پێکدادانەکانی ٢٠٢٥ی ھیندستان و پاکستان
| پێکدادانەکانی ٢٠٢٥ی ھیندستان و پاکستان | |
|---|---|
| بەشێکە لە | ململانێی ھیندستان و پاکستان ٢٠٢٥، شەڕ و ململانێکانی ھیندستان و پاکستان، ململانێی کەشمیر |
| وڵات | پاکستان، ھیندستان |
| جێ | پاکستان، ھیندستان |
| کاتی ڕوودان | ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥ |
| ڕێکەوتی دەستپێکردن | ٧ی ئایاری ٢٠٢٥ |
| ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١٠ی ئایاری ٢٠٢٥ |
| ھۆکار | ھێرشی پەھالگام ٢٠٢٥ |
| چەک و تەقەمەنی | مووشەک |
| ئامانج | لەشکر تەیبە، حیزبولموجاھیدین، Jaish-e-Mohammed |
پێکدادانەکانی ھیندستان و پاکستان لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٥ سەریھەڵدایەوە، دوای ئەوەی ھیندستان ھێرشی مووشەکیی کردە سەر پاکستان، کە ناوی کۆدی ئۆپەراسیۆنی سیندۆری (به ھیندی: ऑपरेशन सिन्दूर, بە ئینگلیزی: Operation Sindoor) لێنرا. لێدانەکانی ھیندستان لە وەڵامی ھێرشەکەی ٢٢ی نیسانی چەکدارانی کشمیری بوو کە ٢٨ ھاووڵاتی مەدەنی کوژران کە زۆربەیان گەشتیارانی ھیندۆسی بوون. ھێرشی پەھالگام بووە ھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا شەڕ و پێکدادانی ھیندستان و پاکستان دروست بکات، کە بەشێکە لە ململانێی فراوانتری کشمیر. بەپێی زانیارییەکانی ھیندستان، ھێرشە مووشەکییەکان گرووپە چەکدارەکانی جەیش محەممەد و لەشکر تەیبەیان کردووەتە ئامانج؛ و ھیچ دامەزراوەیەکی سەربازی پاکستان نەکرایە ئامانج. بەپێی زانیارییەکانی پاکستان ھێرشەکانی ھیندستان ناوچە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا مزگەوتەکان و بەھۆیەوە ٣١ ھاووڵاتی مەدەنی کوژراون. لە کاردانەوەی ھێرشەکە پاکستان بانگەشەی ئەوەی کرد کە ژمارەیەک فڕۆکەی ھیندستانی خستۆتە خوارەوە و زیانی بە ژێرخانی ھیندستان گەیاندووە. ھیندستان ڕای گەیاند کە بەھۆی تەقەی تۆپخانەکانی پاکستان لە سنوورەوە ١٥ ھاووڵاتی مەدەنی ھیندستان گیانیان لەدەستداوە.[١][٢]
لە ٨ی ئایاردا دەسەڵاتدارانی پاکستان ڕایان گەیاند کە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ھیندستان دزەیان کردۆتە ناو ئاسمانی پاکستانەوە، ھەروەھا ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ھیندستان خراونەتە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی پاکستان، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ڕەوانەی نۆ شوێنی جیاواز کران لەنێویاندا شارەکانی کەراچی و لاھور و یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دامەزراوەیەکی سەربازی پاکستانی لە نزیک لاھور داوە.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ «India thwarts missile attack on these 15 cities, hits Pakistan defences».
- ↑ «Misleading posts obtaining millions of views on X». BBC News. ٧ی ئایاری ٢٠٢٥. لە ٧ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
- ↑ «Pakistan says it shot down Indian drones». Al Jazeera. ٨ی ئایاری ٢٠٢٥. لە ڕەسەنەکە لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٥ ئەرشیڤ کراوە. لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٥ ھێنراوە.
ئەم وتارە بۆ ھیچ پۆلێکی ناوەڕۆک زیاد نەکراوە. تکایە بە زیادکردنی پۆلێک یان زیاتر یارمەتیی بدە تا لەگەڵ وتارە لێکچووەکان پێڕست بکرێت. (تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) |