ڕۆبۆتیک

ڕۆبۆتیک (بە ئینگلیزی: Robotics) لقێکی فرەزانستییە کە زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاری پێکەوە گرێ دەدات.[١] ڕۆبۆتیک بریتییە لە دیزاینکردن، دروستکردن، کارپێکردن و بەکارھێنانی ڕۆبۆتەکان. ئامانجی ڕۆبۆتیک دیزاینکردنی ئامێرە زیرەکەکانە کە بتوانن یارمەتی مرۆڤ بدەن لە کارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەدا و سەلامەتییان بپارێزن. ڕۆبۆتیک پشت بە لقەکانی ئەندازیاریی میکانیکی، ئەندازیاریی کارەبایی، ئەندازیاریی زانیاری، میکانیکی ئەلەکترۆنی، ئەلەکترۆنیک، زانستی ماددە، ئەندازیاریی کۆمپیوتەر، ئەندازیاریی کۆنترۆڵ، ئەندازیاریی نەرمامێر، بیرکاری و چەندین بواری تر دەبەستێت.
ڕۆبۆتەکان دەتوانن لە زۆر دۆخ و بۆ چەندین مەبەستی جیاواز بەکاربێن. ئەمڕۆ زۆربەی ڕۆبۆتەکان لە ژینگە مەترسیدارەکاندا (وەک پشکنین و کارکرن لەگەڵ ماددەی تیشکدەر، بۆمب پووچەڵکردنەوە)، پرۆسەکانی بەرھەمھێنان، یان لەو شوێنانەی مرۆڤ ناتوانێت بژی (بۆ نموونە لە بۆشایی ئاسمان، ژێر ئاو، گەرمای زۆر، و پاککردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ماددە ژەھراوی و پاشماوەکان) بەکاردەھێنرێن. ڕۆبۆتەکان دەتوانن ھەر شێوەیەک وەربگرن، بەڵام ھەندێکیان وا دروستکراون کە لە ڕووکەشدا لە مرۆڤ بچن. ئەم جۆرە ڕۆبۆتانە بە ڕۆبۆتی مرۆڤنما ناسراون. ھەوڵ دەدرێت ڕۆبۆتە مرۆڤنماکان بتوانن لاسایی جووڵەکانی مرۆڤ بکەنەوە، وەک ڕۆیشتن، ھەڵگرتنەوەی شت، قسەکردن، یان ھەر کردارێکی تری مرۆیی. زۆرێک لە ڕۆبۆتەکانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای سروشت دیزاین کراون و بوارێکی نوێیان بە ناوی ڕۆبۆتیکی ژین-ئیلھامبەخش دروست کردووە.
وشەناسی
[دەستکاری]
وشەی ڕۆبۆتیک لە وشەی ڕۆبۆتەوە وەرگیراوە، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن نووسەری چیکی کارڵ چاپێکەوە لە شانۆنامەکەیدا بە ناوی R.U.R. لە ساڵی ١٩٢٠ بەکارھێنرا.[٢] وشەی ڕۆبۆت لە وشەیەکی زمانی سلاڤی "robota" وەرگیراوە کە بە واتای "کارکردن" یان "ئەشقیایەتی" دێت.[٣]
وشەی ڕۆبۆتیک بۆ یەکەمجار لەلایەن ئایزاک ئازیمۆڤەوە لە چاپدا بەکارھات، لە بەشی "Runaround"، کە کورتەچیرۆکێک بوو لە مانگی ئازاری ١٩٤٢ لە گۆڤاری Astounding Science Fiction بڵاوکرایەوە.[٤] ئازیمۆڤ ئاگاداری ئەوە نەبوو کە خۆی ئەم زاراوەیەی داھێناوە؛ چونکە زانستی ئەلیکترۆنیک و لقەکانی تری ھاوشێوەی وەک "میکانیک"، "ھایدرۆلیک" و "کینەماتیک" ھەبوون، وایزانی "ڕۆبۆتیک" وشەیەکی پێشتر ناسراوە کە ئاماژەیە بۆ زانستی ڕۆبۆتەکان.[٥]
مێژوو
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٤٨، نۆربێرت وینەر بنەماکانی زانستی سایبەرنێتیکی داڕشت، کە بناغەی ڕۆبۆتیکی کردارییە.[٦]
ڕۆبۆتیکی تەواو سەربەخۆ لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا دەرکەوت. یەکەم ڕۆبۆتی پیشەسازی کە بە شێوەی دیجیتاڵی کاریدەکرد و پرۆگرام دەکرا، بە ناوی یونیمەیت، لە ساڵی ١٩٦١ دامەزرا بۆ ھەڵگرتنی پارچە کانزایە گەرمەکان لە ئامێرێکی داڕشتن و دانانیان.
