ڕاپەڕینی وەتبە
| ڕاپەڕینی وەتبە | |
|---|---|
| جێ | شانشینی عێراق |
| کاتی ڕوودان | ٣١ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ |
ڕاپەڕینی وەتبە یان وەتبەی کانوون ڕاپەڕینێکی گەورەی جەماوەری بوو کە لە مانگی کانوونی دووەم ساڵی ١٩٤٨ لە بەغدا سەریھەڵدا دژی پەیماننامەی پۆرتسمۆس کە لە نێوان شانشینی عێراق و بەریتانیا واژوو کرابوو، کە عێراقییەکان بە درێژەی ھەژموونی داگیرکارییان دەزانی. ناوی لێنرا «ئەلوەتبە» (بە واتای «بازدانەکە») وەک ڕێزێک بۆ ئەو وزەیەی بۆ گۆڕانکاری ئازاد کرابوو، و بوو بە نموونەیەکی ئاڵنگاری جەماوەری لە عێراقی مۆدێرن.[١]
مێژوو
[دەستکاری]لە ساڵی ١٩٤٧، شانشینی عێراق کەوتە وتووێژی نھێنییەوە لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا. پارتە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق ئاگاداری ئەم وتووێژانە نەکرانەوە و لەبری ئەوە، ڕۆژی دواتر لە ڕادیۆوە بیستیانەوە یان لە ڕۆژنامەکاندا خوێندیانەوە. ھەرچەندە ھەواڵی پەیماننامەکە بووە ھۆی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی وەتبە، بەڵام زۆری نەخایاند دەرکەوت کە ھۆکاری دیکەی نائارامی ھەبوون کە لە دژایەتیکردنی پەیماننامەکە زیاتر بوون. بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان کرێکاران، خوێندکاران و ھەژارانی شارنشین بوون کە لە پەراوێزی بەغدادا دەژیان. زۆرێک لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن حیزبی شیوعیی عێراقەوە ڕێکخرابوون. ڕاپەڕینی وەتبە "لە ھەمان ئەو بارودۆخەوە سەریھەڵدا کە لە ساڵانی چلەکانەوە بووە ھۆی پێشڕەوی شیووعییەت." سنوورە توندەکانی چینایەتی لە کۆمەڵگەی عێراقیدا، ھەژاریی بەربڵاو لە ناوەندە شارییەکاندا، و ژمارەی ڕوو لە زیادبوونی خوێندکاران، ھەموو ئەم ھۆکارانە بەشداربوون لە ڕووداوەکانی کانوونی دووەمی ١٩٤٨. سەرەڕای ئەوەش، ھێزی کڕینی کرێکاران لە نزمترین ئاستی مێژووییدا بوو، کە ئەمەش بووە ھۆی زیادبوونی نائومێدی لەنێو کرێکارە مووچەخۆرەکاندا.[٢][٣]
پاشھاتەکان
[دەستکاری]ئێوارەی ٢٦ی کانوونی دووەم، سالح جەبر ھەڵھات بۆ ئینگلتەرا. پاشا زانایەکی ئایینیی شیعەی ڕاسپارد، کە لە ڕاپەڕینەکانی ١٩٢٠دا بەشدار بووبوو، بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ. حکوومەتی عێراق ھاندەرە بیانییەکانی بە ھۆکاری ڕاپەڕینەکانی کانوونی دووەم دانا. ئەوان ئاماژەیان بە پشتیوانیی سعودیە بۆ پارتی سەربەخۆیی و پەیوەندییەکانی سۆڤیەت بە حیزبی شیووعییەوە کرد. ئەوان ئیدیعایان کرد کە حیزبی شیووعیی بەخششی گەورەی لە شیووعییە جووەکانەوە وەرگرتووە؛ بەڵام، تۆمارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حیزبی شیووعی پارەیەکی زۆر کەمی لە کانوونی دووەمی ١٩٤٨دا خەرج کردووە، کە ئەمەش پشتگیری لەو بیرۆکەیە دەکات کە خۆپیشاندانەکان خۆڕسکانە بوون و پشتیوانییەکی بەرفراوانی جەماوەرییان ھەبووە.
