پارتی دیموکراتی کوردستان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە پارتی دیمکراتی کوردستانەوە ڕەوانە کراوە)
پارتی دیموکراتی کوردستان
Partiya Demokrat a Kurdistanê
ناوی عەرەبیالحزب الديمقراطي الكردستاني
ناوی ئینگلیزیKurdistan Democratic Party (KDP)
ناوی کورتکراوە بە کوردیپەدەکە
سەرۆکمەسعوود بارزانی
وتەبێژمەحموود محەممەد[١]
دامەزرێنەرمستەفا بارزانی
جێگری یەکەمنێچیرڤان بارزانی[٢]
جێگری دووەممەسروور بارزانی[٣]
دروشمنوێبوونەوە، دادپەروەری، پێکەوەژیان[٤]
دامەزراندن١٦ی ئابی ١٩٤٦؛ ٧٧ ساڵ لەمەوبەر (١٩٤٦-٠٨-١٦)
شوێنگەی سەرەکیھەولێر، ھەرێمی کوردستان[٥]
ڕۆژنامەڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژنامەی ھەولێر، گۆڤاری گوڵان
ڕێکخراوەی ژنانیەکێتیی ژنانی کوردستان
ئایدۆلۆژیاناسیۆنالیزمی کوردی
سێکۆلاریزم
ئینتیمای نێودەوڵەتیھاوپەیمانیی دیموکراتان
ڕەنگەکان     زەرد
کورسییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٣١ / ٣٢٩
کورسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان
٤٥ / ١١١
ماڵپەر
www.kdp.info
ئاڵای حیزب

پارتی دیموکراتی کوردستان (بە کوردیی باکووری: Partiya Demokrat a Kurdistanê، بە کورتە پەدەکە) گەورەترین پارتی ھەرێمی کوردستان و ھاوبەشی باڵای دەسەڵات لە حکوومەتە. ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مەھاباد لە کۆماری کوردستان دامەزراوە. ئەو پارتە بانگەشە دەکات کە «بەھا دیموکراسییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کۆدەکاتەوە بۆ پێکھێنانی سیستەمێک کە ھەمووان لە کوردستاندا بتوانن لەسەر بنەمای یەکسان بژین و جەختێکی زۆر لەسەر مافی تاکەکان و ئازادیی ڕادەربڕین بکرێتەوە».

مێژوو[دەستکاری]

پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٤٦ لە کۆماری مھاباد دا مەلا مستەفا بارزانی، ھمزە عەبدوڵڵا، میر حاج ئەحمەد، نوری ئەحمەد، مستەفا خوشناو، محمد محمود قودسی، خیرواللە عبدولکەریم، عیزت عبدولعەزیز، پەیرەو و پرۆگروامی پارتیان دانا، بۆ ھەمان مەبەست ھمزە عبداللە یان ناردە کوردستانی عێراق کە سێ ڕاسپاردەی پێ بوون:

  1. دەستکاری لە پەیرەو و پرۆگرامی نەکرێت کە لە مھاباد دارێژراوە.
  2. حیزبە کوردستانییەکان بە گژ حکوومەتی ناوەندیدا نەچن تا خۆیان جێگر دەکەن.
  3. شێخ لەتیف و کاکە زیاد بکرێنە جێگری یەکەم و دووەم.

بریاری سێھەم بوو بەھۆی ناکۆکی و ئەم ناکۆکییەش بوو بەھۆی (ئینشقاق)، بۆیە ێالح حیدرو نافع یونس چوونە ناو شۆڕش، ھمزە عبوڵڵاش لەگەڵ حزبی ڕزگاری کۆبووەو بریاریان دا بێنە ناو پارتی، ڕزگاری و شۆڕش سەرەتای ئاب کۆنگرەیان بەست و خۆیان ھەڵوەشاندەوە. لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ لە بەغدا بە ئامادەبوونی ٧٠ ئەندام کونگرەی یەکەم بەسترا.

  1. لە کونگرەی یەکەم پەیرەو پرۆگرام پەسەند کرا
  2. ناوی بووە بە پارتی دیموکراتی کورد.
  3. قیادەی حزب ھەڵبژێردرا

مەلا مستەفا بارزانی وەک سەرۆک و شێخ لەتیف و کاکە زیاد بوون بە جێگری یەکەم و دووەم و ڕۆژنامەی ڕزگاریش دەورێکی کاریگەری بینی لە بڵاوکردنەوەی ئایدلوژیای پارتی، لە بواری سیاسەتی نێودەولەتیش خەریکی ڕێکخستنی پەیوەندی بوون لەگەڵ بلوکی ڕۆژھەڵات و لە ھەمان کاتدا پەیوەندییەکی پتەو، لەگەڵ ھەیئەتی دامەزرێنەر لە مەھاباد دا ھەبووە و پەیوەندی لەگەڵ پارتەکانی عێراقی و عەرەبی دەکرا و لە ھەمان کاتدا لەگەڵ حزبی شیوعی پەیوەندی ھەبوو، ڕووخانی کۆماری مھاباد تڕسیرێکی سلبی لەسەر کوردستانی عێراق کرد بوو، بارزانی لە ١٣ی ئایاری ١٩٤٧ بەرەو سۆڤیەت کاروانەکەی وەرێ خست و لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ گەیشتە سۆڤیەت. شێخ ئەحەمەد گەرایەوە کوردستان، چوار لە ئەفسەرەکە لەگەڵ شێخ دا بوون لە ١٩ی ئەیلوولی ١٩٤٧ شەھید کران لە زمانی حکوومەتی ێالح جبر. سێ قیادەی حزبی شوعی (فەھد، زەکی بسیم، محمد ئەلشبیی) لە سێدارەدران، موراقەبە خرایە سەر پارتی و ھمزە عبدڵڵا لە بەغدا خۆی شاردەوە و پاشان چوو بۆ سلێمانی. چاپخانەی حزب لە بغداد گوازرایەوە بۆ سیتەک لە سلێمانی.

