پەخشانە شیعر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان

پەخشانە شیعر ژانرێکی شیعری نوێیە و لە ئاکامی پەرەپێدانی شێوازی نووسینی شیعردا هاتۆتە ئاراوە، هەندێ لە شاعیران و ڕەخنەگرانی نوێخواز بانگەشەیان بۆ جۆرێک لە شیعر دەکرد بە تەواوی ئازاد بێت لە کۆتەکانی کێش و سەروا، دواتر شاعیران جۆرە شیعرێکیان دەنووسی تەنها گرنگی بە ڕیتم و مۆسیقای ناوەوە دەدا، لەتەک فەرامۆشکردنی کێش و سەروای تەقلیدی، جا لەبەر ئەوەی سنوورەکانی شیعر و پەخشانیان ئاوێزانی یەکدی دەکرد، ناویان لێنا پەخشانە شیعر.

مێژووی پەخشانە شیعر[دەستکاری]

هەندێ لە ڕەخنەگران و مێژوونووسانی ئەدەب دەڵێن ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم سەرەتایەکی ڕاستەقینەیە بۆ دەرکەوتنی پەخشانە شیعر لە ئەدەبی ئەوروپیدا، لێکۆڵەرانی ئەدەب پێیان وایە شاعیری فەڕەنسی ئارسەر ڕامبۆ (۱٨۵۴-۱٨۹۱) بەر لە هەر شاعیرێکی دی پەخشانە شیعری نووسیوە، باوەڕی بە شیعری تەقلیدی نەبووە و کۆتەکانی سەر شیعری شکاندووە و پەخشانی هێناوەتە نێو ئیقاعی شیعرەوە کە دواتر بە ئیقاعی ناوەوە ناسراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەیاڵی بەرینی شاعیر کە داوای ئازادییەکی زیاتر دەکات بۆ نووسینی شیعری. لە پاش ڕامبۆ چەندین شاعیری دیکەی وەک نێرفال، بۆدلێر و مالارمێ، لۆتریامۆن، ئەپۆلینێر پەرەیان بەو چەشنە شیعرە دا و داهێنانی شیعری گەورەیان تیادا بەرپا کرد. سەرەتای سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر، لە ئەدەبی عەرەبیدا دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستەم، کە شاعیر و بیرمەندی ناسراوی عەرەب د. عەلی ئەحمەد سەعید ناسراو بە (ئەدۆنیس) لەتەک یوسف ئەلخال لە گۆڤاری شیعردا برەوی بەو جۆرە نووسینە دەدا و خۆیشی بەو ستایلە دەینووسی، هەر خۆیشی لە ئەدەبی عەرەبیدا زاراوەی (قەصیدﺓ النثر)ی بۆ هەڵبژاردووە و لە دوایێیدا لە ڕەخنەی عەرەبی قەبوڵ کراوە.

ڕوانگەکان[دەستکاری]