ڕاپەڕینی وەتبە حیزبی شیووعی بەھێزتر کرد؛ بەڵام، ئەندامە نوێیەکان ڕاھێنراو نەبوون و «فەھد» و ١٢٥ی دیکە لە سەرکردە باڵاکانی شیووعیی لە زیندانی کووت بوون. حیزبی شیووعیی لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە کەم تا زۆر لەگەڵ پارتی ڕزگاریی نیشتمانی و بە شێوەیەکی کرداریش لەگەڵ لیژنەی شۆڕشی نیشتمانیدا یەکیگرت.
دوای ڕاپەڕینی وەتبە، ئایدیۆلۆژیای حیزبی شیووعیی توندڕەوتر بوو. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە ھاتە پێشەوە ئەوە بوو کە ئایا پێویستە حیزبەکە بە شێوەیەکی ستراتیژی لەگەڵ بۆرژوازیی نیشتمانیدا ھاوکاری بکات دژی سیستمی پاشایەتی.
بەڵام، لە بەھاری ساڵی ١٩٤٨دا ژمارەیەک خۆپیشاندان و مانگرتن ئەنجامدران.
- مانگرتنی ھێڵی ئاسنین لە ١٨ی ئازار، ١٤ی نیسان و ١٢ی ئایار.
- مانگرتن لە بەندەر: ٤ی نیسان، ٦ی نیسان، ٢ی ئایار و ١٨ی ئایار.
- وێستگەی پاڵنانی نەوتی «کەی ٣» لەلایەن کرێکارانەوە لە ٢٣ی نیسانەوە تا ١٥ی ئایار لەکارخرا.
- لە مانگی نیساندا، حیزبی شیووعی یەکەمین کۆنگرەی نیشتمانیی خوێندکارانی ڕێکخست، کە تێیدا یەکێتیی گشتیی خوێندکارانی عێراق دامەزرا.
- لە مانگی نیساندا، جووتیاران ڕاپەڕینێکیان لە گوندی عەربەت بەرپاکرد. «کرێکاران داوای زیادکردنی کرێ، 'نان و پێڵاو'، مافە دیموکراسییەکان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، و سەربەخۆیی نیشتمانییان دەکرد.»
- لە مانگی ئایاردا، خۆپیشاندانەکان بەھۆی ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی (باری نائاسایی) لەلایەن حکوومەتەوە کۆتاییان پێھات، کە دوابەدوای ھەڵگیرسانی جەنگ لە فەلەستین ھات.
ھەرچەندە چەندین لایەنی جیاواز بۆ خۆپیشاندانەکان یەکیانگرت، و لیبراڵ و دیموکراتە نیشتمانییەکان ھاوکاریی حیزبی شیووعییان کرد، بەڵام ھیچ ھاوکارییەکی زیاتر لە دژایەتیکردنی سیستمی پاشایەتیدا لەنێوانیاندا ڕووینەدا. لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٨دا، حیزبی شیوعی تووشی پشێوییەکی گەورە ببوو، زۆرێک لە سەرکردەکانی لە زینداندا بوون. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە متمانەی لەدەستدا دوای ئەوەی شوێن ھێڵی سۆڤیەت کەوت لە قبوڵکردنی دابەشکردنی فەلەستین و دامەزراندنی ئیسرائیل لە ھاوینی ئەو ساڵەدا؛ بەڵام، کاریگەرییەکی دیکەی وەتبە ئەوە بوو کە «پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کە بەرپرس بوون لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان، شێوازی نوێ و ڕاستەوخۆی ھێزیان دەدۆزییەوە، کە بەھۆی کەمیی ژمارەیان و ساختەکاریی سیستەمی پەرلەمانییەوە لێی بێبەش کرابوون». ڕاپەڕینی وەتبە یارمەتیدەر بوو بۆ خۆشک کردنی ڕێگە بۆ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٥٢، ڕووخاندنی سیستمی پاشایەتی لە شۆڕشی ١٤ی تەممووزدا، و دروستبوونی کۆمار.[٤][٥][٦]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Batatu، Hanna (١٩٧٨). The Old Social Classes and the Revolutionary Movements of Iraq. Princeton University Press. لاپەڕە ٥٤٣–٥٦٢. ژپنک ٠-٨٦٣٥٦-٥٢٠-٤.
- ↑ Batatu 547
- ↑ Batatu, 545
- ↑ Batatu, 559
- ↑ Salucci, 28
- ↑ Tripp, 118