پێرفۆڕمانس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پێرفۆڕمانس یان پێڕفۆڕمێنس نواندنێکی زیندوویە کە زۆر جار بینەریش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری پێ دەکرێت، یان تێوەدەگلێت. دەکرێت بینەرێکیش لەگۆڕێدا نەبێت و تۆمار بکرێت و بڵاو بکرێتەوە؛ دەکرێت ھەم بینەر ھەبێت ھەم تۆماریش بکرێت؛ دەکرێت ھەر تۆماریش نەکرێت، چونکە زۆر جار پێرفۆڕمانسکار بیرۆکەکانی ھەر ئەو چرکەساتە بە زەین دەگات و ئەگەر خاوەخاو بکات، کارەکەی ئەو زیندوویەتییەی کوتووپڕییەکەی نابێت: واتە تا ڕادەیەک دەسکرد دەنوێنێت.

شرۆڤە[دەستکاری]

پێرفۆڕمانس نواندن و دژکردەوە یان کردەوەیەکی ھونەریی تەواو کوتووپڕ و بێپلانە. بۆ نموونە: لە خۆپیشاندانێکدا ئەو کەسەی کە دەچێتە ژێر کاریگەریی دۆخی خۆپیشاندانەکە و بە شێوازی خۆی و بە شێوەیەکی جیاواز و سەرنجڕاکیش دروشم دەدات، ئەوە خەریکە پێرفۆڕمانس دەکات. کاتێک دەڵێن پێرفۆڕمانس نواندنە، بەو مانایە نییە کە وەک شانۆی سەیر بکەین.

جیاوازیی پێرفۆڕمانس و شانۆ[دەستکاری]

لە پێرفۆڕمانس پێویست ناکات تێکستی بۆ بنووسیت و پرۆڤەی زۆر و زەوەندی بۆ بکەیت؛ ئەگەر وات کرد لە ڕاستیدا تۆ خەریکی شانۆی. پێرفۆڕمان شانۆ نییە، شانۆکار ڕۆڵی کەسێکی دیکە، یان پاڵەوانێکی نێو شانۆنامەکەی دەگێڕیت، بەڵام لە پێرفۆڕمانسدا، پێڕفۆمانسکار ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی دەگێڕێت، کەسێکیش کە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت شانۆ ناکات، بەڵکوو بڕگەیەک لە ژیان و بیرکردنەوەی ڕۆژانەی خۆی دەنوێنێت، یانی نمایشی دەکات. ئەو ژیانەی بەردەوام ھەستەکانمانی بۆ ـ لە دڵماندا ـ قوربانی دەکەین و ڕووی ڕاستەقینەی لەبەر شەرم یان ترس یان یاسا یان ھەر ھۆکارێکی دیکە دەشارینەوە. کاتێک کەسێک پێرفۆڕمانس دەکات لەو کاتەدا ھەموو ئەو ترس و شەرم و شکۆیانە لە خۆیدا دەشکێنێت و ناخی خۆی ڕووت دەکاتەوە. پێرفۆڕمانس دووپاتکردنەوەی تێدا نییە، کە دووپاتت کردەوە و ڕێک وەک جاری پێشوو دەرھاتەوە ئەوە یانی تۆ خەریکی شانۆی، یانی خەریکی ڕۆڵی ئەو خۆتە دەگێڕیت کە بۆ نموونە ڕۆژێک پێشتر ئەم پێرفۆڕمانسەی بەڕێوە بردووە. دەکرێت پێرفۆڕمانس دووپات بکرێتەوە بەڵام دەبێت جیاوازیی ھەبێت لەگەڵ جارەکانی پێشووتری، وەک چۆن ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ جیاوازە، دەنا نابێتە کارێکی بێپلان و کوتووپڕ و زیندوو. ھەڵبەت پێرفۆڕمانس تا ڕادەیەک دەکرێت بە پلان و بەرنامەش بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەم پلان و بەرنامەیە نابێت ببێتە ھۆی ئەوەی پێرفۆڕمانسکار جووڵە یان کاری چاوەڕوان نەکراوی دیکە نەکات. پێرفۆڕمانس ھونەرێکە بێ ھەڵاواردن لە دەستی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگادایە. لە شانۆدا شانۆکار ڕۆڵی پاڵەوانێک دەگێڕێت کە لەوانەیە لە کەسایەتیی خۆشی نزیک بێ، بەڵام پێرفۆڕمانسکار بە تەواوی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و ئەو جووڵە و ھەڵوێست و قسانەی بە شێوەی زیندوو و بێ بیرکردنەوەی پێشوو دەیانکات؛ ڕاستە لەوانەیە کەمووکۆڕییان ھەبێت، بەڵام کاریگەرییان لە شانۆ زۆر ڕاستەقینەترە. چونکە بینەری شانۆ ھەردەم ئەو شتە لە زەینیدا دووپات دەکاتەوە "ھیچ نییە دەی شانۆیە، ھیوادارم ئەم تڕاژێدییە ڕاست نەبووبێت"! بەڵام بینەری پێرفۆڕمانس تەواو دڵنیایە لەگەڵ واقعییەتێک ڕووبەڕوویە و ئەو کاریگەرییەی پێرفۆڕمانس دای دەنێت، شانۆ لەوانەیە نەتوانێت دای بنێت. پێرفۆڕمانس وەک شانۆیەکی خیابانیش دەردەکەوێت، چونکە پێرفۆڕمانس تایبەتە بە نێو کۆمەڵ و شۆنە گشتییەکانە، نەک بە ھۆڵە سەر داپۆشراوەکان. شانۆی خیابانیش نییە، لەبەر ئەوەی ھەروەک گوتم پێرفۆڕمانسکار بێپلان و بێ تێکست و بێ بیرکردنەوەی پێشوەختە کارەکەی دەکات، ئەگەر ھەموو ئەو پلان و تێکست و بیرکردنەوە پێشوەختانەشی بووبێ لە کاتی ڕۆڵگێڕانەکەیدا زۆر جووڵەی نوێ و پێشبینینەکراوی دیکە دەکات، کە ئەمە بە تەواوی لە شانۆبوونی دادەماڵێت. ئەگەر شانۆیەکیش وەک پێرفۆڕمانس دەرکەوت ئەوە لە ڕاستیدا ئەو شانۆیە لە شانۆبوونی خۆی دەرباز بووە و بووە بە پێرفۆڕمانس.

