ڕۆبێرت ئۆپنھایمەری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ڕۆبێرت ئۆپنھایمەری
لێدوان=
لەدایکبوون۲۲ی نیسانی ۱۹۰٤
نیویۆرک،  ویلایەتە یەکگرتووەکان
مردن۱٨ی شوباتی ۱۹٦۷
پرینستن، نیوجێرزی (٦۲ ساڵ ژیاوە)
بواری زانستیفیزیکی تیۆریک

ڕۆبێرت ئۆپنھایمەری (بە ئینگلیزی: Robert Oppenheimer؛ لەدایکبووی ٢٢ی نیسانی ١٩٠٤ – مردووی ۱٨ی شوباتی ۱۹٦۷) فیزیکزان و بەڕێوبەری تاقیگەی لۆس ئەلەمۆس لە سەردەمی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بوو.[١]

ژیانی سەرەتایی[دەستکاری]

ڕۆبێرت ئۆپنھایمەر لە ٢٢ی نیسانی ١٩٠٤ لە شاری نیویۆرک لەدایکبوو،[٢] باوکی جوولەکەیەکی ئەڵمانی بوو، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کۆچی کردبوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، خاوەنی کۆمپانیایەکی سەرکەتوو بوو لە ھاوردەکردنی قوماش. باوکی کەسێکی چالاک بوو لە چەندان کاروباری کۆمەڵایەتی و زۆری حەز لە بابەتی ھونەری و مۆسیقی بوو. کۆمەڵێک تابلۆی باشی کۆکردبووەوە، لەوانەش سی تابلۆی ڤان کۆخ.

خوێندن لە ئەورووپا[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٢٤، ئۆپنھایمەر لە کۆلێژی کرایست لە زانکۆی کامبریج پەسەند کرا. نامەیەکی بۆ ڕەزەرفۆرد نووسی کە تێیدا داوای قبووڵی کردبوو لە تاقیگەی کانڤادیش، بەڵام مامۆستاکانی ئۆپنھایمەر ڕەزەرفۆردیان ئاگادار کردبووەوە کەوا ئەو لە تاقیگەدا ھەڵە و ناشارەزایە و لە ڕاستیدا لە بواری بیردۆزیی زیرەکترە. لە کۆتاییدا ڕەزەرفۆرد ئۆپنھایمەری پەسەند نەکرد. بەڵام ئۆپنھایمەر کۆڵی نەدا و ئۆفەری دیکەی پێشکەش کرد، لە کۆتاییدا پەسەند کرا لە لایەن ج. ج، تۆمپسن بەومەرجەی کۆرسی بنچینەیی تاقیگەی وەرگرت.

کارە پەروەردەیییەکان[دەستکاری]

ئۆپنھایمەر لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٢٧دا، خەڵاتی ئەنجومەنی توێژینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەدەست ھێنا لە پەیمانگای تەکنۆلۆژیای کالیفۆرنیا (ناسراو بە کاڵتێک). ئەو بە ھاوەڵی لە ھەردوو زانکۆی کاڵتێک و ھارڤارد وانەی دەگوتەوە لە ساڵەکانی ١٩٢٧ ھەتا ١٩٢٨.

پرۆژەی مانھاتان[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٤٢، لەشکری ئەمریکی پرۆژەی مانھاتنی دامەزراند بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ئۆپنھایمەر وەکوو سەرۆکی بەشی تاقیگەی چەکی نھێنی ھەڵبژێردرا. ئەو بڕیارە زۆر کەسی سەرسام کرد، چونکە ئۆپنھایمەر ھەرگیز پێشتر ڕێبەرایەتی ھیچ پرۆژەیەکی گەورەی لەم شێوەیەی نەکردبوو. سەرەڕای ئەوەی ئۆپنھایمەر خەڵاتی نۆبێلی نەبوو و لەوانەیە ھێندە شۆکۆمەندیشی نەبووبێت تاوەکوو ھاوەڵە فیزیکییەکانی ڕێبەری بکات لە پرۆژەیەکی لەم شێوەیە، بەڵام شارەزایی و لێھاتوویی لەلایەنی عەمەلی درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و تموحی لە ڕادەبەدەری بۆ پرۆژەکە وای کرد ھەڵبژێردرێت وەک سەرۆکی پرۆژەکە.

مردن[دەستکاری]

ڕۆبێرت ئۆپنھایمەری جگەرەکێشێکی بەردەوام بوو، لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٩٦٥ تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قورگ بوو. دوای نەشتەرگەرییەکی نیوەچڵ و چوونە ژێر چارەسەری تیشکی و چارەسەری کیمیایی شکستی خوارد. سەرئەنجام لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٦٧ کەوتە باری بێھۆشی و ماڵەکەی خۆیدا لە پرینستن لە نیوجێرزی دوای سێ رۆژ، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا کۆچی دواییی کرد. پرسەکەی بە ئامادەبوونی ٦٠٠ زانا، ھاوەڵی سیاسی و سەربازی و کەسانی دیار بەڕێوەچوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "ڕۆبێرت ئۆپنھایمەری فیزیکزان". www.dabran.org. Retrieved 2021-09-17.
  2. ^ Bird & Sherwin 2005, p. 12

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]