پلورالیزم (فەلسەفە)
پلورالیزم زاراوەیەک لە زاراوەکانی فەلسەفەیە کە بۆ ھەر جیھانبینییەک کە باوەڕی بە زۆرێتی ھەبێ، بە کار دەڕوا. زۆربەی جارەکان دژایەتیی مۆنیزم (باوەڕ بە یەکیەتیی ھەموو) و دوالیزم (باوەڕ بە دوویەتیی ھەموو) دەکا و، لە مێتافیزیک و ئۆنتۆلۆژی و ئیپیستیمۆلۆژی و لۆژیکدا مانای جیاجیای ھەیە. لە مێتافیزیکدا، ئەو بیر و بۆچوونەیە کە دەڵێ گەلێ جەوھەری لێکجیاواز لە سروشتدا ھەن کە واقیع لەوانە پێک ھاتووە. لە ئۆنتۆلۆژیدا، پلورالیزم دەچێتەوە سەر شێوازەکان و حاڵەتە جۆراوجۆرەکانی بوون. بۆ نموونە، مرۆڤەکان و ئۆتۆمبیلەکان و ژمارەکان، شێوازی ھەبوونیان زۆر لە یەکتر جیاوازە؛ بەراورد و پێکگرتنی ئەم شێوازانە کاری پلورالیزمی ئۆنتۆلۆژیکە.[١]
لە ئیپیستیمۆلۆژیدا، پلورالیزم ئەو ھەڵوێستەیە کە دەڵێ ڕێگاکان زۆرن بۆ نزیکبوونەوە لە ڕاستییەکانی جیھان. پراگماتیزم و ڕێژەییخوازی ئەم ھەڵوێستەیان ھەیە.
لە لۆژیکدا، پلورالیزم تا ڕادەیەک نوێیە. ئەویش ئەوەیە کە پێی وایە زیاتر لە یەک لۆژیکی ڕاست و دروستمان ھەیە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لۆژیکی کلاسیک بەکەڵکە، بەڵام بۆ چارەکردنی ھەندێک لە پارادۆکسەکان دەبێ لۆژیکگەلی نوێ بە کار بگیرێ.[٢]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ↑ Joshua Spencer (١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢). «Ways of being». Philosophy Compass. ٧ (12): ٩١٠–٩١٨. doi:١٠.١١١١/j.١٧٤٧-٩٩٩١.٢٠١٢.٠٠٥٢٧.x.
- ↑ Beall، JC؛ Restall، Greg (٢٠٠٠). «Logical Pluralism». Australasian Journal of Philosophy. ٧٨ (4): ٤٧٥–٤٩٣. doi:١٠.١٠٨٠/٠٠٠٤٨٤٠٠٠١٢٣٤٩٧٥١. S2CID ٢١٨٦٢١٠٦٤.