسەڕیفێتیی سلێمانی.
- پاشان گواستراوەتەوە بۆ سوورداش ١٩٣٨.
- بنگرد ١٩٣٩.
- پێنجوێن ١٩٣٩-١٩٤٠.
- ماوەت ١٩٤١-١٩٤٢.
- قەڵادزێ ١٩٤٤ و لەوێ جێگری بەڕٍێوەبەری ناحیەی ناوەندی قەزا بووە.
- دواتر خزمەتیی گواستووەتەوە بۆ دائیرەی ئینحیساری تووتنی ڕانیە بە پلەی (مولاحز). بە پلەی وردبین (مودەقیق) براوە بۆ ئینحیساری گشتی لە بەغدا.
- ١٩٤٥-١٩٤٦ مولاحزی ئینحیسار بووە لە دھۆک، دیسان بووەتە مولاحزی ئینحیسار لە قەڵادزێ. ئەو ماوەیە سەرۆکی لیژنەکانی پشکنینی تووتن بووە لەو جێیانە. لە وەزیفە دەرکراوە، بەڵام ١٩٤٧ بە ھەوڵی عەلی کەمال بەگ و جەلال بابان کراوە بە کاتبی دادگا لە کەرکووک و ھێنراوەتەوە بۆ وەزیفە لە دائیرەی خەزێنەی دیوانییە.
- ١٩٥٢ لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ ھەولێر و بووە بە ژمێریاری خەزێنەی ھەولێر، دواتر بریکاری بەڕێوەبەری خەزێنە، تا ١٩٦٣ کە خانەنشین بووە.
كۆچی دوایی
[دەستکاری]ئەوەبەدوا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی ھەرەوەزیی شۆڕش و سەرۆکی لیژنەی خانوودابەشکردن، خانوو بەر خۆیشی کەوتووە و ئیدی لە ھەولێر جێگیر بووە، تا لە ١٧/٢/١٩٧٤دا کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- 1 2 3 4 5 6 ئەم زانیارییانە ڕۆژی ٨/٦/٢٠١٦ بە دەمی لە بەڕێز فەوزیی کوڕی وەرگیراون.
- 1 2 3 4 5 6 گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ل 8068 - 8069 ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |