پێکسڵس (فیلم)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پێکسڵەکان (فیلم)ەوە ڕەوانە کراوە)
Pixels - پێکسڵس
دەرھێنەرکریس کۆڵۆمبس
کاستئادام ساندلەر
کێڤین جەیمس
میشێل مۆناهان
پیتەر دینکلەیگ
جۆش گاد
بڕایان کۆکس
ئاشڵی بێنسۆن
جەین کراکۆوسکی
مۆسیقاهێنری جاکمان
وێنەگری سینەماییئەمیر موکری
ڕێکەوتی دەرچوون٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا
ماوەی فیلم١٠٦ خولەك
وڵاتویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا
زمانئینگلیزی
تێچوون٨٨ ملیۆن دۆلار
داھات٢٤٣.٦ ملیۆن دۆلار

پێکسڵس (بە ئینگلیزی: Pixels) فیلمێکی ٢٠١٥ی ئەمەریکی (زانستی/خەیاڵی - ئاکشن - کۆمیدی)یە,[١] لەلایەن کۆمپانیاکانی (Happy Madison، Productions، 1492 Pictures، China Film Group) بەرهەمهێندراوە و لە لایەن کۆمپانیای کۆلومبیا پیکچەرز بڵاوکراوەتەوە[٢]. لە لایەن کریس کۆلۆمبسەوە دەرهێنراوە و فیلمەکەش لە کورتە فیلمێکی فەڕەنسییەوە وەرگیراوە کە هەمان ناوی هەیە. فیلمەکە لە نواندنی ئادام ساندڵەر، کێڤن جەیمس، جۆش گاد، ئاشلی بێنسۆن، جەین کڕاکۆسکییە و تیایدا چەند کارەکتەرێکی یارییە ڤیدیۆییە کلاسیکەکان ڕۆڵ بەشدارییان کردووە. لە ساڵی ٢٠١٥ دا کەوتە سینەماکان و سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا.[٣]

چیڕۆکی فیلم[دەستکاری]