پاشان ھمزە لە سلێمانی گیرا و لە بەغدا ڕەوانەی دادگا کرا، پاشان ڕزگار کرا، کە ئەم ڕزگارکردنە گومانی دروست کرد، لە کۆتایی ١٩٤٧ ھەندێ لە بەرپرسانی حزب ماوەی زیندانیان تەواو بوو وەکو (ئیبراھیم ئەحمەد و عەونی یوسف و جەلیل ھۆشیار) پاشان بە پەسەند زانرا کە کونگرە ببەستن.

ئاڵا و ئاڕمی پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان

کونگرەی دووەم: ئازاری ١٩٥١ لە بەغدا بەسترا، سی ئەندام بەشدارییان تێدا کرد. بریارەکان:

  1. سکرتێر و ئەو ئەندامانەی کە گومانیان لەسەر بوو، تاکو گومانەکە وەلا دەنرێت مەسئولییەتیان پێ نەدرێت.
  2. دووبارە پێداچوونەوە بکرێت لە پەیرەو و پرۆگرامی حزب.
  3. سەرکردایەتییەکی کاتی بۆ حزب دابنرێت (ئیبراھیم ئەحمەد، نوری شاویس، جەلیل ھۆشیار، عومەر مستەفا، بەکر ئیسماعیل، محمد ئەمین مستەفا) بە بێ سکرتێر.

ھەمزە عەبدوڵڵا سەرەرای بە بریارەکانی کونگرە ڕازی نەبوو، حکوومەت گرتی و حکوومەت ھەوڵی دا کە ناوبراوی بۆ تورکیاوە دووری بخاتەوە، بەڵام لە زاخۆ خۆی ڕزگار کرد و پاشان لە سلێمانی تەنزیمێکی نوێ دروست کرد بە ناوی (بەرەی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کورد) و ئەمانەی خوارەوە لەگەڵدا بوون:

  1. محرم محمد ئەمین
  2. شەھاب شێخ نووری
  3. محەممەد کەریم فەتحوڵڵا.

کونگرەی سێھەم: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ لە کەرکووک بە ئامادەبوونی، ٣٥ بۆ ٤٠ ئەندام بەسترا چەندین بڕیاری نوێ دەرکران:

  1. ناوی حزب گۆرا و کرا بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. تەبەنی بیرەکانی مارکسی لینینی کرا
  3. ئورگانی حزب لە ڕزگاری کرا بە خەبات.
  4. ڕێکخراوە جەماوەرییەکان (ژنان و قوتابیان و لاوان) دامەزرا.
  5. دەرکردنی ھەمزە عبدوڵڵا بە یەکجاری لە حزب.

کونگرەی چوارەم: سەرەتای مانگی ١٠ نیسانی ١٩٥٩ لە بەغدا بەسترا. • لە ساڵی ١٩٥٨ شۆڕشی تەممووز بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم سەرکەوت. • لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ مەلا مستەفا ھاورێ لەگەڵ ھەڤاڵانی لە سوڤییەتەوە گەرایەوە عێراق. • پارتی خۆی کرد بوو حزبێکی شیوعی و دەیویست پەیوەندی لەگەڵ یەساری و شیوعی بە قوەت بکات و داوای لە تەنزیماتی شیوعی دەکرد بۆ یەکگرتنی بزووتنەوەیەکی شیوعی. پارتی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پارلەمانی ١٩٥٤عێراق کرد و مسعود محمدی نوێنەری پارتی بوو لەم ھەڵبژاردنەدا. لە ١٩٥٥ ھمزە عبدوڵڵا گەرایەوە ناو پارتی (نەژاد ئەحمەد، خەسرو تۆفیق) و ناوی حزب بە پێشنیاری ئەو گۆرا بە پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان و خەبات بۆ خەباتی کوردستان، نەژاد احمد و خەسرۆ تۆفیق ھاتنە ناو سەرکردایەتی پارتی.

  1. مستەفا بارزانی بووە سەرۆک.
  2. ئیبراھیم ئەحمەد بوو بە سکرتێر.
  3. عەلی عبدوڵڵا و نووری ئەحمد تەھا و عومەر مستەفا و ھمزە عبدوڵڵا و جەلال تاڵەبانی و حەبیب محەممەد کەریم و نەژاد ئەحمد و خەسرەو تۆفیق بوونە ئەندام.

لە ساڵی (٥٧) ێالح حیدری، حمید عوسمان و عاێم حەیدەریش بوون بە سەرکردایەتی حزب، ئەم مارکسیانە کە ھاتنە ناو پارتی، دەست کردی شیوعی بوون و دەیان ویست پارتی بکەنە دووباڵ و لە ھەمان کاتدا، جێبەجێ کەری کاری سیاسەتەکانی حزبی شیوعی بێت، شوعییەکانی ناو پارتی ڕاپۆرتیان لەسەر جەلال و ئیبراھیم ئەحمد نووسی و دایانە سەرکردایەتی حزب و بە بریاری سەرکردایەتی ناوبراوان تجمید کران و پاش ئەم گۆرانە، ھمزە عبدوڵڵا بوو بە سکرتێری حزب، بارزانی لە وەزعی ناو پارتی تێگەیشت بۆیە داوای بەستنی کۆنگرەی کرد، لاینگرانی حزبی شوعی دژی بەستنی کونگرە بوون. بارزانی و لەگەڵ لیژنەی ناوەندی لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٥٩ کۆنفرانسێکیان لە ماڵی بارزانی لە بەغدا بەست و مەکتەبی سیاسی و سکرتێر بەشداری کۆبوونەوەکە نەبوون، بەڵام کۆنفرانسەکە کارەکانی خۆی جێبەجێ کرد و چەند بریارێکی دا

  1. تجمید کردنی مەکتەبی سیاسی.
  2. بریاری دا بە، بەستنی کونگرەی چوارەم.

کۆنگرەی چوارەم: ساڵی ١٩٥٩ لە بەغدا بە ئامادەبوونی (١٣٠) ئەندام بەسترا. کونگرەی چوارەم لەبەر ئەم ھۆیانە گرنگ بوو

  1. سەرانی باند بازی (ھمزە عبدوڵڵا، حەمید عوسمان، ێالح حیدری، نەژاد ئەححمەد، خەسرۆ تۆفیق) بە یەکجاری لە ڕێزەکانی حزب دەران کان
  2. . گۆرانکاری لە ڕێبازی پارتی کرا و گەرایەوە سەر ڕێبازی پێشووی کە سوود لە مارکسییەت وەربگرێت
  • سەرکردایەتی تازەش ھەڵبژێردرا، مەلا مستەفا بارزانی بوو بە سەرۆک

کونگرەی پێنجەم:سەرەتای ئایاری ١٩٦٠ بە ئامادەبوونی ١٤٨ ئەندام بەسترا. حکوومەتی عێراق یاسایێکی نوێ بۆ کومەڵەکان دەرکردبوو، بەپێی ئەم یاسایە، حزبێک مۆڵەتی پێ دەدرێت کە لە ماوەی شەش مانگ دا کونگرەی خۆی ببەستێت. پاش دەرچوونی ئەم یاسایە سەرکردایەتی پارتی لەلایەن (بارزانی، ئیبراھیم ئەحمد، عومەر دەبابە، عەلی عبدوڵڵا، نوری شاووس، شەمسەدین موفتی، عەلی عەسکری، مەلا عبدوڵڵا، جەلال عبدولڕەحمان، ئیسسماعیل عارف) داوایەکی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد کە داواکەش پەسەند کرا و مۆڵەتی کارکردن بە پارتی دیموکراتی کوردستان درا

عبدالکریم قاسم دوو تێبینی لەسەر ڕێبازی پارتی ھەبوو:

  1. بە پێویستی نەدەزانی ماددەی پەیرەو کردنی مارکسی لینی تێدا بێ.
  2. ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی بێ.

کونگرە لە بەغدا بەسترا و ٥ ڕۆژی خایاند ١٤٨ ئەندام بەشدار بوون، بارزانی مەڕاسیمی کردنەوەی کونگرەی کرد، ڕاپۆرتی م. س، چاودێری و پشکنین خوێندرایەوە، سەرکردایەتی نوێ ھەڵبژێردرایەوە.

  1. مەلا مستەفا دووبارە بوو بە سەرۆک حیزب

کونگرەی شەشەم لە ١ی تەممووزی ساڵی ١٩٦٤ لە قەلادزێ بە ئامادەبوونی ٦٠٠ ئەندام بەسترا. لە نێوان کونگرەی پێنج تاکو کونگرەی شەشە کومەڵێک ڕووداو لە ئاستی عێراق و ھەرێمایەتی ڕووی دا دابوو. پەیوەندی پارتی و حکوومەتی عێراق: *پەیوەندی پارتی و حکوومەتی عێراق لەسەر ماددەی ٢ ی دەستووری عێراقی کە دەلێت عێراق بەشێکە لە ئومەی عەرەبی بەرەو ساردی دەروێشت و پارتی ڕای وابوو کە بەشە عەرەبییەکەی عێراق بەشێکە لە ئومەی عەرەبی.