ڕۆبۆتە بازرگانی و پیشەسازییەکانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاردێن و کارەکان بە وردی، خێرایی و دڵنیایی زیاتر لە مرۆڤ ئەنجام دەدەن. ھەروەھا لە ھەندێک کاردا بەکاردێن کە بۆ مرۆڤ زۆر پیس، مەترسیدار یان ناخۆشن. ڕۆبۆتەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە پیشەسازیی بەرھەمھێنان، کۆکردنەوە، گواستنەوە، گەڕانی زەوی و بۆشایی ئاسمان، نەشتەرگەری، چەک، توێژینەوەی تاقیگەیی، سەلامەتی و بەرھەمھێنانی بەکۆمەڵدا بەکاردەھێنرێن.
پێکھاتەکانی ڕۆبۆت
[دەستکاری]ڕۆبۆتەکان پێکھاتەی جیاوازیان ھەیە. ھەموو ڕۆبۆتێک پێکھاتەیەکی میکانیکی ھەیە. لایەنی میکانیکی ڕۆبۆتەکە یارمەتی دەدات کارەکانی لە ژینگەیەکدا ئەنجام بدات کە بۆی دروستکراوە. بۆ نموونە، چەرخەکانی ڕۆبۆتی مارس ڕۆڤەر وا دیزاین کراون کە بتوانن بەسەر خاکی مەریخدا بڕۆن.
سەرچاوەی وزە
[دەستکاری]لە ئێستادا، زۆربەی ڕۆبۆتەکان پاتری لید-ئەسید وەک سەرچاوەی وزە بەکاردەھێنن. جۆرەھا پاتری دەکرێت وەک سەرچاوەی وزە بۆ ڕۆبۆتەکان بەکاربێن. لە پاترییە قورسەکانی لید-ئەسیدەوە بگرە تا پاترییە بچووک و سووکەکانی زیو-کادمیۆم. ڕۆبۆتە جێگیرەکان لەوانەیە وزە لە ڕێگەی پریزێکی کارەباوە وەربگرن، بەمەش پێویستییان بە سەرچاوەی وزەی ناوخۆیی نامێنێت. دیزاینکردنی ڕۆبۆتێک کە وزەی خۆی لە ڕێگەی پاترییەوە دابین بکات، پێویستی بە ڕەچاوکردنی فاکتەرەکانی وەک سەلامەتی، کێش، و ماوەی کارکردن ھەیە.
جووڵاندن
[دەستکاری]جووڵێنەرەکان بزوێنەری ڕۆبۆتن کە بەرپرسن لە جووڵە و کۆنترۆڵی میکانیزمەکان. بە واتایەکی تر، ئەوان "ماسولکە"ی ڕۆبۆتن کە وزە دەگۆڕن بۆ جووڵە. زۆربەی جووڵێنەرەکان لەسەر بنەمای بزوێنەری کارەبایی کاردەکەن، بەڵام جۆری تریش ھەن کە پشت بە پەستانی ھەوا یان پەستانی شلە دەبەستن.