شێواز[دەستکاری]

پێرفۆڕمانس زۆرتر بە شێوەی تاکەکەسی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بە گرووپیش دەبێت؛ پێرفۆڕمانسی بە گرووپ ھەندێک جار بەھۆی ئاڵوگۆڕێ بیروڕا کارەکە خۆپارێزانەتر دەبێت. پێرفۆڕمانس لە ھەموو جێگایەکی گونجاو بەڕێوە دەچێت؛ بۆ نموونە: شەقام، کۆڵان، پارک و شوێنە گشتییەکان؛ ھەڵبەت ھەندێک پێرفۆڕمانس ھەماھەنگیی یاسایی پێویستە، چونکە لەوانەیە ڕواڵەتێکی تۆقێنەرانەی ھەبێت بۆ ئەو کەسانەی ئامادەگییان نییە. پێرفۆڕمانس پێویستی بە کەرەسە و ئامادەکاریی زۆر نییە، بۆیە بێکێشەترین و کەمخەرجترین نواندن یان ھەڵوێستی جەستەیی مرۆڤە کە بە ھونەر دێتە ئەژمار.

پێرۆڕمانسکار[دەستکاری]

پێرۆڕمانسکار دەتوانێت لە ھونەرمەندانی دیکەش و کەرەستەکانیشیان کەڵک وەربگرێت، بۆ نموونە لە ڕەنگ و چوارچێوەی شێوەکارەکان، یان مۆسیقارێک لەگەڵی وەنێو کەوێت. شانۆکارێک خۆی تێ ھەڵقورتێنێت، سەماکارێک خۆی بە سەماوە تێبھاوێت و… جووڵە، دەنگ، جووڵەی کوتووپڕ، بەکارھێنانی شێوازەکانی دیکەی ھونەر بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکان وەک پێرفۆمانسکارێک، گرنگیی زۆری ھەیە. پێڕفۆڕمانس و پێفڕمانسکار بۆ دژکردەوەی کاتیی بینەر کار ناکەن، بەڵکوو کاری خۆیان دەکەن و چاوەڕوانیی خولقانی ڕووداوێک، یان ڕاگرتنی ڕووداوێکی سروشتین. جا لە ناخی بینەراندا بێ یان لە دنیای ڕاستەقینەدابێ، جیاوازیی نییە. بۆ نموونە: کاتێک کەسێک ئاگای لە خۆی نابێت و دەچێتە سەر ڕێگای ماشێن، ئەو کەسەی بە تەواوی ھێزی خۆی ھاوار دەکات و وەئاگای دێنێتەوە، بۆ ئەوەوی وەبەر ماشێن نەکەوێت، کاری بەوە نەداوە ئەو کەسانەی ئاگایان لە مەسەلەکە نییە، ئەو دەنگە بەرزە ئازاریان دەدات یان پێیان ناخۆش دەبێت، بەڵکوو دەیھەوێت ڕووداوێک ڕاگرێت و ئەو ھاوار و کارەی دەشیکا لەم کاتەدا پێرفۆڕمانسە؛ پێرفۆڕمانسێکی سروشتی و بێپلان. ئەو کەسانەی پڕفۆڕمانس دەکەن مەرج نییە ھونەرمەند بن، بۆ نموونە؛ دەکرێت بۆ چالاکێکی بواری ژنان کە قەت ھونەرمەند نەبووە و بە ڕادەی پێویست لە ھونەریش نازانێت، بێت بۆ مەسەلەی حیجابی زۆرەملی لە ئێراندا، بە جەستەی خۆی کارێک بکات، جا حیجاب لەبەرخۆی دادەدڕێت، خۆی لەبەردەم مزگەوتێک ڕووت دەکاتەوە، حیجابەکەی دەکات بە کۆمەڵێک وێنەی جنسی یان توندوتیژییانە یان ھەرشێکی دیکە، ئەوە یانی پێرفۆڕمانسی کردووە. ھەموو کەسێک دەتوانێت پێفۆڕمانسکارێکی سەرکەوتوو بێ، بە مەرجێک ڕۆڵی خۆی بە ئاشکرایی بگێڕێت و لە پانتای کردەوەدا خۆی بۆ ویستەکانی خۆی بنوێنێت.

