چایخانەی قەرداران
چایخانەی قەرداران چایخانەیەکی بچووک و دێرینی شاری هەولێرە، کە کەوتووەتە سەنتەری شار و لە سەرەتای یەکەم شەقامی دروستکراوی هەولێر (لە بەرامبەر پەیکەری کۆتری ئاشتی). چایخانەکە لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن حاجی عوسمان محەمەد مستەفا دامەزراوە و وەک یەکێک لە شوێنە کەلەپووری و کۆمەڵایەتییە دیارەکانی شارەکە دەناسرێت.[١]
مێژوو و دامەزراندن
[دەستکاری]چایخانەی قەرداران لە ساڵی ١٩٦٠ی زاینیدا لەلایەن حاجی عوسمان محەمەد مستەفا دامەزرا، کە لەو سەردەمەدا خۆی لەناو مۆتەسەریفەی هەولێر چایچی بوو. لەبەر کۆنبوونی بینای چایخانەکە و بۆ پاراستنی مۆرکە مێژوویییەکەی، لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەلایەن نەوزاد هادی، پارێزگاری ئەوکاتی هەولێرەوە، بەشێوازێکی کەلەپووری نۆژەن کرایەوە.[٢]

هۆکاری ناونان
[دەستکاری]سەبارەت بە ناونانی چایخانەکە بە «قەرداران»، دوو بۆچوون و گێڕانەوەی سەرەکی هەن:
- سولفەی عەقاری و کاری بیناسازی (١٩٦٣–١٩٦٦): لە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٦٦، لە سەردەمی حکوومەتی عەبدولسەلام عارەفدا، سولفەی عەقاری (پێشینەی خانووبەرە) دەدرا بە هاووڵاتییان و فەرمانبەران. فەرمانبەر و مامۆستایان بۆ دروستکردنی خانووەکانیان، لەم چایخانەیەدا لەگەڵ وەستایانی بیناسازی، وەک وەستا، کوورەچی، نەجاری سەببە، ئاسنگەر و کرێکاران کۆدەبوونەوە و ڕێککەوتنیان دەکرد. کرێکار و وەستاکان بە شێوازی «قەرز» کاریان بۆ فەرمانبەران دەکرد تا ئەو کاتەی سولفەکەیان وەردەگرت و پارەکەیان دەدایەوە. بەهۆی زۆریی ئەم مامەڵە بەقەرزانەی لە چایخانەکەدا ئەنجام دەدران، ناوی چایخانەکە بوو بە «چایخانەی قەرداران».
- چاخواردن و وەرگرتنی پارە بەقەرز: گێڕانەوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانیکەرانی چایخانەکە کاسبکار، کرێکار یان فەرمانبەرانی کەم داهات بوون. ئەوانەی بێپارە بوون، بە قەرز چایان لە چایخانەکە دەخواردەوە. تەنانەت هەندێک جار کاتێک مووچە دوا دەکەوت، سەردانیکەران جگە لە چاخواردن، پارەی نەختیشیان بەقەرز لە خاوەن چایخانەکە وەردەگرت (بۆ نموونە: ئەگەر حسابی چایەکە ٤٠ فلس بووایە، ٦٠ فلسی نەختیشیان لە خاوەن چایخانەکە وەردەگرت و داوایان دەکرد ١٠٠ فلس بەقەرز بنووسرێت تا سەری مانگ و وەرگرتنی مووچە)، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی ناسرانی چایخانەکەیە بەم ناوە.[٣]
گرنگیی کۆمەڵایەتی
[دەستکاری]چایخانەی قەرداران ناوەندێکی گرنگی کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گفتوگۆی سیاسی و ڕۆشنبیری بووە:
- مەڵبەندی کاسبکاران: شوێنی حەسانەوە و ڕێککەوتنی مامەڵەی کاسبکارانی ناو بازار بووە، وەک ئاسنگەر، دارتاش، زێرنگر، بەقال و کوورەچییەکان.
- کۆبوونەوەی فەرمانبەرانی دوورخراوە: ئەو فەرمانبەرانەی بەهۆی هەڵوێست و بۆچوونی سیاسییانەوە لە کارەکانیان ڕاگرابوون، لەم چایخانەیەدا کۆدەبوونەوە.
- مەڵبەندی مامۆستایان: دوای دەوامی فەرمی دامودەزگاکانی حکوومەت، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و فەرمانبەران ڕوویان لە چایخانەکە دەکرد. بەهۆی کەمی شوێن و قەرەباڵغییەوە، کورسی و مێزی گچکە لەسەر شۆستەی بەردەم چایخانەکە دادەنرا و هەندێکیان بە پێوە کۆدەبوونەوە و چایان دەخواردەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ چایخانەی (قەرداران) چایخانەیەکی بچووک و قەشەنگ، ڕۆژنامەی هەولێر، ٢٠٢٤.
- ↑ لۆ ناوی چایخانەی (قەرداران) لێنرا ؟، باسنیوز، ٢٠٢٢.
- ↑ چایخانەی قەرداران لە هەولێر، گۆڤاری گوڵان، ٢٠٢١.