پۆزیتیڤیزم
پۆزیتیڤیزم یا ئەرێنیخوازی[١] قوتابخانەیەکی فەلسەفییە بەم ھەڵوێستەوە کە ماریفەتی ڕەسەن و ڕاستەقینە یەکێ لەم دوو دۆخەی ھەیە: یا بە ھۆی پێناسە ڕاستە، وە یا پۆزیتیڤە – بەو مانایە کە فەکتی پاشینییە کە ئەقڵ لە ئەزموونی ھەستەکی دەری کێشاوە. ڕێگاکانی تری بەدەستھێنانی ماریفەت وەک بیناو (کەشف و شوھوود) و بۆناوخۆڕوانین و ئیمانی دینی، ڕەت دەکرێنەوە و، بێمانا لەبەرچاو دەگیرێن.[٢] پۆزیتیڤیزم جەخت لە گرنگایەتیی شیکردنەوەی ماتماتیکی و لۆژیکی دەکات و، پشت بە داتای ھەستەکی دەبەستێ و، ئەزموونگەلی سوبژەکتیڤ ڕەت دەکاتەوە و، دەڵێ تەنیا ئەو مەعریفەتە بەبڕست و جێی باوەڕە کە بە میتۆدی زانستی بە دەست ھاتبێ. ھیچ تیۆرییەکی فەلسەفی نییە کە ئەوەندەی پۆزیتیڤیزم نێوانی لەگەڵ زانستی مۆدێرندا خۆش بێ. پۆزیتیڤیستەکانیش وەکوو زاناکانی بوارە زانستییەکان، قەزیەکان و تێگەیشتەکانی دین و مێتافیزیک بە بێمانا و ھەڵیتوپەڵیت دەزانن و، لایان وایە دەبێ واز لە ھەموو شێوەکانی ھزر و ئەندێشەی نازانستی بھێنرێت. دەڵێن پێویستە بە قازانجی زانست ڕێگای مەعریفەت بە ھەموو شێوەکانی تری بیرکردنەوە چۆڵ بکرێ.[٣]
بە گوێرەی تیۆرییە پۆزیتیڤیستییەکانی مەعریفەت بنەڕەتی مەعریفەت لە کۆتاییدا ھەر ئەزموونی ھەستەکییە و بەس. مەعریفەت ھیچ جۆرێکی تری نییە. لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە و جێی باوەڕ تەنیا ئەوەیە کە بە تەنگ وەسفکردن و ڕوونکردنەوەی فەکتە ئەزموونییەکانەوە بێ.[٣]
بۆچوونە پۆزیتیڤیستییەکان لە مێژووی ھزری ڕۆژاواییدا چەندین جار سەریان ھەڵداوە و دووپات بوونەتەوە، بەڵام پۆزیتیڤیزمی نوێ، بەند بە بەندی، لە لایەن ئۆگست کۆنت -ەوە ھێنراوەتە زمان و، ئەو بە یەکەم فەیلەسووفی پۆزیتیڤیست دادەنرێ، ھەرچەند، دەکرێ ئیمپیریستگەلێک وەکوو فرانسیس بەیکۆن و دەیڤید ھیووم -یش بە پۆزیتیڤیست بژمێردرێن. کۆنت پێی وا بوو لە کۆمەڵگاشدا، وەکوو جیھانی فیزیکی، یاسا زانستییەکان حاکمن. دوای کۆنت، قوتابخانەگەلی پۆزیتیڤیستی لە لۆژیک و سایکۆلۆژی و ئابوورناسی و مێژوونوسی و بوارەکانی تردا پەیدا بوون. بە شێوەی گشتی، پۆزیتیڤیستەکان تێدەکۆشن میتۆدی زانستی لە بوارەکەی خۆیاندا بە کار بێنن.[٢][٣]