ھەستکردن
[دەستکاری]ھەستەوەرەکان ڕێگە بە ڕۆبۆت دەدەن زانیاری لەبارەی ژینگەکەی یان پێکھاتە ناوخۆییەکانییەوە وەربگرێت. ئەم زانیارییە بۆ کارکردنی ڕۆبۆتەکە زۆر گرنگە و ڕێگەی پێدەدات کاردانەوەی گونجاوی ھەبێت بەرامبەر گۆڕانکارییەکان. ھەستەوەرەکان لە ڕۆبۆتیکدا بۆ ئەرکی جیاواز بەکاردێن، وەک:
- ھەستەوەری بینین: ڕێگە بە ڕۆبۆت دەدات جیھانی دەوروبەری "ببینێت" و شتەکان بناسێتەوە.
- ھەستەوەری دەنگ: یارمەتی ڕۆبۆت دەدات دەنگەکان ببیستێت و سەرچاوەکەیان دیاری بکات.
- ھەستەوەری بەرکەوتن: زانیاری لەسەر بەرکەوتنی ڕۆبۆتەکە لەگەڵ شتەکانی دەوروبەری دەدات.
دەستکاریکردن
[دەستکاری]ڕۆبۆتەکان پێویستە بتوانن دەستکاری شتەکان بکەن؛ وەک ھەڵگرتن، گۆڕینی شوێن، یان دەستکاریکردنی ئامرازەکان. زۆرجار، قۆڵەکانی ڕۆبۆت بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێن و کۆتایییەکەیان بە ئامێرێک بە ناوی "کۆتا-کارپێکەر" (end-effector) یان "گرە" (gripper) دەناسرێت.
شوێنگۆڕکێ
[دەستکاری]
شوێنگۆڕکێ بریتییە لە توانای ڕۆبۆت بۆ جووڵەکردن لە ژینگەکەیدا. شێوازە باوەکانی شوێنگۆڕکێ بریتین لە:
- ڕۆیشتن بە پێ : وەک ڕۆبۆتە مرۆڤنماکان یان ڕۆبۆتە جاڵجاڵۆکەییەکان.
- جووڵە بە چەرخ : سادەترین ڕێگایە و پێویستی بە زەوییەکی تەخت ھەیە.
- خشین: لاساییکردنەوەی جووڵەی مار.
- فڕین : وەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن).
- مەلەکردن : وەک ڕۆبۆتە ژێرئاوکەوتووەکان.
کۆنترۆڵ
[دەستکاری]میکانیکی ڕۆبۆتێک پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت بۆ ئەوەی کارەکانی بە دروستی ئەنجام بدات. کۆنترۆڵی ڕۆبۆت بریتییە لە سێ قۆناغی جیاواز: تێگەیشتن، پرۆسەکردن و کردار. ھەستەوەرەکان زانیاری لەبارەی ژینگە یان ڕۆبۆتەکەوە دەدەن (بۆ نموونە، شوێنی قۆڵەکانی یان چەرخەکانی). ئەم زانیارییە دواتر دەنێردرێت بۆ یەکەیەکی ناوەندیی پرۆسەکردن (CPU) بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت. پاشان، CPUـیەکە فەرمان بۆ جووڵێنەرەکان دەنێرێت تا کردارێکی دیاریکراو ئەنجام بدەن.
سیستەمی کۆنترۆڵ دەکرێت زۆر سادە بێت (وەک کۆنترۆڵی ڕۆبۆتێکی ھێڵشوێن) یان زۆر ئاڵۆز بێت (وەک کۆنترۆڵی ڕۆبۆتێکی مرۆڤنما کە پێویستە ھاوسەنگی خۆی ڕابگرێت). ئەمڕۆ، پرۆگرامسازی و ژیریی دەستکرد (AI) ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەرەپێدانی سیستەمە کۆنترۆڵە پێشکەوتووەکاندا.
یاساکانی ڕۆبۆتیک
[دەستکاری]ئیسحاق ئاسیمۆڤ لە چیرۆکە خەیاڵییە زانستییەکانیدا سێ یاسای بۆ ڕۆبۆتەکان دانا کە بە سێ یاساکەی ڕۆبۆتیک ناسراون:
- ڕۆبۆت نابێت زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت، یان بەھۆی کارنەکردنەوە ڕێگە بدات مرۆڤ تووشی زیان ببێت.