  • حکوومەت لەڕێگەی (ئیسماعیل عبادی) بەرێوەبەری پولیسی مووسڵ ھێندەک کوردی چەکدار کردبوو بە دژی بارزانی و پارتی
  • لە ئازاری ١٩٦١ جەنابی بارزانی لە بەغداوە گەرایەوە بارزان.
  • لە ٣٠ ی تەممووزی ١٩٧١ پارتی یاداشتێکی دایە حکوومەتی عێراق کە ١٣ خالی لە خۆدەگرت کە یەکێک لە خالەکان کشانەوەی ھێزەکانی میری بوو کە تازە ھێندرابوونە کوردستان
  • حکوومەتی ناوەندی دەستی کرد بە گرتنی کەوادیری پارتی و بەپرسن.
  • زۆربەی ھەڤاڵانی پارتی لە ناو سوپا و پولیس پەیوەندییان بە پارتی و دەکرد. ٧
  • ماوەی ٣ تا ٤ مانگ ھەوڵێکی زۆر درا کە وەزع نەگاتە شەر، بەڵام قاسم تاکیدی لەسەر ئەوامری دەکردەوە
  • لە ٦ی ئیلوولی١٩٦١ پارتی مانگرتنی لە شارەکان ڕاگەیاند، دژی کردەوەکانی حکوومەتی ناوەندی کە سەرکەوتوو بوو ڕێگاکانی ھەولێر و کەرکووک، سلێمانی و کەرکووک، ھەولێر وموسل لەلایەن لایەنگرانی پارتی و گێرا. ٩
  • لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٦١ دا حکوومەت ھێرشی ھێنایە سەر کوردستان، سەرەتا ھێندەک سەرکەوتنی بەدەست ھێنا کە وای زانی شۆڕش نەماوە.
  • قاسم لە سەردانەکەی دا لە کۆتایی ١٩٦١ لە سەدەی دەربەندیخان گووتی سەرکێشی نەماوە.

ھەڵوێستی پارتی عێراقییەکان لەسەر شۆڕشی ئەیلوول:

  • حزبی شیوعی سەرەتا دژی شۆڕش بوون و بە کونە پەرستیان لە قەڵەم دەدا بەڵام دوایی ھەڵوێستیان گۆری داوای ئاشتبوونەوەیان دەکرد
  • حزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستی و ئەحزابی تری عەرەبی دژی شۆڕش و حکوومەتی عبدولکەریم قاسم بوون، باری عبدالکریمیان قۆزییەوە و لە ١٩٦٣ کودەتایان کرد و لە دواییدا قاسمیان کوشت.

لە ئازار ١٩٦٣ بارزانی کونگرەیەکی نەتەوەیی لە کۆیە بەست، کە سەرکردایەتی حزب و بەرپرسانی پێشمەرگە و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و عەشائری بەشداریان تێدا کردوو و بارزانی داوای حوکمی ژاتی دەکرد بۆ ھەمان مەبەست وەفدێکی بە سەرۆکایەتی جەلال تالەبانی و ئەندامییەتی ێالح یوسفی مەحموود محمد، حسین خانەقا، حەمد محمد، حەبیب محەممەد کەریم، عەقید ێدیق، شاخەەوان نامیق، بابەکر ڕەسول، مستەفا عەزیز، کە بۆ وتوێژ چوونە بەغدا، پاشان حکوومەتی لامەرکەزی لە جیاتی حوکمی ژاتی ڕاگەیەندرا، وەفدی کوردیش بە ھیلیکوپتەر لە بەغداوە گوازرانەوە کەرکووک لەوێش گیران.

لە تشرینی دووەمی ١٩٦٣ عبدولسەلام عارف کودەتایەکی سەربازی کردو پاش کودەتاکە داوای ڕاگرتنی شەڕی کرد بارزانیش ڕاگرتنی شەری بە پەسەند زانی و شەر ڕاگیرا. پاش ڕاوەستانی شەر دیسان وتوێژ دەستی پێکردەوە، کە شاندی کوردی بریتی بوون لە سەرۆک بارزانی و جەلال تالەبانی و نوری شاوەیس و وەفدی حکوومەتیش پارێزگاری سلێمانی حاجی محمود عبدالرزاق بوو، یەکگرتن لەسەر بریارەکەی کرا بەڵام کاتێک کە جەلال تالەبانی و نوری شاوەیس چوونە ماوەت، مەکتەبی سیاسی ڕازی نەبوو، لەوێ جەلالیش ڕای گۆری، مەکتەبی سیاسی بەیانێکی دەرکرد و قسەی ناشیرینی بە بارزانی گووت بوو، واتە بەیانیان دەرکرد کە ئایا ڕێککەوتنی موشیر و بارزانی ئاشتی یە یان خۆدانە دەست.

لە نیسانی ١٩٦٤ کۆنفرانسێک لە ماوەت لەلایەن مەکتەبی سیاسی بەسترا، کە ژمارەیان نزیکەی ٨٠ ئەندام دەبوو لەم کونفرانسەدا بریاری ڕووتکردنەوەی بارزانیان لە ھەر جۆرە بەرپرسیارییەتێک دا، لیژنەی چاودێری ویستیان لە چارەسەری ئینشقاقەکە دەور ببینن، بەڵام مەکتەبی سیاسی ڕازی نەبوو، بارزانی ناچار بوو کە کونگرە ببەستێت، لیژنەی ئامادەکاری کونگرەی شەش لە سەرەتای مانگی ٥/١٩٦٤

کونگرەی شەشەم: سەرەتای مانگی تەممووزی ١٩٦٤ لە قەڵادزێ بەسترا، کونگرە وەفدێکی ناردە ماوەت تاکو ببنە ئەندام، بەڵام نەھاتن و کونگرەیان ڕەت کردەوە، وەفدەکەش لەم ھەڤاڵانە پێک ھاتبوون: عەلی ھەژار، مەجید ئەترۆشی، ئەحمد ئەترۆشی، فاتیح محمد، ئیسماعیل مەلا عزیز، جەلال محمود بەگ.

