پیسبوونی ئاو
پیسبوونی ئاو بریتییە لە پیسبوونی تەنە ئاوییەکان، کاتێک کە ماددەی کیمیایی زیانبەخش لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەبن،[١] بەزۆری لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ، بەجۆرێک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەکارھێنانەکانی دەبێت.[٢] تەنە ئاوییەکان بریتین لە دەریاچەکان، ڕووبارەکان، زەریاکان، ئاوھەڵگرەکان، عەمبارەکان و ئاوی ژێرزەوی. پیسبوونی ئاو ئەو کاتە ڕوو دەدات کە ماددە پیسکەرەکان دەخرێنە نێو ئەم ئاوانە. دەتوانرێت پیسبوونی ئاو بگەڕێنرێتەوە بۆ یەکێک لەم چوار سەرچاوانە: بەربوونی ئاوەڕۆ، چالاکییە پیشەسازییەکان، چالاکییە کشتوکاڵییەکان، و بەربوونی ئاوی شارەکان لەوانەش ئاوی باوبۆران.[٣] دەشێت پۆلێن بکرێن بۆ پیسبوونی ئاوی سەرزەوی (چ پیسبوونی ئاوی شیرین یان پیسبوونی دەریایی) یان پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی. بۆ نموونە، بەردانەوەی ناتەواوی ئاوی پیسی پاککراوە بۆ نێو ئاوە سروشتییەکان دەتوانێت ببێتە ھۆی تێکچوونی ئەم ئیکۆسیستەمە ئاوییانە. ھەروەھا پیسبوونی ئاو دەتوانێت ببێتە ھۆی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو بۆ ئەو کەسانەی کە ئاوی پیس بۆ خواردنەوە، حەمامکردن، شۆردن، یان ئاودێری بەکاردەھێنن.[٤]
سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاو یان ئەوەتە سەرچاوەی خاڵ یان سەرچاوەی ناخاڵن. سەرچاوەی خاڵ یەک ھۆکاری دەستنیشانکراویان ھەیە، وەکوو ئاوەڕۆی باوبۆران، وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی پیس یان ڕژانی نەوت. سەرچاوە ناخاڵەکان زیاتر پەرتن، وەکوو ئاوی بەربووی کشتوکاڵی.[٥] پیسبوون لە ئەنجامی کاریگەریی کەڵەکەبوونە بە تێپەڕبوونی کات. پیسبوون لەوانەیە لە شێوەی ماددە ژەھراوییەکان بێت (بۆ نموونە، نەوت، فلز، پلاستیک، قڕکەر، پیسکەرە ئەندامییە بەردەوامەکان، بەرھەمگەلی پاشماوەی پیشەسازی)، دۆخە فشارھێنەکان (بۆ نموونە، گۆڕانی pH، کەمیی ئۆکسجین یان بێ ئۆکسجینی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زیادەڕۆیی لێڵی، بۆن و تامی ناخۆش، و گۆڕانی سوێری)، یان زیندەوەرە نەخۆشخەرەکان. پیسکەرەکان لەوانەیە ماددە ئەندامی و نائەندامییەکان لەخۆ بگرن. ھەروەھا گەرمییش دەتوانێت ببێتە پیسکەر و ئەمەش پێی دەگوترێت پیسبوونی گەرمی. ھۆکارێکی باوی پیسبوونی گەرمی بەکارھێنانی ئاوە وەکوو ساردکەرەوە لەلایەن وێستگەکانی کارەبا و بەرھەمھێنەرانی پیشەسازییەوە.
کۆنترۆڵکردنی پیسبوونی ئاو پێویستی بە ژێرخانی گونجاو و پلانی بەڕێوەبردن و ھەروەھا یاسادانان ھەیە. چارەسەرە تەکنۆلۆژییەکان دەتوانن بریتی بن لە باشترکردنی پاکوخاوێنی، پاککردنەوەی ئاوەڕۆ، پاککردنەوەی ئاوی پیسی پیشەسازی، پاککردنەوەی ئاوی پیسی کشتوکاڵی، کۆنترۆڵکردنی داخورانی زەوی، کۆنترۆڵکردنی نیشتوو، و کۆنترۆڵکردنی ئاوی نێو شارەکان (لەوانەش بەڕێوەبردنی ئاوی باوبۆران). کۆنترۆڵکردنی کاریگەرانەی ئاوی شارەکان بریتییە لە کەمکردنەوەی خێرایی و بڕی لێشاوی ئاو.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «پیسبوونی ئاو». ڕێکخراوەی زانستی فەرهەنگیی هۆژان. hojan.org. 22ی کانوونی یەکەمی 2020. لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە.
{{cite web}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|ڕێکەوت=
(یارمەتی) - ^ Von Sperling، Marcos (2015). «Wastewater Characteristics, Treatment and Disposal». IWA Publishing. 6. doi:10.2166/9781780402086. ISBN 978-1-78040-208-6. لە June 21, 2022 لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە September 26, 2022 ھێنراوە.
{{cite journal}}
: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە:|access-date=
و|archive-date=
(یارمەتی) - ^ Eckenfelder Jr WW (2000). Kirk‐Othmer Encyclopedia of Chemical Technology. John Wiley & Sons. doi:10.1002/0471238961.1615121205031105.a01. ISBN 978-0-471-48494-3.
- ^ «Water Pollution». Environmental Health Education Program. Cambridge, MA: Harvard T.H. Chan School of Public Health. ٢٣ی تەممووزی ٢٠١٣. لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ھێنراوە.
- ^ Moss B (February 2008). «Water pollution by agriculture». Philosophical Transactions of the Royal Society of London. Series B, Biological Sciences. 363 (1491): 659–666. doi:10.1098/rstb.2007.2176. PMC 2610176. PMID 17666391.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە پیسبوونی ئاو تێدایە. |