- ڕۆبۆت دەبێت گوێڕایەڵی فەرمانەکانی مرۆڤ بێت، مەگەر ئەو فەرمانانە لەگەڵ یاسای یەکەمدا ناکۆک بن.
- ڕۆبۆت دەبێت بوونی خۆی بپارێزێت، تا ئەو کاتەی پاراستنی خۆی لەگەڵ یاسای یەکەم یان دووەمدا ناکۆک نییە.[٧]
دواتر یاسایەکی تریشی زیاد کرد کە بە یاسای سفر ناسراوە:
- ڕۆبۆت نابێت زیان بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت، یان بەھۆی کارنەکردنەوە ڕێگە بدات مرۆڤایەتی تووشی زیان ببێت.
ئەم یاسایانە زیاتر لە بواری خەیاڵی زانستیدا گرنگییان ھەیە، بەڵام بوونەتە بنەمایەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەوشتیاتی ڕۆبۆتیک.
بەکارھێنانە ھاوچەرخەکان
[دەستکاری]لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، ڕۆبۆتەکان ڕۆژ بە ڕۆژ کاراتر و زیرەکتر دەبن. ئەمڕۆ لە زۆر بواردا بەکاردەھێنرێن:
- ڕۆبۆتی پیشەسازی: لە کارگەکاندا بۆ کۆکردنەوە، بۆیەکردن، لەحیمکاری و گواستنەوەی کەرەستەکان بەکاردێن.
- ڕۆبۆتی خزمەتگوزاری: لە ماڵەکاندا بۆ پاککردنەوە (وەک Roomba) یان لە نەخۆشخانەکاندا بۆ گواستنەوەی دەرمان بەکاردێن.
- ڕۆبۆتی پزیشکی: وەک سیستمی سیستەمی نەشتەرگەری دا ڤینچی، کە یارمەتی نەشتەرگەرەکان دەدات نەشتەرگەریی ورد و ئاڵۆز ئەنجام بدەن.
- ڕۆبۆتی سەربازی: بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمب، چاودێری و گەڕان.
- ڕۆبۆتی بۆشایی ئاسمان: وەک ڕۆڤەرەکانی مەریخ (کیوریاستی و کۆڵنەدەر (گەڕۆک)) کە زانیاری لەسەر ھەسارەکان کۆدەکەنەوە.
- ڕۆبۆتی کشتوکاڵی: بۆ چاندن، دروێنەکردن و شیکردنەوەی دۆخی خاک.
وتارە پەیوەندیدارەکان
[دەستکاری]سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «Robotics: About the Field». www.bls.gov (بە ئینگلیزیی ئەمەریکایی). لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤ ھێنراوە.
- ^ Čapek، Karel (٢٠٠١) [1920]. R.U.R. (Rossum's Universal Robots). Mineola, NY: Dover Publications. لاپەڕە ix. ژپنک ٠-٤٨٦-٤١٩٢٢-٧.
{{cite book}}
: نرخی|ژپنک=
بپشکنە: checksum (یارمەتی) - ^ Zunt، Dominik. «Who did actually invent the word "robot" and what does it mean?». The Karel Čapek website. لە ڕەسەنەکە لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ ئەرشیڤ کراوە.
- ^ Asimov، Isaac (١٩٥٧). The Naked Sun. New York: Doubleday.
- ^ Asimov, Isaac (1996) [1995]. Gold, "The Robot Chronicles". London: Voyager. pp. 224-225. ISBN 0-00-648202-3.
- ^ Wiener، Norbert (١٩٤٨). Cybernetics: Or Control and Communication in the Animal and the Machine. MIT Press.
- ^ Asimov، Isaac (١٩٥٠). I, Robot. New York City: The Gnome Press. ژپنک ٠-٥٥٣-٢٩٤٣٨-٥.
This is an "exact" transcription of the laws. They also appear in the front of the book, and in both places there are no commas after "action" in the First Law.