لە هاوینی ١٩٨٢دا، سام برێنەر و ویڵ کووپەر دوو منداڵی ١٣ ساڵین کە ئاشقی یارییەکان، بەشداری پێشبڕکێیەک دەکەن و بەڕێوبەڕانی پێشبڕکێکەش ئەوە ڕادەگەیەنن کە هەموو پێشبڕکێکە تۆمار دەکرێ و بە هاوکاری ناسا دەنێردرێتە ئاسمان بۆ ئەوەی بوونەوەرەکانی تر گەر هەبوون بیبین. لە پێشبڕکێکەدا سام و ویڵ منداڵێکی نوێ دەناسن بەناوی لودڵۆو لامۆنسۆف کە ئاشقی کچە کارەکتەرەکەی یاری دۆجۆ کویست بووە، سام لە هەموو یاریەکەندا سەردەکەوێ تەنیا لە قۆناغی کۆتایی یاری دۆنکی کۆنگ بە ئێددی پلانت دەدۆڕێ. لە سەردەمی ئێستاشدا، سام لە کۆمپانیایەک کاردەکات کە تیڤی و کەل و پەلی ئەلیکتڕۆنی بۆ ماڵەکان دادەنێن، ویڵ سەرۆکی ئەمەریکایە. لە گوام بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکی هێرشی دەکرێتە سەر، سوپا هەوڵ دەدات بەرگری بکەن بەڵام بە ئاسانی تووشی شکت دەبن و عەریف دایلان کۆهێن دەفڕێندرێ. وێل پەیوەندەی بە سامەوە دەکات و داوای لێ دەکات کە بێت بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی تۆماری هێرشەکەی گوام ببینێ، کە دەچێت دەبینێ کە ڤان پاتن ئەو ژنەی پێش ئەوەی بچێ بۆ کۆشکی سپی لە ماڵەکەی دا کاری کردووە، لەوێیە و پلەی سەربازی گەورەی هەیە. پاش ئەوەی سام تۆمارەکە دەبینێ بە هەمووان دەڵێ کە هێرشەکە لەلایەن چەند کارەکتەرێکی یاریە ڤیدیۆییە کلاسیکەکانەوە بووە بەڵام کەسیان باوەڕی پێ ناکەن بۆیە بێ ئەنجام دەگەڕێتەوە. لە کاتی گەڕانەوە دا لەناو ئۆتۆمبێلەکەی سامدا لودلۆو دەردەکەوێ کە ماوەیەکی زۆرە خۆی شاردۆتەوە بۆ ئەوەی سام ببینێ، دەیباتە ماڵەکەی خۆی و ئەوەی پێ دەڵێ کە بوونەوەرەکانی ئاسمانی لە ڕێگەی ئەو یارییانەوە دەیانەوێت شەڕ لەگەڵ زەوی بکەن، ئەگەر ٣ یاری ببەیتەوە ئەوا وازدەهێنن و ئەوەشی لە ڕێگەی فیلمێکی کۆنەوە زانیوە کە دەستکاری کراوە، لە فیلمەکە بۆیان دەردەکەوێ کە هێرشی داهاتوو لە هیندستانە بەڵام زۆر دوادەکەون کاتێ هەواڵیان بۆ دێت تاج مەحەل هێرشی کراوەتە سەر و پیاوێکی سڤیلیش وەکو دەستکەوت ڕفێندراوە. پاش ئەوە سام و لودڵۆو مەشق بە سەربازەکانی سوپا دەکەن و ئەوەیان فێردەکەن کە چۆن یاریەکە بکەن، هێرشی دوواتر لە پارکی هایدی لەندەن دەبێت و کاتێ دەگەنە ئەوێ و یاریەکە دەستپێدەکا، سام هەست بەوە دەکات کە سەربازەکان ناتوانن یاریەکە بکەن و واش بڕوات دەیدۆڕێنن، بۆیە خۆی لەگەڵ لودڵۆو پاش وەرگرتنی ڕێگەپێدانی ویڵ کووپەر دەستدەکەن شەڕکردن لەگەڵ کارەکتەرەکانی یاریەکە و یاریەکەش دەبەنەوە. بوونەوەرە ئاسمانییەکان نامەیەک دەنێرن کە پیرۆزبایی دەکەن لێیان و سەگێک وەکو دەستکەوت دەدەن بە مرۆڤەکان، بەڵام ئەوەیان بیردێننەوە کە هێشتا یارییەکە ٢ بە ١ـە. شاری نیو یۆرک دەبێتە شوێنی داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوە، بەڵام سام و لودڵۆو بە کووپەر دەڵێن کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە، بۆیە سام و ویڵ و ڤان پاتن دەچن بۆ زیندانییەک کە ئێدی تێیدا دەسگیرکراوە، لەوێ لەگەڵ ئێدی ڕێکدەکەون و کووپەر لە بەرامبەردا ئازادبوون و لێخۆشبوون لە باجی پێدەبەخشێ. تیمەکە ئەوەیان بۆ دەردەکەوێ کە ڕووبەڕووی کارەکتەری یاری پاکمان دەبنەوە و بۆ ئەوەی ببەنەوە، دەبێ ٣ جار بەسەری سەربکەون. بۆ ئەم مەبەستەش ڤان پاتن ٤ ئۆتۆمبێلی لە شێوەی خێوەکانی یاریەکە ئامادە دەکات و دەیانبەخشێتە تیمەکە، لەو کاتەشدا دروستکەری یاری پاکمان دەبێتە یەکێک لە یاریکەران. لە کاتی یاریەکەدا دروستکەری یاریەکە هەوڵ دەدات قسە لەگەڵ کارەکتەری یاریەکە بکات بۆ ئەوەی پەشیمان ببێتەوە، بەڵام پاکمان هێرشی دەکاتە سەر بۆیە ئەویش ڕادەکات و سام و لودڵۆو و ئێدی بە تەنیا یاریەکە دەکەن، ٢ جار ئێدی بەسەریدا سەردەکەوێ بەڵام شتێک دەبێتە جێگەی سەرسوڕمانی هەموویان کە خێرایی ئێدییە، بۆ جاری سێیەم سام بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە لێی دەباتەوە و ئەو یاریەش تەواو دەکەن. پاش یاریەکە ئاهەنگێک ساز دەکەن بەڵام لەناو ئاهەنگەکە بوونەوەرەکان پەیام دەنێرن کە فێڵیان کردووە بۆیە دەستبەسەر زەویدا دەگرن. بۆیە سام و ویڵ و لودڵۆو هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن بۆیە کاتێک هێرش دەکەن هەوڵی ئەوە دەدەن بچنە ناو کەشتییەکە، بۆیە بوونەوەرەکان ڕێگەیان پێ دەدەن کە یەک یاری تر بکەن ئەویش یاری دۆنکی کۆنگ کە بە منداڵی بە ئێددی دۆڕاوە لێی. پاش ئەوەی دەردەکەوێ کە ئێددی فێڵی کردووە لە یاریەکەی پاکمان سام باوەڕی بەخۆی دەبێت و یاریەکە دەکات و پاش چەند کێشەیەک یاریەکە دەباتەوە و زەوی ڕزگاردەکات.