بریارەکانی کونگرە:

  1. مەلا مستەفا بارزانی بە کوی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا
  2. ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیش ھەڵبژێردران

کونگرەی حەوتەم:پارتی ویستی تازەگەری لە کوردستان دروست بکات بۆ بەرێوەبردنی کاروباری ئیداری، لە ڕاپەراندنی کاروباری ئیداری. لەو ماوەیەدا پەیوەندی پارتی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق باش نەبوو، چونکە حکوومەتی عبدولسەلام باوەری بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەبوو، حکوومەت کابینەی خۆی ڕاگەیاند و تەنیا وەزیرێکی موحسین دزەیی دایە پارتی و وەزیرێکیش دایە لایەنی ھەمەدان تەھا محییەدین مەعروف کە بەعس ئەم کارەی کرد پارتی خۆی کێشایەوە. • لیژنەی ئامادەکاری کونگرەی حەوتەم پێکھێنرا لە ھەندێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کەسانی تازەش کە گەرابوونەوە ناو حزب وەک علی عبداللە و نوری شاوەیس. • لیژنەی ئامادەکاری لە ھاوینی ١٩٦٦ دەستیان کرد بە ھەڵبژاردنی نوێنەرانی کونگرە. • لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦ لە گەلالە بە ئامادەبوونی ٣٧٠ ئەندام کونگرە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد:

  1. لەم کونگرەدا ھەندێ دەستکاری لە پەیرەو و پرۆگرام کرا کە مەکتەبی سیاسی لە ٥ ئەندامەوە کرایە ٧ ئەندام.
  2. چەند ئەندامێکی کومیتەی ناوەندی بە یەکجاری لە ڕێزەکانی پارتی دەر کران وەک:
  3. سەرۆک بارزانی بە کوی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا
  4. کومیتەی ناوەندی و دەستەی چاودێری ھەڵبژێردران

١٩٦٩ • حکوومەت ھێرش کردە سەر کوردستان و بوردومانی ناوچەکانی بادینانی کرد. • حکوومەت دەرگای خەباتی داخست و ڕۆژنامەی نوری لە جیاتی دەرکرد حکوومەت لە کۆتایی ١٩٦٩ داوای وتوێژی لەگەڵ پارتی دا کرد و پارتیش کە ھەردەم دیالۆگی پێ لە شەر باشتر بوو، ئەم داوایییەی حکوومەت پەسەند کرد و وەفدی پارتی بۆ ئەم مەبەستە چوونە بەغدا و گەیشتنە ڕێککەوتنە نامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠.

کونگرەی ھەشتەم: ئەم کونگرەیە لە ١ی تەممووز ١٩٧٠ بە ئامادەبوونی ٤٨٨ ئەندام بەسترا. ئەم کونگرەیە لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە بە کونگرەێکی نموونەیی دادەنرا # ئەندامانی کونگرە زۆربەیان بە ھەڵبژاردن، بۆ بوونە ئەندامی کونگرە، ئەوانەی کە لە ناو شارەکان بوون پاش ١١ ی ئازار ھەڵبژێردرابوون و ئەوانەی تریش پێش ١١ ی ئازار ھەڵبژێردرابوون.

  1. ژمارەیەکی زۆری ژن بۆ یەکەم جار بەشداری کونگرەیان کرد.
  2. نێردراوی چەندین پارتی عێراقی میوانی کونگرە بوون وەک حزبی شیوعی، حزبی بەعس و نوێنەری ڕێکخراوی فەلەستین وچەندان پارتی تر
  3. لە کەش و ھەوایەکی دیموکراسینەدا کونگرە بەرێوەچوو و بارزانی وتارێکی بابەتیانەی پێشکەش کرد.
  • بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردراوە.
  • کومیتەی ناوەندی لە ٢١ ئەندام ھەڵبژێردرا
  • مەکتەبی سیاسیش ھەڵبژێردرا

