پۆلیۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە


پۆلیۆ یان ئیفلیجی منداڵ یەکێکە لەو نەخۆشییە کوشندانەی کە مرۆڤ بەھۆی ڤایرۆسێکەوە تووشی دەبێت، ئەم نەخۆشییە یەکێک بوو لە ھەرە نەخۆشییە کوشندە و ترسناکەکان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بەڵام دۆزینەوەی ڤاکسینی دژ بە پۆلیۆ (ئیفلیجی) لە ساڵی ١٩٥٠ کۆتای بەو نەخۆشییە و ترسە ھێنا. پۆلیۆ کورتکراوەی "ئیفلیجی منداڵ"ە. ڤایرۆسێکە کە دەتوانێ بە ئاسانی بڵاو ببێتەوە لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە نەکوتراون فاکسینیان لێ نەدراوە. زۆربەی جار بە توندی ھێرش دەکاتە سەر دڕکەپەتک بڕیڕەی پشت و مێشک و دەبێتە ھۆی ئیفلیجی. ھەموو کەسێک لە ھەموو تەمەنێک لەوانەیە توشی ئەم ناخۆشییە ببێت، بەڵام لە ناو منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵی ڕێژەی توشبوون زۆر بەرزتر و زیاترە. لە ساڵی ١٩٨٨'ەوە، ڕێژەی توشبووان بە پۆلیۆ لە سەدا ٩٩٪ کەمی کردووە، لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٧٩'ەوە ھیچ کەیسێکی پۆلیۆ تۆمارنەکراوە. لە ساڵی ٢٠١٨ سەرچاوەکان تەنیا ٣٣ کەیسیان تۆمار کردووە لە ھەموو جیھاندا. ھەندێک وڵات لە جیھاندا تەواو پاکن لە ھەبونی ڤایرۆسی پۆلیۆ، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەندێک وڵات ھێشتا ڤایرۆسەکە لە ناویاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان زۆرە، و ھەرکەسێک کە نەکوترابێت و بەرییەککەوتنی ھەبێت لەگەڵ کەسی توشبوو چانسی توشبونی گەلێک زۆرە.

نیشانەکانی[دەستکاری]

زۆربەی کەسەکان کە توشی پۆلیۆ دەبن بە گشتی نیشانەیان نییە، بەڵام لە نێوان ٤ کەس ١ کەس لەوان لەوانەیە نیشانەکانی لێدەربکەوێت، کە بریتین لە:

  • قورگ ئێشان
  • ھەستکردن بە ماندووی و بێتاقەتی.
  • تا (پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە).
  • سەرئێشە.
  • ژانکردنی پشت و مل.
  • لاوازبونی ماسولکەکان.
  • ژانە سک.
  • ڕشانەوە.
  • مەرج نییە ھەندێک لەم نیشانانە، نیشانەی توشبون بن بە ئیفلیجی، ئەم نیشانانەی سەرەوە بە زۆری نامێنن دوای ١٠ ڕۆژ.
  • ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی کە توش دەبن بەردەوام ئەم نیشانانەیان ھەیە، ئەگەر تۆ پۆلیۆت ھەییێت ئەوا بە بەردەوامی ئەم نیشانانەت دەیێت بە تایبەتی ئەوانەی ناوەڕاست.
  • و دوای ھەفتەیەک ھەست بەم نەخۆشیانە دەکەی:
  • نەمانی بەرپەچە کردارەکان.
  • ژانکردنی ماسولکەکان بە سەختی و لاوازبونیان.
  • ناڕێکی دەست و قاچەکان.
  • ھەستکردن بە ھەبونی بزمار و سرنج لە ناو قاچەکانتدا.
  • ئیفلیجبوونی قۆل و قاچەکان.
  • ھەوکردنی پەردەی مێشک و مۆخی دڕکە پەتک.
  • پۆلیۆ ئەوکاتە دەبێتە ھەڕەشە لەسەر ژیانت، کاتێک کە ئەو ماسولکانەی کە ھاوکاریت دەکەن بۆ ھەناسەدان زۆر لاواز دەبن کە ئیتر ناتوانن بەرگە بگرن و کاربکەن.

چەند ساڵێک دواتر، لەوانەیە دەست بە ھەندێک نیشانەی تر بکەیت کە ناسروان بە (نیشانە سەرەتایییەکانی پۆلیۆ) کە ئەوانیش بریتین لە:

  • ھەبوونی کێشە لە ھەناسەدان و قوتدان
  • لەدەستدانی ماسولکەکان
  • ناڕێکی خەو
  • دابەزینی پلەی گەرمی لەش

پۆلیۆ پەلاماری کۆئەندامە دەمارەکان دەدات و وادەکات کە ماسولکەکانت لاوازببن و ھیچیتر بەرگە نەگرن.

ھۆکارەکانی توشبون[دەستکاری]

توشبونت بە پۆلیۆ بەھۆی ڤایرۆسێکەوەیە، ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ. واتە بەرییەککەوتن لەگەڵ کەسی بەرامبەر کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە بێت یاخود بەرییەککەوتن لەگەڵ شتێک کە ڤایرۆسەکەی لەسەر بێت ببێتە ھۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە. کاتێک کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەیت، ڤایرۆسەکە لە ناو قورگت (گەروو) و ڕێخۆلەکانت گەشە دەکات

ھۆیەکانی گواستنەوە[دەستکاری]

تۆ کاتێ توشی ڤایرۆسەکە دەبی کاتێک کە لە ڕێگەی دەمتەوە دێتە ناو لەشتەوە، لەوانەیە لەم چەند ھۆکارانەی خوارەوە توشی ڤایرۆسەکە ببیت:

  • بەرییەککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسی توشبوو بە پۆلیۆ و زۆر نزیک بوون لێیەوە.
  • بەھۆی خۆراکی پیسبوو یاخود ئاوی پیسەوە.
  • بەھۆی ھەناسەی کەسی توشبوەوە کە ئەویش کۆخین یاخود پژمینە.
  • ئەگەرچی نیشانەکانیشت لێ بەدیار نەکەوتبن تۆ ئەگەر توشبوبیت ئەوا دەتوانی ڤایرۆسەکە بگوازیتەوە بۆ کەسانی دەوروبەر.
  • پۆلیۆ بەزۆری توشی منداڵانی خوار تەمەن ٥ ساڵان دەبێ، بەڵام ئەگەری توشبونی کەسی پێگەیشتوش زۆرە بەو ڤایرۆسە ئەگەر نەکوترابن.

چارەسەرەکان[دەستکاری]

ئەگەر تۆ توشبوبی بە پۆلیۆ، ئەوا پزیشکەکەت سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە دڵنیابێتەوە کە تۆ تەندروستیت باشە و ڕێگری دەکات لە ھەر کێشەیەکی تری تەندروستیت، ھەندێک لەو چارەسەر و کەرەستە و دەرمانانەی بەکاردێن بۆ توشبوان بریتین لە:

  • ئازارشکێنەکان وەکو: (ئایبیۆپرۆفین) کە پلەی گەرمی لەش دادەبێزێنێت و ئازار و ژان کەم دەکاتەوە.
  • ھەواگۆڕکێ، کەوا یارمەتیت دەدات بە باشی ھەناسە بدەیت.
  • چارەسەری فیزیای کە یارمەتیت دەدات ماسولکەکانت بەردەوام بن لە کارکردن.
  • دەرمانی دژەگرژبوونی (خاوکەرەوی) ماسولکەکان بۆ ئەوەی ماسولکەکان بحەسێنەوە.
  • دژەزیندەیییەکان بۆ پاراستنی بۆری میز لە ھەوکردن.
  • سەرینێکی گەرمکەرەوە بۆ وەستاندنی ژان و گرژبونەوی ماسولکەکان.
  • زۆر شتی تریش کە دەگەرێتەوە سەر نەخۆشەکە و نیشانەکانی.

ڕێگریکردن[دەستکاری]

ھیچ چاک بوونەوەیەک لە ئارادا نییە بۆ توشبوانی پۆلیۆ بەڵام ڤاکسین (کوتان) دەتوانێ یارمەتیت بدات کە پێش وەختە لەشت بپارێزیت لەو نەخۆشییە. پێش ئەوەی ڤاکسین بدۆزرێتەوە لە ساڵی ١٩٥٠ ڤایرۆسەکە بە ھەزاران خەڵکی ئیفلیج دەکرد ساڵانە، بەڵام لە ساڵانی ١٩٧٠ و بەدواوە کە خەڵک دەکوترا، زۆر زۆر بە کەمی حالەتی ئیفلیجی تۆمار دەکرا بۆ نموونە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە ژمارەیان بە دەگمەن دەگەیشتە ١٠ حالەت. دوو جۆر لە ڤاکسین ھەیە : :IPV یەکێکیان کە ڤایرۆسەکەی تێدایە بەڵام زۆر لاواز و سستە کە بە (ئای پی ڤی) ناسراوە، ئەم کوتانە لە قۆل یانیش لە قاچ دەدرێ، کە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەرگری لەش دروستبێت. :OPV

ئەمە زیاتر لەسەر شێوازی کوتاندنی کۆنە کە ئێستاش کە لە جیھان دا بە کاردێ. ئێستا لە ویلایەتە یەک گرتوەکەانی ئەمریکا دا منداڵان بە چوار قۆناغ دەکوترێن ھەر قۆناغە و تەمەنێک:

  • لە ٢ مانگی
  • لە ٤ مانگی
  • لە نێوان ٦ مانگی بۆ ١٨ مانگی
  • لە نێوان ٤ ساڵی بۆ ٦ ساڵی

ئەگەر تۆ کەسێکی پێگەیشتویت و کوتراوی کاتێک کە منداڵ بوویت، کەواتە تۆ پارێزراوی. تاکە ھۆکار بۆ ئەوەی کە دوبارە بکوترێیەوە ئەوەیە کە بتەوێ گەشت بکەیت بۆ وڵاتێک کە ڤایرۆسی پۆلیۆ تێیدا زۆرە یاخود لەگەڵ کەسێک بژی کە پۆلیۆی ھەیە. ئەگەر تۆ بە تەواوەتی نەکوتراوی کاتی خۆی یاخود گومانت ھەیە لەوەی کوترانەکەت دروست بوبێت، ئەوا پزیشکەکەت دەتوانێ ڤاکسینەکانت پێبدات. دوو جار ڤاکسین وەردەگری (دەکوترێی) کە نێوانیان ٤ بۆ ٨ ھەفتە دەبێت، و کوترانی سێیەم ٦ مانگ بۆ ساڵێک دواتر دەبێ. ئێستا پۆلیۆ لە جیھان دا و زۆربەی وڵاتەکان نەماوە یاخود زۆر کەمە، بەڵام ھەندێک لە وڵاتە دواکەتوەکان ھێشتا نەیان توانیوە بە تەواوەتی ڕێگە لە بڵاو بوونەوەی بگرن ھەروەکو وڵاتانی ئەفغانستان، نیجیریا، پاکستان… ھتد. ھەندێک کەس لەوانەیە ھەستیاری (حساسیة) ھەبێت بە ڤاکسین یاخود کوتان، زۆربەی کات ھەست بە نیشانەکانی ھەستیار بوون بە ڤاکسین دەکەیت دوای چەند خولەکێک یاخود کاتژمێرێک پاش کوتانەکە، نیشانەکانی ھەبوونی ھەستیاری بە ڤاکسینی پۆلیۆ لەوانەیە بریتیبن لە:

  • ھەناسەدان بە سەختی.
  • دەنگ نووسان یاخود کۆکە.
  • خێرا لێدانی دڵ.
  • سەرگێژی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

سەرچاوە: ماڵپەڕی باوەڕ پێکراوی پزیشکی www.webmd.com

ئامادەکردنی: باھۆز عزیز سیف الدین