نووسەری فەڕەنسی سوزان بێرنار، دانەری کتێبی (پەخشانە شیعر لە بۆدلێرەوە تا ئەمڕۆ) پێی وایە بۆدلێر لەو بوارەدا پێشەنگە و هەر بۆدلێریش بوو پەخشانە شیعری کرد بە ژانرێکی سەربەخۆ. سوزان بێرنار دەڵێ، «ئەم کۆمەڵە شاعیرە داهێنەرە، خەمێکی ڕاستەقینەی شیعریان هەبوو کە بە پلەی یەکەم بە دوای زمانێکی دیکەی شیعر و ڕیتمێکی جیاواز و ستایلێکی دەگمەندا دەگەڕان، ئێمە قەرزاری ئەو پۆلە شاعیرەین کە جوانترین هەوڵدانیان لە بواری نووسینی پەخشانە شیعردا هەیە» تێکەڵکردنی هەر دوو ژانری شیعر و پەخشان، ڕێگەیەکی بەرینی بۆ شاعیر کردەوە تا بە ئازادییەکی رەهاوە شیعر بنووسیت، وتیان شاعیر بۆی هەیە ستایلی پەخشان لە نووسینی شیعری نوێدا بەکار بهێنیت. ئەم چەشنە شیعرە هەوڵی داوە خۆی لە شیعری تەقلیدی و بگرە شیعری ئازادیش جیا بکاتەوە و ئازادییەکی ڕەها بە نووسینی شیعر ببەخشێت. بە جۆرێک خۆی وەک ژانرێکی سەربەخۆ ناساند، بێگومان لەتەک نکوڵی کردن لە سنوورە تەقلیدییەکانی نێوان ژانرە ئەدەبییەکانی وەک شیعر و پەخشان و دراما، پاشان هێنانە ئارای ئیقاعەکی تایبەتی کە پێی دەگوترێت ئیقاعی ناوەکی، ئەم ئیقاعە پشت بە ئیستاتیکای وشە لە کۆنتێکستی ڕستەی شێعردا دەبەستێت، لەتەک ڕیتمی ناوەکیدا بایەخ بە زمانی شیعری و ئیحای بێکۆتایی و وێنەی کراوە دەدرا. پرۆسەی وەرگێڕان ڕۆڵێکی بەرجەستەی هەبوو لە ئاشناکردن و زەمینە خۆش کردنی سەرهەڵدانی پەخشانە شیعر، چوونکە وەرگێڕانی شیعر لە شێوەی پەخشان و دوور لە کێش و سەروا ئەنجام دەدرا، ئەمەش سەرنجی شاعیرانی بۆ جۆرێکی تر لە نووسینی شیعر ڕاکێشا کە ئازادییەکی پتر بە شاعیر دەبەخشێت بۆ گوزاریشت کردن لە ناخ و هەروەها بۆ دەربڕینی خەیاڵ. ئەم پرۆسەیە هەر لە وەرگێڕانی تێکستەکانی ئەهدی کۆن (تەورات)ەوە تا وەرگێڕانی شیعری تازە، ڕۆڵی لە ناساندنی ستایلێکی دیکەی شیعری هەبوو. سوزان بێرنار دەڵێ: «وەرگێڕان بیرۆکەی پەخشانە شیعری لای خوێنەران ئاشنا کرد. لە ڕاستیدا وەرگێڕەکان یەکەم کەس بوون پێیان لەسەر ئازادکردنی زمانی شیعری دادەگرت تا فرەڕەنگی و سیحرێکی تری پێ ببەخشن» دوو شاعیری عەرەب محەممەد ماغوت و ئەنسی ئەلحاج بە ڕاشکاوی داکۆکییان لەو چەشنە شیعرە دەکرد و بەو شێوازە دەیاننووسی، بەڵام لە لایەن هەندێ لە شاعیرانی لایەنگەری شیعری ئازاد، ڕەخنەیان ئاراستە دەکرا و بە لادان لە شیعر تۆمەتبار دەکران، بە تایبەت نازک مەلائیکە لە کتێبی کێشەکانی شێعری هاوچەرخدا لەتەک داکۆکی کردن لە شیعری ئازاد ڕەخنە لە پەخشانە شیعر دەگرێت، چوونکە شاعیرانی پەخشانە شیعر وەک نازک دەڵێ، دوو ڕەگەزی گرینگ لە شیعر فەرامۆش دەکەن کە بریتین لە کێشی شیعری و هۆنینەوەی شیعری. ئەمڕۆ پەخشانە شیعر بە ئەندازەیەکی زۆر پەرەی سەندووە، بە جۆرێک بووە ستایلێکی باوی شیعری نوێ، تا ڕادەیەکی زۆریش باوەڕی بە جیاکردنەوەی ژانرە ئەدەبییەکان نییە، ئەمڕۆ چەشنە شیعرێک دەنووسرێت بە ناوی "تێکست"یان "تێکستی واڵا" کە شیعر و پەخشان و چیرۆک و دیالۆگی شانۆیی لە خۆ دەگرێت، پتر ڕیتمی گێڕانەوەیی بەسەریدا زاڵە بێئەوەی پشت لە ئیقاعی ناوەکی بکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی - نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد.