پەیمانامەی کۆمەڵکوژی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە ڕێکەوتی ٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨ دا پەیمانامەی ڕێگریکردن و سزای تاوانی کۆمەڵکوژی لەلایەن (ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان - United Nations General Assembly )ەوە بەشێوەیەکی کۆدەنگی پەسەندکرا بە (یاسای ٢٦٠ ی ئەنجومەنی گشتی) ناسێنرا و ڕێکەوتنامەکە لە ڕێکەوتی ١٢ ی کانوونی دووەمی ١٩٥١ دا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێکەوتنامەکە هەڵدەستێت بە پێناسەکردنی کردەی کۆمەڵکوژی بەشێوەیەکی یاسایی. ڕێنمایی هەموو وڵاتانی بەژدار کراوە کد هەستن بە ڕێگریکردن و سزادانی کردەکانی کۆمەڵکوژی لە کاتی جەنگ و ئاشتی دا. دوای تێپەڕینی ٤٠ ساڵی تەواو بەسەر دامەزراندنی پەیمانامەکەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٨ هەستا بە واژۆکردنی ئەویش بە مەرجی دانانی چەند مەرجێك کە ڕێگر دەبن لە سزادانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەگەر تۆمەتبار کرا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی. هەتا تەمموزی ٢٠١٩، ١٥٢ وڵات دانیانناوە بە ڕێکەوتنامەکەدا.[١][٢]

پێناسەی کۆمەڵکوژی لە پەیمانامەکەدا[دەستکاری]

بەندی ژمارە ٢ لە ڕێکەوتنامەکەدا بەم شێوەیە پێناسەی کۆمەڵکوژی دەکات:

هەر یەکێك لەم کردانە ئەنجام بدرێت بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی یان بەشێکی کۆمەڵە نەتەوەیی، نەژادیی، ڕەگەزی یان ئایینییەکان. وك:

  • کوشتنی ئەندامی کۆمەڵەکە.
  • زیان پێ گەیاندنی جەستەیی یان دەروونی ئەندامانی کۆمەڵەکە.
  • سەپاندنی ئەو ڕێکارانەی مەبەست لێیان ڕێگریکردنی لەدایکبوون و وەچە خستنەوەیە لەناو کۆمەڵەکەدا.
  • گواستنەوەی زۆرەملێیانەی منداڵانی کۆمەڵەیەك بۆ کۆمەڵەیەکی دیکە.[٣]

بەندی ژمارە ٣ لە ڕێکەوتنامەکەدا هەڵدەستێت بە پێناسەکردنی ئەو تاوانانەی دەکرێت سزابدرێن بەپێی پەیمانامەکە:

  • کۆمەڵکوژی.
  • ده‌سیسه‌ و نەخشەی نهێنی بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
  • هاندانی ڕاستەوخۆ و کۆمەڵگە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
  • هەوڵ بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی.
  • هاوبەش بوون لە کردەی کۆمەڵکوژی دا.

پەیمانامەکە پەسەندکرا مەبەستی قەدەغەکردنی کردە هاوشێوە و لێکچووەکانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکان و هۆلۆکۆست. لە یەکەمین ڕەشنووسی پەیمانامەکەدا کوشتنی سیاسیش بوونی هەبوو بەڵام یەکێتی سۆڤییەت لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەدا هاوڕا نەبوون و لە کۆتایی دا بەندەکە لابرا تێیدا.[٤]

سەرپێچییەکانی پەیمانامەکە[دەستکاری]

لە ساڵی ١٩٨٨ دا دوابەدوای هەڵمەتی هێرشی چەکە کیمیاییەکان و کۆمەڵکوژیی کوردەکان لە باکوری عێراق، پرۆژە یاسایایەك پێشکەش بە (بارەگای نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکان - United States House of Representatives ) کرا بە ناونیشانی (ڕێگریکردن لە کردەی کۆمەڵکوژی) بەڵام ڕەشنووسەکە ڕەتکرایەوە و پەسەند نەکرا بە هۆکاری بەکارهێنانی "چەمکی نەشیاو". ڕۆشنبیرە نوێیەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە "هەڵمەتی ئەنفال" کردەیەکی کۆمەڵکوژی بووە کە لە جەنگی ئێران-عێراق دا ڕوویداوە و بۆتە هۆی کوشتنی هەزاران هاوڵاتی بەڕەچەڵەك کورد. لەسەر ئاستی جیهان سەدام حسێن لەگەڵ چەند هاوبەش و یاریدەدەرێكی دا بە تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید تۆمەتبار دەکرێن.[٥]

ڕواندا[دەستکاری]

بۆ یەکەمین جار کە یاسای ساڵی ١٩٤٨ جێبەجێکرا بریتیی بوو لە ڕێکەوتی ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٨ کاتێك (دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕواندا - International Criminal Tribunal for Rwanda) هەستا بە سزادانی (جان پاوڵ ئاکەڤیزۆ) بە نۆ بڕیاری تاوانی کۆمەڵکوژی کە پارێزگاری پێشووتریی شارێکی بچووكی وڵاتی ڕواندا بوو و دوای دوو رۆژ (جان کامباندا) کە سەرۆك وەزیرانی ڕواندا بوو یەکەمین سەرۆکی حکومەت بوو کە بە کۆمەڵکوژی تاوانبار کرا.[٦]

ویلایەتە یەکگرتووەکان[دەستکاری]

لە دوای پەسەندکردنی ڕێکەوتنەکە و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە یەکێك لە یەکەمین تۆمەتەکانی کۆمەڵکوژی کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بریتیی بوو لە داوایەك لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەربارەی شێواز و چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەمریکییە ڕەشپێستەکان دا. (ئەنجومەنی مافە مەدەنییەکان) هەستا بە دانانی سکاڵانامەیەکی ٢٣٧ لاپەڕەیی و ئاماژەی بەوە دەدا کە لە ساڵی ١٩٤٥ بەدواوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرپرسیارە لە سەدەها گیانلەدەستدانی ناڕەوا و چەندین پێشێلکاریی کۆمەڵکوژی. ئەم سکاڵانامەیە لەلایەن چەند سەرکردەیەکەی کۆمەڵەی ڕەشپێستەکانەوە پێشکەشکرا کە ئەوانیش ئەمانە بوون (ویڵیام  پاترسن، پاوڵ رۆبسن و و.آ.ب دوبۆیس).

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "United Nations Treaty Collection". treaties.un.org (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-06-03.
  2. ^ "Convention on the Prevention and Punishment of the Crime of Genocide". United Nations Treaty Series. Archived from the original on 2012-10-20. Retrieved 2013-05-30. ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ "United Nations Office on Genocide Prevention and the Responsibility to Protect". www.un.org. Retrieved 2021-06-03.
  4. ^ "The Genocide Convention – Israel Legal Advocacy Project" (بە ئینگلیزی). Retrieved 2021-06-04.
  5. ^ The Armenian Genocide and International Law, Alfred de Zayas – "And yet there are those who claim that the Armenians have no justiciable rights, because the Genocide Convention was only adopted 1948, more than thirty years after the Armenian genocide, and because treaties are not normally applied retroactively. This, of course, is a fallacy, because the Genocide Convention was drafted and adopted precisely in the light of the Armenian genocide and in the light of the Holocaust."
  6. ^ "U.S. Senate: William Proxmire and the Genocide Treaty". www.senate.gov. Retrieved 2021-06-03.