چارڵز بوکۆڤسکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
چارڵز بوکۆڤسکی

ھێنری چارڵز بوکۆڤسکی (بە ئینگلیزی: Henry Charles Bukowski ) (١٦ی ئابی ١٩٢٠ - ٩ی ئاداری ١٩٩٤) شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئەمریکیی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانییە .

ژیان[دەستکاری]

ھێنری چارلز بوکۆڤسکی لە ١٦/٨/١٩٢٠ لە شاری ئاندرناخ ی وڵاتی ئەڵمانیا لە خێزانی ھێنری کارل بوکۆڤسکی لەدایک بووە . دایکی کاترینا فیت ئەڵمانییەکی رەسەن و باوکیشی سەربازێکی ئەمریکیە کە پاش جەنگی جیھانی یەکەم بە یەکدی ئاشنابوون . بوکۆڤسکی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەو منداڵێکی ناشەرعیە بەڵام ئارسیڤستی ئاندرناخ پیشانی دەدات کە دایک و باوکی بەر لە یەک مانگ لە دایک بونی ئەو زەماوەندیان کردوە . بوکۆڤسکی تەمەنی سێ ساڵ بووە کە خێزانەکەی کۆچیان کردوە بۆ ئەمریکا . ئەو لە لۆس ئەنجلس گەورە بووە و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ھەر لەوێ ژیاوە

بوکۆڤسکی لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا یەکەمین چیرۆکی خۆی بڵاو دەکاتەوە لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا دەست دەکات بە نوسینی شیعر

بوکۆڤسکی بۆ ماوەی بیست ساڵ چەندین کاری کردوە لەوانە : ھەڵواسینی پۆستەر لەسەر شاڕێگاکان ، شۆفێری لۆری ، پاسەوانی ، قاپشۆری ، کرێکاریی لە کارگەی دروست کردنی پسکیتی تایبەت بە سەگ ، شیرینی دروست کردن لەگەڵ کارکردن لە بەنزینخانە ، لە کۆتایشدا لە فەرمانگەی پۆستە وەک پۆستەچی بۆ ماوەی پانزە ساڵ کاردەکات. لە ساڵی ١٩٥٥ دا بەهۆی برینی گەدەوە لە نەخۆشخانە دەخرێتە ژێر چاودێریەوە و کاتێک لە نەخۆشخانە دێتەدەرەوە دەستدەکات بە نوسینی شعر . لە ساڵی ١٩٥٧ دا لەگەڵ شاعیر و نووسەر " باربارا فیری " زەماوەند دەکات بەڵام لە ساڵی ١٩٥٩ دا لە یەکدی جیادەبنەوە

بوکۆڤسکی لە ساڵی ١٩٦٤ لە "فرانس ئیسمیت" دەبێتە خاوەنی کچێک بەناوی "مارینا لوییس بوکۆڤسکی" "ئیسمیت" و "بوکۆڤسکی" پێکەوە دەژیان بەڵام هەرگیز زەماوەندیان نەکرد

بوکۆڤسکی بۆ ماوەیەکی کەم لە توزان نیشتەجێ بووە , ئەو شوێنەی کە تیایدا لەگەڵ "جۆن وب" و "جیپسی لو" دەبێتە هاوڕێ ئەوان بەرهەمی شعری "دڵم لەدەستیدا دیلە " ١٩٦٣ و "خاچ بەدەست مەرگەوە" ١٩٦٥ یان بۆ چاپ و باڵاو کردەوە . جۆن وب خەرجی چاپی بەرهەمەکانی بوکۆڤسکی بە قومارکردن لاس ڤیکاس پەیدا ئەکرد

لە ساڵی ١٩٧٦ بوکۆڤسکی بە "لیندا لی بیلی" ئاشنا بوو کە خاوەنی ڕێستورانێک بوو . پاش دوو ساڵ ئەوان لە خۆرهەڵاتی هۆلێۆدەوە , شوێنێک کە بوکۆڤسکی لە هەمووو شوێنێک زیاتر تیایدا ژیا , ڕۆشتن بۆ بەندەری سان پیدرۆ و پاش چەندین ساڵ پێکەوە بوون , دواجار لە ساڵی ١٩٨٥ دا  زەماوەندیان کرد