فێربوون[دەستکاری]

تا ئێستا لە زۆر زانکۆی ھونەری دنیا وانەی پێرفۆڕمانس ھەیە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ئەوکەسانەی کلاس و شوێنی فێرکاریی پێرفۆڕمانس نەچوون دڵسارد بنەوە. باشترین کلاس بۆ ئەم کەسانە ئەوەیە لە دنیای مەجازی بەتایبەت یووتووب زۆر سەیری ئەو ویدیۆیانە بکەن کە لە پێرفۆڕمانسی خەڵکانی دیکە ھەڵگیراوەتەوە. ئەوە زۆر بەرچاوڕوونی و ئیدە دەدات بەو کەسانەی سەرچاوەیەکی باشیان لەبەردەستدا نییە بۆ فێربوونی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پێرفۆڕمانس.

گرینگیی پێرفۆڕمانس بۆ کورد[دەستکاری]

پێرفۆڕمانس ھونەرێکی بەرھەڵەستکارانە کە تا ئێستا زیاتر بۆ گواستنەوەی پەیامی سیاسی و ڕەخەی کۆمەڵایەتی کەڵکی لێ وەرگیراوە. کورد بەپێی بارودۆخی ھەنووکەیی گەلێکی ناڕازی و بەرھەڵەستکارە، ئەم شێوازە چالاکییە یەکێک لە باشترین کەرەسە و ئەمرزارەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانییەتی. دەربڕینێکی زیندوو و کاریگەرە، بەتایبەت بۆ ئەو چالاکانەی لە ئەورووپا و دەرەوەی کوردستان دانیشتوون تاوەکوو بەم شێوەیە سەنجێکی زۆری ڕای گشتی بۆ لای گەلی کورد ڕابکێشن، وەک کەرەسەیەک بۆ ناساندنی زیاتری کورد بە خەڵکی بێئاگا، کە لەوانەیە ئەگەر ئەو خەڵکە بێئاگایە لەگەڵ مەسەلەی کورد ئاشنا بوون، لە دواڕۆژدا دەنگێکی کاریگەر بن بۆ گەلی کورد؛ ئەوە لە حاڵێکدایە ھونەری پێرفۆڕمانس لە نێو گەلی ئێمەدا زۆر بە کەمی ئاوڕی لێ دراوەتەوە و تەنانەت لەلایەن خودی ھونەرمەندانی کوردیشەوە کەمترین کاری پێرفۆڕمانس کراوە، ئەو یانی ئەوەی ھونەرمەندان و چالاکانی کورد ھێشتا ھەستییان بە گرنگیی ئەم ھونەرە نەکردووە، ھونەرێک کە دەڵێی بەتایبەتی بۆ کورد لەدایک بووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • بەرەو ڕۆژھەڵات، ناسر فەتحی، ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