ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان
بە کوردی: ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان
لەدایکبوون (١٩٤١-٠١-٠١) ١ی کانوونی دووەمی ١٩٤١ (تەمەن ٨٣ ساڵ)
ھەڵەبجە، عێراق
زمانی زگماکیکوردی
زمانەکانی ئاخاوتنکوردی، عەرەبی
پیشەدادوەر، پارێزەر، وەزیری داد
دانیشتوویپارێزگای ھەولێر
دەستپێکی چالاکی١٩٦٤
کۆتایی ساڵانی چالاکی٥ی نیسانی ٢٠١٢

ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان (١٩٤١، ھەڵەبجە، ھەرێمی کوردستان) دادوەری کوردی باشووری کوردستان و یەکێک لە پێنج دادوەری پرۆسەی دادگاییکردنی سەددام حوسێن دیکتاتۆری پێشووی عێراق بوو.

ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان دەرچووی کۆلیژی مافی زانکۆی بەغدایە. لە ساڵانی ١٩٨٤ ھەتا ١٩٩١ ڕاھێنەری ژووری پارێزەران لە سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ دادوەر لە دادگای ھەولێر بووە.

سەرۆکی دەستەی یەکەمی دادگای تاوان لە بەغدا لە داواکانی دوجەیل، بازرگانەکان، بارزانییەکان، کوردی فەیلی و کوشتنی نەیارانی سیاسی خێزاندارە بووە.

ژیان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٤١ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی خوێندووە، قۆناغی ئامادەیی لە پارێزگای سلێمانی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە کۆلێژی یاساوە کردووە لە زانکۆی بەغدا و لە ساڵی چوارەمی خوێندنیدا (لە ساڵی ١٩٦٣) بە تۆمەتی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیرکراوە. ڕەئووف لە ماوەی زیندانی کردنیدا تووشی ئەشکەنجە بووە. کە بووە ھۆی ئەوەی ھەندێک شوێنی جەستەی ئیفلیج بێت. ساڵی ١٩٦٥ بە غیابی سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێندرا، پاشان لە ساڵی ١٩٦٧ لێخۆشبوون، دواتر لە ساڵی ١٩٧٣دا جارێکی دیکە سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێندرا، لە ساڵی ١٩٧٦دا جارێکی دیکە لێخۆشبوونی بۆ کرا.

دوای ڕێککەوتنی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی نێوان حکوومەتی عێراق لە بەغدا و کورد بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی، وەک ئەندامی یەدەگی سەندیکای پارێزەرانی عێراق ھەڵبژێردرا، و لە بەغداش پراکتیزەکانی یاسای کردووە پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٣ ڕوو لە شاری سلێمانی بکات.

دەرچوو و ساڵی ١٩٨٤ وەک نوێنەری ژووری پارێزەران لە سلێمانی ھەڵبژێردرا، لە ساڵی ١٩٩١ بووەتە ئەندامی دامەزرێنەری کۆنفرانسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٩٧ وەک ڕاوێژکاری لیژنەی داڕشتنی یاسا لە وەزارەتی داد لە ھەرێمی کوردستانی ئیدارەی ھەولێر دامەزرا.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا دوای دەرچوونی یاسای دادگای باڵای تاوانەکان بۆ دادگاییکردنی سەرانی ڕژیمی بەعس، لە دادگای ناوبراو بۆ ئەندامی دادگای تاوان ئینتداب کراوە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ لە کابینەی شەشەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەزیری داد بووە.

وەک دادوەر کاری کردووە لە دادگای سەرەتا لە ھەولێر، پاشان لە بەشی دادگای تاوان، دواتر وەک سەرۆکی دادگای تاوانەکان، پاشان بووە جێگری سەرۆکی دادگای تێھەڵچوونەوە لە ھەولێر.

ڕەئووف سەرپەرشتی زۆرێک لە پرۆسەکانی ھەڵبژاردنی کرد کە لە ھەرێمی کوردستان ڕوویاندا، لەوانە: ھەڵبژاردنی خوێندکارانی زانکۆ کە ساڵانە بەڕێوە دەچێت، ھەروەھا ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان.

ڕەئووف باوکی کوڕێک و سێ کچە، و زۆر زاراوەی یاسایی لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

کوردیپیدیا - ڕەئووف ڕەشید عەبدولڕەحمان