کونفرانسی ١١ی ئابی ١٩٧٦لە بەرلین ئازاری ١٩٧٥ شۆڕش تووشی نسکۆ بوو بەھۆی ڕێکەوتنامەی جزائیر لە نێوان شای ئێران و ڕژێمی بەعسی عێراقی. خەڵکێکی زۆر ئاوارەی ئێران و ئەورووپا و ئەمریکا بوون، و ئەمریکییەکان لە دارشتنی سیاسەتی ئەستراتیژێکی خۆیان لە ڕۆژھەلاتی ناڤین، ھەڵبژاردنی پشت کردن لە کوردیان ھەڵبژارد. لە ھاوێنی ١٩٧٥ خوێندکارانی ئەورووپا کونگرەیەکیان بەست لەم کونگرەیەدا شورشی ئەیلوولیان ھەڵسەنگاند، ھەندێک ئەندامی سەرکردایەتی گەیشتنە ئەورووپا، لە شوباتی ١٩٧٦ کۆبوونەوەیەک لە ئەلمانیا بەسترا و باس لە ڕێکخستنەوەی پارتی کرا، کومەڵەی خوێندکارانیش ھەمان ساڵ کونگرەی خۆی بەست و دکتۆر ڕۆژ بوو بە سکرتێری کومەڵەکە، پاش نسکوی ١٩٧٥، لە ٢٦ی ئایار ١٩٧٦ شۆڕشی گولانی پێشکەوتنخواز بڵێسەی شۆڕشی گەلانی کوردستان جارێکی تر بلند کردەوە. لە ١١ تا ١٦ی ئابی ١٩٧٦ لە بەرلینی بە بەشداری ٨٠ ئەندامی پارتی کونفڕانسێک بەسترا، لەم کونفرانسەدا سەرکردایەتی کاتی پارتی کە پێشتر دانرا بوون، پەسەند کرایەوە، لەم کونفراسەدا ڕەخنەیەکی زۆر لە شۆڕش گیرا و ئەم ڕەخنانەش وای کرد کە جارێکی تر بە ڕوحێکی تازە و ڕێکخستنەێکی پەتەوەوە دەست بە دووبارە ڕێکخستن بکرێتەوە و خەڵکێکی زۆری لە دەورەی کۆ ببێنەوە، ئەم ڕێبازە لە کونگرەی ٩ یەم پەسەند کرا. لەم کونفرانسە درێژە دان بە شۆڕش پەسەند کرا.

کونگرەی نۆیەم: ناوەراستی مانگی ٥/١٩٧٩ لە گوندی شاوانە لە ناوچەی شنوی کوردستانی ڕۆژھەلات سەرکردایەتی کاتی و زۆربەی ئەندامانی کونگرە کۆبوونەوە و بریاری بەستنی کونگرەیان دا و بۆ ئەم مەبەستە لیژنەی ئامادەکاری کونگرەیان پێک ھێنا. لیژنەی ئامادەکاری دەست کرد بە ئامادەکاری بۆ بەستنی کونگرە کە دوو ڕوانگەی جیاواز ھەبوون سەبارەت بە بەستن و نەبەستنی کونگرە. ھۆیەکانی نەبەستنی کونگرە:

  1. کوچی ڕێبەری ڕوحی نەتەوەی کورد
  2. شای ئێران بەھۆی شۆڕشی گەلانی ئێران تووشی شکست ببوو و لە تێروانینی ڕژێمی نوێ سەبارەت بە شۆڕش دوو دل بوون

بەڵام سەرەرای ئەم دوو ڕوانینە، بریار بە بەستنی کونگرە درا. ناکۆکی ھەبوو، بەڵام ناکۆکییەکە فکری نەبوو ھەر بۆیەش پاش ماوەیەک زۆربەیان گەرانەوە ناو پارتی. لە ٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٧٩ لە گوندی دەربەند لە ناوچەی مەرگەوەری پارێزگای ورمێ بە ئامادەبوونی ٣٢٥ ئەندام کونگرە بەسترا لەم کونگرەیەدا وەفدێکی حزبی شیوعی بە سەرۆکایەتی ئەبو حیکمت بەشداربوون کە وەتارێکشیان خوێندەوە و بروسکەی پارتەکانی کوردستانی تورکیا و سووریا خوێندرایە. ئەم کونگرەیە ١٢ ڕۆژی خایاند و لەم کونگرەیەدا ڕێبازی بزووتنەوەی ئازادی خوازی کورد پەسەند کرا. لەم کونگرەیەدا بریار درا کە پارتی ڕۆلی ناوبژیوان ببینێت لە نێوان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەرای ھەوڵێکی زۆر ئەم ھەوڵانە بێ ئەنجام بوون. ھەروەھا بریار درا بە دامەزراندنی بەرەیەکی نیشتمانی عێراقی و ھەروەھا بەرەیەکی کوردستانی، لەم کونگرەیەدا توراسی فکری بارزانی نەمر بوو بە سەرچاوەیەکی فکری و گۆرانکاریش لە ماددەی ٥ پرۆگرام کرا. • ھەڤاڵ مسعود بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا. کومیتەی ناوەندی لە ٢١ ئەندام پێک ھات ئەندامانی کومیتەی ناوەندی پێشوو، ئەوانەی ڕێزی پارتی بە جێھێشت بوون لە ڕێزی پارتی دەر کران جگە لە ێالح یوسفی نەبێت کە ئەویش بە بریاری بارزانی گەرابووە عێراق. بە سەرۆکایەتی مسعود بارزانی لە ئوردوگای زێوە کومیتەی ناوەندی کۆبووە و لەم کۆبوونەوەیەدا مەکتەبی سیاسی پێک ھێندرا عەلی عبدوڵڵا بووە بە سکرتێر

