پێرستی گەڕەکەکانی سلێمانی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
  • گەڕەکی گۆیژە : یەکەم گەڕەکی سلێمانیە لە کۆنی و گەورەیدا بە ناوی چیای گۆیژەوە ناونراوە کە لەگەڵ دروستکردنی شارەکەدا ئەم گەڕەکە دروستکراوە.
  • سابونکەران : یەکێکە لە گەڕەکە ھەرە کۆنەکانی سلێمانی و ھاوکات لەگەڵ دروستکردنی شارەکەدا ئەم گەڕەکە دروست کراوە. لە سەرەتاوە پیشەی دانیشتوانی ئەم گەڕەکە دروستکردنی سابون بووە (بە شێوەیەکی سەرەتایی).
  • دەرگەزێن : دووھەمین گەڕەکی کۆنی‌ سلێمانیە ھەندێک سەرچاوە ئەڵێت دانیشتوانی یەکەمی ئەم گەڕەکە لە گەڕەکی (دەرگازێن)ی شاری هەمەدانەوە ھاتوون. دوو گەڕەکی بچووکیش کە برتین لە گەڕەکی (سەرگۆل) و گەڕەکی (کارێزی دایکی پاشا) بەستراونەتەوە بە گەڕەکی دەرگەزێنەوە.
  • کانی ئاسکان : کانێسکان کە ئێستا لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی دایە کاتی خۆی سنوری باکوور و باکووری خۆرئاوای سلێمانی بووە ئەم گەڕەکە ناوچەکانی شێخان و بازارە بچکۆلە و گەڕەکی ژاڵە بییەکان دەگرێتەوە بە ناوەکەشیا دیارە کە کاتی خۆی ئاسکە کێوی زۆری تیابووە و لە نزیک کانییەکەی ئەو ناوچەیەدا بینراون.
  • سەرشەقام : سەرشەقام لە خوارووی شاری سلێمانیە و (شەقامەکەی سەرشەقام) لە گەڕەکانی تری جیا ئەکاتەوە. کاروانی قەڵاچوالان بۆ بەغدا بە (کەلی سەرگرمەدا) بێرەدا تێپەرێوە بۆیە کە ئاوەدان کرایەوە ناونرا گەڕەکی سەرشەقام کە گەڕەکەکانی (ھونەرمەندان) و (شیوی قازی) لەسەر ئەم گەڕەکەن.
  • جوولەکان : لە باشوری خۆرئاوای سلێمانی. جوولەکەکان سەرەتا لە قەڵاچوالانەوە ھاتوونەتە ئەم گەڕەکە و بە پیشەی (خومچێتی)یەوە سەرقاڵ بوون. بەڵام لە دواییدا کاروباری بازرگانی کۆتاڵفرۆشی و عەتاری و زەڕەنگەری و گەلێک ئیش جۆراوجۆری تریان گرتە دەست. دوای درووستبونی ئیسرائیل و بە تەواوەتی لە ساڵی ١٩٥٠دا زۆربەیان سلێمانیان جێھێشت.

گەڕەکی سەرچیمەن[دەستکاری]

گەڕەکی سەرچیمەن (کە قاوەخانەی سەرچیمەنیشى پێ ئەوترێت) یەکێکە لە گەڕەکە هەرە کۆنەکانی شار و کەوتۆتە نێوان دەرگەزێن و سابوونکەران و گاوران. شێوازە کەلتوورییەکەی خانووە دێرینەکانی ئەو گەڕەکە هەندێکیان هێشتا ماون کە پێویستە لایەنە بەرپرسەکان کار بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان بکەن. ناوی سەرچیمەن لەوەوە هاتووە کە چیمەن و مێرگ و مێرگوزارى تیا بووە. ناوی قاوەخانەکەش ئاماژەیە بەو قاوەخانە کۆنە مێژووییەی کە کاتی خۆی لە گەڕەکەکەدا هەبووە. خاوەنەکەی (حسە کەڕ)ی ناوبووە و یەکێک بووە لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکانی شار. ئێواران پیاو ماقوڵانی گەڕەک دەهاتنە ئەم قاوەخانەیە و لە بۆنە ئایینی و نیشتمانییەکاندا چالاکی تایبەتی تیا ئەنجام دراوە. هەرە دیارترین چالاکییەکان دیاردەی هەقایەتخوانی بووە. لە شەوانی ڕەمەزان دا مەلا سمایل کتێبی چیرۆکەکانی ڕۆستەم و مەم و زین و ئەمیر ئەرسەلانی دەخوێندەوە.


-کەسایەتییە ناودارەکانی گەڕەک:

  • مەلا ئەحمەدی دیلان، باوکی خوالێخۆشبوو حەمە ساڵح دیلان و قادر دیلان.
  • مەلا حامید حەمدوون، کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی بوو. لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا نەورۆزانەی دابەش دەکرد بەسەر ماڵانی گەڕەکدا. نەورۆزانە بریتی بوو لە ئاوێک دوعاى بەسەردا خوێندرابێت.
  • شێخ بابا عەلى قەرەداخی باوکی شێخ نورى و باپیری مامۆستا بەهادین نوری کەسایەتی سیاسی ناسراوی کوردستان و عێراق.
  • حاجی کەریمی عەنبەرخان.
  • حاجی مەحمودی باپیری شەهید ئەنوەری مەجید سوڵتان.
  • حەمە ئەمین ئاغا حاجی برایم ئاغا و حەمە سور ئاغای برای.
  • حاجی شێخ نوری حەڵواچى.
  • حاجی ئەحمەدی موتابچی.
  • مەحمود تۆفیق گورجی ناسراو بە مەحمود تۆفیق شلک و حاجی عەلی فەوتاوی برای کە ئەویش تێکۆشەرێکی دێرین و کەسایەتییەکی ناسراو بوو لەو گەڕەکەدا هەندێک ماڵ و بنەماڵەی خاوەن پیشەی تایبەت هەبوون وەک موتابچێتی و دروستکردنی سابوون.


ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

پەراوێزەکان[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

پارێزگای سلێمانی