قۆناغە ناخۆشەکانی ویستگەی ژیانی بوکۆڤسکی لەو کاتەدا کۆتاییان دێت کە گرێبەستێک لەگەڵ "جۆن مارتین" ی خاوەن دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی black sparrow دەبەستێت بە بڕی سەت دۆلار مانگانە هەتا مردن . بوکۆڤسکی لە تەمەنی ٤٩ ساڵیدا دەست لە کارکردن لە فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن هەڵدەگرێت و بە شێوەیەکی پیشەیی دەست دەکات بە نوسین هەر بەو جۆرەی کە خۆی لە نامەکەیدا ئاماژەی پێداوە : من دوو ڕێگام لە بەردەمدایە لە فەرمانگەی پۆستەو گەیاندن بمێنمەوەو گەمژەیەکم لێدەربچێت  , یاخود لە دەرەوەی ئەوێبم  و وا خۆم بنوێنم کە نوسەرم و هەردەم برسی بم . من بڕیارم داوە برسی بم . پاش ئەو گرێبەستە "جۆن مارتین" داوا لە بوکۆڤسکی دەکات ڕۆمانێک بنوسێت , چونکە بە بۆچونی ئەو لەو کاتەدا ڕۆمان لە شیعر پڕفرۆشتر بووە . پاش دوو هەفتە تەلەفۆنەکەی جۆن مارتین زەنگ لێدەدات

بوکۆڤسکی : تەواوم کرد

جۆن مارتین : چیت تەواو کرد ؟

بوکۆڤسکی : ئەو ڕۆمانەی کە داوات کردبوو .

جۆن مارتین : چۆن لە دوو هەفتەدا ڕۆمانێکت نوسسی ؟

بوکۆڤسکی : لە ترسا

ترسی بوکۆڤسکی ئەوە بووە کە جۆن مارتین سەت دۆلار مانگانەکەی ببڕێت و گرێبەستەکە هەڵبوەشێنێتەوە , بۆیە لە ماوەی دوو هەفتەدا ئەزمونی پانزە ساڵ کارکردنی خۆی لە ڕۆمانێکدا بەناوی فەرمانگەی پۆستە دا تەوزیف دەکات.

بوکۆڤسکی لە ٩/٣/١٩٩٤ دا لە " سان پیدرۆ" ی کالیفۆرنیا لە تەمەنی ٧٣ ساڵێدا , چەند مانگێک پاش تەواوکردنی دوایین ڕۆمانی "بازاری" بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنەوە کۆچی دوایی کرد . مەراسیمی بەخاک سپاردنەکەی لە ڕێگای ڕاهیبە بوداییەکانەوە بەئەنجام گەیەندرا . لەسەر کێڵی گۆڕەکەی بوکۆڤسکی ئەم دەستەواژەیە دەبینرێت " هەوڵ مەدەن " بەگوتەی لیندا بوکۆڤسکی نووسراوی سەر گۆڕی هاوسەرەکەی بەم مانایە دێت " ئەگەر ئێوە هەموو کاتێکی خۆتان بۆ هەوڵدان تەرخان بکەن , ئەوکاتە هەموو ئەو شتەی کە ئەنجامتان داوە تەنیا هەوڵدان ببوە کەواتە هەوڵ مەدەن ئەنجامی بدەن "

بوکۆڤسکی خاوەنی زیاتر لە هەزار پارچە شیعر و سەدان چیرۆک و شەش رۆمانە

ڕۆمانەکان :

١- فەرمانگەی پۆستە    ١٩٧١

٢- هەزار پیشە    ١٩٧٥

٣- ژنان  ١٩٧٨

٤- ساندویچی ژامبۆن بە نانی جۆوە  ١٩٨٢

٥-هۆلیۆد  ١٩٨٩

٦-بازاری   ١٩٩٤

سەرچاوەکان[دەستکاری]