  • ڕووداوەکان:
  1. ھەندێک لە ئەندامنی سەرکردایەتی کاتی لە پارتی دابران و پارتێکی نوێیان پێک ھێنا بە ناوی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان.
  2. لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠ بەرەی نیشتمانی عێراقی (جود) لە نێوان، پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی عێراق و حزبی سوسیالیستی کوردستان و پارتی سوسیالیستی کورد پێک ھات.
  3. لە ١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٨٤ چوار پارتی تری عێراقی و کوردستانی ھاتنە ناو بەری جود: حزبی گەلی دیموکراتی کوردستان و حزبی الاشتراکی عێراقی و کومەڵەی دیموکراتی عێراقی.
  4. یەکێتی شەری دژی بەرە جود ھەڵگیرساند بەڵام لە ١٩٨٦ لە تاران ئاشت بوونە لە نێوان پارتی و یەکێتی کۆتایی بەم شەرە ھێنا.
  5. لە ٢ی ئایاری ١٩٨٨ بەرەی کوردستان پێک ھات لە ٧ حزبی کوردستانی: • پارتی دیموکراتی کوردستان. • یەکێتی نیشتمانی کوردستان • حزبی شیوعی عێراقی - ھەرێمی کوردستان؛ و حزبی سوسیالیستی کوردستان و حزبی سوسیالیستی کورد و حزبی گەلی دیموکراتی کوردستان و حزبی زەحمەت کێشانی کوردستان.
  • ڕژێمی بەعسی عێراقی لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٧ شاری ھەلەبجەیان کیمیا باران کرد. ٧. لە خواکورک ٤٥ ڕۆژ شەر لە نێوان ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕژێمی عێراق بەردەوام بوو کە ڕژێم ھێزێکی یەکجار زۆری ھێنابوو بەرەکانی شەر و لەم بەرەیەدا زەربەیەکی گەورەی لێ کەوت.

لە شۆڕشی گولان ئەم کارانەی خوارەوە جێبەجێ کران:

  1. دەست کرا بە دروستکردنی پەیوەندییەکان و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە دانرا.
  2. بڵاوکراوەیەکی ھاوبەش لەگەڵ دیموکرات بڵاوکرایەوە.
  3. پەیوەندی لەگەڵ پارتەکانی کوردستانی تورکیا و سووریا کرا.
  4. ئیزگەی کوردستان و ڕۆژنامەی خەبات سەرلە نوێ دامەزرایەوە.
  5. ڕێکخراوە جەماوەرییەکان زیندوو کرایەوە. ٦. دەزگای پەروەردەی و تەندروستی دانران
  6. دەورەی کادیران کرانەوە (٧ەوە بۆ ٨).
  7. لە کونگرەدا بریاری دامەزراندی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانیان دا کە دابمەزرێن.

کونگرەی دەیەم: ساڵی١٩٨٩ کاری ھەڵبژاردنی لیژنەی ئامادەکاری کونگرەی کۆتایی پێ ھات و ھەڵبژاردن کۆتایی پێ ھات بەڵام لەبەر ھەندێ ھۆ کونگرە دوا خرا بۆ ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ کونگرە لە گوندی ھاشم ئاوە (ھێشماوە) ناوچەی مەرگەوەرە بە ئامادەبوونی ٣٣٢ ئەندام بەسترا. مەسعوود بارزانی لەم کونگرەیەدا جارێکی تر بەھۆی گوشاری زۆری ئەندامانی کونگرە بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرایەوە. ئەندامانی کومیتەی ناوەندی ھەڵبژێردران

کونگرەی یانزدەھەم:کومیتەی ناوەندی لە مانگی ٣ی ئازاری ١٩٩٢ بریاری دا لیژنەی ماوە کاری کونگرە پێک ھێنرا. لەم کونگرەیەدا چەند پارتێکی کوردستانی بریاریان دا بێنە ناو پارتی:

  1. پارتی یەکگرتن (سوسیالیست، پاسول، گەل).
  2. یەکێتی دیموکراتی کوردستان.
  3. بزووتنەوەی کوردی فەیلی موسلمان.

ڕۆژی ١٦ی ئابی ساڵی١٩٩٣ کونگرە لە شاری ھەولێر بەسترا و لە ٢٦ی ئاب کوتایی پێ ھات. لەم کونگرەیەدا مەسعوود بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا. علی عبدوڵڵا بوو بە جێگری سەرۆک. ئەندامانی کومیتەی ناوەندی ھەڵبژێردران

کونگرەی دوانزدە: ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ لە پایتەختی ھەرێمی کوردستان (ھەولێر) بەسترا. لە مانگی ئایاری ١٩٩٩ لیژنەی ئامادەکاری کونگرەی دوانزدە پێک ھات، لیژنە کارەکانی خۆی بە سەرکەوتووی جێبەجێ کرد. کونگرە لە ٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ لە شاری ھەولێر دەستی پێ کرد. لەم کۆنگرەیەدا کومیتەی ناوەندی لە ٣٧ ئەندام کرا بە ٣١ ئەندام و (٩) ئەندامی یەدەک. مەسعوود بارزانی بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرایەوە. کومیتەی ناوەندیش و مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردان

کۆنگرەی سێزدە:ئەم کۆنگرەیە ١١تا ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١١ بوو کە نزیکەی ١٥٠٠ ئەندامی پارتی تێیدا بەشداربوون

  • مەسعوود بارزانی بووە سەرۆکی حیزب
  • نێچیرڤان بارزانیش بووە جێگری یەکەمی سەرۆک
  • ھەڵبژاردنیش بۆ مەکتەب سیاسی ئەنجام درا

سەرۆکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان[دەستکاری]

لقەکان[دەستکاری]

کۆنگرەکان[دەستکاری]

کۆنگرەکانی حزب لە سەرەتای دامەزراندنییەوە:[٦]