ئەکتەرەکان و ڕۆڵەکانیان[دەستکاری]

  • ئادام ساندڵەر لە ڕۆلی سام برێنەر، یاریکەرێکی پێشووی یاریە ڤیدیۆییە کلاسیکەکان و هاوڕێی منداڵی ویڵیام و سەرۆکی تیمەکە.
  • کێڤین جەیمس لە ڕۆلی ویڵیام کووپەر، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوڕێی منداڵی سام برێنەر.
  • مێشێل مۆناهان لە ڕۆلی ڤایۆلێت ڤان پاتین، عەریف لە سوپای ئەمەریکا و دروستکەری چەک، ئەندامی تیم.
  • پیتەر دینکلاگ لە ڕۆلی ئێددی پلانت، ڕکابەری منداڵی سام برێنەر لە یاریە ڤیدیۆییەکان و ئەندامی تیم.
  • جۆش گاد لە ڕۆلی لودڵۆو لامۆنسۆف هاوڕێی منداڵی سام و ویڵیام کە کەسێکی زیرەکە بەڵام توانای لاوازە، ئەندامیشە لە تیمەکە.

بەرهەمهێنان و دەرچوون[دەستکاری]

ڕۆڵ بینین[دەستکاری]

لە (٢٦ی شوباتی ٢٠١٤) ڕاگەیەندرا کە ئادام ساندڵەر بە ڕۆلی سەرەکی بەشداری لە فیلمەکە دەکات لە کاتێکدا کێڤین جەیمس و جۆش گاد زووتر ڕێککەوتنیان کردبوو بۆ ئەوەی بەشداری بکەن، وەلە (٢٨ی ئازار) ڕاگەیەندرا کە پیتەر دینکلەیگ'یش لە قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتن دایە.

تۆمارکردن[دەستکاری]

لە (٢٥ی ئازاری ٢٠١٤) کۆمپانیای ئۆنتاریۆ ڕاگەیاند کە تۆمارکردنی فیلمەکە لە شاری تۆرۆنتۆ دەبێت لە (٢٨ی ئایار - ٩ی ئەیلوول)، بەمەش فیلمەکە نزیکەی ٥ مانگی خایاندووە بۆ تۆمارکردنی، هەروەها ئیدێتکردنی فیلمەکە و دانانی کاریگەریە تایبەتییەکان (Visual effects) لەلایەن کۆمپیانیای دیجیتاڵ دۆمەین و سۆنییەوە دەکرا لەگەڵ پشتگیری ٩ کۆمپانیای تر.

دەرچوون[دەستکاری]

فیلمەکە لە بنەڕەتدا وادانرابوو کە (١٥ی ئایاری ٢٠١٥) بڵاوببێتەوە، بەڵام دواتر ڕێکەوتەکە گۆڕدرا (بۆ ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٤).

بۆکس ئۆفیس[دەستکاری]

فیلمەکە لە ٣٠ی تشرینی یەکەم ٧٨.٦ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا لە ئەمەریکای باکوور و ١٦٤.٧ ملیۆنی بەدەستهێنا لە شوێنەکانی تر، داهاتی گشتی ٢٤٣.٤ ملیۆن دۆلاری بەدەستهێنا لە سەرانسەری دونیاوە، تێچوونی فیلمەکەش ٨٨ ملیۆن دۆلار بوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Pixels (2015)". BFI (بە ئینگلیزی). Retrieved 2022-07-09.
  2. ^ "Pixels". Box Office Mojo. Retrieved 2022-07-09.
  3. ^ "Box Office Mojo", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2022-03-16, retrieved 2022-07-09