  1. کۆنگرەی یەکەم: ١٦ی ئابی ١٩٤٦، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.
  2. کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٠) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.
  3. کۆنگرەی سێیەم: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥–٤٠) نوێنەر بەسترا.
  4. کۆنگرەی چوارەم: ٤–٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.
  5. کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (١٩٦٠)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.
  6. کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی (١٩٦٤) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.
  7. کۆنگرەی حەوتەم: ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦، لە گەڵاڵە بەسترا.
  8. کۆنگرەی ھەشتەم: ١ی تەممووزی ١٩٧٠، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (٤٨٨) نوێنەر بەسترا.
  9. کۆنگرەی نۆیەم: ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩، لە زێوەی دەڤەری (مەرگەوەڕ) بەسترا، تێیدا بە تێکرای دەنگ (مسعود مستەفا بارزانی) بەسەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا.
  10. کۆنگرەی دەیەم: ٢–١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.
  11. کۆنگرەی یازدەیەم: ١٩٩٣، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (٢١٧٦) نوێنەر بەسترا.
  12. کۆنگرەی دووانزەیەم: ٦–١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (١٤٧٣) نوێنەر بەسترا.
  13. کۆنگرەی سێزدەیەم: ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠–١٨، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری زیاتر لە (١٥٠٠) نوێنەر بەسترا.
  14. کۆنگرەی چواردە : ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری دهوک بەشداری زیاتر لە ١٠٠٠ ئەندام.

سەرکردایەتی[دەستکاری]

ئاڵا و ھێمای حیزب[دەستکاری]

ئاڵا[دەستکاری]

ئاڵای پارتی بەشێوەیەکی سەرەکی پێکدێت لە ھەریەک لە پیتەکانی (Pdk) کە ئاماژەن بۆ پیتەکانی سەرەتای ناوی پارتی بە ڕێنووسی لاتینی (PARTÎYA DÊMOKRATA KURDISTANÊ) بە ڕەنگەکانی زەرد و سوور کە لەسەر شێوەی بازنەیەک کێشراون.

ھێمای حیزبەکە[دەستکاری]

ھێمای پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوو بازنە پێکدێت؛ بازنەی دەرەوە و بازنەی ناوەوە کە خۆرێکی درەوشاوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چل و شەش تیشک کە ھێمایەکە بۆ ساڵی ١٩٤٦، کە تێیدا پارتی دامەزراوەتەوە. لە ناوەڕاستی خۆرەکە ھەڵۆیەکی تیادایە کە سەربەرزانە وەستاوە. لە سەرەوەی دروشمەکە و لەنێوانی چێوەی ھەردوو بازنەکە، ناوی پارتی نوسراوە. لە خوارەوەی ھەڵۆکە، پیتەکانی سەرەتای (Kurdistan Democratic Party-KDP) نوسراوە. خوارووی چێوەی بازنەی ناوەوەی دروشمەکە بە دوو گوڵەگەنمی یەکتربڕ تەواوکراوە. لەژێر خۆرەکە و بۆشایی نێوان چێوەی ھەردوو بازنەکە بە ڕێنووسی لاتینی نوسراوە (PARTÎYA DÊMOKRATA KURDISTANÊ) نوسراوە. ھەموو دروشمەکەیش لەسەر ڕەھەندێکی سپی کێشراوە کە ھێمای پاکیزەیی و ئاشتی و ئازادی و ھەماھەنگییە.

ڕێکخراوی ئافرەتان[دەستکاری]

ڕێکخراوی ژنانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٥٢دا لەژێر ناوی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا.[٧]

تا ساڵی ٢٠٢٢ بەدوای ٧٦ ساڵ لە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ ژنێک نەیتوانیبوو لەنێو مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە ھەڵببژێردرێت. یەکەمین ژن لە مێژووی پارتی کە توانیو ببێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامینە زکری بوو کە لە ھەڵبژاردنی ناوی پارتی وێڕای ١٦ ئەندامی پیاو وەکوو ئەندامی مەکتەبی پارتی ھەڵبژێردرا.[٨][٩]

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ وتەبێژی پارتی لەبارەی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بەرپرسانی ئۆرگانەكانی حزبەكەی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. speemedia.com (لە ڕێکەوتی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١). سەردان لە ڕێکەوتی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣.
  2. ^ پارتی مەکتەبی سیاسیی هەڵدەبژێردرێت. kurdiu.org (لە ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢). سەردان لە ڕێکەوتی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣.
  3. ^ جێگری دووەم بۆ سەرۆكی پارتی زیادكرا. esta.krd (لە ڕێکەوتی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢). سەردان لە ڕێکەوتی ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣.
  4. ^ http://www.kdp.se
  5. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Kurdistan_Democratic_Party
  6. ^ دەربارەی پ د ک. ماڵپەڕی ڕەسمی پ د ک.
  7. ^ پارتی دیموکراتی کوردستان: یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەردەوام بەرەوپێشچوون (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١؛ سەردان لە ٩ی ئابی ٢٠٢٢.
  8. ^ کوردپرێس: بۆ یەکەم جار لە مێژووی پارتی دیموکراتدا ژنێک بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی (بە فارسی)، نووسراو لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.
  9. ^ باس نیوز: بە فەرمیی ناوی ئەندامانی دەرچووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی راگەیاندرا (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

وێبگەی فەرمی